په‌روه‌رده‌ى هه‌ولێر: ئه‌وه‌ى خوێندکاره‌که‌ پاکی کرده‌وه‌ مه‌نهۆڵ نه‌بووە

«ئیداره‌ى قوتابخانه‌کە بۆ پیشاندانى هه‌ماهه‌نگى وێنه‌یان بڵاوکردووه‌ته‌وه،‌ به‌ڵام به‌خراپ به‌سه‌ریاندا شکاوه‌ته‌وه‌«

5 ساڵ لەمەوپێش



لاڤین مەحمود

پهروهردهى ههولێر رایدهگهیهنێت، ئهو شوێنهى خوێندکارێک لهقوتابخانهیهکى سنورى پارێزگاکه پاکی کردهوه مهنهۆڵ نهبووه، بهڵکو ئاوى پۆلهکان بووه کهدواى شۆردنیان لهو شوێنه کۆبووهتهوه.

رۆژى سێشهممه  5ى تشرینى دووهمى 2019  وهزیرى پهروهردهى حکومهتى ههرێم لابردنى بهڕێوهبهرى قوتابخانهیهکى لهههولێر راگهیاند، دواى بڵاوبوونهوهى چهند وێنهیهک کهتێیدا خوێندکارێک دهردهکهوێت که «مهنهۆڵێک» پاکدهکاتهوه و ژمارهیهک کهسیش لهدهوروبهرى وهستاون و سهیرى دهکهن.

نهوزاد عهبدوڵا، بهڕێوبهرى راگهیاندنى پهروهردهى ههولێر به هاوڵاتى وت»ئهوهى ئهو منداڵه پاکى کردۆتهوه مهنهۆڵ نیه ئاوى پۆلهکانه کهدهشۆرێت لهوێدا کۆبۆتهوه بهپێى قسهى مامۆستایهک لهو خوێندنگایهدا وێنهکه کاتێک گیراوه بهڕێوبهرو یاریدهدر پاکیان دهکردهوه«.

جهختى لهوهشکردهوه منداڵهکه پێى وتوون حهزدهکات هاوکارییان بکات و خۆیان وێنهکهیان بڵاوکردووهتهوه، وانیشانیان داوه بهههماههنگى ئهم کارهیان کردووه بۆ خاوێنکردنهوهى خوێندنگاکه، بهڵام لهدواییدا بهخراپ بهسهریاندا شکایهوه.

نهوزاد عهبدوڵا وتیشى «زۆر ههڵهیه منداڵ بهو شێوازه کارى پێبکرێت، دهرچوونه لهسیستمى بریتش کاونسڵ.»

بریتش کاونسڵ، سیستهمێکه کهدهزگاى بریتش کاونسڵى بهریتانى لهقوتابخانهکانى ههرێم پهیڕهوى دهکات، بهپێی سیستهمهکه دهبێت کهسوکارى خوێندکار یارمهتى قوتابخانهکان بدهن بۆ دابینکردنى پێداویستییهکان.

بهڕێوهبهرى راگهیاندنى پهروهردهى ههولێر ئهوهشى دووپاتکردهوه بهڵێننامه بهو بهڕێوهبهره پڕدهکرێتهوه کهجارێکى تر لهههر شوێنێکى تر بێت بهو شێوهیه مامهڵه لهگهڵ خوێندکارانى دیکهدا نهکات، چونکه ئهوه «یاسا شکاندنه«.

دواى دورخستنهوهى بهڕێوبهرى خوێندنگاکه، دوو راى جیاواز لهنێوان مامۆستاکاندا دروستبووه، بهشێک لهمامۆستایان پێیانوایه بڕیارێکى دروستهو بهشهکهى دیکهیان رهخنهى توند لهبڕیارهکهى وهزیرى پهروهرده دهگرن.

هێمن عومهر، مامۆستاى خوێندنگای ئامادهیى نهغهدهى کچان لهسلێمانى به هاوڵاتى وت «منداڵى من بوایه دهستخۆشیم لێدهکرد، چونکه لهئهوروپاو وڵاتانى پێشکهوتوو مناڵهکان پۆل و توالێتى قوتابخانهکانى خۆیان پاکدهکهنهوه، فێردهکرێن ژینگهکهى خۆیان پاکوخاوێن رابگرن».

وتیشی»مامۆستایهک مهنهۆڵى قوتابخانه بهقوتابیهکان پاکبکاتهوه زۆر لهو مامۆستایه باشتره مناڵهکان بکاته دۆست و لایهنگرى حزبێک».

مامۆستا هێمن پێشیوابوو ئیشى گرنگتر ئهوهیه حکومهت دهستى حزب لهقوتابخانهکان ببڕێت، «با دانانى بهڕێوهبهرو پۆستهکانى پهروهرده بهتهزکییهى حزب نهبێ، با ئیجرائات لهگهڵ ئهوانهش بکهن».

«بههۆى ئهم چهند ساڵهى کهتهعینات راگیراوه کارگوزار بۆ قوتابخانهکان دانهمهزراوه، زۆربهیان خانهنشین کراون چیدى پێوستمان بهکارگوزار نییه، بهڵکو پێوسته خۆمان و قوتابیهکانیش فێربین خزمهتى قوتابخانهکانمان بکهین»، مامۆستا هێمن واى وت.

ئهو بهڕێوهبهرهى لهکارهکهى دوورخراوهتهوه ئێستا کراوهتهوه بهمامۆستا لهقوتابخانهکهى خۆى لهههولێر.

نیاز حهسهن، مامۆستاى خوێندگای قزلهری تێکهڵاو به هاوڵاتى وت «لهگهڵ ئهوه نیم خوێندکار ئهو کارانه بکات، خوێندکارى ئێستا ئاوایه حهزئهکات ههمووکارێک بکات لهناو خوێندنگه بهس وانه نهخوێنێت، من زۆرجار لهسهر ئهو کارانه خوێندکارم سزا داوه یان توڕه بووم لێیان».

وتیشی»دورخستنهوهى ئهو بهڕێوبهره لهکارهکهى بهستهم دهزانم».

بڕیارهکهى وهزیرى پهروهرده لهتۆڕه کۆمهڵایهتییهکان کاردانهوهى زۆرى لێکهوتهوه، بهشێک لهبهکارهێنهرانى تۆڕه کۆمهڵایهتییهکان دهستیانکرد بهدانانى وێنهى خوێندکارانى وڵاتانى دیکه بهتایبهتى یابان کهپێکهوه تهوالێتى قوتابخانهکان پاکدهکهنهوه. بهڵام بهشێکى تریان دهستخۆشیان لهبڕیارهکه کردووه.

سهردار عهلى سهرپهرشتیارى پهروهرده لهلێدوانێکدا به هاولاتى وت»لهیابان ههموو خوێندکارهکان هاوکارى یهکن بۆ پاککردنهوهى خوێندنگا، بهشێوهیهک نه توالێت یاخود زێراب پاکبکاتهوه بهخوێندنگا، چونکه ئهو منداڵانه ناسکن و بهرگرییان کهمه، تهنها ئهو شوێنانه پاک بکاتهوه کهشوێنى خۆیهتى نهک توالێت و زێراب و ژوورى بهڕێوبهر».

وتیشی»بڕیارهکهى وهزیرى پهروهرده زۆر بهپهله بوو رهنگه بهو شێوهیهش نهبێت که ئهو وێنهیه بڵاوکراوهتهوهو مدیرهکه لابردرا، ئێستا ئێمه خوێندنگامان ههیه (١٢٠٠) خوێندکار ى تیادایه، یهک کارمهندى پاککهرهوهى نیه، رهنگه بهڕێوبهریش ناچار بێت بهخوێندکار  پاکى بکاتهوه «

سهردار باسى لهوهشکرد لهسیستهمى ( بریتش کاونسڵ) که ئێستا لهههرێم پهیڕهودهکرێت، ئیداراتى خوێندنگا مامۆستاو کهسوکارى خوێندکار دهبن بهپرۆسهیهک بۆ بهڕێوەبردنى خوێندنگا . ههروهها له رێگهى لیژنهى ههڵسهنگاندنى دهرهکییهوه که لهسێ کهس پێکدێت، ئهو لیژنهیه ههڵدهستێت به ههڵسهنگاندنى ئهو کارانهى کهکراوه.

جه‌ختیشیکرده‌وه‌، ئه‌وه‌ى ئه‌و به‌ڕێوبه‌ره‌وه‌ کردویه‌تى ناچێته‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و سیسته‌مه‌وه‌.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار