تووندڕەوان موسوڵمانە ئۆیغورەکان لەسنووری چینەوە راده‌کێشنە سوریا

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

ئۆیغورەکان کە کەمینەیەکی موسڵمانن لەخاکی خۆیاندا لەپارێزگای کسینجیانگ باکوری رۆژئاوای چین، ئەوان دووچاری چهوسانەوەی تووندی سیاسی و ئایینی بوونەتەوە لەلایەن دەسهڵاتی وڵاتەوە. گروپە توندڕەوەکانی سوریا ئەمەیان بە هەل زانیوە تاکو رایانکێشنە ناو شەڕی سوریاوە.

چەوسانەوەکەی دەسەڵاتدارانی چین کردوونی بە قوربانی دەستی گروپە تووندڕەوەکانی وەک قاعیدەو «دەوڵەتی ئیسلامی» (داعش)، چونکە ئەو رەوشەیان دەقۆزنەوە تا بیانکەنە ئەندامی خۆیان و شەڕیان پێبکەن لەگۆڕەپانەکانی شەڕ لەسوریا.

عەبدول نەبی لێکۆڵەری سیاسی دەڵێت ئۆیغورەکان دووچاری ستەمی سیاسی و ئایینی و ئێتنی بوونەتەوە لە کسینجیانگ، دەیانەوێت دەوڵەتێکی سەربەخۆ دروستبکەن، بهناوی رۆژهەڵاتی تورکستان، لەناوچە شاخاوی و بیابانییەکانی هەرێمی کسینجیانگ، کە بەهۆی ئهو رێگە دێرینهوه که به رێگای ئاوریشم ناسراوه بۆتە دوو بەش و لانیکەم سێجار هەوڵیانداوە ئۆتۆنۆمی بهدەستبهێنن.

ئاژانسی فرانس پرێس مانگی رابردوو رایگهیاند که گروپەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن زیاتر لەملیۆنێک ئۆیغور و موسوڵمانانی دیکە لەتۆڕێکی فراوان لهچەندین کەمپدا دانراون له کسینجیانگ بۆ ئەوەی تێکەڵببن لەگەڵ دانیشتوانی گشتی وڵاتەکەو کلتووری زۆرینهی هان لەچین لهخۆبگرن.

شایەتحاڵەکان دەڵێن چین دەیەوێت ئۆیغورەکان دەستهەڵگرن لە پابەندبوونیان بە پرەنسیپە سەرەکییەکانی ئیسلام وەک رۆژوگرتن لەمانگی رەمەزانداو نەخواردنەوەی ئهلکحول و گۆشتی بەراز.

چین، دوای ئەوەی سەرەتا رەتیکردەوە کەمپەکان هەبن، ئێستا وەک قوتابخانەی پیشەیی ناویان دەبات کە ئامانجیان کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ئیسلامیە توندڕەوەکان و تووندوتیژیە.

بەگوێرهی ئەو وێنانەی مانگی دەسکرد گرتوونی و لەلایەن ئاژانسی فرانس پرێس و ئێرسڕایز ئهلایهنسهوه لێکدانەوەیان بۆ کراوە، حکومەتی چین لە 2014ەوە 45 گۆڕستانی ئۆیغورەکانی تێکداوە  30 لەوانە لەدوو ساڵی رابردوودا تێکدراون.

بەهۆی رەخنە نێودەوڵەتییەکانهوه لەچین لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ ئۆیغورەکان، ئەمریکا پێشتر رایگەیاند ڤیزە کەمدهکاتەوە بۆ بەرپرسان بەهۆی ئەو دەسدرێژیانەی دەوترێت روودەدەن و 28 کۆمپانیای چینی خستە لیستی رەشەوە کە تۆمەتبارن بەپێشێلکردنی مافی مرۆڤ.

لەچەند ساڵی رابردوودا ستەمەکە زۆربوو، رەوشەکە گۆڕاو دوای ئەوە تووندڕەوە ئۆیغورەکان پارتی ئیسلامی تورکستانیان دروستکرد.

ستەمەکە پاڵینا بە ئۆیغورەکانەوە پشتیوانی بکهن لهجیهادی سەلەفیزم، کە لەگەڵ ئایدۆلۆژیا رادیکاڵەکانی گروپە تووندڕەوەکاندا یەکدەگرێتەوە و بەشێکی کەمیشیان چوونە ریزەکانی قاعیدەوه لەئەفغانستان.

