مانگێک تێپەڕدەبێت بەسەرداگیرکارییەکەی تورکیا بۆ سەر باکووری سوریا

(٦٩٠) کەس گیانیان لەدەستداوە لەسەربازو خەڵکی سڤیل، جگە لەوەی (٣٠٠) هەزار کەس ئاوارەبوون

5 ساڵ لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدوڵا

مانگێک لەمەوبەر تورکیا لەشکرکێشی «کانی ئاشتی» دەستپێکرد بۆ نێو باکوری سوریا، کە تائێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی چەندین کەس و داگیرکردنی چەند ناوچەیەکی سنوری.

تورکیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکەی، کە لە ٩ی تشرینی یەکەم دەستیپێکرد، ئامانجی ئەوەیە هێزە کوردییەکان وەدەربنێت و دووریانبخاتەوە لە سنورەکەی بەقوڵایی (٣٠) کم، بەوهۆیەشەوە «ناوچەیەکی ئارام» دروستبکات بۆ نیشتەجێکردنی دوو ملیۆن ئاوارەی سوری کەئێستا لەتورکیادان.

بەڵام زۆربەی وڵاتانی  جیهان ئۆپەراسیۆنەکەی ئەنقەرەیان بە «داگیرکاری» وەسف کرد، جگە لەوەی چەندین راپۆرت خراونەتەڕوو لەلایەن میدیا جیهانییەکانەوە کەتورکیا ئامانجی لەئۆپەراسیۆنەکەدا «پاکتاوی نەژادییە» و بووەتەهۆی دروستکردنی «قەیرانیکی نوێی مرۆیی».

پێشتر ئەنقەرە لەگفتوگۆدا بوو لەگەڵ واشنتن تا ناوچەیەکی هاوبەشی «ئارام» دابمەزرێنن پێش ئەوەی لەشکرکێشییەکەی دەستپێبکات و سستی ئەمریکا بکاتە بیانوو بۆ دەستپێکردنی، کە پێیوابوو گرنگە بۆ ئەمنییەتی وڵاتەکەی.

چەند رۆژێک پێش لەشکرکیشییەکە، لەهەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا ئەمریکا هێزەکانی خۆی کشاندەوە لەباکوری سوریا کە لەژێر دەستی هێزەکانی سوریای دیموکراتدایە ، کە ئەمەش بەپێی بۆچوونی شیکەرەوان «هەڵکردنی گڵۆپی سەوز» بوو بۆ تورکیا تا داگیرکارییەکەی ئەنجامبدات و «ناپاکی» بوو بەرامبەر هاوپەیمانە نزیکەکەی لەسوریا.

هەر لەسەرەتاوە داگیرکاریەکەی تورکیا کەوتەبەر رەخنەی توندی نێودەوڵەتی، بەتایبەتیتر لەلایەن وڵاتە هاوپەیمانەکانی تورکیا لە رێکخراوی ناتۆ بەوپێیەی هەسەدە هاوپەیمانێکی دڵسۆزی هێزەکانی هاوپەیمانان بوو لەجەنگی دژی داعش و رۆڵیکی گەوڕەی گێرا لەتێکشکاندنی رێکخراوە تیرۆریستییەکە بەلەدەستدانی (١١) هەزار شەڕڤان.

لەشکرکێشییەکەی تورکیا بووەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی چەندین سەرباز لەهەردوولا، جگەلەوەی قەیرانی مرۆیی دروستکردووە و چەندین خەڵکی سڤیل ئاوارەبوون.

بەپێی ئاماری روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەسەرەتایی دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی تورکیا بۆ باکوری سوریا، (٦٩٠) کەس گیانیان لەدەستداوە لە سەربازو خەڵکی سڤیل، جگە لەوەی (٣٠٠) هەزار کەس ئاوارەبوون.

بەگوێرەی ئامارەکە، (١٦٠) سڤیل شەهیدکراون لەلایەن میلیشیاکانی سەر بەتورکیا، بەهۆی بۆمبارانی فڕۆکەو تۆپهاوێژەکانی سوپای تورکیاوە کەحەوت کەسیان ئافرەتن و چواریشیان منداڵن.

ئامارەکەی روانگەی سوری ژمارەی کوژراوانی سوپای تورکیاو گروپە توندڕەوەکانی سەر بەتورکیاش، کە لەبەرەکانی پێشەوەی ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن تورکیاوە بەکاردەهێنرێن، تێدایە کە (٢٥٧) چەکدار و (١٠) سەربازی تورکیان. هەروەها (٢٨٨) شەڕەڤان شەهیدبوون.

هەرچەندە تورکیا باس لەوەدەکات «ئۆپەراسیۆنەکەی سەرکەوتوو بووە»، بەڵام رووبەڕووی رەخنەی تووند بوەتەوە بەهۆی سەرپێچیکردن لەمافەکانی مرۆڤ و ئەنجامدانی تاوانی جەنگ، بەتایبەت لەلایەن ئەو گروپە توندڕەوانەی کەهاوکاری دەکەن لە لەشکرکێشییەکەدا لەسوپای نیشتمانی سوریا، کە سوپای ئۆپۆزسیۆنی سوریایەو پێشتر بەسوپای سوریای ئازاد بەناوبانگ بوون.

راپۆرتێکی ئەمدواییانەی نیویۆرک تامیزی ئەمریکی یاداشتێکی دیپلۆماتکارێکی باڵای ئەمریکی لەسوریا بڵاوکردەوە  کەچەکدارانی  سەر بەتورکیا تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی «تاوانی جەنگ و پاکتاوی نەژادی»، کە باس لەوەدەکات لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا دیلیان کوشتووە لەگەڵ چەندین تاوانی دیکە.

یاداشتەکە لەلایەن ویلیام رۆوبەک، جێگری نێردەی تایبەتی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ تێکشکانی داعش نوسراوە، کە تێیدا رەخنە لەئیدارەی ترەمپ دەگرێت سەبارەت بەوەی بەشی پێویست کاریان نەکردووە بۆ راوەستاندنی داگیرکارییەکەی تورکیا.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، وەک رێکخراوی لێبوردنی (ئەمنستی) نیودەوڵەتی مانگی رابردوو رایانگەیاند کە بەڵگەیان هەیە لەسەر چالاکییەکانی چەکدارەکانی سەر بەتورکیا کە «تاوانی جەنگیان ئەنجامداوەو خەڵکی سڤیلیان کوشتووە و برینداریان کردوون».

ئەم گروپانە لەژێر ئاڵای سوپای نیشتمانی سوریادا شەڕی زەمینی دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەنجامدەدەن و مانگی رابردوو ئەردۆغان بە «موجاهید» ناوزەندی کردن.

ئاماری ئۆفیسی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەریدەخات کە تائێستا نزیکەی (٣٠٠) چەکداری ئەم سوپایە بەدەستی هێزەکانیان کوژراون.

ئامارەکە دەریشیدەخات کە (٤١٢) شەڕەڤان لەسەرەتای دەستپێکی داگیرکارییەکەی تورکیاوە شەهیدبوون جگەلەوەی «زیاتر لە (٤٠٠) هەزار کەس ئاوارەبوون کە (١٨) هەزاریان منداڵن. پێنج ئەندامی بەشی تەندروستی کە یارمەتی سڤیلە بریدارەکانیان داوەو چوار رۆژنامەنووس گیانیان لەدەستداوە».

سەرەڕای ئەمانەش، لەدوای رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان تورکیا و ئەمریکا، داگیرکارییەکەی ئەنقەرە نەوەستاوەو بەردەوامە.

رێککەوتنەکە کە لەنێوان ئەردۆغان و مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا واژۆکرا لەئەنقەرە لە ١٧ی تشرینی یەکەم، مۆڵەتی (١٢٠) کاتژمیریدا بەهەسەدە تا (٣٠) کم بکشێتەوە لەسنوری تورکیا-سوریا، ناوچەکانی نێوان شارۆچکەکانی گرێ سپی و سەرێکانی.

هەرچەندە بەپێی ئاگربەستەکە دەبوو تورکیا شەڕی راگرتبا، بەڵام لەدواهەمین بەیاننامەیدا، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات مەزڵوم کۆبانێ رایگەیاند کە (١٨٢) شەڕەڤانیان شەهیدبووە لەدوای ئاگربەستەکە، جگەلەوەی تورکیا بەردەوامە لە «داگیرکردنی ناوچەکانی دەرەوەی گرێ سپی و تەلتەمر و سەرێکانی، ئەمەش ئاوارەبوون و مردنی سڤیلی لێکەوتووەوتەوە سەرەڕای ئەوەی ئێمە هێزەکانی خۆمان کشاندووەتەوە».

«حکومەتی تورکیاو بەرە چەکدارەکانی لەساتی ئاگربەستەکەوە (١٠٨) هێرشی زەمینیان ئەنجامداوە، فرۆکە بێ فڕۆکەوانەکانیان (٨٢) پێگەیان بۆمباران کردووە، لەکاتێکدا تۆپهاوێژەکانیان (١١٠) ناوچەی دەرەوەی رێککەوتنەکەیان کردووەتە ئامانج. هەموو ئەم هێرشانە ئەنجامەکەی شەهیدبوونی (١٨٢) سەرباز و برینداربوونی (٢٤٣)ی دیکە بوون».

لەلایەکی دیکەوە میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە کە تائێستا تەنها دوو سەربازی تورکی لەئۆپەراسیۆنەکەدا کوژراون و سوپای تورکیا بەهاوکاری گروپە چەکدارەکان توانیویانە نزیکەی (٨٠٠) شەڕکەری هەسەدە بکوژن،  لەکاتێکدا چەندڕۆژێک لەمەوبەر لەزاری فەرماندەکانی گروپە توندڕەوەکانەوە بڵاویانکردەوە کە (١٥١) چەکداریان کوژراون و  (٥٥٩)ی دیکەشیان برینداربوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار