داروده‌سته‌که‌ى ئه‌ردۆغان مه‌ترسى گه‌وره‌ن له‌سه‌ر شه‌نگال
مه‌حما خه‌لیل، قایمقامى قه‌زاى شه‌نگال بۆ هاوڵاتى:
مه‌حما خه‌لیل، قایمقامى قه‌زاى شه‌نگال
5 ساڵ لەمەوپێش
سازدانى: ئارا ئیبراهیم
قایمقامى قه‌زاى شه‌نگال ئاماژه به‌وه‌ده‌دات داعش و چه‌کداره توندڕه‌وه‌کانى ئه‌ردۆغان کهدارودهستهى تورکیان مه‌ترسین له‌سه‌ر شه‌نگال و داوایان له‌په‌که‌که کردووه بیانوو نه‌داته ده‌ستیان.
مه‌حما خه‌لیل، قایمقامى قه‌زاى شه‌نگال له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى، ئاماژه به‌وه‌ده‌دات له‌ناو شه‌نگالدا چه‌ند جۆرێک هێزى چه‌کدارى تێدایه که‌پێکهاتوون له‌هێزى په‌که‌که‌و یه‌په‌ژه‌و حه‌شدى شه‌عبى و هێزى ئێزیدخانى حه‌یده‌ر شه‌شۆ.
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت «هیچ پێشمه‌رگه‌یه‌کى پارتى له‌ناو شه‌نگالدا بوونیان نییه‌و حه‌شدى شه‌عبى رێگه نادات بچنه ناو شه‌نگال».
ناوبراو جه‌خت له‌وه‌ش ده‌کاته‌وه که تائێستا به‌غداو حکومه‌تى هه‌رێم یه‌ک فلس هاوکارییان نه‌کردووین بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى شه‌نگال.
هاوڵاتى: دۆخى شه‌نگال له‌ئێستادا به‌شێوه‌یه‌کى گشتى چۆنه؟
مه‌حما خه‌لیل: دۆخێکى خراپه به راستى، مهئساوییه، مه‌ترسییه‌کى گه‌وره له‌سه‌ر شه‌نگاله له‌دواى رووداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌ر دۆخه‌که زیاتر خراپ بووه‌و جموجۆڵى داعش زۆره، په‌که‌که له‌ناو شه‌نگالدان و خه‌ڵکى شه‌نگال دڵگرانن و ده‌خوازن چه‌کدارى په‌که‌که له‌وێ نه‌مێنێت، چونکه لهههفتهیهدا دووجار فرۆکه‌ى جه‌نگى تورکى بۆردومانى په‌که‌که‌ى کردووه، هۆزه عه‌ره‌به‌کان پیاوى ئه‌وان داعش بوون، ئه‌وانه‌ش گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌و بۆ خۆیان مه‌ترسین له‌سه‌ر دۆخى شه‌نگال.
هاوڵاتى: فرۆکه‌ى جه‌نگى تورکى چه‌ند جار بۆردومانى په‌که‌که‌ى کردووه له‌شه‌نگال؟
مه‌حما خه‌لیل: هه‌فته‌ى ڕابردوو فرۆکه جه‌نگیه‌کانى تورکیا دووجار بۆمبارانى په‌که‌که‌یان کردووه گه‌لێک رۆژ له‌ناحیه‌ى سنونێ و خانه‌سور بۆرودمانیان کردووه‌و قوربانى هه‌یه له‌ناو چه‌کدارى په‌که‌که و ناهێڵن خه‌ڵک بیانبینن.
هاوڵاتى: له‌ناو شه‌نگال چه‌ند گروپ و هێزى چه‌کدارى جیاوازى تێدایه، ئایا پێویستان به‌م هه‌موو چه‌کداره جیاوازانه هه‌یه؟
مه‌حما خه‌لیل: په‌که‌که و یهبهشهیهو هێزى حه‌شدى شه‌عبى و سیلاحیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و هه‌زاران که‌س ده‌بن، خه‌ڵکى شه‌نگال رازى نین ئه‌و هێزانه له‌ناو شه‌نگالدان، چونکه بوونه‌ته هۆى مه‌ترسى بۆ سه‌ر خه‌ڵکه‌که، چونکه ئه‌گه‌ر ئاسایشێکى باش هه‌بێت لازمه ره‌زامه‌ندى دانیشتوانى شه‌نگالى تێدا بێت و پرۆفیشناڵ و مه‌شقپێکراو بن.
هیچ پێشمه‌رگه‌یه‌کى پارتى له‌ناو شه‌نگالدا بوونیان نیه
هاوڵاتى: پێشمه‌رگه‌ى پارتى له‌ناو شه‌نگالدا هه‌یه؟
مه‌حما خه‌لیل: له‌ناو شه‌نگالدا هیچ پێشمه‌رگه‌یه‌کى پارتى تێدا نییه‌و لهدهوروبهرى شه‌نگالن، نه پێشمه‌رگه‌ى پارتى و نه پێشمه‌رگه‌ى یه‌کێتى له‌ناو شه‌نگالدا نین و حه‌شدى شه‌عدى رێگه‌نادات بچنه‌وه شه‌نگال، پارتى و یه‌کێتى قوربانیى گه‌وره‌یان له‌پێناو شه‌نگالدا داوه.
هاوڵاتى: هه‌ندێ چاودێرى سیاسى و سه‌ربازى ده‌ڵێن دواى 3ى ئاب 2014 که‌داعش شه‌نگالى داگیرکرد، پارتى تۆمه‌تبارکرا که شه‌نگالیان به‌جێهێشتووه؟ ئه‌م قسه‌یه تاچه‌ند دروسته؟
مه‌حما خه‌لیل: ئه‌و قسه‌یه راستى تێدا نییه، منیش نیگه‌ران بووم که‌هێزى پێشمه‌رگه شه‌نگالیان به‌جێهێشت، خۆتان ده‌زانن پێشمه‌رگه لهڕومادى و سه‌ڵاحه‌دین و موسڵدا هه‌بوون، به‌ڵام هێزو ئه‌سله‌حه‌ى داعش زۆر بوو چه‌کێکى که‌م و لاواز له‌ده‌ستى پێشمه‌رگه‌دا هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ش بزانن که‌کێ شه‌نگالى رزگار کرد، راسته رۆژى 3ى ئاب که‌مته‌رخه‌مى هه‌بووه له‌لایه‌ن هێزى پێشمه‌رگه‌وه، به‌ڵام هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان شه‌نگالى رزگار کرد‌و (519) شه‌هید له‌پێناو رزگارکردنى شه‌نگالدا دراوه، کهپێشمهرگهى کوردستان بوون، چ پارتى و چ یه‌کێتى و چ ئه‌وانه‌ى له‌چیاى شه‌نگال به‌رخودانیان کردووه.
هاوڵاتى: ئێوه ناتوانن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هێزى په‌که‌که بکه‌ن که‌ڕۆڵیان هه‌بووه لهڕزگارکردنى شه‌نگالدا؟
مه‌حما خه‌لیل: خه‌ڵکى شه‌نگال له‌سه‌دا 80%یان ئاواره‌ن و به‌شێکى زۆریان له‌هه‌رێمى کوردستانن و ئه‌وانى دیکه چوونه‌ته ده‌ره‌وه‌ى وڵات، په‌که‌که ئاسته‌نگ دروستده‌کات و منداڵى خه‌ڵک به‌زۆر چه‌کدار ده‌کات، خه‌ڵکى شه‌نگال له‌ناو په‌که‌که‌دا هه‌یه‌و ئێمه داوامان کردبوو بێنه ناو ریزى پۆلیس و پۆلیسى پاسه‌وانى سنوور، ئه‌مه‌ى په‌که‌که ده‌یکات نه له‌به‌رژه‌وه‌ندى شهنگالدایهو نه له‌به‌رژه‌وه‌ندى عێراقدایه، ئێمه به‌هیچ شێوه‌یه‌ک مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ په‌که‌که ناکه‌ین و حکومه‌تى به‌غدا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن، په‌که‌که هێزێکى عێراقى نییه تا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بکه‌ین.
هاوڵاتى: ئایا مه‌ترسى له‌سه‌ر شه‌نگال هه‌یه به‌شێوه‌یه‌کى گشتى که‌جارێکى دیکه خه‌ڵکه‌که‌ى ئاواره ببنه‌وه؟
مه‌حما خه‌لیل: سوپاى تورکى و دیکتاتۆریه‌تى تورکى جارێکى دیکه ده‌یانه‌وێت شه‌نگال بۆردومان بکه‌ن و ئه‌و خه‌ڵکه‌ى ماوه‌ته‌وه ئاواره‌ى بکه‌ن.
قه‌زیه‌ى په‌که‌که قه‌زییه‌ى به‌غداو ئه‌نقه‌ره‌یه، چۆن به‌غدا ده‌هێڵێت په‌که‌که بیانوو بدات به‌ده‌سته‌وه ته‌جاوز بکاته سه‌ر خاکى شه‌نگال، نابێت په‌که‌که ده‌رفه‌ت بداته تورکیا و بیانوى بداتێ که‌سبه‌ینێ هێرش بکرێته‌سه‌ر شه‌نگال و دیمۆگرافى ناوچه‌که تێکبدات.
ئه‌ردۆغان دوژمنمانه‌و له‌به‌ر ده‌رگاماندایه، نابێت په‌که‌که بیانوو بداته‌ده‌ست تورکیا بۆ بۆردمان و هێرشبکاته سه‌ر شه‌نگال، به‌ڵام کێ واى کردووه ئه‌ردۆغان بێته به‌رده‌رگامان، په‌که‌که بووه.
ئێمه چوار مانگه به‌یاننامه‌مان ده‌رکردووه‌و هاوارمان کردووه کهمهترسییهکى گه‌وره له‌سه‌ر شه‌نگال هه‌یه، چونکه هێزى توندڕه‌وى تورکیا چ داعش و هێزه ئیسلامییه‌کانى دیکه کهدهستکردى تورکیا‌و ئه‌ردۆغانن، ئه‌مانه مه‌ترسین له‌سه‌ر شه‌نگال.
هاوڵاتى: هێزه‌که‌ى حه‌یده‌ر شه‌شۆ کهحزبى ئێزیدى دیموکراتى هه‌یه‌و سه‌رۆکایه‌تى ده‌کات، ئه‌و هێزه چۆنن؟
مه‌حما خه‌لیل: حه‌یده‌ر شه‌شۆ ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تیه یه‌کێتییه‌و ئێمه رێزى ده‌گرین و حه‌یده‌ر شه‌شۆ به‌رخودانى کرد‌و هێزه‌که‌ى له‌سه‌ر وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حکومه‌تى هه‌رێمه‌و هێزه‌که‌یان له‌باشورى چیاى شه‌نگالدان و نزیک مه‌زارى شه‌ره‌فه‌دینه، ئه‌وان به‌رخودانیان به‌رده‌وام بووه‌و هیچ کێشه‌یه‌کمان له‌گه‌ڵ ئه‌واندا نییه.
هاوڵاتى: حه‌شدى شه‌عبى پارێزگارى له‌خه‌ڵکى شه‌نگال ده‌که‌ن؟ یان بۆ به‌رژه‌وه‌ندى تر له‌وێن؟
مه‌حما خه‌لیل: حه‌شدى شه‌عبى بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان کارده‌که‌ن و بۆ بازرگانى و دزى و تاڵانى هاتوونه‌ته شه‌نگال و ئێمه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ناکه‌ین.
فرۆکه جه‌نگیه‌کانى تورکیا هه‌فته‌ى رابردوو دووجار بۆردومانى شه‌نگالیان کردووه
هاوڵاتى: دۆخى شه‌نگال که‌ئه‌م هه‌موو جۆره هێزه‌ى تێدایه چۆن چاره‌سه‌ر ده‌کرێت؟
مه‌حما خه‌لیل: ده‌بێت ئه‌منیه‌ت و ئاسایش بۆ شه‌نگال بگه‌ڕێته‌وه‌و هێزێکى هاوبه‌ش دروستبکرێت، شه‌نگال دۆسیه‌یه‌کى ئه‌منى و سیاسیه، وه‌کو ساڵى 2014 سوپاى عێراق و پێشمه‌رگه له‌ناوچه‌که‌دا هێزى هاوبه‌ش دروستبکه‌ن.
رێکه‌وتنى سیاسى له‌نێوان هه‌رێمى کوردستان و به‌غدا له‌سه‌ر شه‌نگال ئه‌نجامبدرێت، پۆلیس له‌ناو شار ئه‌منییه‌ت بپارێزێت و له‌ده‌ره‌وه‌ى شه‌نگال هێز هه‌بێت بۆ پاراستنى سنوره‌کانى، تابتوانرێت خزمه‌تگوزارییه‌کان بگه‌یه‌نرێته‌وه شه‌نگال و خه‌ڵکه‌که‌ى قه‌ره‌بووى زیانه‌کانى داعشیان پێبدرێتهوهو دادگا کارى خۆى بکات، نه‌ک عه‌شیره‌ته عه‌ره‌به‌کان له‌شوێنى دادگاکان کارنه‌که‌ن. تاخه‌ڵکى شه‌نگال بتوانێت بگه‌ڕێته‌وه ناو ماڵ و حاڵى خۆى.
هاوڵاتى: هیچ بودجهیهکت له‌به‌رده‌ستدایه بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى شه‌نگال که به‌فه‌رمى قایمقامى شهنگالیت له‌لایه‌ن عێراقه‌وه؟
مه‌حما خه‌لیل: نه هه‌رێمى کوردستان و حکومه‌تى عێراق یه‌ک فلس چیه نه‌یداوه به‌ئێمه تائێستا، حکومه‌تى عێراق پاره بۆ ئێزییدییه‌کان خه‌رج ناکات که‌ده‌زانێت هه‌م ئێزیدین و هه‌م کوردیشین، هه‌ندێ خزمه‌تگوزارى هه‌یه له‌ناو پارێزگاى نه‌ینه‌وادا، به‌ڵام هێشتا خزمه‌تگوزارى پێویست نییه له‌ناو شه‌نگالدا.
هاوڵاتى: حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌مه ده‌زانێت که له‌به‌ر ئێزیدى بوون و کوردبوون به‌غدا پاره‌تان بۆ خه‌رج ناکات؟
مه‌حما خه‌لیل: نازانم بۆچی؟ شه‌نگال دەبێت ئاوه‌دان بکرێته‌وه‌و هه‌موو رێگاوبانه‌کان چاکبکرێتهوهو قه‌ره‌بووى هاوڵاتیانى شه‌نگال بکرێته‌وه دوو تا سێ ملیار دۆلارى ده‌وێت له‌م قۆناغه‌دا بۆ گه‌یاندنى خزمه‌تگوزارى باش بۆ شاره‌که، به‌ڵام به‌شێوه‌ى گشتى نزیکه‌ى 10 ملیار دۆلارى ده‌وێت تا شه‌نگال بگه‌ڕێنینه‌وه دۆخه‌که‌ى پێشترى.
هاوڵاتى: بۆچى ئاواره‌کان ناگه‌ڕێنه‌وه بۆ شه‌نگال؟
مه‌حما خه‌لیل: ئه‌گه‌ر ئاسایش و ئارامى هه‌بێت و قه‌ره‌بووى خه‌ڵکه‌که‌ى بکرێته‌وه‌و په‌که‌که له‌شه‌نگال ده‌ربچێت وڵاتانى نێوده‌وڵه‌تیش ئاماده‌ن هاوکارى خه‌ڵکى شه‌نگال بکه‌ن، له‌کۆى (560) هه‌زار که‌س (360) هه‌زار ئاواره له‌هه‌رێمى کوردستاندا و له‌که‌مپه‌کاندا ده‌ژین.
هاوڵاتى: وه‌ک چۆن خه‌ڵکى شه‌نگال دابه‌شبوون به‌سه‌ر هێزه جیاوازه‌کانى شه‌نگالدا، ده‌وترێت ئێستا شه‌نگال چه‌ند میرێکى هه‌یه؟
مه‌حما خه‌لیل: نانا برام ئێستا شه‌نگال یه‌ک میرى هه‌یه که له‌لالش هه‌ڵبژێردراوه‌و ئه‌ویش میر ته‌حسین بهگهو هه‌موو ئه‌و میرانه‌ى تر خه‌ڵکیان له‌گه‌ڵدا نییه‌و میرى ساخته‌ن و تۆز‌و بان.
زۆر سوپاس بۆ رۆژنامه‌ى هاوڵاتى که رۆڵ و ده‌نگى ئێوه باش بووه بۆ کوردستان و مافى مرۆڤ به‌تایبه‌ت بۆ شه‌نگالییه‌کان که‌ده‌نگ و ره‌نگى ئێمه‌تان گه‌یاندووه