کۆمیدیا هه‌ر ئه‌وه‌ نیه‌ ده‌م و لچ خوار بکه‌یته‌وه‌و قسه‌ى هه‌زه‌لى بکه‌یت

هونەرمەند ئه‌حمه‌د ره‌ووف بۆ ‌هاوڵاتى:

5 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

ئهحمهد رهووف ئهکتهرى بوارى کۆمیدیا باس لەکارە هونەریەکانی دەکات و شانازى بهههموو کارهکانى رێزان فهرهج-ى هاوسهرییهوه دهکات.

هونەرمەند ئهحمهد رهووف لهچاوپێکهوتنێکدا لهگهڵ هاوڵاتى دەشڵێت: جگە لەکاری هونەری خولیای ئاژەڵ بەخیوکردنەو (٧٠) مریشک و  (٣٠) کۆتری ههبوو، ئێستاش دوو خورماخورهو توتیهکی ههیه.

ئهحمهد رهووف ماوهى 37 ساڵە کارى نواندن دهکات، یهکهم کارى شانۆى بهناوى (مانگى ئاوا بوو) بووه

هاوڵاتى: کهى دهستتکرد بهکارى هونهرى؟

ئهحمهد رهووف: له ساڵى ١٩٨٢ چوومه پهیمانگاى هونهره جوانهکان ههر ئهو ساڵه بوم بهئهندامى تیپى نواندنى سلێمانى و یهکهم شانۆگهریم لهو تیپهوه بوو کهشانۆگهرى (مانگى ئاوا بوو ) بوو لهدهرهێنانى جەلیل زهنگهنه

هاوڵاتى: سهرهتاى کارکردنت بهکارى تراژیدیا دهستتپێکرد یان کۆمیدیا؟

ئهحمهد رهووف: من سهرهتاى دهستپێکردنى کارى هونهریم بوو ماوهیهکى زۆر کارى تراژیدیام کرد لهساڵى ١٩٨٢ەوه تا دواى راپهڕین واته ١٩٩١ کارى تراژیدیم کردوهو له ١٨ کارى شانۆیى جاد کارم کردوه،  بهڵام دواى ئهوه بڕیارمدا لهکارى کۆمیدیا کاربکهم، لهم بهرواردهشدا بینهرهکهم منى وهک کۆمیدیا ههڵبژارد.

هاوڵاتى: بۆ کارى شانۆییت ههڵبژارد؟

ئهحمهد رهووف: کارى شانۆ کارێکى زور پیرۆزه ههر لهمنداڵیمهوه سهرسام بووم بهفیلمه میسریهکان بهتایبهتى عادل ئیمام و سەمیر غانم، ههڵبژاردنم بوو کارى کۆمیدیا بهڕاستى لهڕێگاى کۆمیدیاوه تۆ دهتوانى ئهو پهیامهى دهتهوێت زۆر زووتر بگهیهنیته بینهرهکهت لهههموو دنیاشدا وایه کۆمیدیا تاکه وهسیلهیه کهخێراترین کات لهدهرگاى ههموو ماڵێک دهدات.

هاوڵاتى: ئایا کارکردن لهکارێکى کۆمیدیا قورستره یان تراژیدیا؟ 

ئهحمهد رهووف: من ئهوهندهى بهکردهیى کارى کۆمیدیام کردووه، بهڕاستى کۆمیدیا هونهریکى قورسه بهههموو ئهکتهریک ناکرێت، من لهبههاى هیچ کام لهبوارهکانى هونهرکهم ناکهمهوه ههمووى وهک خوێن زهروره بۆ لهش بهڵام لهسهروو ههمویانهوه کارى کۆمیدیا تاکه وهسیلهیه کهڕاستهوخۆ پهیامى خۆت دهگهیهنیت، بهڵام بیرمان نهچێت کۆمیدیا ههر ئهوه نیه دهم و لچى خۆت خوار بکهیتهوه و قسهى ههزهلى بکهیت لهبهرئهوهى خهڵک پێبکهنێت هونهرى کۆمیدیا میتۆدو ئسوسى خۆى ههیهو ههموو ئهکتهریک دهرهقهتى نایهت. 

  هاوڵاتى: کهسایهتیهکى چۆنیت؟

ئهحمهد رهووف: لهڕۆژانى ئاسایی خومدا کهسایهتیهکى هیمن و لهسهرخۆم ههیه، کهسیکى کهم دووم، لهگهڵ ئهوهشدا کۆمهڵایهتیم، که لهسهر شانۆ دێمهخوارهوه کهسایهتى خۆمم حهزناکهم هیچ لهو دیالۆگانه دووباره بکهمهوه که لهسهر شانۆ وتوومه، ههردهم حهزم کردوه کهسیک بم نهفعم ههبێت بو چواردهورم، حهزدهکهم زیانم نهبیت بۆ هیچ کهس.

هاوڵاتى: یهکتر ناسینتان لهگهڵ رێزان فهرهجى هاوسهرت چۆن بوو؟

ئهحمهد رهووف: یهکتر ناسینمان لهگهڵ رێزان لهپهیمانگاى هونهره جوانهکانهوه بوو، ئهو لهبهشى شێوهکارى بوو لهبهشى سیرامیک، منیش لهشانۆ بوم، لهوکاتهوه یهکترمان ناسى و  نسیب گرتى و هاوسهرگیریمان کرد.

هاوڵاتى: کارهکانى هاوسهرهکهت پێ چۆنه؟

 ئهحمهد رهووف: کارکردنى رێزان نهڵێم هاوسهرى خۆمه، بهڵام یهکێکه لهو ئهکتهره دیاره سهرکهوتووانهى کوردستان، کهزۆر شانازى بهکارهکانیهوه دهکهم.

هاوڵاتى: بهڕێزت خهڵکى سلێمانیت؟ بههۆى کارهکانتهوه ئێستا لهههولێر دهژیت؟ 

ئهحمهد رهووف: من خهڵکى سلێمانیم شاره حهیاتهکه، بهڵام بۆ بهزمى بهزم دهبێت ههفتانه دوو رۆژ بێمه ههولێر، ئێستا ههولێریشم بهقهد سلێمانى خوشدهوێت، کهرکوک و ههڵهبجهو دهۆکیش بهشارى خوم دهزانم و دهبم بهقوربانى ههر چوار پارچهى کوردستان.

هاوڵاتى: نێوانت لهگهڵ ئاژهڵدۆستى چۆنه؟

ئهحمهد رهووف: حهزم لهبهخێوکردنى پهلهوهرو باڵندهیه (٧٠) مریشکم ههبوو لهگهڵ (٣٠) کوتر، ئێستاش لهماڵهوه دوو خورماخۆرهو توتیهکم ههیه، ههموو ئاژهڵێکم خۆشدهوێت تابتوانم دهیانپارێزم.

هاوڵاتى: وێنهى توتیهکهت لهتۆڕى کۆمهڵایهتى زۆر دادهنێیت؟ چیرۆکى ئهو توتیه چییه؟

ئهحمهد رهووف: توتیهکهمم زۆر خوشدهویت ئێستا فێربووه پێم دهڵێت وهحشى، ماوهیهکه لێم عاجزه بههۆى سهرقاڵیم کاتم زۆر نیه یارى لهگهڵ بکهم ههر لهقهفهزهکهى بهرى دهدهم دهفڕێته سهرشانم و ماچم دهکات و لهسهرشانم ههڵدهپهڕێت بهڵام ماوهیهک ئیهمالم کردبوو رۆژێک هاته سهرشانم وتم لاچۆ کوکو عاجزم مهکه، بهڵام گازى لهگوێچکهم گرت بۆى سمیم لهو رۆژهوه ناوێرم یارى لهگهڵ بکهم، بهڵام زۆر نازداره لامان.

هاوڵاتى: بەشداریکردنت لهبهزمى بهزم چۆن بوو؟

ئهحمهد رهووف: بهزمى بهزم یهکێکه لهو کاره جوانانهى که شانازى پێوهدهکهم و من وهک ئەحمەد رەووف خۆم به قهرزارى ئهو پرۆگرامه دهزانم، چونکه ئهوهندهى تر بهخهڵکى ناساندم و ههوادارم زیادى کردووه، کارێکى جیاوازو جوانه، بهڵام بهدهر لهوهش پێویسته خهڵک بڕیار بدات بهردهوام بێت یاخود نا.

هاوڵاتى: کام کارهت زۆر شانازى پێوهدهکهیت؟

ئهحمهد رهووف: من شانازى دهکهم بهههموو کارهکانمهوهو ههموویانم خۆشدهوێت، بهڵام ئهوهى لهههموویان نازدارتره لام شانوگهرى (دارستان و یاساکهى) بوو لهنووسینى دکتۆر شێرکۆ عەبدوڵاو خوم کارى دهرهێنانم بۆ کردبوو و نواندنیشم تیادهکرد سێ مانگ لهسلێمانى نمایشم کردو پاشان لهئهڵمانیا مانگێک لهههردوو شارى مانهایم و نۆرنبیرگ نمایشمان کرد.

هاوڵاتى: ئاستى هونهر بهگشتى له چ ئاستێکدایه؟

ئه‌حمه‌د ره‌ووف: ئاستى هونه‌رى کوردى له‌هه‌موو بواره‌ هونه‌ریه‌کاندا په‌یوه‌سته‌ به‌بودجه‌وه‌، بودجه‌ هه‌بێت کارى تێروته‌سه‌ل ده‌کرێت، نه‌بوو کاره‌کان کرچوکاڵ ده‌رده‌چن به‌ڵام به‌گشتى هه‌ستده‌که‌م به‌ره‌وپێش ده‌چێت و هیوادارم باشتربیت

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار