جێژوانی خێزانی؛ هیواى هاوسهره جیابووهکان
ئهو ژن و مێردانهى لهیهکترى جیابوونهتهوه، بۆ بینینى منداڵهکانیان روو لهو شوێنه دهکهن
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى- کۆچەر عەزیز
ئازاد محەمەد، تەمەن (٤٥) ساڵ، لەجێژوانی خێزانی چاوەڕوانی هاتنی کچە تەمەن شەش ساڵەکەی بوو بۆ ئەوەی بیبینێت، که لهدواى جیابوونهوهیهوه لههاوسهرهکهى لهلاى دایکى دهژى، بهڵام بێزارییهکى زۆر به رووخسارییهوه دیاربوو، لهجیاتى ئهوهى دڵخۆش بێت.
ئازاد ماوەی پێنج ساڵە لەهاوسەرەکەی جیابووەتەوهو پێنج منداڵی هەیەو منداڵەکانی لای دایکیانن، ههرجارێک بیهوێت منداڵهکانى ببینێت دهچێته جێژوانی خێزانیک لەیەکێتی ژنان کە بۆتە لانەی بەیەک گەیشتنی منداڵ بەدایک و باوکیان کە بەهەر هۆکارێک بێت لەیەکتری جیابوونەتەوە.
ئازاد بۆ هاوڵاتى وتی «یاسای چی، یاسا دانراوە بەڵام جێبەجێناکرێت، دایکیان وای لەمنداڵەکان کردووە هەر چارەی منیان نەوێت و من نەبینن، ئەوە من دوو هەفتەیە لەسەریەک دێم منداڵەکەم نابینم، بەهۆی ئەوەی کە لای دایکیەتی و قسەی بۆ دەکات، ئەگەر بەساڵ من نەبینێت کێشەی نییە».
بەپێی یاسایهکى پەرلەمانی کوردستان ئەو دایک و باوکانەی لەیەکتری جیادەبنەوە دەتوانن هەموو هەفتەیەک بۆ ماوەی 24 کاتژمێر منداڵ لەلایان بمێنێتەوە، بهڵام ههندێک لهدایک و باوکان پابهندى ئهو یاسایه نین.
بهشى جێژوانی خێزانی زیاتر لە (٢٠) ساڵە هەیە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
هاوژین ئەحمەد پارێزەرە لهبەشی جێژوانی خێزانى بە هاوڵاتى وت «لە ئێستادا نزیکەی (600) کەیسمان هەیە لەڕۆژانی هەینی و شەممەدا ئەو دایک و باوکانەی لەیەکتری جیابوونەتەوە منداڵەکانیان دەهێنن تا لێرە لایەنی بەرامبەر بیبینێت یان بۆ ماوەی (٢٤) کاتژمێر دەیباتە لای خۆی بۆ ماڵەوە .»
ئەو پارێزەرە وتیشی «سەرەتا یاسای تایبەت نەبوو بۆ بینینی منداڵ تەنها یاسای باری کەسێتی ژمارە (١٨٨)ی ساڵی ١٩٥٩هەبوو لەیەک بڕگەدا لەمادەی (٥٧) ئاماژە بەوەکرابوو کە دایک و باوک ئەرکی بەخێوکردن و سەرپەرشتیکردن و بینینی منداڵەکەیان هەیە، بەڵام نەیاندەتوانی منداڵ بۆ زیاتر لەچەند کاتژمێرێک ببینن، ئەمەش ناڕەزایی لەلایەن دایک و باوکانەوە دروستکردبوو بەهۆی کەمی ماوەکەیەوە».
ساڵی ٢٠١٥ پهرلهمانى کوردستان هەمواری مادەی (٥٧)ی ساڵی ١٩٥٩ کردهوه، کە بەپێی ئەم یاسا تازەیە دایک و باوک کاتێک جیابوونەوە لەیەکتری دەتوانن هەفتانە بۆ ماوەی (٢٤) کاتژمێر منداڵەکانیان ببینن.
هاوژین ئەحمەد وتى «بە رێکەوتنی دایک و باوک دەتوانرێت کاتەکەی بگۆڕن، بەجۆرێک نابێت پێچەوانەی یاساکە بێت، یاساکەش منداڵی خوار تەمەن دوو ساڵ ناگرێتەوە».
ئەگەر بۆ باوکان تەنها رێگریکردنی دایکیان بێت بۆ بینینی منداڵەکانیان، بۆ دایکان کێشەکان ئاڵۆزترە، بەجۆرێک ئەگەر دایکێک بژێوی ژیانی خۆی نەبێت، ئەگەر حەزیش بکات ناتوانێت منداڵەکانی وەربگرێت، یان کەسوکارەکەی پشتیوانی ناکەن بۆ وەرگرتنی منداڵەکانی.
نەرمین محەمەدی تەمەن (٣٧) ساڵ کەماوەی دوو ساڵ بوو لەهاوسەرەکەی جیابووەوە چاوەڕوانی دیدەنی کوڕە تەمەن دوو ساڵانەکەی بوو بەچاوی پڕ فرمێسکەوە بۆ هاوڵاتى وتی» من ئەگەر فەرمانبەر بوومایە یان داهاتێکی خۆمم هەبوایە، چۆن دەمهێشت کوڕەکەم لای باوکی بێت، خۆم ئەرکی بەخێوکردنەکەیم دەگرتەئەستۆ».
وتیشى «بەهۆی ئەوەی لەگەڵ دایکم دەژیم و هیچ داهاتێکم نییە نەمتوانی منداڵەکەم بەخێوبکەم، ئێستاش مانگی دوو هەفتە دێم بۆ بینینی، بەڵام زۆر کات نایهێنن بەبیانوی ئەوەی لەدەرەوەی شارن، بۆیە ئەمە کێشەیەکی گەورەیە بۆ من».
بهپێی یاساکه، ئەو دایک و باوکانەی کەمتەرخەمی بکەن لەبڕیاری دادگا واتە لەبینینی منداڵ، رەوانەی دادگای لێکۆڵینەوە دەکرێن و سزا دەدرێن، بەجۆرێک بۆ ماوەی مانگێک دایەنی لەو کەسە وەردەگیرێتەوە کەمتەرخەم بووەو منداڵەکە دەدرێت بەلایەنی بەرامبەر .
لەبەشی جێژوانی خێزان راوێژی دەروونی بەو خێزانە دەدرێت کەجیابوونەتەوە، راوێژکارێکی دەروونیش دەڵێت» گرفتەکان کەهەیە دوو لایەنەو دایک و باوکەکەش بەشدارن».
هەستیار عەلی، راوێژکاری دەروونی ماوەی هەشت ساڵە لەبەشی جێژوانی خێزانی کاردەکات، بە هاوڵاتى وت «ئەو گرفتانەی کەهەیە لەنێوان دایک و باوکیشدا هەیەو دوو لایەنەیە، زۆرجار دایک و باوکەکە منداڵەکان هاندەدەن کە نەچنە لای ئەوی دیکەیان، چونکە تاکە چەک کەبەکاریدەهێنن دژی یەکتری منداڵەکەیە، بەڵام بەشێک لەدایک و باوکانیش پێیان ئاساییەو هانی منداڵەکان دەدەن بچنە لای دایکەکە یان باوکەکە».
وتیشی «خێزانەکانی ئێمە گرفتەکانی خۆیان تیکەڵ بە روئیای منداڵەکە دەکەن، منداڵەکە ناچاردەکەن لای کێ بێت حەق بەوەدەدات، ئەمەش گرفتەکەیە کە لێرەوە سەرچاوەی گرتووە، بەردەوام هانی خێزانەکان دەدەین لەباسکردن و وەسفکردنی ژیانتان خۆتان بەدوربگرن لای منداڵەکان، چونکە کێشەیان بۆ دروستدەبێت».
بهوتهى هەستیار، یاساکه کەموکوڕی هەیە «لەسەرەتادا زۆر تێبینیمان هەبوو لەسەری، چونکە پێشتر بۆماوەی چەند ساڵێک رێگری ژینگەی باوک یان دایک لەمنداڵەکە کراوەو کاتێک دەچێتەلای ئەویتریان کاریگەری دەروونی خراپ بەجێ دەهێڵێت و زۆرکات هەوڵمانداوە منداڵ و خێزانەکە ئامادەبکەین تابچنە لای یەکتر، بەڵام هەندێک لەخێزانەکە ئەوە قبوڵ ناکەن و ئێمەش لەڕووی یاساییەوە ناتوانین ئەو موجازەفەیە بکەین».
لهجێژوانى خێزانى، خزمەتگوزاری دەروونی کۆمەڵایەتی و یاسایی بۆ کەیسەکان دابینکراوە، دەشتوانرێت دایک و باوکەکە یەکتر نەبینن و تهنها منداڵهکانیان ببینن.
باوکی منداڵێک کەهەفتانە بۆ ماوەی (24) کاتژمێر منداڵەکەی لەلا دەمایەوە، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بوو چاوەڕوانی هاتنی منداڵەکەی دەکرد، بۆ هاوڵاتى وتی «من دەبێت هەموو جارێک تووشی ئەم کێشەیە ببم، بەهۆی ئەوەوە لەکارەکەشم دوادەکەوم و منداڵەکەشم رەوزەکەی دەفەوتێت».
منداڵێکی تەمەن نۆ ساڵ کە لای دایکی دەمایەوە هاتبوو بۆ بینینی باوکی، لەوکاتەدا لەگەڵ باوکی بوو بۆ هاوڵاتى قسەیکردو وتی «باوکم زۆر باشە مۆبایلم پێدەدات بۆیاریکردن، هەرچەندە دایکم مۆبایلیشی هەیە، بەڵام پێمان نادات، بۆیە من دەمەوێت لای باوکم بمێنمەوەو حەزناکەم بڕۆمەوە».
بەشێک لەخێزانەکانیش هەرچەندە جیابوونەتەوە وەک دوو هاوڕێ ماونەتەوەو منداڵەکانیان دهبهنه شوێنهکهو یەکتری دەبینن و هیچ کێشەیەکیان نییە.
ئامێزی تەمەن (٣٠) ساڵ یەکێک بوو لەو ژنانەی کەماوەی ساڵێک دەبوو لەهاوسەرەکەی جیابووبوەوە بۆ هاوڵاتى وتی «راستە ئێمە جیابووینەتەوە بەڵام منداڵەکەمان هی هەردووکمانەو هەردووکمان مافی ئەوەمان هەیە بیبینین، بۆیە زۆر ئاساییە لەمانگێکدا دووجار دەیهێنمە ئێرە بۆ ئەوەی باوکی ببینێت و ئێمەش یەکتر دەبینین و وەک هاوڕێیەک واین».