لەوکاتەوە، گروپە تووندڕەوەکان بابەتی ئۆیغورەکانیان قۆزتەوە تا بیانخەنە ریزەکانیانەوە و ژمارەی خۆیان زیادبکەن تا وا نیشانبدەن کە لەتەواوی جیهاندا بڵاوبوونەتەوە.

محەمەد عەبدوڵا رۆژنامەوانی سوری باس لەوە دەکات کە سەدان گەنجی ئۆیغور رۆشتن بۆ سوریا و عێراق لەسەرەتای 2013 و چوونە ریزەکانی قاعیدەو دواتر چوونە ناو داعشەوە.

تووندڕەوەکان ئەمە وەک «پشتڕاستکردنەوەی ئایدۆلۆژییە شێوێنراوەکەیان دەبینن، کە هیچ پەیوەندی بە ئیسلامەوە نییە».

محەمەد عەبدوڵا وتی «بوونیان لەهەرێمەکە بەر لەدروستبوونی داعش ههبوو، ئەمەش دەریدەخات گروپە تووندڕەوەکە هەڵمەتی رێکخراوی بۆ ئەندام کۆکردنەوە ئەنجامداوەو رەوشی ئۆیغورەکانی قۆزتۆتەوە.»

وتیشی ئهو داعشانهی ئەندام بۆ ریزەکانیان رادەکێشن هەڵیانخەڵەتاندن بەوەی گروپەکە نوێنەری ئیسلامی راستەقینەیەو دەیانپارێزێت لەو رەوشەی تێیدان.

بەگوێرهی چەند خەمڵاندنێک، نزیکەی پیجن هەزار ئۆیغور وەک بەشێک لە چەندین گروپی جیاواز لەسوریا شەڕدەکەن. شرۆڤەکارانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن که زۆربەیان لەژێر ئاڵای خۆیاندا شەڕدەکەن بۆئەوەی بانگەشەبکەن بۆ دۆزی جوداخوازیی خۆیان.

دەڵێن ئەوانە هچ پەیوەندیەکیان بە دۆزی سوریاوە نییە و ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن که ئۆیغورەکان گیریانخواردووە لەنێوان چەوساندنەوە لەوڵاتەکەیانداو ئهو ئایدۆلۆژیا وێرانکەرهی خستنیە دەستی گروپە تووندڕەوەکانەوە.

لەئازاری 2017، لقی عێراقیی داعش ڤیدیۆیەکی هەڕەشەئامێزی بڵاوکردەوە کە تێیدا دوو ئەندامی ئۆیغوری گروپەکە لەژێر ئاڵای داعشدا داوای ئەنجامدانی هێرش دەکەن بۆسەر چین.

لەئایاری 2018، پارتی ئیسلامی تورکستان لەسوریا ڤیدیۆیەکی درێژی بڵاوکردەوە که تێیدا هانی موسڵمانانی وڵاتانی رۆژئاوا دەدات کۆچبکەن بۆ جیهاد، وەک بەشێک لەشەڕی جیهانیی قاعیدە.

لەڤیدیۆی دیکەدا، لهنێویاندا ئهوهی لە حوزەیران بڵاوکرایەوە، نیشانی دەدات پارتی ئیسلامی تورکستان بەشداریدهکات لهشەڕی سوریادا لەپاڵ جوند ئەلئەقساو تەحریر شامدا.

لەسوریا، پارتی ئیسلامی تورکستان چالاکە لەناوچەکانی ئیدلیب کە لەژێردەستی تەحریر شامدایە و نیمچە ئۆتۆنۆمییهکی داوە بەو یەکانهی لەچەکدارانی ئۆیغور پێکهاتوون.

عەبدوڵا وتی وادیارە تەحریر شام بوونیان دەقۆزێتەوە بۆ پتەوکردنی دەسەڵاتی لە ناوچەکە.

وتیشی ژمارەی تەواوی چەکدارانی پارتی ئیسلامی تورکستان نازانرێت بەڵام خەمڵاندنهکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن که سەدان چەکداری ئۆیغور نێردراون بۆ دێهاتەکانی پارێزگاکانی ئیدلیب و لازقیە.

رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان کۆتایی ساڵی رابردوو هۆشداریدا لەمامەڵەی چین لەگەڵ ئەو کەمینە موسوڵمانەدا، داوای کرد دەستبەجێ پشکنینی راستەوخۆ بۆ ناوچەی چینجیانگی وڵاتی چین بکرێت، ئەمەش دوای ئەوە هات کەچەندین راپۆرت بڵاوبوونەوە لەسەر چەند کەمپێکی زۆرەملێ کەکرابوونەوەو کەمینە موسڵمانەکان (بەتایبەتی ئۆیغورەکان)ی ئەو وڵاتەی تیادا نیشتەجێکراون.

ئۆیغورەکان کەمەنەتەوەیەکی چینن، ژمارەیان ١١ بۆ ١٥ ملیۆن کەس دەبێت لەو وڵاتەو ئاینیان ئیسلامی سوننەیە، زۆربەیان لەڕۆژئاوای چین نیشتەجێن.

داواکاریەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان لەلایەن (میشێل باچلێت)، بەرپرسی باڵای مافەکانی مرۆڤ لەنەتەوەیەکگرتوەکان، دەرچوەو ئەمەش لەکاتێکدایە کەخراپ مامەڵەکردنی موسڵمانەکان لەو کەمپانە دەنگدانەوەیەکی جیهانی داوەتەوە.

بەپێی دەنگۆکان بەرپرسانی چین هەڵمەتێکی «دووبارە پەروەردەکردنەوە»یان لەوڵاتەکەیاندا دەستپێکردوەو بەم مەبەستە کەمینە نەتەوەییە موسڵمانەکانیان لەچەند کەمپێک داناوە و بەپێی وتەی بەرپرسانی چین موسڵمانەکان لەسەر «یەکێتی نەتەوەیی چین» پەروەردە دەکرێنەوەو ئەم هەڵمەتەیان وەک «رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرو فیکری توندڕەوی» ناوبردوە، هاوکات ئەوانەی لەکەمپەکاندان بەزۆرەملێ دەبێت پروپاگەندەی کۆمۆنستیی کۆماری گەلی چین بخوێنن.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی (ئیندیپێندەنت)ی بەریتانی، بڕیارەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ بەدواداچوون و دەستتێوەردان لەو دۆخەی لەکەمپەکان دەگوزەرێت دوای ئەوە دێت کەژنێکی ئۆیغوریی موسڵمان رایگەیاند کە لەکەمپەکاندا ئەشکەنجە دراوەو دەستدرێژی کراوەتەسەر.

میهریگول تولسون، ژنە ئۆیغوریەکە، لەواشنتۆن بەڕۆژنامەنوسانی وت کە بۆ چوار رۆژ لەسەریەک بێ نووستن لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە، سەری تاشراوەو کارەبای لێدراوە دوای ئەوەی بۆ دووەم جار لەساڵی ٢٠١٧دا راپێچی کەمپەکان کراوە.

بەرپرسانی چین ئەم هەڵمەتەی دەستیانپێکردوە بەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو فیکری توندڕەوی دادەنێن، ئەوان سەرەڕای «دووبارە پەروەردەکردنەوە»ی موسڵمانان لەم کەمپانەدا، خەڵکی خۆیان دەنێرنە ماڵی ئۆیغوریەکانەوەو لەگەڵ خێزانەکاندا دەژین تابزانن هیچ کردەوەیەکی «دژە نەتەوەیی» و «ئیسلامی» ئەنجامدەدەن یاخود نا.

(شۆهرات زاکیر)، کەبەرپرسێکی باڵای حکومەتی چینە، بەئاژانسی هەواڵی (چینهوا)ی سەر بەحکومەتی چین دەڵێت «حکومەتی چین شەڕی تیرۆرو فیکری توندڕەوی دەکات بەپێی رێساکانی نەتەوەیەکگرتوەکان، ئەو فێرخوازانەی نێو کەمپەکانیش دوای راهێنان دەتوانن بیبینن هەڵەکانیان چی بوەو زیانەکانی تیرۆرو فیکری توندڕەو چیە».

یەحیا محەمەد عەلی شارەزای گروپە تیرۆریستەکان، وتی ئهو ئۆیغورانهی چوونەتە ناو گروپە تووندڕوەکانەوە لەسوریا و عێراق وا دەردەکەوێت راست و چەپی خۆیان نەزانن.

وتیشی هەرچەندە هەندێک شرۆڤەکار ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەوانە چوونەتە ئەو ناوچانە بۆئەوەی ئەزمونی شەڕ پەیدابکەن و بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، ئێستا گەڕانەوەیان لەمەحاڵەوە نزیکە بەهۆی بەشداربوونیان لەشه‌ڕی سوریادا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار