ژیار ئەسوەد سپێدەیەکی درەوشاوە؛ چیاکان بەفریان کردۆتە پۆشاک. قەلەڕەشەکان ونن؛ لەناو دیوانی 'تێد هیووز' گەمارۆ دراون. لە دوا دیمەنەکانی فیلمی 'ساتێک بۆ مەستیی ئەسپەکان'دا، بە دیداری 'بەهمەن قوبادی' و ئەسپە زامدارەکان دەگەم. شەونمی تراژیدیا لەسەر لێنزی کامێراکان. سێبەری مەرگ دەبینم، چەشنی جرجەکوێر لەبن بەفرەوە شاخەوشاخ دەبڕێ. خانووە قوڕینەکان لە ئاسۆوە خوێنیان بەسەردا دەبارێ. ڕادەچڵەکێم؛ چ بەدبەختییەکە کە شاعیر جیهانی میتافیزیک دەبینێ؟ چ بەدبەختییەکە کەسی بیرکەرەوە، نائومێدانە، دەزانێ هەموو پەرتووکە مێژووییەکان لەسەریەک دابنێین، نابنە پەیژە بۆ گەیشتنە شادیی ئایندە. هەر گۆرانییەک بچڕین لە سنووری دەممان دەگیرێ. هەر تابلۆیەک بکێشین ئاژەڵان لێی تێناگەن. کام خوداوەند لە زمانی سكاڵا حاڵیی دەبێ؟ تەنانەت هونەر و ئەدەبیش لەهەمبەر گرێکوێرەکانی مرۆڤ سەریان نەوی. سا کە ئەمانە دەزانم، لێناگەڕێم بگاتە ئەو دیمەنەی کۆڵبەران لە ترسی زرمەی مینی چێندراو، ڕۆحیان دەچەمێتەوە و جەستەیان نیشانەی پرسیار وەردەگرێ؛ ئینجا بەسەر چیاکانەوە غلۆر دەبنەوە، بەر هێرشی کێوییانەی نەیار، هێرشی کوردبوون، هێرشی چەکدارانی دڵتاوێر دەکەون... دەچمە لای بەهمەن، بەبن گوێیدا دەچرپێنم: فیشەکی حەقیقیش نەبێ، کورد هەردەم پێکراوە. جگەرەیەک هەڵدەکەم و ئەم شیعرەی پێ گڕ دەدەم. بێ ماڵئاوایی لە کەسیش، دەگەڕێمەوە شاری هیچ.

  حوسام فەهمی شوان ئەحمەد كردویەتی بەكوردی  (سینەما بەگریفیت دەستی پێكردو بەعەباسی كیاڕۆستیمی كۆتایی هات.( بەم وشانە جان لۆك گۆداری دەرهێنەری فەرەنسی، باس لەكاریگەری عەباسی كیاڕۆستەمی دەكات لەسەر سینەما. بۆ ئەوەی بەچەند وشەیەكی سادە ئەو ڕستەیە ڕون بكەینەوە، دەتوانین دەیڤد ۆرك گریفت وەها بناسێنین  كەدامەزینەری سینەمای ئەمریكیە لەسەرەتاكانی سەدەی بیستەمداو  بەتایبەتیش لەساڵی 1908. ئەو یەكەم كەسە دەستی بەجوڵاندی كامێرا كردبێت و یەكەمین كەسیشە مۆنتاژی هاوتەریب و (كلۆز ئەپ)ی بەكارهێنا بێت، وەك چۆن یەكەم كەسە لەشوێنی وێنەگرتندا، وشەی (ئەكشن)ی بەزاردا هاتبێت. بەڵام ئەوەی ئەو ڕستەیەی وتووە، (ژان لوك گۆدار)ی دامەزرێنەری شەپۆلی نوێی سینەمایە، لەپەنجا و شەستەكانداو یەكێكە لەباشترین دەرهێنەرەكان لەمێژووی سینەمادا. كەواتە ماوەتەوە چی؟ ماوەتەوە ئەوەی بەعەباسی كیاڕۆستەمی ئاشنابین، ئەوكەسەی بەپێی ڕستەكەی گۆدار سینەما لەودا كۆتایی دێت. ئەو كابرایە كێیە كەلەخۆرهەڵاتەوەو (بەدیاریكراویش لەئێرانەوە)دێت؟ ئەی چی كردووە تا شایەنی ئەو هەموو ڕێز و پیاهەڵدانە بێت؟ ئەی چ كاریگەریەكی لەسەر سینەما جێهێشتووە، تا ئەو ئاستەی گەورە دەرهێنەرانی دنیا ناچار بكات بەوەی، دان بەباڵادەستیدا بنێن و بۆ فێربوون و چێژبینینیش، بەدیار فلیمەكانیەوە دابنیشن؟ ئەی چۆن مردنەكەی لەوڵاتانی عەرەبیدا، ئاوەهاو بێ‌ هیچ گرنگی پێدانێك كەشایەنی باس بێت تێپەڕێ‌؟ یان چۆن پێشتریش ئاوڕمان لەژیانی نەدایەوەو زۆربەی زۆریشمان هیچ یەك لەفلیمەكانیمان نەبینی؟ كیاڕۆستەمی و سەر لەنوێ‌ پەیبردنەوە بەسینەما: ئەوەندە نابێت جارێكی دی تەماشای فلیمی (كلۆز ئەپ)م کردەوە، وەک بەشدارییەک لەماڵئاوایی کردنی عەباسی کیاڕۆستەمی کەبەری چەند ڕۆژێک کۆچی دوایی کرد(٤ – ٧ – ٢٠١٦). ئەو کاتەم بیر هاتەوە کەبۆ یەکەمجار ئەو فیلمەم تێدا بینی. ئێمە چەند هاوڕێیەك بووین كەحەزمان بەسینەما بوو، سەیری فیلمێكی ئێرانیمان دەكرد. فیلمی ئەو وڵاتەی هەمیشە لەخەیاڵدانماندا بەهەمان ئەو وێنە باوەوە دەردەكەوێت كەلەوڵاتانی عەرەبیدا باوەو ڕەواجی پێدەدرێت. وێنەیەك وەها وێنای ئێران دەكات، وەك ئەوەی دەوڵەتێكی بەد و خراپە كارەو بەردەوام هەوڵدەدات خۆی لەكار و بارەكانمان هەڵقورتێنێت. دوای چەند دەقیقەیەك لەدەستپێكردنی فیلمەكە، ئەو وێنەیە كاڵبووەوە. فلیمەكەش پەرۆشی ئەوە نیە وێنەی شتێك لەو شتانە نیشان بدات كەسەبارەت بەئیران لەدنیادا هەیە، بەڵكو ئەوەی فلیمەكە كاری لەسەر دەكات نزیك بوونەوەیە لەمرۆڤ، ئەو مرۆڤەی سەرباری هەموو شتێك، هێشتا هەر لەئێمەو مانان دەچێت و بەمرۆڤەكانی دیكەش دەچێت لەهەرجێیەكی دنیادا. ئەوكات كەفلیمەكە تەواوبوو، نەمانزانی ئایا سەیری فیلمێكی دیكۆمێنتەریمان كردووە یاخود فیلمێكی درامی؟ هەرچیەكمان بینی ڕووداوگەلێكی ڕاستەقینەبوو كە (كیاڕۆستەمی) تۆماری كردبوون. واتە هەرچی ڕویدا، بەهۆی (كیاڕۆستەمی)یەوە ئامادەكاری بۆ كرابوو، هەروەها نوسرابووەوە. ئێمە ئەوەمان نەدەزانی، وەلێ‌ لەگەڵ ئەوەشدا دڵخۆش بووین بەو سەردانیكردنە خێرا و ڕاستەقینەیە كە (كیاڕۆستەمی) بۆ ناوجەرگەی ئێران بۆی فەراهەم كردین. چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ڕەخنەگری سینەمایی (محەمەد میسری)، نوسیبووی: (بینەرانی فیلمی كلۆز ئەپ كەوتنە دۆخێكەوە،، هاوشێوەی بینەرانی سەرەتاكانی پەیدابوونی  سینەما لەسەدەی نۆزدەدا. ئەوكات سەروەختێك بینەران دەبینن شەمەندەفەرێك لەسەر شاشەیەكی سپی دەجوڵێت، وادەزانن ڕاستەو وایان لێدێت بەپرتاو هۆڵی سینەماكە جێدێڵن، لەترسی ئەوەی شەمەندەفەرەكە لەشاشەكە بێتەدەرێ‌ و بیانشێلێت. ئێمەش بەفیعلی دوای بینینی- كلۆزئەپ-، لەدۆخێکی وەهادا بووین. چەند ساتێک بەر لەكۆتایی تێگەیشتین كەدواجار بەچاخێكی نوێی سینەما ئاشنابووین و ئەوكات زانیمان، بۆچی گۆدار وتویەتی: سینەما بەگریفیت دەستی پێكردو بەكیاڕۆستەمی كۆتایی هات). سینەما وەك چەند دەلاقەیەك كەبەخەون و خەیاڵ دەچێت: لای كیاڕۆستەمی سینەما پێناسەیەكی زۆر جوانی هەیەو ئەو پێناسەیەش بەسەیركردنی بۆ ئەندێشەو ئەو ئەكتە دەستپێدەكات كە بەسەر زەمینی خەیاڵ و خەونەوە دەمانبەستێتەوە. لەو بارەیەوە دەڵێت: (زۆرجار لەخۆم پرسیووە، ڕۆڵ و وەزیفەی خەون چییە؟ لەكوێوە سەرچاوە دەگرێت؟ بۆچی توانای ئەوەمان نییە خەو ببینین و بۆچی دەبێت خەون بینین؟ گەرخەون هیچ ڕۆڵێكی لەژیانماندا نەبێت، كەواتە هۆكاری بوونی دەبێت چی بێت؟). دواجار هۆكارەکەیم دۆزینەوە. كەی پەنا دەبەینە بەر خەون؟ لەو ئان و ساتانەی كەبەبارودۆخی خۆمان ڕازی نابین. سەیرترین شتت ئەوەیە هیچ دیكتاتۆرێك لەدنیادا، ناتوانێت كۆنترۆڵی خەونەكانمان بكات. سستمێكی لێپێچینەوە نیە بتوانێت، لەئەندێشەو خەیاڵاتی مرۆڤ بكۆڵێتەوە. دەتوانن بتخەنە كونجی زیندانەوە، وەلێ‌ هێشتا توانای ئەوەت هەیە بەدرێژایی ماوەی زیندانیەكەت، لەدەرەوەی هەموو ئەوانەداو بەبێ‌ كۆمەكی هیچ كەسێك بژیت. لەڕێی ئەندێشەوە دەتوانیت ئەو دیوارە  ئەستورانە ببڕیت، بێ‌ ئەوەی شوێن پێ‌ و نیشانەیەك جێبهێڵێت و بە بەردەوامی دەشتوانیت بگەڕێیتەوە جێی خۆت، بی ئەوەی كەس هەست بكات. من پێموایە خەون پەنجەرە و دەلاقەیەكە لەژیانماندا. گرنگی سینەماش لەوەدایە کەلەو پەنجەرەو دەلاقەیە دەچێت. تێڕوانینی كیاڕۆستەمی بۆ سینەما وەك پەنجەرە، بەخەون بینین دەچێت لەژیانی پڕجەنجاڵی ڕۆژانەماندا. وەڵامێكی پڕاوپڕە بۆئەوانەی پێیان وایە، فیلمەكانی ڕێتمیان خاوە یاخود بەجۆرێك لەجۆرەكان جاڕسكەرن. لەوەڵامی پرسیارێكدا كەداوای لێدەكەن باسی ئەو شتانە بكات كە لەسینەمادا حەزی پێیانە، دەڵێت: (ناتوانم باسی ئەو شتانەت بۆ بكەم كەدڵخوازیانم، لەبەرئەوەی لەفیلمەكانمدا دەیبینیت. دەتوانم لەبری ئەوە، باسی ئەو شتانەت بۆ بكەم كەحەزم پێیان نییە. من حەزم بەوە نییە ختوكەی بینەربدەم و ناشمەوێت ئامۆژگاری بكەم. بەگونجاویشی نازانم لەئاستی كەم كەمەوە، یان وایلێبكەم هەست بەگوناه بكات. ئەمانە ئەو شتانەن كە لەفیلمدا حەزم پێیان نییە. لەڕاستیدا من ئەو فیلمانەشم پێ‌ باشە، وادەكات بینەران لەهۆڵی نمایشدا خەویان لێبكەوێت. لەو باوەڕەدام ئەو فیلمانە وەك پێویست جوانن كەبواری ئەوەت دەدەنێ‌ سەرخەوێكی كورت بشكێنی و ناهێڵن سەروەختێك هۆڵی سینەماكە جێدێڵیت، توشی پەشۆكان و سەرەگێژە بیت. هەندێ‌ فیلم وایانلێكردووم لەناو هۆڵی سینەمادا خەوبمباتەوە، وەلێ‌ هەر ئەو فیلمانە ناچاریان كردووم، بەدرێژایی شەو تابەیانی بیریان لێبكەمەوە. دوای ئەوەش بۆ چەند هەفتەیەك هەر بیرم لێكردونەتەوە. من حەزم لەو  جۆرە فیلمانەیە). بەڵێ‌ لەهەندێ‌ فیلمی كیاڕۆستەمیدا دەشێت بۆ ساتێك خەوبتباتەوە، یان ماوەیەك هەست بە ئارامیەك بكەیت، بێ‌ هیچ ڕووداوێكی خێرا و چاوەڕواننەكراو. هەست دەكەیت ئەم کابرایە كەم تا زۆر چەند خولەكێكت دەداتێ‌، بۆئەوە لەناو دنیایەكی پڕكێشەو ڕووداودا، هەناسەیەك بدەیت. وەلێ‌ دواتر وەك من واقت وڕدەمێنێ‌ كەدوای چەندین ساڵ، سەیركردنی یەكێك لەفیلمەكانیت هەر بیرماوە. زیادەڕۆی ناكەم گەر بڵێم: (دوای ئەوەی سینەمای كیاڕۆستەمی دەبینی، تێڕوانینت بۆ ژیان دەگۆڕێت و وەك خۆت نامێنیتەوە).  دەربارەی (كلۆس ئەپ): گەر بەشێوەیەكی تایبەت باس لەفیلمی(کلۆس ئەپ) بکەین، وەک دەروازەیەک بۆ سینەمای کیا ڕۆستەمی، ئەوا دەتوانین ڕووداوەکانی فیلمەکە لەوەدا کورت بکەینەوە کەبریتیییە لەبەدواداچوونێکی ڕۆژنامەوانی، بۆ بەسەرهاتی ڕاستەقینەی کەسێک کەخۆی دەکات بەدەرهێنەری بەناوبانگی ئێران(موحسین مەخمەڵباف) و لەڕێی ئەوەشەوە، ئەو کەسە خانەوادەیەکی ئێرانی دەناسێت کەلەتاران دەژین و قەناعەتیان پێدێنێت بەوەی لەفیلمێکدا کەلەدەرهێنانی خۆیەتی، کوڕەکەیان دەست نیشان دەکات تا ڕۆڵی سەرەکی تێدا بگێڕێت. پاشان ڕووداوەكان بەردەوام دەبن، تائەوەی بەچاوی خۆمان دەبینین (حسێن سابزیان) كە خۆی كردووە بە (موحسین مەخمەڵباف)ی دەرهێنەر، دەسگیر دەكرێت. ئێمە دادگایكردنی ڕاستەقینەی كابرا دەبینین، وەك چۆن كیاڕۆستەمی دەبینین كاتێك داوادەكات ڕێگەی پێبدەن وێنەی دادگایكردنەكە بگرێت، لەگەڵ ڕووداوەكانی دیكە فیلمەکەدا. تەنانەت ئێمە لەدیمەنێك لەدیمەنەكاندا، گوێبیستی دەنگی دوان لەوانە دەبین كە كارەهونەرییەكان ڕایی دەكەن، مشتومڕیانە لەسەرئەوەی یەكێك لەو میكرۆفۆنانەی لە فیلمەكادا بەكاری دێنن، بەباشی كار ناكات. فیلمەكە  بەردەوام دەبێت  بۆ ئەوەی ئەو پرسیارە كۆنە تێكبشكێنێت كەداوا لەسینەما دەكات، تالاسایی واقیع بكاتەوە یاخود ئەلتەرناتیڤێكی بۆ پەیدابكات، بۆ ئەمە كیاڕۆستەمی وەڵامێكی تازەی پێیە، ئەویش ئەوەیە كەفیلمەكە خۆی ببێتە بەشێك لە واقیع. هەروەها ئەو بەربەستە ساختەیەش تێك دەشكێنێ‌ كەدەیەوێت وا لەبینەر بگەیەنێت، ئەوەی ڕوودەدات لەكات و شوێنێكی دیكەدا ڕوودەدات. بێ‌ ئەوەی هەستی ئەوەیان بداتێ،‌ كاستێك لەپشت ئەو بەرهەمە هونەریەوە هەیە كەپێشكەشیان دەكرێت. لە(كلوس ئەپ)دا ئەوە تێك دەشكێت، چونكە تۆ هەموو شت دەبینیت. جگە لەو داهێنانە لەبواری فیلم سازیدا، لەسەر ئاستی ناوەڕۆكیش داهێنانێكی دیكە  هەیەو وادەكات (كلۆس  ئەپ) جیاواز لەزۆرێك لە فیلمەكانی دیكە، زۆر ڕاستگۆیانە تر گوزارشت لەعەشقی سینەما بكات. ئەشقێك كەخاوەنەكەی بەشێوەیەكی ڕاستەقینانە پەلكێش دەكات، تاببێتە بابەتی ئەو فیلمە. شتێكی دیكە كە بەبەردەوامی لەسینەمای كیاڕۆستەمیدا بەدی دەكرێت، ئەوەیە زۆر پابەستە بەخاك و خەڵك و خوای وڵاتەكەیەوە. ئەوەش بەڕادەیەكە ئەو قسەیە دەكاتە ڕاستیەكی حاشا هەڵنەگر كەدەڵێت: (گەر دەتەوێت بەئێران ئاشنابیت، ئەوا بچۆ فیلمەكانی كیاڕۆستەمی ببینە). ئاخر لەفیلمەكانی ئەودا وەها ئێران دەبینی، وەك ئەوەی بەشەقامەكانیدا پیاسە بكەیت و دەتوانیت گوێبیستی قسەگەلێكی ڕاستەقینە بیت، تائەو ئاستەی باوەڕ نەكەیت بەوەی پێشوەختە ئامادەكاری بۆ كرابێت یان نوسرابێتەوە. هەروەها دەتوانیت لەودیوو هەموو ئەوانەوە ڕابمێنیت، تا ئایدیاگەلێكی نوێ‌ ببینیت، ئایدیا گەلێک کەهەر جارێک فیلمەکانی ئەو ببینیت، بەدییان دەكەیت. دا(کلۆس ئەپ)لە كیاڕۆستەمی هاوسۆزی بەسەرهاتەكەی (حسێن)ە، ئەو كەسە ئاساییەی حەزی زۆری بۆ سینەما وای لێدەكات، تاوانی ئەوە بكات خۆی بگۆڕێت بەكەسێكی دیكە. بەسەرهاتی ئەو دەكات بەچیرۆكی فیلمەكەی و دواتریش ئەوە ژیانی ئەو مرۆڤە دەگۆڕێت. پاش چەند ساڵێكی دیكە لەفیلمێكی دیكۆمێنتی دیكەدا بەشدار دەبێت و لەوێدا باس لەوە دەكات، چۆنچۆنی دوای بەشداربوونی لە (كلۆس ئەپ)دا ژیانی گۆڕاوە. وەلێ‌ گاڵتەجاڕی قەدەر جارێكی دی ڕوودەداتەوەو حسێن سەروەختێك لەوەدا دەبێت بچێت بۆ دیدارێكی تایبەت،  بۆ خۆ ئامادەكردن بۆ فیلمێكی نوێ‌ لەگەڵ كیاڕۆستەمیدا، دووچاری تەنگژەیەكی دەرونی دێت و لەپای ئەوە بێهۆش دەكەوێت و سەرەنجام لەتەمەنی پەنجا و دووساڵیدا ماڵئاوایی لەژیان دەكات. شایەنی باسە ساڵی 2012 پەیمانگای  فیلمی بەریتانی، (کلۆس ئەپ)ی وەک یەکێک لەباشترین پەنجا فیلمی مێژووی سینەما پۆلێن کرد.           

هەرێم عوسمان بزوتنەوەی ئەفلاتونیزمی نوێ بە نووسراوەکانی ئەفلۆتین کە فەیلەسوفێکی یۆنانییە دەستپێدەکات و بە داخستنی فێرگە فەلسەفییەکان بە دەستی ئیمپراتۆر جوستیان لە ساڵی ٥٢٩ز لە یۆنان و سوریا کۆتایی دێت، بەڵام بزوتنەوەکە لە ئەسکەندەرییە تاکو داگیرکردنی ئەو شارە لەلایەن عەرەبە موسڵمانەکانەوە لە ساڵی٦٤٢ بەردەوام بووە. ئامانجی فەلسەفە و ژیانی ئەفلۆتین ئەوەبووە فەلسەفە فێری لاوان بکات و بگاتە راستی، راستیش سەرچاوەی جیهانە؛ ئەفلۆتین ویستوویەتی لەگەڵ ئەم هێزە ببێتەوە یەک، کە لە گوتاری سۆفیگەریدا یەکبوون لەگەڵ خوا(الفناء)ی پێدەوترێت. پۆرفیری خوێندکاری ئەفلۆتین لە ژیاننامەی مامۆستاکەیدا دەڵێ، تا لە ژیاندا بووە چوار جار لەگەڵ خوا یەکی گرتووە. د.محەمەد کەمال کە نووسەری کتێبی "ئەفلاتونیزمی نوێ"یە، ئەفلۆتین وەک هیگڵ دەبینێت. پێیوایە بەبێ گەڕانەوە بۆ پاشخانی رۆشنبیریی و رێچکە فەلسەفییەکانی پێشی ناکرێت لێی تێبگەین؛ بۆ تێگەیشتنیش لە بۆچوونە فەلسەفییەکانی وەک نیتشەیە کە بیرکردنەوەکانی پەرشوبڵاون و خوێنەر ماندوو دەکەن تا لە سیستمە فەلسەفییەکەی بگەن. بۆیە سەرەتا باسی ژیانی ئەفلۆتین و کاریگەری ئەو فەیلەسوف و رێچکە فەلسەفییانە دەکات لەسەری، بە تایبەتیش ئاوڕ لە ژیان و فەلسەفەی هێرمس [کە لە جیهانی فەلسەفەی ئیسلامیدا هەندێک بە ئیدریسی دادەنێن] دەداتەوە. هێرمس پێیوایە خوا هۆشە و هۆشێکی دیکەی داهێناوە تا فۆرم بە هەبووەکان ببخەشێت، لەبەرئەوە خوا هیچ شتێکی بە نەبوویی نەهێشتۆتەوە وهەموویانی هێناوەتە بوون؛ ئەوەی نییە توانایی بوونی نییە، ئەوەشی هەیە بە سروشت نەبوو نییە. بۆیە پێویستە خوا بە باوک و چاکە ناوزەد بکرێ. خوا لە ژوور هەموو ناوێکەوەیە بۆیە هەموو ناوێکی هەیە؛ هیچ شتێک نیە ئەو نەبێت، ئەوەی هەیە خوایە. لای هێرمس مرۆڤ پێویستی بە رزگارکەر و پێغەمبەر نیە، چونکە لایەنی پیرۆز و خوایەتی هەیە؛ خۆی دەتوانێت بە خوا بگات. دواتر نووسەر باسی کاریگەری رواقییەکان کە باوەڕیان بە یەکێتی خوا و سروشت هەیە، لەسەر ئەفلۆتین دەکات. ئەفلۆتینیش رای وایە کە خوا سەرچاوەی سروشتە، بەڵام یەکبوونیان رەتدەکاتەوە. هاوکات کاریگەری پیتاگۆراس و پیتاگۆراسییە نوێکان بە تایبەت نیومینۆس کە نووسەر بە پیتاگۆراسکراوێکی ئەفلۆتینی دادەنێت، لەسەر ئەفلۆتین روندەکاتەوە، دەشڵێت کە جیاوازی بنەڕەتیان هەیە، ئەفلۆتین بڕوای بە یەک راستەقینە هەیە، بەڵام ئەوان بڕوایان جیاکردنەوەی خوا لە جیهان و ماتەر هەیە. لە کۆتایی بەشی یەکەمدا نووسەر پرسێکی گرنگ سەبارەت بە رەسەنێتی بیرکردنەوەی ئەفلۆتین دەهێنێتەئاراوە کە ئایا توانیویەتی رێچکەیەکی فەلسەفی نوێ جیاواز لە ئەفلاتون بهێنێتەئاراوە، لە کاتێکدا راڤەکارێکی ئەفلاتونیە؟ نووسەر ئەفلۆتین بە "نەریتخوازێکی داهێنەر" دادەنێت، کە پاش حەوت سەدە ئەفلۆتین لەنێو نەریتی ئەفلاتونیدا داهێنەرانە راڤەی فەلسەفەکەی کردووە؛ بەبێ ئەوەی ئەفلاتون لەنێو ئەو راڤەیەدا بناسرێتەوە، ئەمەش کردوێتی بە فەیلەسوفێکی داهێنەر، چونکە ئەفلاتونی رەتکردووە بێ ئەوەی رەتیبداتەوە. بۆ نمونە "چاکەی بەرز" لای ئەفلاتون بەرزترین فۆرمە تەنیا فەیلەسوفی راستەقینە دەیناسێت، بەڵام سەرچاوەی پەیدابوونی ماتەر نیە، هەرچی ئەفلۆتینە پێیوانیە بناسرێت و بڕواشی بە یەکانەکی هەیە تا دوانەکی هەیە. نووسەری ئەم کتێبە لە بەشەکانی دواتردا بە وردی ئاوڕ لە فەلسەفەی یەکانەکی ئەفلۆتین کە لە سێ نهۆم پێکهاتووە و هاوشوناسی و یەکێتی بە جیاوازییەوە لە هەبووەکانی ئەم سێ نهۆمەدا هەیە، دەداتەوە. بنەما و نهۆمی یەکەم بنەمایە بۆ نهۆمەکانی دیکە و پێشیان دەکەوێت، بۆ نمونە بنەما دووەم کە هۆشەکیە، بنەمای سێیەم کە گیانە لە بنەمای یەکەمەوە رێژەنبوون. کتێبەکە بەشێوەیەکی قوڵ رۆچووەتە نێو فەلسەفەی ئەفلۆتین و لە هەندێک شوێندا لۆجیکییانە دژە ئەفلۆتینییانە گەیشتووە بە هەندێک ئاکامی گرنگ، کە پێموایە خوێندنەوەی ئەم بەرهەمە کۆمەکێکی گرنگ بە خوێنەری کورد لە بواری فەلسەفە و تەنانەت فەلسەفەی رۆژهەڵاتیش دەکات، چونکە لە بەشی کۆتایی کتێبەکەدا کاریگەری فەلسەفەی ئەفلۆتین بەسەر فەلسەفەی ئیسلامی و قوتابخانە فەلسەفییەکانەوە باسدەکات. لێرەدا نامەوێت چیتر گەشتە فەلسەفییەکەی نووسەر بەناو فەلسەفەی ئەفلۆتیندا باسبکەم، کە چەندین چەمک و باسی گرنگ لەبارەی خوا، هۆش، جیهان، فۆرم، گیان و ماتەری هۆشەکی هەمەکی و بەشەکی...هتد، دەکات چونکە کتێبەکە لەبەردەستە و خوێنەر دەتوانێت بیخوێنێتەوە. لە خوارەوە بە کورتی هەوڵدەدەم ناونیشانی وتارەکەم"گەڕیدەیەکی نیشتەجێبوو" روونبکەمەوە. ناونیشانەکە لە رواڵەتدا لێکدژی تیایە، بەڵام لە قووڵاییدا هەماهەنگ و سازە. گەڕیدە ئەو کەسەیە دەگەڕێت و نیشتەجێ نییە. سەفەرکردن و گەڕۆکبوون لەناو جیهانی فەلسەفەی فەیلەسوفاندا لە کارەکانی د.محەمەد کەمالدا دەبینرێت، ئەو سەفەری بەناو فەلسەفەی: ئەفلاتون، ئەرستۆ، ئەفلۆتین، هیگڵ، سارتەر، هایدیگەر..هتد کردووە، کتێبەکانی بەڵگەی گەڕۆکی ئەم نووسەرەن. بەڵام نیشتەجێبوونەکەی لە چیدایە؟ تێگەیشتنم بۆ نیشتەجێبوون و پاشان گەڕیدەیی ئەم نووسەرە پەیوەستە بە بیرکردنەوەی هایدیگەر بۆ نیشتەجێبوون. نووسەر جیاواز لە دۆخی گەڕیدەیی لەنێو فەلسەفەی فەیلەسوفەکاندا نیشتەجێبووە، بە واتایەکی دیکە کاتێک گەشت و گەڕان بەناو فەلسەفەی هەریەک لەو فەیلەسوفانەدا دەکات هەست ناکەین گەڕیدەیەکی خێرابین و نامۆیە، بەڵکو وەک نیشتەجێبوویەک کە هەست بکات لە ماڵی خۆیدایە لەنێو فەلسەفەی ئەو فەیلەسوفانەدا دەژی. ئەمە باشتر دەردەکەوێت کاتێک لە زمانی ئەم فەلسەفەکارە دەڕوانین کە فەلسەفەی بەجۆرێک هێناوەتە ناو ئەم ماڵەوە، زمانی کوردی کردووە بە پەناگەیەک بۆ ژیانی فەلسەفە، خوێنەر کە بەرهەمەکانی ئەم فەلسەفەکارە دەخوێنێتەوە، هەستناکات ماڵی زمانی کوردی بە جیهانی فەلسەفە نامۆیە. ئەمە وەسف و پیاهەڵدان نییە، بەڵکو پەیوەستە بە ئەزموونی خوێندنەوەم بۆ بەرهەمەکانی نووسەر کە زمان و چەمکسازی لەنێو فەلسەفەی هەریەک لەو فەیلەسوفانەدا ئەنجامداوە. ئەم پسپۆرەی بواری فەلسەفە کە بۆخۆی نیشتەجێبوویەکی نێو فەلسەفەی بوونخوازییە و بە ئاشکرا خۆی بە بوونگەرا دادەنێت، بەڵام کاتێک لەسەر کانت یان ئەفلۆتین دەنووسێت، خوێنەر وا هەستەکات کانت یان ئەفلۆتینییانە بیردەکاتەوە. لەنێو نووسینەکانیدا بە تەواوی لەنێو نیشتمانی فەلسەفەدا دەژی و هەوڵی بونیادنانی زمانێکی فەلسەفی لەناو ماڵی زمانی کوردیدا دەدات. ئەو گەشت لەنێو نیشتمانە فراوانەکەی فەلسەفە دەکات تا چەمکسازی لەنێو ماڵی زمانی کوردیدا ئەنجام بدات. ئەو بە دوو مانا گەڕیدەیەکی نیشتەجێیە: گەڕانی بەنێو فەلسەفەی فەیلەسوفە جیاوازەکاندا و نیشتەجێبوون تیایاندا کە خوێنەر بە دەگمەن دەبینێت لەنێو تێکستەکانیدا بچێتە دەرەوەی بیرکردنەوە و زمانی فەلسەفی. دووەم، وەک مرۆڤێک کە لەنێو فەلسەفەی بوونخوازیدا دەژی و یەکلابووەتەوە، بەڵام بەردەوامە لە گەشتکردن بۆ بینین، نیشاندان و راڤەکردنی ئاسۆ کۆن و نوێیەکانی فەلسەفە، کە ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە راڤەکەرەکانی جیهانە جیاوازەکانی فەلسەفەی فەیلەسوفان. محەمەد کەمال بە گەشتەکانی لەنێو جیهانی فەلسەفەدا و ژیاندنەوەی ئەم ئەزموونانەی لە نێو زمانی کوردیدا بووەتە یەکێک لە گەڕیدە نیشتەجێبووە چالاکەکانی [لانی کەم] نێو مێژووی بیرکردنەوە لە زمانی کوردیدا.

  کارۆ حسێن لـە باخـی پڕ لە گوڵ و گوڵزاردا، لـە چیمەنـی سەوز و نەرم و گەشاوەدا، لەگەڵ بۆنـی ڕێحانە و سڵاوی دەمەوبەیانیـی گوڵە نـازنازدا، بنجەگیای زیاد و نەویستراو دەڕوێن، مێرووی زیانبەخش و مێش و مەگەزی وێرانکەر پەیـدا دەبن. کەسێک لـەم نێوەدا هەیە، بۆ ئاودانـی گول وگوڵزاران،  بۆ هەڵکێشانـی بنجەگیای زیادی نێو چیمەن و پاراستنی باخ لە  مێشومەگەز، بۆ خزمەتی هەنگ و پەپوولان. بەهەمان شێوە لەنێو دنیای پڕ لە جوانـی و پاکـی و داهێنانی ئەدەبیدا، لەگەڵ شاکار و دەقی پڕ لە سەرسامیدا، دەقی کرچوکاڵ و دەقی دوور لە سەرسامی و داهێنانیش پەیدا دەبن، تەنانەت لە بەرهەمی جوان و سەرکەوتووشدا دێری زیاد و هەڵەی زمان و لادان لە میتۆد و تیۆریش هەموو ئەگەرێکی بوونیان هەیە. لەم نێوەدا کەسێک هەیە بە شاکارەوە دەنازێ و دەریدەخا بە هەڵە و خەوشێکانیشدا دەچێتەوە و دیاری دەکا. کەسی ناو باخ باخەوانە و کەسی نێو ئەدەبیات ڕەخنەگرە و ڕەخنەدەکا. نموونەی ئـەمجارەمان لـەنێـو ئـەدەبیاتـی کـوردییەوە هـەڵدەبژێرین. ئـەو نـووسەر و وەرگێڕ و ڕەخنەگـرە. لـەنێو کتێبخانـەی کوردیدا خاوەنی کۆمەڵێک بەرهەمە، کە لە هەر کامیان بڕوانین و وردببینەوە دەزانین بە دڵسۆزی و ماندووبوونێکی زۆرەوە نـووسراون یان وەریگێڕاون، چـونکە لـەنێوان پەرەکانیەوە جوانـی هەڵدەقوڵێت، لـەنێو دێرەکانیەوە خۆشەویستی و لە بەرگـی کتێبەکەوەکانی داهێنان بیابانی دڵ و مێشک ئاو دەدا. لە بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانیدا جوانـی هەڵبژاردن و سەلیقە و وردی دەبینرێت و هەست بە جیاوازی و تایبەتمەندی دەکرێت، بـە تایبەت لـەو ڕووەوەی کـە هـەوڵـی بینینەوەی نـووسەرانێک یـان کـتیبانێک دەدات کـە لـە کایەی وەرگێڕانـی ئێمـەدا چـاو نەخراوە سەریان و کەم یان هەر ئاشنا نین بەخوێنەری کوردی... لەوانە ((باڵگەلێک بۆ نیشتنەوە: موسا بیدەج-  هەر تەنها مانگ نییـە لـەژێر درەختا بیردەکاتەوە: عەباس بەیزون– ئاسمان دەڕژێتـە کوپێک ئاوەوە: محەمەد ئادەم-  گـەردن نەماوە بۆ بڕین، شیعری ژن و مێردێکی شاعیر: سەنییە ساڵح و محەمەد ماغوت– دڵێک گوڵ دەکات بە دوو لەتەوە: ئەمجەد ناسر)). نـووسەر بە زمانـی عەرەبـی چەندین لێکۆڵێنەوەی نووسیوە، سەرەڕای هەبوونـی  دوو بەرهەمـە گـرنگەکەی یەکەم (الـولـی- چیرۆک) دووەم (صید الامواج- شیعر ) لـە کایەی ڕەخنەدا کـە ئەمەیان بەلای ئێمەوە زۆر گرنگـە بـۆ ئەم قۆناغەی ئەدەبـی کوردی، نـووسەر جـێپەنجەی ئاڵتوونـی ڕەنگ و فریادڕەسانەی بـۆ ئەدەبیات دەردەکەوێت، خاوەنـی چەندین وتار و لێکۆڵێنەوەیـە... لەوانـە: ((ئـەندازەی وشەو وێنە لێکۆڵێنەوە لـە شیعرەکانـی تەیب جەبار، لێکۆڵێنەوە لـە پێنج کـورتـە چیرۆکـی ئـازاد بـەرزنجـی بـە نـاوی تـەرمـی نەناسێـک - لێکۆڵێنەوە لە شیعرەکانی هیشام تاهیر بەرزنجی)).  ئـەو دەنـووسێت و نـووسینەکە بـۆنـی گوڵ دەگرێت. وەردەگێڕێت و وەرگێڕانەکـە ڕەنگـی گـوڵ دەگرێت. ڕەخنـە دەگرێت و ڕەخنەکان دەبن بە گوڵـی باخـی ئەدەبیات. ئەو بانگـی بـولبول دەکات بـۆ خـوێندن (بـولبول= نـووسەر) و دەست لـەسەر خـەوشەکان دادەنـێ و بۆنـی گـوڵاو بـەسەر داهێنانەکاندا دەکات. ئەو ماندوو نابێت، ماندوو نابێت و ڕێدەکات، ڕێدەکات و دەست لەملی داهێنان دەکات، ئەو دڵسۆزانە لە خەمـی بەرەوپێشچوونـی ئەدەبیاتـی کوردیدایە، هەربۆیە چ وەک نـووسەر و چ وەک وەرگێڕ و چ وەک ڕەخنەگر کاری تێدا دەکات. ئەو (عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی)یە... پێناسـە و قسەگەلـی زۆر هــەن دەربـارەی ئـەدەبیات و کاریگەری و گـرنگییەکەی، ڕەنگـە کـەم نـووسەر و  خوێنـەر هەبـن بـۆچوون و سەرنجی خۆیان نـەبێت، بـەڵام ڕاوبـۆچـوونی هـەمـوو کـەسێک نـابێتە جێـی سـەرنج و گرنگـی پێدان ئـەوەش هـۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بـۆ جیاوازی قوڵبوونەوە و کاری بـەردەوام. چونکـە ئـەو کەسانە زیاتر  بـە دیوە شـاراوە و پـەنـا و قوژبن و کۆلانەکانی ئەدەبیاتدا ڕۆیشتوون و شارەزایی زیاتریان هەیە و جـوانتر بینیویانە و جوانتر لێیگەیشتوون، ((عـەبـدوڵڵا تاهیر بەرزنجی)) یەکێکە لەو کەسانە، کە بۆ ئێمە سەرنجەکانی  گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە.  لەم نووسینەماندا هەندێک لە ڕا و سەرنجەکانی دەخەینە ڕوو.   ئەدەبیات دەربـارەی دنیای جـوانـی ئـەدەبیات بـەتایبەت ئـەدەبیـاتـی کـوردی، سـەرەتـا لـەنێو نـامەکانیـدا بـۆچـوونێکـی ئـەم ڕەخـنـەگـرە هـەڵدەبژێرین لـەبارەی ئـەدەبـی گـۆڕانکارییەوە کـە دەڵێت: ئـەدەبـی گـۆڕانکاریـی (ادب التحـولات) واتـە ئـەدەبێـک بـاسـی گۆڕانکاریـی کۆمەڵایەتـی لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر بکات. بەداخەوە یەکیک لە گرفتەکانی ئەدەبی کوردی ئەوەیە کە خۆی لە بابەتێکی وەها نەداوە، چەند نموونەیەکی کەم نەبن، مەبەستم نموونەی چاکە نەک هەموو نووسینێک. هـەرچی لەبـارەی تەکنیک و بنیاتـی دەقیشەوەیـە  دەڵێت: حەقیقەتـی تیۆریـی ئەدەب تێیگەیاندووین کە دەقـی بـێ بنیات و بـێ تەکنیک نییـە، بـەڵام ئـەمە یەکێک لـە گرفتەکانـی شیعری کوردیمان بـۆ دەردەخات و هەزارەها بەرهەممان دەخاتە پێشچـاو، نـە بنیاتـی هونەرییان هەیە و نە تەکنیک، کۆمەڵێک وشە و ڕستەی دوور لە هەماهەنگیـی هونەرین، نە سەرەتایان هەیە نـە کۆتایی، کۆتاییان نییە چونکە دەستیان پـێ نەکردووە، لە ناوەڕاستیشدا نەشونمایەکـی وایان نەکردووە بمانگەیەننە کۆتاییەکـی هونەری. دیارە هەموو شاعیرە داهێنەرەکان و هەموو نموونە جوانەکانمان لە دەرەوەی ئەم باسەدان. ئـەو ڕای وایـە کە مەرج نییـە هەموو ئەدەبێکـی واقعـی خراپ بێت و هەموو ئەدەبێکـی فەنتازی و سوریاڵـی و نامەعقولیش سەرکەوتوو، بەلای ئەوەوە ئەمە دەکەوێتە سەر توانا و داهێنانی نووسەر و داهێنەر. شیعر یەکێک لـە هەرە ژانرە گرنگەکانـی ئەدەبیات بێگومان شیعرە، بۆیە ناکرێت دەربارەی عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی قسە بکەین، بەڵام شیعر وەلا بخەین، چونکە ئەوکات ئەگەر نووسینەکەمان بەئاوی زێڕیش ئاو ڕێژ بکەین هیچ نرخێکی ئەدەبی نامینێت، بـۆیە ئـەگەر بەکورتیش بێت کە ئەمەیان ناچارییە و شێوەی بڵاوکردنەوەی نـووسینەکەمان هەر ئەوەندە ڕێگەدەدات. ئەوا بـە بەشێک لەسەرنجەکانی ئاشناتان دەکەین یان بیرتانی دەهێنینەوە. ئـەو دەڵێت: قورسترین هونەر بەلای منەوە، هونەری شیعرە من ئەتوانم دابنیشم و بە ئاسانـی وتارێک، لێکۆڵینەوەیەک، یـان کـورتەشیکارێکـی سیاسیانە بنووسـم، بـەڵام زەحمەتە بتوانم وا مامەڵـە لەگەڵ شیعردا بکەم. سەیری ئەوە مەکەن کـە ئەمڕۆ خەڵکانێک هەن بە ئاسانـی لاپەرە ڕەشدەکەنەوە و  ناوی شیعری لـێ ئەنێن، مەبەستم جەوهەری شیعرە شیعر. من نووسینـی شیعرێکی تاکدێڕیم لە نووسینی لێکۆڵینەوەیەک یان ئامادەکردنی نووسینێکی میژوویی لا قورسترە. درێـژدادڕی مـۆتەکەی خوێنەران و کێشەیەکـی گـەورەی نووسەران،  لای ئەم ڕەخنە گرە ئاوا بـاس دەکرێت؛ زۆر وتـن لـە قسەی ڕۆژانەدا بێت یـان لە نـووسیندا بێت لایەنـی سلبی خۆی هەیە. تەمەنام دەکرد شاعیرانـی سەردەمـی نوێمان، مـەبەستم قۆناغـی نوێبوونەوەیـە، ئەوەندەیان نەنووسیبـا، ئـەوەندە دیـوانیان چاپنەئەکرد، زۆر و بـۆر نـەئەبوو، سەرجەم کارەکانیان لـە کۆتاییدا بگەشتایەتە دووبەرگ، کافـی بوو. خەریکە ئەم زۆربوونە ئەبێت بە مۆدێل، هەموو هەوڵی ئەمە دەدەین، لە کاتێکدا لـەمێژە وتراوە بـە زۆری و بۆری نیە. لاموایـە ئەم برادەرانـە زیان بەخۆیان ئەگەیەنن، چونکـە خوێنەر لە موتابەعەکردنی شیعرەکانیان ئەکەوێت، ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەیش کە خوێنەر تاقەتی خوێندنەوەیانی نەبێت. نـایشارمەوە ئەوەندە حـەز لـە شیعری درێژ نـاکەم، مــن وەک ڕەخنەگرێـک ئەیخوێنمەوە و ڕەنگـە بـە مەبەستـی لێکۆڵینـەوە دووبارەیشـی بکەمەوە. زۆر جار لە شیعری درێژی وەهادا، من یان تۆ وەک خوێنەر ئەتوانین چەند شیعرێکیان لـێ دروست بکەین، ئەشێت سـەربەستیـی تەواویشیان بـدەینـێ. لـە شوێنێکدا وتوومە شیعری درێژ، ئیجگار درێژ، لـە ئاگردانێک ئـەچێت پشکۆکانی ناوەوەی وەک یەک ناژین و وەک یەک بەتین نابن، هەندێکیان زوو ئەکوژێنەوە، هەندێکیان گەشن و وردە وردە گەشیـی خۆیان لە دەست دەدەن، ئـاوەها شیعری درێژیش تـا کۆتایـی بـەهێز و گەش نابێت، شـاعیر نـاتوانێت تـا کۆتایــی بـە یەکسانـی فوو بەهەموو پشکۆکاندا بکات، ڕستە و وێنە لە شوێنێکدا گەشن و لە شوێنـی وەهای تردا گەشـی لـە دەست دەدەن. من ئەمە بەسەر هەموو حاڵەتێکدا ناسەپێنم، بەڵام کەم، کەم شیعری ئێجگار درێژ بەدیدەکەین کە لەم حالەتە بەدەر بێت. چیرۆک و ڕۆمان زۆر ڕۆمـان و چیرۆکـی تـازەم خـوێندۆتەوە، بـەڵام لـە کۆتاییـدا کـەمیان سـەرنجیان ڕاکێشاوم، بـۆیە کـە ئێستـا ڕۆمـان یـان چیرۆکـی تـازە ئەخوێنمەوە ترسم لـێ ئەنیشێت چونکە کۆتاییەکانیان بـێ ئومێدم دەکەن، ئـەو کاتە ئەڵێم خۆزگـا وەختەکەم بـە زایەع نەئەجوو. بـاوەڕ بـکەن زۆر ڕۆمانـی جیهانـی، یان چیرۆکـی جیهانیش دەخوێنمەوە تووشـی ئـەم بـێئومێدییـە ئـەبـم، ئەوەندەیش ئاگام لە ئەدەبیاتـی جیهان هەیە کـە بوێرم بڵێم گـوناهەکە هـەر لە مندا نییـە. باخەوانـی باخـی ئەدەب وای وت، لـەم بەشەدا هەندێک سەرنجی دەربارەی ئەدەبی گێڕانەوە دەخەینە ڕوو. لەبارەی گۆڕانی دید و کەرەستەی چیرۆکنووسانـی کوردییەوە دەڵێت: گۆڕانی ڕووداو و واقیعی کوردی و دەوروبەر، دید و کـەرەستـەی چیرۆکنووسـی گـۆڕی، لـە کۆتایـی هـەشتاکانـی سـەدەی ڕابوردوودا چیرۆکێکـی فـەنتازییانـەی وەک چیـرۆکـی (فـڕیـن)ـی (ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل)، یا چیرۆکی (ڕاکـردوو)ـی (فـەرهاد پیرباڵ) دەنووسرێت، بەڵام ئەو کاتە بە جەستەی هونەری گێڕانەوەی کوردییەوە وەک شتێکـی نامۆیان لـێ دێت، بەپێچەوانەوە ئێستا خەریکە دەبێت بـە دیاردەیەک لـە بواری هـونەری گێرانەوەی نـەوەی نـوێماندا. ڕەنگـە ئێستـا چیرۆک بنووسرێت سەرتاپای فەنتازیا بێت، بەڵام بە شێوەیەکـی گشتـی تێکەڵاوبوونەکەی نێوان واقیع و فەنتازیاکـە زاڵـە و ڕەوتــی چیرۆکـی کوردیـی بـە چەند مـەودا و کەرەستەی هونەریــی تر دەوڵەمەند کردووە. پـەنابردنـی چیرۆکنووسـی کـورد لـەم زەمەن و قۆناغـە نوێیەماندا بـۆ فەنتازیا بـە هەوەس و بـە خۆڕایـی نییە، بەتایبەت لای نووسەرانی شارەزامان، بەڵکو کۆمەڵێک هۆکار لە پاڵ دەرکەوتنیدا هەن. یەک لەوانە، گەڕانی چیرۆکنووسانە بەدوای دید و کەرەستە  و تەکنیکی نوێدا. دوو لەوانە، گۆڕانـی سەردەم و واقیعی دەرەکی و ناوخۆییە. دەرەکییەکە خۆی لە بەجیهانیبووندا دەبینینێتەوە کـە چەند گۆڕاانکارییەکـی سـەیری بـەسەر دنیـا و پەیوەندیـی کۆمەڵایەتـی و چەمکـی تاک و نـاوچەکەدا هێناوە. دووەمیش گۆڕانکارییەکانی نێوخۆی وڵاتمانە، بە تایبەتی بە ڕووە سلبییەکانیاندا. لەم سەردەم و قۆناغە نوێیەدا چیرۆکنووسی کـورد وەک تاک تووشی زەبری نـوی و قورسایـی پێچوپەنای زۆر لێکردنـی دێ و عەزابی هەڵوەرینـی خەونی سەدەها ساڵـە بووەوە. سەیروسەمەرەی عەجیبـی دەسەڵات ناماقوڵانـە پـرسیار و ڕازیان بـێ وەڵام هێڵایەوە. ئـەمانە جۆرێک بــێ هیوایـی و حالەتی کابووسی و بێهوودەییان دەردا. بۆ شکاندن و ڕووبەڕوبوونەوەی ئەم واقیعە تاڵە، نـەدەکرا بە ئاسانـی لـە ڕێگەی واقیعییەتـی هونەرییەوە کار بۆ نەفیکردنـی قـەهر و ناماقوڵییەتەکە بە شێوەیەکـی باشتر بکرێت، جگـە لـە بڕینـی تاڵیـی واقیعەکـە بە فەنتازیا و بەکارهێنانـی گاڵتەجاڕی نەبێت. لە ئەنجامـی دروستکردنی جەدەل لە نێوان واقیع و فەنتازیادا، چیرۆکنووس بەهۆی وەگەڕخستنـی خەیاڵ تا ئەوپەڕی لە چوارچێوەیەکی نائاشنادا شێوەکانی شکست و خەونوەرین و زۆرلێکردنی ڕەت دەکردەوە. * خوێنەرانـی هێژا، خوێنەرانـی قەدرزانی باخی ئەدەب،  ئەوەی خوێندتانەوە سەرەقەڵەمێک بوو، قەڵەمی خوێنەرێک. ئەوەی ئێمە لەسەری دواین (عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی) بوو باخەوانی باخی ئەدەبەکەمان، تەنها یەک پەنجەرە بوو کردمانەوە. بەڵام باشترین ناسین و باشترین خوێندنەوە، خوێندنەوەی کتیبەکانیەتـی تا سەرجەم پەنجەرەکان بکەینەوە. کردنەوەی پەنجەرەکانـی سـەر ڕوانینە ڕەخنەگرێت، بڕینەوە و لەناوبردنـی مێشومەگەزی باخـی ئەدەب و پشکوتنی چرۆکانـی داهێنانـی بەدوادا دێت. شنـەی بـا و بۆنـی خۆشـی ڕێحانەی باخـی ئەدەبیاتـی بـەدوادا دێت، ئیمـە لێرەوە هیچمـان نـەماوە یـان زۆرمـان ماوە، بـەڵام بـەناچاری خاڵـی کۆتایـی دادەنێین. بەهیوای بەیەکگەیشتنەوەمان لـە خـوێندنەوەی کتێبەکانـی ئەم باخەوانەی باخـی ئەدەبیاتـی کوردیدا. هەر شاد بن.     سەرچاوەکان یان پێکهاتەکانی ئەم نووسینە بریتین لەم کتێبانە: کتێبی: ئەندازەی وشە و وێنە ... چاپی یەکەم ٢٠١٦ کتێبی: هیشام تاهیر بەرزنجی دەنگێکی دیاری حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو...٢٠١٨ کتێبی: تەرمـی نەناسێک... چـاپـی دووەم ٢٠١٦دەزگـای چاپ و پەخشـی سـەردەم.

ڕەنگە لەماوەی ڕابردودا زۆرێک یادەوەری خۆیان نوسیبێتەوە، بەڵام هەموان هاوڕان لەسەر ئەوەی بیرەوەریەکانی  (پشکۆ نەجمەدین) لە کتێبی (ئەزمون و یاد)ا، جیاواز لە زمانی باو خاوەنی بنەمای تایبەتی ئەدەبیە لە شێوازی گێڕانەوەدا، هەر بۆیە بەباشمان زانی لەم دیدارەدا دەربارەی ئەم بابەتە بیدوێنین. سازدانی: شاخەوان سدیق   هاوڵاتی: یادەوەرى هەمیشە بەشێکى گرنگى ژیانى هەموو مرۆڤێکە، کە جگە لە بیرهێنانەوەى ژیانى تایبەتى مرۆڤ، زۆرجاران دەبێتە دەروازەو ئەزمونى گرنگ و بەسود بۆ ژیانى کەسانى دیکە، مەبەستمە بڵێم ئەوخاڵە گرنگە چیبوو ئێوەى بەنوسینەوەى یادەوەریەکانتان هاندا؟ پشکۆ نەجمەدین: چەمک و مانا  و بەهای نووسینەوەی یادەوەرییەکان فرەڕەهەند و فرە ئامانجن و لە کەسێکەوە بۆ ئەوی دیکە، بە پێی قۆناغ و سەردەمەکان و ڕۆڵی کەسەکە لە ڕووداوە سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکاندا جیاوازن. من کەسێکم کە شایەتحاڵی کۆمەلیک ڕووداوی گرنگی سیاسیم لە دەیەی هەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕبردوو، کە لە کوردستاندا ڕوویان داوە و بۆ خۆشم لە زۆرینەیاندا بەشدار بووم و کەموزۆریش ڕۆڵیکم تێیاندا هەبووە. من مەبەستم بوو حیاکەیەتەکانی ئەو ڕووداوە سیاسییە چارەنووسسازانە بۆ نەوەی ئێستا و ئاییندەی میللەتەکەم بگێڕمەوە. هاوڵاتی: کتێبى (ئەزمون و یاد) لە ناونیشانەکەیەوە وەڵامى ناوەرۆکى کتێبەکە ڕوندەکاتەوە، جگە لە لایەنى ڕوداوەکان تۆ مەبەستت بوو ئەم کتێبە وەک مێژوو بگێڕیتەوە یان ویستت مێژوو بکەیت بە ئەدەب و یادەوەریەکانت بکەیت بەگەرەستە بۆ گێڕانەوەى ئەدەبى؟ پشکۆ نەجمەدین: کتێبی "ئەزموون و یاد" ئەزموون و یادەوەریی کەسەکی منە لە بواری سیاسەت و ئەدەبدا و بەجۆرێکیش ئەزموونی یادەوەریی نەوەیەکی هاوتەمەن و هاوسیاسەتی منە کە ڕۆژگارێک هەموو گەنجییەتیی خۆمانمان بۆ نەزر کرد. یادەوەریی من و هیی هەر یادەوەرنووسێکی دیکەش نابنە نووسینەوەی مێژوو، بگرە  وێنەگرتنەوەی  ئەو ڕەگەز و وێنانەیە کە دەشێ کارئاسانی بۆ مێژوونووسانێک بکات کە بەنیازی نووسینەوەی مێژووی نوێ و هاوچەرخی بزووتەوەی سیاسیی کوردبن. من لە نووسینەوەی یادەوەریدا، چەندم پێ گرنگە چی دەنووسیت و دەگێڕیتەوە، هێندەشم پێ گرنگە کە چۆن و بە چ زمان و ستایل و میتۆدێک دەقی نووسینەوەی یادەوەرییەکان بەرهەم دەهینیت! هەوڵی چکۆلەی من وەکوو نووسەرێک، هەوڵێکە بۆ پێکگەیاندنی تێکستی یادەوەری و ئەدەب! من جگە لە خولقاندنی وێنەی شیعری لە گێڕانەوەدا، هەوڵم داوە ڕەگەزەکانی نووسینی ڕۆمان و هونەری سینەماییش بەکار بێنم، بە تایبەت لە "کتێبی سێیەم"دا ئەو کارەم کردووە.     هاوڵاتی: (ئەزمون و یاد) کتێبێکى تاریک و تاڵە وەک ڕووداو. پڕە لە دڵڕەقى و ناهەقى و کارەساتى ناخۆش، بەڵام هەموو ئەوانە بەزمانێکى جوانى شیعرى گێڕدراونەتەوە، کە لە هەندێک شوێندا خوێنەر بەر ڕستەى شیعرى دەکەوێت، ئەمە بۆ ڕاکێشانى خوێنەرە بەمەبەست، یان کاریگەرى زمانى شیعرە لەسەرتان و نەتان توانیوە لێى دەربازبن بەو پێیەى بەڕێزتان شاعیرن و ئەزمونى نوسینى شیعر دەکەن. پشکۆ نەجمەدین: چەقی هەر تێکستێکی ئەدەبی و هەر ژانرێکی دیکەی نووسین، لە کن من، تەنیا زمانە و زمان!   لە هونەری گێڕانەوە و یادەوەرینووسیندا، ڕووداوەکان هەر چییەک بن و هەر چۆنێک ڕوویان دابێ، ئەگەر بە زمانێکی باڵا نەنووسرێنەوە و وێنە نەگیرێنەوە، ناچنە بازنەی هونەری داهێنانەوە! من کە ڕووداوە سەخت و تاڵەکانی ژیانی خۆم و ئەوی دیکەش بەو زمانە دەگێڕمەوە، دەمەوێت لە ماڵی زماندا ڕووداوەکان بخولقێنمەوە! زمانی ئەدەبی و وێنە شیعرییەکان دەکارن مانایەکی فرەڕەهەند بە ڕووداوەکان بدەن و خوێنەر بۆ دنیای بیرکردنەوە لە بونیادی زماندا کێش بکەن. من بە دریژاییی دە دوانزە ساڵ ژیانی سەختی پێشمەرگەیەتی و تاریکییەکانی زیندانی چیا، شیعر و وێنەی شیعری، لە ناخمدا چەپۆکانیان بووە.  لە زۆر جێگاش گوتوومە و نووسیومە، ئەگەر خوێندنەوەی شیعر و ڕۆمان نەبا، من لە دۆزەخی زینداندا، گیانم دەرنەدەبرد!    هاوڵاتی: (ئەزمون و یاد) و گێڕانەوەى ڕوداوەکانى ناوى کتێبێکى ئاسایی نیە، بەڵکو کتێبى گومانکردنە لەوەى پێى دەوترێت شۆڕشى کوردى، هەڵوێستەکردنە لەبەردەم مێژووى پڕلە خوێنى بەناهەق ڕژاوى میلەتێکدا بە دەستى کورەکانى خۆى، پێتانوایە دەبێت و پێویست بوو ڕاستى ئەم مێژووە بخرێتە ڕوو یان دەکرا هەڵگیرێت بۆ کاتى گونجاوى تروەک بەشێک لە نەیارانى کێبەکە وا لێکى دەدەنەوە کە ئێوە بەم کتێبە نەوەى نوێتان لە ئینتماى نیشتمانى بێ هیوا کردوە و زووبوو بۆ وتن و گێڕانەوەى ئەو شتانە؟ پشکۆ نەجمەدین: من بە مەبەست جەختم لەسەر کارەساتەکانی شەڕی نێوخۆ و بونیادی فیکریی حیزب و سەرکردەی کورد کردووەتەوە و پێم وا بووە و ئێستاش هەر پێم وایە کە گرنگە بە نەوەی ئێستا و ئاییندەی میللەتەکەم بڵێم: ئەمە بوو شۆڕش! ئەمە شۆرش نەبوو، بگرە وەهەمی شۆڕش بوو! دەمەوێت بڵێم: پاشاگەردانی و بێسەروبەری و بێسیستەمیی حوکمڕانیی خۆماڵی، گەندەڵی و دووئیدارەیی و تاڵانی و فەوزای سیاسی و ئیداری و فەرهەنگیی پاش ڕاپەڕینێکی شکستخواردوو، ڕێشەکەی لە "شۆڕش"ی شاخدایە و ئەو ئەقڵ و فەرهەنگە سیاسییەی شاخ، بەرهەمهێنی دۆخی سیاسیی ئێستایە! ئەوە گیڕانەوەکانی "ئەزموون و یاد" نین کە تۆوی بێهیوایی لە هزری تاکی کورددا دەچێنن و ئینتمای نیشتمانی لە کن وی دەسڕنەوە، بگرە ئەقڵی سیاسیی شاخاویی حیزبە کوردییەکان و نەبوونی ئینتمای نیشتمانی لە کن هێزە سیاسییەکانە کە نەوەیەکی بێئینتما دروست دەکەن! دەمەوێ بڵێم: ئێمە نەوەیەک بووین کە هەموو جوانییەکان، خۆشەویستییەکان، ئازادییەکانمان بە جوانییەکان و خۆشەویستییەکان و ئازادیی نیشتمان گۆڕییەوە و ئەمەش نیشتمانێک کە کردیانە زیندانی شەتەکدانی کبریا و ئازادییەکانی تاکی کورد! ژنەنووسەری بەنامێی عەرەب، ئەحلام موستەغانمی دەڵێ: میلیۆنێک شەهیدمان بۆ ئازادیی جەزایر بەخشی و ئێستاش جەزایرێک هەیە بۆ دڵەکان و جەزایرێکیش بۆ گیرفانەکان! ئێمە بۆ جەزایر شەهید دەبووین و ئێستاش جەزایر، شەهیدمان دەکات! (ڕۆمانی الاسود یلیق بک.) هاوڵاتی: تا چەند لە نوسینى ئەم کتێبەدا چاوپۆشیت لە ناوى کەسایەتى و خۆلادان لە گێڕانەوەى هەندێک ڕوداو کردوە، ڕاستگۆیانە پێمان بڵێ هیچ ڕوداو بەسەر هاتێکى گرنگ هەیە نەت گێڕابێتەوەو هەڵتگرتبێت بۆ مێژوو؟ پشکۆ نەجمەدین: هێندەی چاوی بیر و شۆڕبوونەوەم بۆ ئەوێ ڕۆژێ هەتەری کردبێت، ناوی کەس و چ ڕووداوێکیشم بەژێر لێوانی گیڕانەوەوە نەکردوون و لەبەر خاتری هیچ کەس و لایەنێکیش هیچ شتێکم لە ناخی خۆمدا گل نەداوەتەوە! هێندە هەیە هەموو شتێک بۆ نووسین و گێڕانەوە نابێت، واتە هەندەک کار و کردەوە هەن، کە گێڕانەوەیان جگە لەوەی چ مانایەکیان نییە، دیسانیش ڕەنگە کێشە و گرفتی کۆمەڵایەتی و عەشایەری بۆ هەندەک کەس بخولقێنن! هاوڵاتی: کە ئێستا ئاوڕ لە (ئەزمون و یاد)ەکانت دەدەیتەوە، چى دەڵێت؟ شتێک جیاواز لە کتێبەکەت، بەخۆت بە منداڵەکانت بە هاوڕێێ و هاوتەمەن و نەوەى نوێ؟ پشکۆ نەجمەدین: دەڵێم: بەختەوەرم کە سەرپاکی تەمەنی گەنجیی خۆمم، لەپێناوی ئازادی و دۆزی ڕەوای میللەتکەمدا بەسەر برد، جا با ئەنجامیکی دڵخوازیشی نەبووبێت. ئەقڵ و تێگەیشتنی من  بۆ شۆڕش وئازادی و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان، ئەوێ ڕۆژێ، وەکوو کەسێکی کەمئەزموونی لێوانلێو لە حەماسەتی شۆڕشگێڕی، هەر ئەوە بوو کە بوو. من لە مێژووی خۆم و کار و خەباتی خۆم، ژیوان نیم!  من یەک کوڕم هەیە، ناوی ڕۆمانە و تەمەنی بیست و دوو ساڵە... هەمیشە ئەم حیکایەتانەم بۆ گێڕاوەتەوە و پێم گوتووە: ژیانی من و هاورێکانم و میللەتەکەم ئەمە بوو، تۆهەمیشە کوردێکی باش و ڕەسەن و مرۆڤێکی هزرفراوان بە و ڕێچکەیەکی دیکە لە ژیانی خۆتدا بگرە! تۆ ئەزموونی شکستەکانی من دووپات مەکەرەوە! بە هاوڕێ و هاوتەمەکانیشم دەڵێم: ژیانی ئێمە، ئەزموونکردنی دۆزەخی سیاسەت بوو! نەوەی نوێش، تەمەننا دەکەم، نەوەی زانست و مەعریفە بێت و بە بی ئەزموون و مەعریفەیەکی فیکری و سیاسی، خۆ لە "پەرمۆدا"ی سیاسەت نەهاون!

ئامادەکردنی: هانە شاخی (له‌ نه‌خۆشییه‌ک ده‌ترسم نامه‌وێت ناوى له‌م کتێبه‌دا هه‌بێت) ناوى کتێبێکى نوێی شیعری (داستان به‌رزان)ه‌ که‌ له‌ قه‌باره‌یه‌کى مامناوه‌ندایه‌ و له‌ ده‌ تێکستى شیعریی پێکهاتووه‌، که‌ هه‌وڵێکى دیکه‌ى ئه‌م شاعیره‌یه‌ بۆ ڕوانین له‌ دونیا، له‌ په‌نجه‌ره‌یه‌کی نوێوه‌، به‌تایبه‌ت وه‌ک له‌ کاره‌کانى دیکه‌ى (داستان)دا هه‌بووه‌ مامه‌ڵه‌یه‌کى شاعیرانه‌ له‌گه‌ڵ دونیاى نوێ و به‌کاربردنى زمانێکى په‌تى و گوزارشتى په‌تى له‌ فۆرم و ته‌کنیکێکى شیعرییدا.  هاوکات له‌ هه‌مان کتێبدا توێژینه‌وه‌یه‌کى نووسه‌ر (پێشڕه‌و عه‌بدوڵڵا)هه‌یه‌ ده‌رباره‌ى ئه‌زموونى شیعری (داستان به‌رزان) به‌ گشتى و ئه‌م تێکستانه‌ى نێو ئه‌م کتێبه‌ى به‌تایبه‌تى، که‌ نووسه‌ری ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ جیاواز له‌ زۆرینه‌ى ئه‌وانه‌ى قسه‌یان له‌سه‌ر شیعری نه‌وه‌ى نوێ و شیعری داستان به‌ تایبه‌تی کردووه‌ توانیوویه‌تى دیدگایه‌کى نوێ بخاته‌کار بۆ دۆزینه‌وه‌ى کۆد و ته‌لیسمه‌کانى ناوى شیعری داستان و هاوکات تایبه‌تمه‌ندى شیعری ئه‌م شاعیره‌مان زۆر به‌ وردى له‌ شاعیرانى پێش خۆی و هاونه‌وه‌ى خۆی بۆ ده‌ستنیشان ده‌کات، ئه‌مه‌ش یارمه‌تیده‌رێکى باشه‌ بۆ خوێنه‌ر که‌ قوڵتر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ شیعره‌کانى ناو ئه‌م کتێبه‌دا بکات. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ هه‌ر تێکستێکى شیعریدا هونه‌رمه‌ند (محه‌مه‌د ناکام) کاری تابلۆیه‌کى تایبه‌ت به‌و تێکسته‌ نه‌خشاندووه‌ و له‌گه‌ڵ تێکسته‌که‌دا چاپ بووه‌، دیزاینه‌ر (محه‌مه‌د زاری)یش کاری نه‌خشه‌سازى به‌رگ و ناوه‌ڕۆکى بۆ ئه‌نجامداوه‌، ئه‌وه‌ى شایه‌نى باسه‌ داستان خاوه‌نى چوار چاپکراوى شیعریی و یادداشته‌ڕۆمانێکه‌، جگه‌ له‌ چه‌ند کارێکى له‌ بواری تیۆر و پراکتیکى شانۆدا. شایه‌نى باسه‌ ئه‌م کتێبه‌ ڕۆژى پێنج شه‌ممه‌ 18/7/2019 له‌ (ناوه‌ندى ڕه‌هه‌ند) له‌ مه‌ڕاسیمێکدا بڵاوده‌کرێته‌وه

چاوپێکەوتنی هەرێم عوسمان لەگەڵ د. محەمەد کەمال لەبارەی کتێبی "ئەفلاتونیزمی نوێ" ئەم چاوپێکەوتنە بەشێکە لە کتێبی دووەمی "نیشتمانی فەلسەفە"، کە لە ئایندەدا بڵاودەکرێتەوە   ـ لە کتێبی "ئەفلاتونیزمی نوێ"دا کاتێک باسی ئەفلۆتین دەکەن، وەک فەیلەسوفێکی داهێنەر لەنێو نەریتی فەلسەفەی ئەفلاتون دایدەنێن و دەشڵێن کە خۆی بە راڤەکاری ئەفلاتون زانیوە. پرسیارەکە ئەوەیە، راڤەکاری ئەفلۆتینی کردوە بە فەیلەسوف یان سیستمێکی نوێی سازکردوە و خاوەنی چەمگەلی خۆیەتی؟ هەڵبەت ئەفلۆتین بانگەشەی ئەوە دەکات، کە تەنیا راڤەی فەلسەفەی ئەفلاتون دەکات. بەڵام راڤەکردنەکەی (هەرچەندە لە زۆر شوێندا ئەفلۆتین ئاماژە بۆ ئەفلاتون دەکات) نوێیە و سیستمێکی فەلسەفی نوێی بە ناوی رێژەنگەری دامەزراندوە. لێرەدا ئەفلۆتین دەبێت بە فەیلەسوفێکی داهێنەر. ـ باسی چاکە و خراپە لای رواقییەکان دەکەن کە پێیانوایە تەنیا خراپەی رەوشتی نەک سروشتی هەیە، چونکە سروشت و خوا یەکن ناکرێت خراپەی سروشتی هەبێت. دەڵێن ئەم خراپەیە بۆ "کەمی" لە ویستی مرۆڤدا دەگەڕێتەوە، مەبەست لەمە چییە؟ رواقییەکان تەنیا باوەڕیان بە خراپەی ڕەوشتی بووە، کە لە ویستی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت. مادام سروشت بەشێکە لە بوونی خوا و خوا لە هەموو روویەکەوە تەواوکۆ و چاکە، بوونی ئەو نابێت بە سەرچاوەی خراپە. من ئەم خاڵەم لە کتێبەکەم لەسەر سپینۆزا زۆرتر روونکردۆتەوە و لەسەر بنەمای پانتیزم دامەزراوە. کردەوەکانی مرۆڤ خەسڵەتی چاک یان خراپ هەڵدەگرن، کە لە ویستی ئەوەوە دەردەچن. هۆکاری خراپەش بۆ (کەمی) لە ویستی مرۆڤ، وەکو ویستی خوا تەواوکۆ نییە. مرۆڤ توشی خراپە و هەڵەکردن دەبێت. ـ سەبارەت بە بیرکردنەوەی فەلسەفی ئەفلۆتین سەبارەت بە یەکانەکی بوون دەنووسن:"هەبووەکان هاوشوناس و جیاوازن. جیاوازییەکەیان یەکێتی و یەکێتییان جیاوازییە". لە سیستمی دیالێکتیکی هیگڵدا ئەم جیاوازی و یەکێتییە چەند رەنگدانەوەی هەیە؟ بە دیدی من، وەکو لە (ئەفلاتونیزمی نوێ)دا رونمکردۆتەوە، بنەمای (یەکێتی بە جیاوازییەوە) لە مێتافیزیکی ئەفلۆتینەوە سەریهەڵداوە و دوایی هیگڵ لە لۆجیکەکەیدا بە بنەمایەکی سەرەکی داناوە. ئەمە کارگەرێتی ئەفلۆتین بەسەر هیگڵەوە دەردەخات. تێگەیشتن لە واتای ئەم بنەمایە دەبێت لەسەر بۆچوونە مێتافیزیکییە یەکانەکییەی(monism) ئەفلاتون شرۆڤە بکرێت. بە گوێرەی مێتافیزیکی یەکانەکی هەموو هەبووە فرەجۆرەکان سەر بە (یەک) راستەقینەن، کەوابوو راستەقینە یەکێتییە بە جیاوازییەوە. ئەم بنەمایە بۆ هیگڵ یاسایەکی دیالێکتیکی رەتدانەوەی یاسای شوناسی ئەریستۆیە (ئەلف ئەلفە)، کە لە جیاوازی بە دەرە. ـ لە مێژووی بیرکردنەوەدا چەند ناوێک دەردەکەون کە لەنێوان رۆژئاوا و رۆژهەڵاتدا هاوبەشن، ئەم دیاردەیە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ بیرکردنەوەی فەلسەفی جیهانگەرانەیە. سنوورەکانی نەتەوە، رەنگی پێست و جێندەر دەشکێنێت، چونکە خۆی بەو پرسیارانەوە ماندوو دەکات، کە بە بوونی مرۆڤایەتی و جیهانەوە وابەستن. لەبەرئەمەشە هەندێک لە فەیلەسوفەکان توانیویانە سنوورەکان ببەزێنن و لە رۆژائاواو رۆژهەڵات جێگەی خۆیان بکەنەوە. بۆ نمونە کاتێک ئەریستۆ بوونی مرۆڤ بە جەوهەر دادەنێت و هەوڵی پێناسەکردنی دەدات، مەبەستی ئەو مرۆڤە یۆنانیە نییە، بەڵکو مرۆڤە بەگشتی. ئەگەر خوێنەرێکی دەرەوەی جوگرافیای یۆنان لەگەڵ بۆچوونەکانی ئەریستۆ ئاشنا بێت و ئەویش بەو ئاکامە بگات، کە بوونی مرۆڤ جەوهەرە، ئەوا دەتوانین بڵێین، کە ئەریستۆ دەبێت بە بیرمەندێکی دەرەوەی سنووری جوگرافیای خۆی. ـ لە هەمان کتێبدا باسی هێرمس دەکەیت کە لە جیهانی ئیسلامیدا بە ئیدریس ناسراوە و دەنووسن لە قورئانیشدا ناوی هاتووە؟! دەکرێت کەمێک زیاتر لەبارەی ئەم هێرمسەوە بۆم باسبکەن. هێرمس بیریارێکی نادیارە و مشتومڕی زۆر لەسەر بنەچەو بوونی ئەم بیریارە کراوە. هەڵبەتە ئاماژەکردنم بۆ هێرمس لەم کتێبەدا بۆ مەبەستی توێژینەوەکەمە و بە کورتی لەسەریم نووسیوە، چونکە هێرمس پێویستی بە نووسینی زۆرتر و توێژینەوەی قوڵترە. ئێمە بە تەواوی ئەم بیریارە ناناسین، لەبەرئەمە بەم نامەیە ناتوانم زۆرتر لەسەری بدوێم. ئەگەر لە داهاتوودا کتێبەکانیشی بۆ زمانی کوردی وەربگێڕدرێن، ئەوا خزمەت بە دۆخی رۆشنبیریمان دەگەیەنن.  ـ بنەمای یەکەمی ئەفلۆتین لەپێشترەو بنەمایە بۆ دوو بنەماکەی دیکە، لە تێگەیشتنی مرۆڤ بە دەرە... ئەمە لەگەڵ نۆمینەی کانتدا لە یەک دەچن. پرسیارەکە بۆ هەردوو بیریار دێتە پێشێ کە ئایا لە تێگەیشتن بەدەری و دانان بە بوونیدا دۆگماسازی نییە؟ [لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا د.محەمەد کەمال وەڵامی پرسیارێکەشمی داوەتەوە کە ئەمە پرسیارەکەیە]: گەیشتن و زانین بە بنەمای یەکەم بەهۆی ئامادەبوون یان رێگەی گیانەکی، بیرکردنەوەی فەلسەفییە؟ واتا ئەم رێگەیە"گیانەکی" چەند فەلسەفییە و فەلسەفە و فەیلەسوفبوونی ئەفلۆتین چەند دەخاتە ژێرپرسیارەوە؟ بەڵێ، حوکمدان بەسەر تەوانایی تێگەیشتنی مرۆڤ لەسەر هەرچ بنەمایەک دابمەزربێت دەبێت بە دۆگما. بەڵام ئەم دۆگمایە فەلسەفییە، وشکە دۆگما نییە. ئەفلۆتین لە هەمان کاتدا لەو باوەڕەدایە، کە مادام بوونی مرۆڤ لە بنەمای یەکەمەوە سەرچاوەی گرتووە و رێژەن بووە، بەشێکە لەو بنەمایە و هێڵی پەیوەندییان نەپچڕاوە، بۆیە بەپێچەوانەی کانتەوە بایەخ بە (دەرککردنی گیانەکی) دەدات، کە لە سۆفیگەرییدا دەبێت بە (کەشف). ئەمەش وەڵامی پرسیاری دواترت دەداتەوە. دەرککردنی گیانەکی بۆ ئەفلۆتین فەلسەفییە و یەکێکە لە تەواوناییە ئەپستمۆلۆجییەکانی مرۆڤ. بەڵام مەرج نییە هەموو مرۆڤەکان ئەم تەواناییە لە بوونیاندا بناسن. وەکو تەوانایی هەستکردن خۆی دەرناخات و پێویستی بە پەروەردەکردن و گەشەکردن هەیە. هەڵبەتە ئەمە بۆچوونی ئەفلۆتینە نەک کانت، یان ئەوانەی پەیڕەوی مێتافیزیکی ئەفلۆتین ناکەن. ـ "بنەمای یەکەم ژوور بوون دەکەوێت" پەیوەندی بە "هۆکاری تەواو"ەوە چییە؟ ئەم بیرکردنەوەیە بوون رەتدەکات، ئەگەر بە زمانێکی رۆژانە بڵێین ئەوە ناگەیەنێت کە لەو سەری بوونەوە هاتۆتەوە؟ تێگەیشتنی من بۆ ئەم دەربڕاوە تێپەڕکردنی خوایە ئەگەر خوا بوون بێت. هاوکات ئێوە دەنووسن کە ئەم دەربڕاوە واتای هیچ دەگەیەنێت چۆن؟ خۆ ئەفلۆتین نەیوتووە هیچە. (هۆکاری تەواو)، کە بۆ بەڵگەدانان بۆ سەلماندنی بوونی خواش دادەنرێت، ئەو واتایە دەگەیەنێت؛ هۆکاری جیهان دەبێت لە هەموو روویەکەوە تەواو، یان تەواوکۆ بێت، بۆ نمونە (بوون)یشی هەبێت، ئەگینا بەهۆکاری تەواو دانانرێت. ئەگەر بنەمای یەکەم لە بوون بە دەر بێت، وەکو ئەفلۆتین بۆی دەچێت، ئەوا بە هۆکاری تەواو دانانرێت. بەڵام بۆچی ئەفلۆتین بنەمای یەکەم لە ژوور بوونەوە دادەنێت؟ من لە توێژینەوەکەمدا وەڵامی ئەم پرسیارەم بە دوو جۆر داوەتەوە. یەکەم، کاریگەرێتی ئەفلاتون بەسەر ئەفلۆتینەوە، چونکە ئەفلاتون خوا لە ژوور بوون دادەنێت. دووەم، کێشەی پەیوەندی نێوان خوا و بوون؛ کە خوا دەکات بە پێکهاتە و سادەییەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە. بنەمای یەکەم لە سیستمی مێتافیزیکی ئەفلاتون و ئەفلاتونیزمی نوێ(هەڵبەست بە ئەریستۆوە) دەبێت سادە بێت، ئەگیان بە سەرەتا و بنەمای یەکەم دانانرێت. بێگومان، ئەفلۆتین، بە دانانی بنەمای یەکەم لە ژوور بوونەوە، ناڵێت بنەمای یەکەم هیچە. ئەمە راڤەکردنی منە بۆ بنەمای یەکەم، چونکە ئەگەر بنەمای یەکەم لە ژوور بوونەوە بێت و لە بوون بە دەر بێت، دەتوانین بە نە-بوونی دابنێین و بڵێین هیچە. بەڵام واتای ئەم هیچە لەبەر رۆشنایی بنەمای یەکەم، وەکو راستەقینەیەک (لەژوور) بوونەوە دەردەکەوێت. ـ لەلاپەڕە ٧١دا دەنووسن: "بنەمای یەکەم لۆجیکییانە و ئۆنتۆلۆجییانە پێش بنەمای دووەم دەکەوێت." ئایا لە جیهانی فەلسەفی ئەفلۆتیندا میتافیزیکییانە یان ئۆنتۆلۆجییانە بیرکراوەتەوە؟ ئەمە فەلسەفەکەی دەکات بە ئۆنتۆلۆجی؟ هەروەها لەلاپەڕە ٧٦ دەنووسن"بیرکردنەوەی بنەمای هۆشەکی هەمیشە هەبووە، رێژەنبوونیشی لە بنەمای یەکەمەوە لۆجیکییانە سەرەتای هەیە، نەک ئۆنتۆلۆجییانە" ئەمە لەگەڵ نووسینەکەی لاپەڕە ٧١ ناکۆک نین؟ لە پێشترێتی بنەمای یەکەم(لۆجیکانە و ئۆنتۆلۆجییانە) زمانی منە بۆ راڤەکردنی مێتافیزیکی ئەفلۆتین. ئەفلۆتین ئەم چەمکە فەلسەفییانە بەکارناهێنێت و بیرکردنەوە فەلسەفییەکەشی مێتافیزیکییانەیە و ئۆنتۆلۆجییانە نییە. سەبارەت بە سەرەتا و بوونی هەمیشەیی بنەمای هۆشەکی، وەکو لەلاپەڕە ٧١-٧٦ روونمکردوونەتەوە ناکۆک نین و پێویستی بە تێگەیشتنە. ئێمە دەتوانین بڵێین سێ بنەماکان لۆجیکانە و ئۆنتۆلۆجییانە جیاوازن، چونکە دووەم لە یەکەم و سێیەم لە دووەمەوە دەرچووە و مادام دەرچوون سەرەتایان هەیە. تاکو یەکەم نەبێت دووەم نابێت، ئەگەر دووەم نەبێت سێیەم نابێت. ئەمە سەرەتای بنەمای دووەم و سێیەم لۆجیکانە و ئۆنتۆلۆجییانە دەردەخات. بەڵام، مادام بنەمای یەکەم هەمیشەییە، رێژەنبوونیشی هەمیشەییە و دەرچوونی بنەمای دووەم و سێیەم لە (ئەزەل)ەوە هەبووە. ئەم راڤەکردنەی ئەفلۆتین، فارابی و ئیبن سینای بەو باوەڕە گەیاندووە، کە جیهان هەمیشە هەبووە. ـ ئایا ئەفلۆتین باسی چوار نهۆمی کردووە یان سێ؟ ئێوە دەڵێن دەتوانین چوار نهۆم لە سیستمی ئەفلۆتیندا دەستنیشان بکەین. ئایا گەر خۆی باسی نەکردبێت چۆن دەکرێت ئەمە بکەن؟ ئەفلۆتین سێ نهۆمی لەنێو سیستەمی رێژەنبووندا دیاریکردوە. من باسی نهۆمی چوارەمم کردوە، کە بوونی ماتەرە. لە کاتێکدا نابێت بە نهۆم یان بنەمای سێیەم، کە بوونی ماتەرە رەتبدێتەوە. من لە توێژینەوەکەمدا و لەسەر ئەم خاڵە(بوونی ماتەر) رەخنەم لە ئەفلۆتین گرتووە. ـ لای ئەفلۆتین خوا چییە؟ سەر بە کام بنەمایە؟ دەنووسن سەر بە  بنەمای سێیەم"گیان"ە، بەڵام ئایا گەر سەر بەم بنەمایە بێت و ئەوە پەیوەندییەی لەنێوان سێ بنەماکەدایە خوا لە دوو بنەماکەی دیکەدا لە کوێدایە؟ ئەی بنەمای یەکەم نابێت خوا بێت؟ خوا بۆ ئەفلۆتین راستەقینەیە و سێ بنەماکانی سیستەمی مێتافیزیکییەکەیەتی، کە لە یەکدی جیانابنەوە، بەڵام شێوازی جیاوازیان هەیە. وەکو بوونی تەختەیە لە مێز، دەرگا، کورسی و هتد. ئەم هەبووانە شێواز و ناوی جیاوازییان هەیە و هەموویان لە تەختە دروستکراون. مادام خوا بنەمای یەکەمە  و بنەماکانی دیکە لە خواوە دەرچوون، ئەوا لەگەڵ خوادا بە یەکێتییەوە هەن: یەک راستەقینەن و جیاوازیشن.   ـ لە زۆرێک لە بەرهەمە فەلسەفییەکانتدا کاتێک لەبارەی ئەفلاتون، کانت، سپینۆزا، لێرەشدا ئەفلاتونیزمی نوێ دەنووسن، بە جۆرێک دەنووسن، خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەیدا هەستەکات ئێوە سەر بەو رێچکەو فەلسەفەی ئەو فەیلەسوفانەن، لە کاتێکدا خۆتان وجودین و فەلسەفەی (بوونگەرایی)تان هەڵبژاردوە. پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی ئەو رێچکەیەی هەڵتان بژاردوە کەمتر دێتە ناو ئەم کارانەتەوە، واتە وەک وجودیەک بیر لە کانت یان ئەفلاتونیزمی نوێ بکەنەوە؟ لە نووسینێکمدا لەبارەی کتێبی ئەفلاتونیزمی نوێ، ئەمەم ناوناوە(گەڕیدەیەکی نیشتەجێبوو). من هیچ نووسینێکم لە بیرکردنەوەی فەلسەفی خۆم جیانەکردۆتەوە؛ بەو واتایەی بە (بەرنامە) دەنوسم و هەموو نوسراوێکم وەکو دانانی بەردێکە لەسەر بناخەی ئەو کۆشکە فەلسەفییەی دروستیدەکەم. بۆ ئەم مەبەستە گرنگە لە شیکردنەوەی بۆچونی فەیلەسوفێکدا، کە من لە گەڵیشیدا هاوڕا نیم، فینۆمینۆلۆجییانە لە دەرگای ماڵی بیرکردنەوەی فەیلەسوفەکە بدەم و بەو جۆرەی خۆی دەردەخات، راڤەی بۆچوونەکانی بکەم. ئەم میتۆدە فینۆمینۆلۆجییە لە هەڵوێستی شەڕەنگێزانەو رەخنەی توند دەم پارێزێت. هەڵبەت ئەم شێوازی راڤەکردنە مانەوەیە لەنێو بیرکردنەوەی فەیلەسوفەکەدا بۆ مەبەستی تێگەیشتنی دروست، لەم قۆناخە سەرەتاییەی بیرکردنەوەی فەلسەفییەنەمان بەپێویستی دادەنێم و زۆرترین سود بە خوێنەر دەگەیەنێت. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە من نەتوانم رەخنە لە بۆچوونەکانی ئەو فەیلەسوفانە بگرم، کە لەسەریان دەنوسم. لەهەندێک شوێنی نووسینەکانمدا رەخنەم گرتووە و بۆچوونی خۆم جیاکردۆتەوە. بەڵام مادام مەبەستی من ناڕاستکردنەوەی بۆچوونی ئەو فەیلەسوفە نیە کە لەسەری دەنوسم و نامەوێت خوێنەر لە روانگەی بیرکردنەوەی فەلسەفی منەوە لەو فەیلەسوفە تێبگات، هەوڵمداوە وەک میوانێکی دڵسۆز لەنێو بیرکردنەوەی ئەودا هەڵسوکەوت بکەم و بمێنمەوە. من دیسانەوە جەخت لەسەر ئەو خاڵە دەکەمەوە؛ پرۆژەی نوسینم تەنیا بۆ دەربڕینی بۆچوونی فەلسەفییانەی خۆم نییە. من دەمەوێت زمانی کوردی فێری فەلسەفە بکەم، خوێنەری کورد بە زەخیرەی دەوڵەمەند و مێژووی درێژخایەنی بیرکردنەوەی فەلسەفییانە ئاشنابکەم. لەم سەرەتایەوە و بەم هەڵوێستەوە لە ئاستی بیرکرنەوەدا، نەک پارتیزانانە، دەتوانین بۆ رزگارکردنی (عەقڵییەتی) مرۆڤ و ئاسودەبوونی فەلسەفە بەکاربهێنین.

  ئارام کاکەی فەلاح   دەتوانم بەم پرسیارە گرنگە دەست پێبکەم، کاتێ من تێکستێک دەنووسم ئایا ئەوە کێیە ئەو تێکستە دەنووسێت؟ ئەوە کێیە لەناو ئەو تێکستەدایەو ئەوە کێیە لە دەرەوەیەتی و دەینووسێتەوە؟ ئایا چ پەیوەندییەک ئەم دوانە پێکەوە دەبەستێتەوە؟ ئایا ئەمانە بەتەنیا دوانن یان زیاترن؟ کە من وەک نووسەرێک کاراکتەرێک دروست دەکەم، تا چەندێ من لەناو ئەو کاراکتەرەدام، تا چەندێ ئەو (من)انەم  لەناو کاراکتەرەکەدایە و تا چ ئاستێک بەو زمانە قسە دەکات کە بەشێک لەمن دەیەوێ قسەی پێبکات و تابیر لەخۆی بکات؟ کە ئەو تابیر لە خۆی دەکات تا چەندێ تابیر لەمنیش دەکات؟ ئەمانە کۆمەڵێ پرسیاری گرنگن کە پێم خۆشە وەڵامیان بدەمەوە. بۆ نموونە کە من کتێبێک دەخوێنمەوە و دەڵێم من ئەو کتێبەم بەدڵ بوو، ئایا ئەو منە مەبەستم کێیە و چ منێکە؟  ئایا من ئەو کتێبەم بەدڵە وەک نووسەرێک یان وەک خوێنەرێک یان وەک مامۆستایەک کە پیشەی ڕۆژانەمە یان وەک باوکێک کە ئەزموونێکی زۆری باوکایەتیم هەیە لەگەڵ کچەکەمدا یان وەک هاوڕێیەک؟ یان وەک کوردێک گەر تێکستێکی کوردی بێت، بەڵام من لەهەمان کاتدا هاووڵاتییەکی سویدیشم؟ ئەمە کامیانە؟ وەکو کام لەمانە من ئەم کتێىەم خوێندەوەو بەدڵم بوو؟ گەر ئەو نووسەرەی بۆ نموونە ڕۆمانێکم بۆ دەنێرێ و من دەیخوێنمەوە، ڕەنگە من ئەو ڕۆمانەم تەنها لەبەر ئەوە بەدڵ بێ کە نووسەرەکەی برادەرمەو کۆمەڵێ یادگاری جوان لە نێوانماندا هەیە کە ئەوەش قورساییەکی زۆر دەبەخشن بە سەیرکردن و تێڕوانینمان بۆ شتەکان و خۆمان و دەوروپشتمان. یان من ئەوەندە ئازا بووم وا بەئاسانیی هاوڕێییەتیم کردەوە دەرەوەی خۆم و تەنها وەک بێ لایەنێک خوێندمەوە؟ ئایا بەڕاست ئێمە هێندە ساویلکەین کە بێلایەن تێکستەکان بخوێنینەوە یان بنووسین؟ یان ئەوەی دەینووسین و دەیخوێنینەوە بەهەزارەها پەت و زنجیر بە ئێمەوە بەستراوەتەوەو لە دەیەهاو سەدەها ڕێگاوە دێتەوە سەر ئێمە؟ لێرەدا ئێمە وەک من و منەکان بەکاردێنم. بۆیە پرۆسەی نووسین و خوێندنەوە زۆر ئاڵۆزترە لەوەی هەندێ کەس سەیری دەکەن بیری لێ دەکەنەوە. با چەند نموونەیەک بێنمەوە تا بزانین ئەم پرۆسەیە چۆن ئیش دەکات؟ شەوێکیان  مێرسیدس پاردۆ کە ژنی نووسەری گەورە گابریل گارسیا مارکیزە لە خەو هەڵدەستێت و دەبینی مێردەکەی لە تەنیشتییەوە نییەو دڵی دادەخوڕپێ و دەڕوات بزانێ لە کوێیە، لە ژوورێکی تر دەیبینێ مارکیز دانیشتووەو دەگری. کاتێک مارکیز ژنەکەی دەبینی باوەشی پێدا دەکات و دەداتە پڕمەی گریان هاوار دەکات! ئای مێرسیدس! پاڵەوانەکەم مرد، ئەو کاراکتەرەی من دروستم کرد مرد، من کوشتم.. من کوشتم. لێرەدا پرسیارێکی زۆر گرنگ سەرهەڵدەدا، ئایا مارکیز تاوانبارە لە کوشتنی ئەم کاراکتەرەی ناو کتێبەکەی کە کوشتنێکی ڕەمزییە؟ گەر تۆ بڵێی نەخێر تاوانبار نییە، ئایا وا بەئاسانی دەتوانی بڵێیت نەخێر و بەلایدا تێپەڕین، گەر وایە بۆچی مارکیز دەگری؟  کەواتە هەست بەشتێ دەکات، هەست بە بەشدارییەکی کەمی دەکات لە کوشتنی کاراکتەرەکەیدا هەرچەند کوشتنێکی ڕەمزی ناو رۆمان و کتێبەکانیش بێت. بۆ؟ چونکە ئەو نووسەرەکەیەتی و ئەو نووسیوێتی و ئیمزانی ڕەمزی لەسەر کردووە با ڕازیش نەبێ لە فەوتانی. ئەو دەیتوانی بڵێ ئەوە من نیم، ئەوە تەنها کاراکتەرێکی ناو کتێبەکەیەو پەیوەندی بە منەوە نییەو تا بەیانی خەوی لەخۆی نەدەزڕاند پرخە پرخ لەتەنیش ژنە ئازیزەکەیەوە وەک منداڵێک دەنووست. بەڵام نەیتوانی بنووێ و نەیتوانی بڵێ کە هیچ پەیوەندییەکی بە منەوە نییە، بۆ؟ چونکە دەزانێ گەر وا بڵێ ڕاست ناکات. من ناڵێم ئەو حەزی کردووە بمرێ، نا، من دەڵێم ئەو لە شوێنێکی زۆر ئاڵۆز و پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆزدا بەشدارە، خۆی نووسەرەکەیەتی و خاڵقی یەکەمی کاراکتەرەکانێتی. بە ڕێژەی چەند بەشدارە؟ ئەوەیان وەڵامدانەوەی زۆر زەحمەتە و دوایش باسێکی ئەو ڕێژەیە دەکەم. کە دەڵێم خاڵقی یەکەمە، مەبەستم ئەوەیە بڵێم خاڵقی دووەم و سێیەمیش هەیە، ئەوەی نووسەر بێ دەزانێت من باسی چی دەکەم، خاڵقی دووم و سێیەم ئەو کاراکتەرانەن کە لە درێژەی پرۆسەی نووسیندا لە ناو تێکسدا  بێ ئەوەی نووسەر بیەوێ درووست دەبن و خۆیان پێشدەکەون و گەشە دەکەن و زۆر جار نووسەر کۆنترۆڵیکی زۆری بەسەریاندا نامێنێت، بەڵام ئاکتێکی زۆر گرنگمان لێرەدا بیر نەچێ کە تا ئێستاش قەڵەمەکە هەر بەدەست یەکێکەوەیە ئەویش نووسەرەکەیە. بۆیە پەیوەندییەکی زۆر قووڵ نووسەر و خوێنەر بە تێکستەکەوە دەبەستێتەوە هەر وا دڵپاک و بێ تاوان نییە.( کە بە ئینگلیزییەکەی زۆر جوانترە (ئینیسینت، کە بە کوردییەکەی تەواو ئەوە ئەوە نییە کە من دەمەوێ)، دەمەوێ بڵێم کە پرۆسەی نووسین هیندە ئاسان نییە ناکرێ وا هێندە روح پاک و فریشتەیی خۆمان پێشان بدەین . کە تێکستێک دەنووسین و بۆ نموونە جنێوی زۆر ناشرینی تیایە، ئایا ئەوە بەسە بڵێین ئەوە من نیم لەناو تێکستەکەدا جنێو دەکەم، ئەوە کاراکتەرەکەمە، چونکە ئەم ڕستەیە زۆر سادە دێتە بەر چاو و من ناتوانم هەر وا بە ئاسانی بەلایدا تێپەڕم، ئەوەی بە قووڵی دەنووسێت و دەخوێنێتەوە دەزانێ لە پرۆسەیەکی وا ئاڵۆز و جددی دا ئەمە بەس نییە کە خۆت وا بەئاسانی بهێنیتە دەرەوە. بێگومان من لێرەدا مەبەستم هیچ کەسکی دیاری کراو نییە، بەڵکو ئەم بابەتە زۆر بابەتێکی گرنگە لای ئێمە باس نەکراوە و پێویستە زۆر بە فراوانی باس بکرێت و لەسەری بنووسرێت. بەڵام با بڵێین تۆ نیت و تۆ ئەو زمانە بەکارناهێنیت و بەدڵت نییە، ئەی باشە کێ ئەمەی نووسیووە؟ کێ ئەو بڕیارەی داوەو  بەو کاراکتەرە دەڵێ تۆ بەو زمانە قسە بکە؟ ئەوە تۆی  ئەو بڕیارەت داوە کە ئەو وا بنووسێت، وایە؟ کەواتە لە ناو (من)انەدا کە تۆ نووسیوتە ئەو (من)ەیانە کە دەیەوێ بەو زمانە تابیر لە خۆی بکات. لێرەدا بە هەڵە تێمەگەن، من ناڵێم ئەوە تۆیت کە جنێو دەدەی، چونکە لەناو ئەو (من)انەدا منێکی فەرمی هەیە کە نمایندەی تۆیەو لە تۆوە لە هەموان نزیکترە، ڕەنگە ئەوە زۆر بەدڵی نەبێ کە یەکێک لە منەکانی ناو تۆ وا قسە دەکات، بەڵام هەر دەمێنێتەوە یەکێک لە منەکانی تۆ. بەڵکو دەڵێم ئەو بەشە لە تۆ ئەو جنێوانەی خستۆتە سەر زمانی ئەو کاراکتەرە کە حەزی لە جنێوە. وەک وتم من کۆمەڵێ(من)م، یەکێ لەوانە ئەو جنێوانەی نووسیوەتەوە. ئێستا هەموومان مرۆڤین، وایە؟ باش، هەموومان  بەشی خۆمان تووڕە دەبین و لە ئاستێک لە ئاستەکاندا کە زۆر تووڕە دەبین جنێویش دەدەین، ئیدی جنێوی سووک بێ یا قورس، وایە؟ بە دار بێ بە دیوار بێ، بەم بێ بەو بێ؟ بەهەر کەسێ بێ. هیچ کەسێ نییە زۆر تووڕە بێت پێبکەنێ، یان لە تاودا ئاو بخواتەوە، ئەوەی کەمێک ئاگاشی لە زانیست بێت دەزانێ کرداری تووڕە بوون پەیوەندییەکی زۆر قووڵی بە زمانەوە هەیە و ئەوەی زۆر تووڕە دەبێت و جنێو دەدا، هەمیشە بە زمانی دایک جنێو دەدا، تۆ بە دەیەها زمان قسە بکە پێبکەنەو نووکتە بکەو دڵت خۆش بێ، بەڵام کە تووڕە بوویت و جنێوت دا، بە زمانی دایک جنێو دەدەی،ئەمە تەنها من نایڵێم، ئەمە زانست دەیڵێ، کەواتە ئەو زمانی تووڕەییە وەک نووەسەرێک و خاڵقێکی تێکست لە تۆوە دەگوازرێتەوە، مانای بەشێک لەتۆ تووڕەیە و بەهۆی ئەو کاراکتەرەوە لە پرۆسەیەکی ئاڵۆزدا پەڕیوەتەوە سەر زمانی کاراکتەرێک، ئەمەش حاڵەتێکی زۆر ئاسایی مرۆڤانە و باشترە ئینسان بە سادەیی قەت نەڵێ ئەوە من نیم کە جنێو دەدەم، بەڵکو ئەوە تۆیت کە جنێو دەدەیت، بەڵێ ئەوە (من)م کە جنێو دەدەم، بەڵام هەموو (من) نا، بەڵکو منێک لە منەکان، کە لە شوێنێک لە شوێنەکان تووڕەیان کردووە، ئەو پەڕچەکردارەش ماوەیەکی بەسەر چووەو لای ئەو (من)ە ماوەتەوە لە بەشی دواوەی مێشکدا سەیڤ بووە و ئێستا بووە بە تێکستێک کاراکتەرێک لە کاراکتەرەکان بێ ئەوەی تۆ بتەوێ و حەزی پێ بکەی هێناوێتەوە و بووە بە زمانی کاراکتەرەکە. بەڵام ئەم حاڵەتە تەواو لەوە جیاوازە کە هەندێ جار تۆ کاراکتەرێک دروست دەکەیت کە یەکێکی تر خۆی تێدا دەبینێتەوە، بۆ نموونە من لێرەدا دەتوانم باسی نووسەری ئازیز بەختیار عەلی بکەم کە زۆر جار لە چاوپێکەوتنەکاندا دەبێت بەرگری لەخۆی بکات کە لەبەر جوانی نووسینەکانی کەسانی زۆر خۆیان لە کاراکتەری ناو رۆمانەکانیدا دەبیننەوەو گەر بۆ نـموونە باسی هەر کەسێ بکات کە سمێڵی ڕەش بێ و حەزی لە ژن بێ، دەڵێن ئەوە فڵآنە کەسەو گەر خاکیی بێت و سیاسیی بێ و نەچێ بەلای ژندا و بۆ نەگبەتی یەک قەمسەڵەشی هەبێ دەڵێن ئەمە فیسارە کەسە. خوانەکا کەمێک قەڵەو بیت و حەزت لە ماسی بێ، یەکسەر یەکێکی بۆ دەدۆزنەوە، هەموو نووسەرەکان وان و کاراکتەری لەم جۆرەیان هەیە، ڕەنگە دەیەها کەس خۆیان لێ بووبێ بە ژنی ژێر باران، ئێ من گوناحم چییە؟ بێگومان دروست کردنی کاراکتەرەکانیش ئەمە باسێکی گرنگ  وقووڵی ترەو ئەویشیان پرۆسەیەکی سەربەخۆی ئاڵۆزی ترە و دەتوانم لە داهاتوودا بێمەوە سەری. لە کۆڕێکدا کاتی خۆی لە ستۆکهۆڵم نووسەری ئازیز بەختیار عەلی باسی پەیوەندی من و باوکی ناو تەلەفۆنی کرد و باسی ئەوەی کرد کە من زۆر لەناو ئەو چیرۆکەدام و بۆ ئەوەش ڕاست دەکات، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا چەندێکی من لەناو ئەو چیرۆکەدایە، بەڕێژەی چەند؟ دیسانەوە، چ منێک لەناو ئەو چیرۆکەدایە، ئایا بەڕێژەی چەند منی نووسەری تیام کە پێم خۆشە بابەتێکی باوکێک بنووسمەوە کە لە کچەکەیەوە دوورە و بە ڕێژەی چەند منی باوک کە من خۆم لە کچەکەمەوە دوور بووم و ئەو حیکایەتی میروولەیەش کە لەناو چیرۆکەکەدایە هی منەو بۆ کچەکەمم کردووە تا ئێستاش ئەو حیکایەتەی لەبەرە و خۆشی دەوێت. ئەمانە پرسیارگەلێکی زۆر گرنگن و نـموونەی تریش دێنمەوە. من کاتی خۆی قووتابی بووم لە بەشی ئەدەب و زمانە بێگانەکان لە زانکۆی خارکۆڤ لە ئوکراینا، تێزێکم لەسەر (برایانی کارامازۆڤ) نووسی وپرۆفیسۆرەکەم کە کۆمۆنیستێکی کلاسیکی ڕوسی بوو، زۆر حەزی بەو نووسەرانە نەدەهات کە لەپێش شۆڕشی بەلشەفیکەوە هەبوون ، لەو نووسینەمدا حەزم کرد پێشانیبدەم کە دۆستۆێڤسکی خۆی لەناو کاراکتەرەکانیدا دابەش بووە، بەشێکی لە بەشە شەهوانییەکەی کارامازۆڤی باوکدا بوو، بەشێکی لە ئیڤاندا بە شەوە کابووسییەکانییەوە و بەشێکی لە شەڕی نێوان خودا و شەیتانەکانی ناو سەری دیمیتری کە هەمان شەڕی ناو سەری نووسەر خۆیەتی، دواجار پاڵەوانە خۆشەویستەکەی دەمێنێتەوە ئیلیکسی کارامازۆڤ کە دۆستۆێڤسکی وتەنی ئەمیان خۆشەویستی خودایە. نووسەر لەنێوان بیڕو بۆچوونی ڕادیکاڵەکانی ئەوسای رووسیاو خۆشەویستی خۆی بۆ مەسیح دابەش بووبوو. پرۆفیسۆرەکەم زۆری بەدڵ نەبوو، منیش وتم سەیری ژیانی دۆستۆێڤسکی بکە لە ناو هەموو ڕۆمانەکانیایەتی، وتی وا نییە، من باشتر دەیناسم، ئەو رووس بوو، منیش ڕووسم، منیش وتم ببوورە، دۆستۆێڤسکی تەنها هی تۆ نییە، هی هەموومانە. لە شاری سانتپروسبۆرگ لە ٢٢ ی دیسێمبەری ١٨٤٩ دەبوایە دوا رۆژی ژیانی دۆستۆێڤسکی بێت، قەیسەری ئەوسا حوکمی گولەباری بەسەردا دەدات و لە دوا چرکەدا تەنانەت چاویشی دەبەستنەوەو قەشەش ئایاتی ئینجیلی بەسەردا دەخوێنێ و لەدو چرکەدا پەرۆی سەرچاوی لادەبەن و قەیسەر لێی خۆش دەبێ، ئەم چرکەیە کارێکی گەورەی دەروونی لەسەر دۆسۆێڤسکی بەجێدێڵێت و لە ڕۆمانی ئیدیۆت  دا ١٨٦٩ لەسەر زمانی میشکین کاراکتەری سەرەکی رۆمانەکەی دەڵێت : ئایا مرۆڤ لەو کاتەدا، لە دواچرکەکانی ژیانیدا چی لە رۆحیدا ڕوودەدات؟ بۆیە لێرەوە جارێکی تر دێمەوە سەر زمانی جنێو و ئەو دەسەڵاتەی نووسین و نووسەران هەیانە بەتایبەتی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و ئینتێرنێت و سۆسیاڵ میدیا و جۆرەکانی کە فەیس بووک و لایڤەکان پڕبوونە لە زمانی جنێو و سوکایەتی کردن بەیەکتر و خەڵکێکی بێ شوماریش رۆشنبیرو ناڕۆشنبیر، خوێنەوارو نەخوێنەواری لێ کۆبۆتەوە، بەتایبەتی نووسین دەسەڵاتێکی زۆر گەورەی هەیە بۆیە مرۆڤ دەبێ زۆر بە وشیارییەوە بەکاری بێنێت تا بتوانێت داهێنانی تێدا بکات،چونکە دواجار داهێنانەکە خەونی هەموومانە. مەسەلەی دەسەڵاتی نووسین و بەکار‌هێنانی مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە تەنانەت نووسەرە گەورەکانیش هەندێکیان تێی ئاڵابوون، هەر با زۆر دوور نەڕۆین و لە دۆستۆێڤسکیدا بمێنێنەوە و هەر لەو رۆمانەی باسم کرد( برایانی کارامازۆڤ)، دۆستۆێڤسکی رۆمانەکەی خۆی لە هەندێ شوێندا بەکارهێناوە بۆ هێرشکردن سەر ئەو کەسانەی کە لەو زەمەنەدا رقیان لەم نووسەرە بووەو خۆشیان نەویستووە، ئەمیش لەناو رۆمانەکانیدا حەقی لێ کردوونەتەوە، بۆ نموونە هێرش کردنە سەر نووسەرێکی وەک میخاێل ساڵتیکۆڤ کە نازناوەکەی شیردین بوو کە زۆر گاڵتەجارانە لەرۆمانەکەیدا ناوی هێناوە. دوایش شیدرین کە سەرنووسەریی گۆڤاری ( بیرەوەرییە شۆڕشگێڕییەکان) بووە لە گۆڤارەکەیدا وەڵامی داوەتەوە. هەر تەواو وەک لای خۆمان. لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە سولەیمانی چیرۆکنووسی ئازیز رەوف حەسەن شانۆنامەیەک دەنووسی و تێیادا هێرش دەکاتە سەر ئەدەیب ڕەخنەگرێکی ناسراوی نێو دونیای ئەدەبی کوردی و خۆی و بنەماڵە وباوک وپەیوەندی لەگەڵ ئینگلیزەکاندا و چی و چی، ئەوەی من ئاگام لێ بێ پرۆڤەش کرابوو بخرێتە سەر شانۆ، لە دوا ساتەکاندا پێی دەزانێ و هەوڵێکی زۆر دەدا ڕای بگرێ و هەوڵەکەشی بۆ دەچێتە سەر. دوایی وا بزانم ئاشتیان دەکەنەوە. بۆیە دواجار لێرەوە دەڵێم نووسەر دەسەڵاتێکی گەورەی هەیە ئەویش قەڵەمەکەیەتی ، با هەوڵ بدەین داهێنان بکەین و داهێنانی پێ بنووسین.

  فازیل شـەوڕۆ ــ دوبلن   هەرچەندە، نزیکەی ئەو (٦٥٠٠) زمانەی ئێمڕۆ لە جیهاندا قسەیان پێدەکرێ، هەر یەکێکیان هەڵگری بەشێک لە شوناسنامەی نەتەوەیی خاوەنەکەیەتی و وەک کۆڵەگەیەکی تۆکمەی بەردەوامیی ئەو نەتەوەیە سەیردەکرێن، بەڵام، هەر ئەو زمانانە، لە چەندان کایەو بواری هەستیاریی مانەوەو بەردەوامی کۆی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا ڕەگ و ڕیشەی هێندە قووڵ و پەرش وبڵاویان هەیە، وەک بڵێی هەموویان ئەستێرەی نیو یەک هەساربن و بەدەوری یەک تاکە خۆردا بسوڕێنەوە. نهێنی ئەو دیاردەش لەوەدایە، هیچ زمانێک نییە و نەبووە ــ  چ زارەکی و چ نووسراو ــ تەنها ئامرازێکی دەنگی لە قالبدراوی ئاخاوتنی سنووردارکراوی هەبێ و توانای شکاندنی بازنە جوگرافیاییەکی خۆی نەبێ. چونکە هەر زمانێک، ئاخێوەرەکەی چەند هەزار کەسێک بن یان سەدان ملیۆن کەس،  چەندان زمانی دیکەی شاراوەی لە نێو خۆیدا حەشارداوە، وەک زمانی نیشانەکان، زمانی گوتاری، زمانی ئاماژە،  زمانی ئەدەبی، زمانی گەردوونی...تاد. ڕەنگ بێ لە مێژووی زماندا،  زمانی ئەدەبی، لە قالبی ئەفسانەو سیحر و ئاییندا، ، کونترین ژێدر و داهێنەری زمانی گەردوونی بێ. لە گەڵ گۆڕانکاریەکانی بەسەر هزرو دیدی مرۆڤ داهاتووە، ئەو زمانە گەردوونییە، وردە وردە پەل وپۆی لێبووتەوە، تا لەم سەرەمەدا ڕشتە ئەدەبیەکان، جۆرە سەربەخۆیەکی دیاریان بۆخۆیان وەدەست هێناوەو  شوناس و ناسنامەی تایبەت بەخۆیان داهێناوە، وەک  زمانی ڕۆمانی گەردوونی، زمانی شیعری گەردوونی، زمانی فەلسەفەی گەردوونی، زمانی دیدی گەردوونی، زمانی هونەری گەردوونی...تاد. زاراوەی (گەردوونیCosmopolitan / Cosmo)، کە وەک ئاوەڵناو و ناو بەکاردێ، وا پێناسە دەکرێ:" کەسانێک یان شتگەلێک ئەزموون و خەسڵەتی چەندان ناوچەو هەرێمی جیهانی لە خوێدا کۆکردبێتەوە." لە سەردەمی (هۆمریۆس)دا، (٩) سەدە پێش زایین، زاراوەی(گەردوونی Cosmo)بۆ ئەو خشل و زێرو زیووو  داوودەرمانانە بەکاردەهات کە  بۆ ئارایشت بەکاردەهێنران. بۆیە ئێمرۆش بە شتەکانی ئارایشت دەڵێن (Cosmetics). ئاخر ئەوە ئەو  ئەستێر و مانگ و خۆر و ڕۆناکی و تریفەو گزنگانەیە، کە گەردوونیان ئارایشت کردووە. جا کە فیساگۆرس و ئەفلاتۆنیش هاتن، لە دیدێکی فەلسەفییەو ئەو زاراوەیان بەکارهێنا وەک بڵێی ئەم گەردوونە بوونێکی ناڕێک و داڕژاو وپەرشوبڵا بێ، ئەوەی ئەوی کۆکردۆتەوە، جوانییەکەیەتی. لێرە، ئەوان ئەو (جوانی)ییەیان ، وەک  چەمک و زاراوە، گواستەوە دونیای شیعر. شیعری گەردوونی (Cosmopolitan Poetry)، لە دوو سەرچاوەگەلێکەوە، سەیر دەکرێ، لە لایەک، شاعیر، وەک خەونبێنێک، لەم گەردوونە دەڕوانێ وهەمیشە پرسیاری بێوەڵام و ئاڵۆزاوی دەورووژێنی، پرسیارگەلێک،  کە هەمیشە مرۆڤی بەخۆیەوە سەرقاڵکردوە، جا ئەو مرۆڤە لە هەر جێگەیەکی ئەم جیهانە بێ. لە لایەکی دیکەدا، ئاوێنەی واقیعێکی پڕ جوولەی هەمیشە لە گۆڕانی ناجێگیری کۆی ئەو گەردوونەیە، ئەمەش بە بەیەکەوە گڕێدانی ئەو سەرە داوو ڕایەڵانەیە کە  کۆی پارچەو پاژەکانی ئەو گەردوونەی بەیەکەوە دەبەستێتەوە.  با بە واتایەکی سادەتر، ئەمە داڕێژینەوە، شاعیر، لە هەر جێگەیەکی ئەم جیهانە بێ، تەنانەت ئەگەر لە درزی پەنجەرەیەکی بەندیخانەیەکیش بێ، کە سەیری ئاسمان دەکات، هەر ئەو ئەستێرە و مانگ و خۆر و هەتاو ڕۆناکی و تریفەو زیریوانە دەبینی، کە لە هەموو ناوچەکانی دونیادا، دەبینرێن و هەر یەکن. جیاوازییەکە تەنها  لە تەوزیفکردنی ئەو پێکهاتانەی گەردوون دایە، کە ئەمەش پەیوەستە بە دیدو ئەزموون و بەهرەی شاعیرەکە. لێرەدا، (٢) جۆرە بەرهەم، تۆمار دەکرێ کە لە هەوردوکیاندا رۆحی (خود) خولقێنەرە: یەکیان، (خودی بازنەدارە)، کە تەواو خۆی لە چوارچیوەی مێژوو و جوگرافیای ناوچەیەکی دیاریکراو حەشارداوەو ڕەگی بە یەک ئارستەدا داکوتاوە کە ناتوانی لە(نشیتمانەکەی خۆی) دوورکەوێتەوە. هەرچی ئەوەکەی دیکەیە، (خودی گەردوونییە) کە ئەویش هەر ڕەگو ڕیشەی هەیە، لێ چل و لق و پەل وپۆیەکانی هێندە بە نێوئاسماندا بڵاوبۆتەوە، لە دوورڕا، لە زۆر جێگەوە، دەبینرێن. ئەو بەرهەمە هەرچەندە بە زەوییەکی دیاریکراو بەستراوەتەوە، بەڵام خەسڵەتی گەردوونی بەخۆی داوە. دیارترین خەسڵەتی شیعری گەردوونی، بەدەر لە ڕەهەندە ئەخلاقی و بەهایی وداهێنانی ئەدەبی  و هونەریەکەیەوە، هێڵی تەریب و هاوبەشی لایەنە دەروونی و هزرییەکانی مرۆڤە، کە بەدرێژای مێژووی مرۆڤایەتی گۆڕانکارییان بەسەر دانەهاتووە. بۆ جۆری یەکەم، لە نێو شیعری کوردیدا( کۆن و نوێ و هاوچەرخی)، کۆبەرهەمی ئەوتۆمان لەبەر دەستە کە (٧٠٠) لاپەڕەیە، بەڵام ناتوانیت (٧) دێڕە شیعر، لە دەقێکیدا وەرگریت و وەریگێڕیتە سەر زمانی فەرەنسی یان چینی یان ئەرژەنتینی ــ وەک نموونە ــ و بیخەیتە بەر دیدی کەسێک لەو (٣) نەتەوەیە. ئاخر ئەوان ناچیتە ئەقڵیان(ئەشق دڵ بکاتە کەباب و سینە بکاتە تەندوور) یان (لە جەژندا دولبەر بە خوێنی خۆشەویستەکەی پەنجەکانی خەناوی بکات) یان (بەربوونەوە و کەوتنە سەر زەوی شاعیرێک، هەر لەبەر ئەوەی کیژۆڵەیەک ئاورێکی لێ داوەتەوە.) لەبەرانبەردا، کە لە چوارینەکانی (عومەر خەیام ١٠٤٨ ــ ١١٣١) و لە بەیتەکانی (جەلالەدینی ڕۆمی ١٢٠٧ ــ ١٢٧٣) ورد دەبیتەوە، هەست دەکەیت کە هەرچی ڕەهەندی دەروونیی گەردوونی مرۆڤە لەواندا حزووریان هەیە. ئەوان هەرچەندە تاکن و بە زمانێکی دیاریکراو نووسیویانە، بەڵام نە (زەمەن ) و نە (مەکان) لە نێو دەقەکانیاندا بوونی نییە. هیچ سنوور و شوورە و دیوارێک نییە (رۆحی مرۆڤیان) کۆت و سندمکردبێ. هەرچەندە شارستانییەت گوڕاوەو بەردوامیش دەگۆڕێ، ناوەڕۆکی دەقەکانی وان، پەیوەست نین بە ژینگە و ڕۆشنیریی و کەلتووری ناوچەیەکی دیاریکراو و لە گەڵ رۆژگاردا نەک نامرن، تەنانەت ژەنگ و گەردیش ناگرن. چونکە خەسڵەتە جەوهرییەکانی دەروون و  و بەهاکانی مرۆڤ ناگۆڕێن. خەسڵەتی بنەڕەتی شیعری گەردوونی لەوەدانییە، کە شکینەری کۆتی( من Ego )ەکە بێ، بەڵکۆ لە دڕاندنی شووناسنامەی نشتیمانە لۆکەڵەکەیەتی و گۆڕینەوەی ئەو شووناسنامە بە شووناسنامەی (هاونشتیمانی جیهانی یان گەردوونی)، بەو واتایەیی، لە پاڵ هەموو مافەکانت، قامتێک مافی جیهانیشت هەیە، بەوەی کە بەشێکی لە پێکهاتەی ئەمسەر زەمینە. شاعیر بونەرەرێکە کە وجودی هەیە لە بووندا(Being)، بەڵام لە بوونی گەردوونیدا(Interbeing)، دەبێتە، بونەرەرێک لە پاڵ هەموو کەسیێتییە تایبەتمەندەکانی، کەسیێتییەکی دیکەشی هەیە کە لەگەڵ کۆی کەسیێتی مرۆڤایەتیدا یەکدەگرێتەوە.  هەستکردن بە کۆژانی مرۆڤەکان و تێکشکاندنی خوداکانی جەروستەم، فیداکاریی لە پێناو ئاشتی و ئاسایشتی سەرتاسەری وپشتیوانیکردن لە مەزلووم و جوانترکردنی جوانییەکانی سروشت و ژینگە، لە سەرتۆپی هەمووشیانەوە، پاراست و پارێزگاریکردن لە بەها جوانیەکانی مرۆڤ، کۆڵەکەی هاوبەشی، ناوئاخنی ئەو دەقەشیعرانەن، کە ئەوان دەیڵێن، جا بە هەر زمانێک بی. شاعیری گەردوونی، لەنێو نیشتیمانەکەی خۆیدا،  نیشتیمانێکی  بێ سنووری هەیە، کە هەموو گەردوونە. هەرچەندە لە ئەدەبی کلاسیکی کوردیدا، دەکرێ چوارینەکانی باباتاهیری عوریانی (٩٣٧ ــ ١٠١٩؟) و مەم و زینی ئەحمەدی خانی (١٥٦٠ ــ ١٧٠٧) بە شیعری گەردوونی دابندرێن،  بەڵام دەبینین، لەبەراوردکردنی رێژەی کۆی ئەدەبی کلاسیکیماندا،  بەرهەمی گەردوونیمان زۆر کەمە. سەرهەڵدانی چاخی شیعری نۆی کوردی، بە هاتنی گۆران و شیخ نوری و شیخ ساڵح، پەنجەرەیەکی تازە بەرووی شیعری گەردوونی کوردیدا کرایەوە، دەتوانین، بە بێ تەقییە، دەست بۆ چەندان بەرهەمی شیعری بەرین و وەریانگێڕینە سەر زمانەکانی جیهان و بیخەینە بەر دیدی خوێنەرانی جیهانی. بەڵام  ئەو فەزایەش هێندە فراوان نییە وەک مەراممانە. دەکرێ سەرتای هەشتاکان، سەدەی ڕابردوو لە شیعری کوردیداــ لە دیدی بەندەوە ــ بکرێتە دەروازەی بە گەردوونکردنی شیعری کوردی هاوچەرخ. بۆچی؟ بەگشتی، شاعیران، لە ڕیی خوێندنەوە و سەفەر و گەڕان، پتر چاویان کرایەوەو باشتر بە ئەدەبی گەلان ئاشناوبوون، فێری زمانی بێگەنەش بوون،  بە جددی هەوڵی شکاندنی قەفەزی لۆکاڵی دەقەکانیان داوە، تا ڕادەیەکی باشیش سەرکەوتوو بوون. بەڵام هەمیسان، لەبەر هەژاریی وەرگێڕان لە زمانی کۆردیەوە بۆ زمانە زیندووەکانی جیهان، ئەو دەروازەیەش بە زۆر زنجیرو قوفڵ ، تاڕادەیەک، کڵۆمدراوە. ژمارەی ئەو بەرهەمە شیعریانەی کە تەرجەمەی زمانە زیندووەکانی جیهان کراون زۆر کەمن و هی ژمارەیەک شاعیرن کە لە پەنجەکانی یەک دەست تێناپەڕن. کەواتە، بوونی شیعری گەردوونی، لە ئەدەنی هاوچەرخی کوردیدا، بەستراوەتەوە بە وەرگێڕان، کە تا ئێستا گڕوتین و برستی بە هێزی نییە، بتوانی بکەوێتە کێبرکیی بەرهەمی زمانەکانی دیکە. لە چەند سەرە قەڵەمێکدا، ئەم خاڵە بایەخدارانە، دەربارەی ئەم بابەتە، بۆ خوێنەر تۆماردەکەم: ئەو وەرگێڕەی دەیەوێ شیعری گەردوونی لە ئەدەبی کوردیدا هەڵبژێریت و تەرجەمەی بکات، دەبێ جگە لە کارامەیی و شارەزایی لە شیعری کوردیدا، بەئاگاو خەبەرداری زانستی (شیعری گەردوونی) و ( ڕەخنەی شیعری گەردوونی) بێ. مەرج نییە جوانترین و باشترین دەقە شیعرێکی کوردی بچێتە خانەی شیعری گەردوونییەو با لەسەر زاری هەموو کوردێکیش بێ. مەرج نییە ئەو دەقە شیعرانەی سیخناخ کراون بە ئەفسانەو فۆلکلۆرو کەلتووری بێگانەوە و پڕن لە ناوی کەس و شوێن و مێژوو و جوگرافیای بێگانە، بچنە نێو دەفتەری شیعری گەردوونی. بە پێچەوانەوە، زۆر ئاساییە شیعرێکی زاتی سڕف، هەڵگری کۆی خەسڵەتەکانی شیعری گەردوونی بێ. ئەمەش زێڕەنگری خۆی دەوێ بیانناسێتەوە. ئەگەر جاران ڕەخنەکارەکان هەر خەریکی چەکوشکاری بووبن لە سەر (دەقی شیعر) و دواتریش لەسەر (شاعیرەکە)، ئەوا ڕەخنەکاری ئەم سەردەمە. کاتێک باشیش دەبێ تەرخانکات بۆ خوێندنەوەی هزر و هەست و ویستی (خوێنەر) کە پەیامگری سەرەکییەوە، بەرهەمەکەی بۆ نووسراوە. بەداخەوە، ڕەخنەی ئەدەبی کوردی لەمەشدا، تا ئێستا هەژارەو وادەزانن کە هەر دەقە شیعرەکە بایەخدارە. پێش ئەوەی بابەتەکە، بە نیوەچڵی لێرەدا داخەم ــ کە نووسینی زۆرتر هەڵدەگرێ و لە هەفتەنامەی (پەڕاو)ی شکۆداردا،  دەرفەتی نموونە هێنانەوەم کەمە، دەمەوێ بە شاعیرانی ئەم ڕۆژگارە ڕابگەێنم، کە لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا، نەوەی نوێ لە نێوان (٣) تا (٥) زمان دەزانن و قسەی پێدەکەن، بگرە پتریش، لە لایەکی دیکەشەوە، ئەو بۆچوونەی دەگوترا: شاڵاوی ئینتەرنێت و تەکنەلۆژیایی سەردەم جێگە بە کاغەز لەق دەکا، پێچەوانە بۆوە، ئێستا خوێنەران ڕوویان کردووەتەوە  کتێب و تیراژەکانی چاپکردن هەر لە هەڵکشاندان،  بۆیە دەبێ لە هەڵی جددی دابن، تا دەنگی خۆیان و بانگی نەتەوەکەیان، لە ڕێی شیعری گەردوونی بگەێننە هەموو گۆشەیەکی ئەم جیهانە. دڵنیا بن، بەرهەمی زۆر جوانمان هەیە، بەڵام دەبێ پتریش کارییان لەسەر بکرێ. و زمانزانە بە تواکانیش بەجددی، دەقە جوانەکان وەرگێڕنە سەر زمانە زیندووەکان.  

شلێر ڕەشید  باسی ئەو دۆزەخەیە کەبەدەستی مرۆڤ خۆی درووست کراوە.The Shellروایە القوقعە، ڕۆمانی قاوغ ئەم ڕۆمانە سەفەریکی تاڵ وپڕ لە ئازارت پێدەکات بۆ ناو بەندیخانەی "تەدمور"ی سوریا، بەندیخانەیەک لە بیابان و دوور لە هەموو شتێک، لەناوەڕاستی چۆڵەوانی و بەتاڵاییەک هەزاران زیندانی لەناو ئەو زیندانەدایە، تروسکاییەکی ڕووناکی لێوە نابینرێت. بەندکراون بەبێ هیچ لێکۆڵینەوەو لێپرسینەوەیەک فڕێدراونەتە ناو ئەو شوێنە تەنگەوە.  ڕۆمانی قاوغ٢٥٢ لاپەڕەیە ٢٠٠٦ بەزمانی عەرەبی بڵاوبووەتەوە، پاشان لەلایەن وەرگێڕی بەریتانی  پۆڵ ستارکی یەوە وەرگێڕدراوەتە سەرزمانی ئینگلیزی، لە نویسنی نوسەری عەرەبی  چالاکوانی سیاسی یاخی چەپ و ئەثییەست مستەفا خەلیفەیە، باس لە ئەزمونی خۆی و بەندییەکانی تری  ناو بەندیخانە دەکات، مستەفا خەلیفە نوسەرێکی یاخییە لەبەرانبەر سیستمێکی چەوسێنەرو داپڵۆسێنەرو تاسەر ئێسک خوێنڕێژو دکتاتۆر. ئەویش سیستمی ڕژێمی بەعسی سوریایە لەژێر دەسەڵاتی حافز ئەسەد. زیندان زیندان لەوڵاتە سەرکوتکەرەکان و لەژێر دەسەڵاتی دکتاتۆردا دروستکراوە، بۆسەندنەوەی بچوکترین مافی ئازادی لە مرۆڤ. دابڕانێکی جەستەیی مرۆڤە لە هەموو ئەوشتانەی تر کە لەدنیای دەرەوەدا هەن، نەبوونی هیچ بەرکەوتنێک لەگەڵ هیچ شتێکدا و بەهیچ جۆرێک. زیندان شوێنێکە بۆ تێکشکانی مرۆڤ و بەرگرتن بە پێشکەوتن و هەرجۆرە داهێنانێک.هەر لەزۆر کۆنەوە زیندان هەبوو، زەحمەتە مێژووی درووستبوونی بزانرێت، بەڵام پێش هەبوونی زیندان، دوورخستنەوەی زیندانی بوو بۆ شوێنکی زۆر دوور کە پێیان دەگوت مەنفا Exile وەکو مەنفای سیبیریا لە وڵاتی ڕوسیا. شوێنێک بوو بۆ سزادانی تاوانکار بەهەرهۆکارێک بێت، یان تاوان بۆ درووستکراو بەبێ ئەنجامدانی هیچ جۆرە تاوانێک. زیندان لەوڵاتانی سەرکوتکەردا جگەلەوەی لەڕووی جەستەییەوە داتدەڕزێنێت، لەڕووی دەروونیشەوە دەتڕوخێنێت، لە هەموو کەسێکت دادەبڕێنێت. کاریگەری دەبێت بەسەر هەستەکانی مرۆڤدا، هەستەکانی بینین و بیستن و تامکردن و بۆنکردن و بەرکەوتن و بیرکرنەوە کە پەیوەندی زۆر قوڵیان بەدەروونەوە هەیە. لە ڕاستیداو لەو وڵاتانەی کە لەخەمی تاکەکانی ناو کۆمەڵگەدان، زیندان شوێنێکە بۆ ڕیفۆرم و دوورکەوتنەوە لە کاری نەشییاوو دووبارە گەڕانەوە بۆ ناو کۆمەڵگە وەکو کەسێکی کامڵ.   زیندان لە دنیای مۆدێرن دا  لەسەردەمی مۆدێرنەدا زیندان کەمێک گۆڕانی بەسەردا هات، ئەوەش تەنها دەولەمەندەکان سودمەندن لێی، لەبەرانبەر هەرچی تاوانێک کە دەیکەن دەتوانن بە بڕێک پارە ئازاد بکرێن، بۆ نمونە لێرە لە وڵاتی کەنەدا لە شاری تۆرۆنتۆ پۆلیسێک ٩ گوللەی نا بە گەنجێکی ئەرمەنی ١٧ ساڵانەوەو یەکسەر گیانی لەدەستدا، گەنجەکە بە ئەسڵ خەڵکی وڵاتی سوریا بوو، ناوی "سامی یتیم" بوو پۆلیسەکە توانیتی بە پارە ئازاد بکرێت. ئەنجامدانی تاوانەکە بەبەرچاوی خەڵک و کامیرەوە بوو. ئەمەش لینکی کاتی ڕوودانی تاوانەکەیە لە یوتوب: https://en.wikipedia.org/wiki/Death_of_Sammy_Yatim https://www.youtube.com/watch?v=FfaxoEbCGuM ڕیزبەندی توندوتیژترین زیندان لەجیهاندا زیندانی تەدمور ئەو زیندانەی کەنوسەر لەناویدا زیندانیی بوو، زیندانی تەدمور لەڕیزبەندی دووەمدایە  لەنێوەندی ئەو بەندیخانانەی کە تابڵێی توندو تیژن و لەو جۆرە سزادانە لە هیچ زیندانێکی تردا بەو ئەندازەیە بوونی نەبووە، زیندانی تەدمور لە ١٩٦٦ درووستکراوە لە نزیک شاری تەدمور، لە٢٧ جوڵای ١٩٨٠ سەدان کەس لەناو ئەم زیندانەدا بە فەرمانی  حافز ئەسەدی خوێنڕێژ سەربڕان بەتاوانی (اخوان مسلمین) ئەمەیە بێبەهاکردنی وتێکەڵکردنی دین لەگەڵ کاری سیاسی.    لە ٣٠ ئایاری ٢٠١٥ بەندییەکانی ناو زیندانی تەدمور گوێزرانەوە بۆ زیندانی باڵونە زیندانی تەدمور لەلایەن ئیسلامییەکانەوە تەقێندرایەوە. زیندانی کارەدیرۆیە لە بەڕازیل لەڕیزبەندی یەکەمە  لە ١٩٢٠ درووست کراوە، دووەمیان زیندانی تەدمورە لە سوریا،  دوابەدوای ئەو لاسەبەنیتا لە ڤەنزویلا، زیندانی دیاربەکر لە خواروی تورکیا، زیندانی لاسانتی لەپاریس، زیندانی فلۆرانس لە کۆڵۆرادۆ-ئەمریکا، زیندانی کاتراز لە سانفرانسسکۆ لە ئەمریکا، زیندانی رایکرز ئایلەند لە نییویۆرک لە ئەمریکا. هەزاران زیندانی تر.  کەسمان نییە ئەم زیندانانەمان نەبیستبێت قەسابخانەی موسڵ، زیندانی ئەمنی شیمالی یان قوات خاسەی کرکوک، زیندانی ئەبوغرێب، زیندانی ئاوشڤیتزی جولەکەکان لە پۆڵەندا. ئەو نوسەرانەی لەناو زیندان نویسویانە کەم نین ئەو کەسانەی لەناو زیندان شیعروچیرۆک و یاداشتنامەو ڕۆمانیان نوسیوە، ئەو زیندانە سیاسییانەی کە بۆخۆیان بە فیعلی لەناو زیندان بوونەو بەتاوانی بەشداربوون لەکاری سیاسی گیراون و ئەزمونی ئەو مردنە لەسەرخۆو ئەو زیندانە تاریک وتاڵەیان کردووە. هەر چرکەیەکیان بە ساڵێک لێتێپەڕیوە. نمونەی نوسەرانی ناو زیندان و نوسینەکانیان ئەدەبی زیندان ئەو ئەدەبەیە ، نوسەر لەشوێنێکدا کۆت وبەندە،ئەو شوێنە بەندیخانەیە، یاخود ماڵەکەی خۆیەتی  لەوێدا بیرەوەرییەکانی و ئازارەکانی دەنوسێتەوە. شاعیر شەهید مەلا عەلی شیعری زیندان "برا دوورو خزم دوورو کەسم دوور  بەنابەڵەد تەمەن دەمبا بەرەوژوور" ئەنتۆنیۆ گرامشی - هەڵبژاردەی نامەکانی لەزیندان، عەبدوڵا ئۆجەلان، تێکۆشان ژیانمە ، سڵاڤۆی ژیژەک و نادیە سڵاوی هاوڕێیانە، نامەکانی ناو زیندان ، ، مارتن لوثەرکینگ - نامەکانی ناو زیندانی برمنگام ەوە "نیگرۆکان براتانن" نەوال سەعداوی - یاداشتەکانی ژنێکی زیندانی - بیرەوەرییەکانی ئانارشستێک - پیتەر کرۆپتکن ەوە،  بیرەوەرییەکانی زیندانییەک -جەفری ئارچەر، گۆڤاری بەندییەتیم - جۆن سمث،، لە مردنەوە بۆ ژیان مومیا ئەبو جەمال. زیندانی دوورگە- کۆڵین فرەیکس، ژیانم سەمای هەتاومە- لەنەرد پەڵتییەر، ، شیعرەکانی زیندان- دیترچ بۆنهوفەر، ڕەگی شارستانییەت- - نێڵسن ماندێلا، زیندانییەکی بێناو، خانەیەکی بێژمارە - جاکۆبۆ تیمەرمان، نامۆیەک لەوڵاتەکەی خۆم ١٩٤٤ یاداشتەکانی ناو زیندان - هانس فەڵادە، دەرگا، بیست وشەش ساڵ کارکردنم  لەناو زیندانەکانی کەنەدا- ڤێرن تبیدۆ، لەناو ماڵی مەیموندا، جۆن کەف کاتەکەم وەکو ئەفسەر لەناو زیندانی ئیرلەند - ، ئەنجڵا ئیڤان دەیڤد ئایا بەندیخانە ڕەهاییە؟ کەشینگ جیانگ- ژیانم لە زیندان، یاداشتەکانی سیاسییەکی  یاخی چاینیزی، دیترچ بانهۆڤەر-  نامەو کاغەز لەزیندانەوە،  نیل سام ۆرث- ڕێگە نامۆکان: ژیانم وەکو ئەفسەری زیندان، وەڵتەر ڕاڵی نایت - مێژووی جیهان، لەپێنج کتێبدا، بۆبی ساندس - نوسینەکانی ناو زیندان، نگوجی  وا ثۆنگۆ- پێشبڕکێ لەگەڵ شەیتان، کۆمەڵێک نوسەری تر کە زیندانی کراون بە هۆکاری جیاجیا لەوانە ئۆسکار وایڵد، فییۆدۆر دستۆڤسکی- ماڵی مردن ، تۆماس مەڵۆری، کرستفر مەرڵۆوی، دەنیاڵ  دیفۆی، مارکیس دو ساد، پۆڵ ڤارلەین، ئەدۆڵف هتلەر- کتێبی تێکۆشانم ، ئان پێری، چەستەر هایمس، ڕۆبەرت ڕۆتستین، ئەدوارد بەنکەر، ئەلمۆر لەنەرد، مارک براندن رید، نێڵسن ماندیلا -گفتۆگۆ لەگەڵ خۆمدا، شاعیری ئیتاڵی دانتی بۆگیری، عبدالرحمن منیف ڕۆمانی "خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست"، شاعیرو ئەدیبی سوری محمد ماغوط. مستەفا خەلیفە وڵاتی یەکەمی خۆی کە سوریا یە جێدەهێڵێت و دەچێت بۆ فەرەنسا، لە زانکوی پاریس بەشی سینەما دەخوێنێت، هەر لەوێ لەگەڵ کچێکی سوری یەکتر دەناسن و یەکتریان خۆشدەوێت، دوای دەرچوونی لە زانکۆ بڕیاردەدات بگەڕێتەوە بۆ سوریا ئەزمونی ئەوچەند ساڵەی خوێندنی گوازێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی، کچەکە زۆر لێی دەپاڕێتەوە بۆ ئەوەی نەگەڕێتەوە، نوسەر هەر سوردەبێت لەسەر گەڕانەوەو دەڕوات، لە فڕۆکەخانەش کچەکە هەر لێی دەپاڕێتەوەو دەڵێت مەڕۆ، بەڵام ئەو هەر دەڕوات، کەدەگاتە فڕۆکەخانەی سوریا، بەتاوانی "اخوان المسلمین" دەیگرن و سیانزە ساڵ حوکمی بەسەردا دەسەپێنن، بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێکی هەبێت. ١٣ ساڵ لەناو چوار دیواری بەندیخانەی تارێک وتابڵیی تاڵ وپڕ ئازارو دڵتەنگی بەسەردەبات. لەناو بەندیخانە،دوای ئەوەی کە بەو گەنجە دەڵێن تۆ "اخوان المسلمین" یت،  ئەویش دەڵێت نا  وانییە، من کەسێکی بێدینم وبڕوام بە هیچ دینێک نییە، موسڵمانەکانی ئەوێ هەموو ڕقیان لێیدەبێتەوە، لەناو بەندییەکان جیادەکرێتەوەو بەجیاو بەتەنها لەشوێنێک دادەنرێت. نوسەر پاش ئازادبوونی لەزیندان، بیرەوەرەی سیانزەساڵی ناو زیندانمان بۆ دەگێرێتەوە، نوسینەکەی خەیاڵی ئەو کاتانەی ناو زیندانە، نوسەر خەیاڵ و واقع، خودو بابەت تێهەڵکێش کردووە، تەکنیکی گێڕانەوەی نوسەر بەجۆرێکە خوێنەر ناتوانتێت دەست لەکتێبەکە هەڵبگرێت، خوێنەر پەلەیەتی بزانێت ڕووداو دوای ڕووداو چیتر بەدوایدا دێت، چیتر ڕوودەدەن. جۆری نوسینی ئەم رۆمانە لەو نوسینانەیە کە پرسیارت لا درووست دەکات، زیندان ئەو شوێنەیە کە تاوانکار سزای خۆ وەردەگرێت، ئەی کە سزاکەی تەواو کرد، دوای ئەوە چی؟ ئەی ئەوەی بێتاوان پەستێندراوەتە ناو ئەو دۆزەخەوەو ڕۆژانە سزا دەدرێت، باری دەروونی مرۆڤەکان چ گۆڕانێکی بەسەردا دێت؟ دەیان پرسیاری تر... سەدان زیندانی پەستێنراونەتە ژوورێکی تەسکەوە، لەسەرەوەش چاودێری دەکرێن، نابێت کەس لەگەڵ کەس قسەبکات و جوڵە بکات، چاودێریکەرەکانیش بۆخۆیان زیندانین، هەرچی کەسێک کەلەناو ئەو بەندیخانەیەیە خۆشی بەندییە. کیشەی بێ ئاوییان هەیە، لە تاوی تینویەتی دەم دەنێن بە بۆرییەکانەوە بۆ ئەوەی ئەگەر ئاوی تێدابێت هەڵیبمژن، ئەوەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، زۆر جار دەمیان برینداردەبێت و خوێن جێدەمێنت بە بۆرییەکانەوە.     بەشێک لە جۆری سزادانی ناو زیندانی تەدمور یەکەمجار بۆ ئازاردان بە گروپی جیاجیاو بە پێی جۆری کارەکان بانگ دەکراین قوتابیان بانگ دەکران و ئازار دەدران، پاشان ئەوانەی کە پلەی بەرزی سەربازییان هەبووە داوایان لێدەکرا چڵکاو بخۆنەوە، ئەوەی دەیخواردەو نایخواردەوە، لێی دەدرا تاکو گیانی لەدەست دەدا. جۆرێک ئازاردانیان هەبوو، بە دە تاکو دوانزە کەس کەسێک بە پاڵکەوتنەوە لەسەر دەستیان کە لەسەر پشت پاڵیاندەخست و بەرزیان دەکردەوە بۆ سەرەوەو دوای دەستیان لێبەردەدا بۆ سەرزەوییەک، پشتی دەشکا، یان سەری دەتەقی و دوایش گیانی لەدەست دەدا. مستەفا خەلیفە لەزمانی بەندییەکەوە دەڵێت:جارێکیان یەکێک لە بەرپرسی بەشەکان هات و وتی دەمت بکەوە، بەڵغەمێکی تفانە ناو دەممەوەو شەقێکی لە گونم دا ئەو شەقە بوو بەهۆی ئەوەی بەڵغەمەکە بە قوڕکمدا بچێتە خوارەوەو بواری تفانەوەیم نەبوو، بۆ هەتاهەتا بێزم لەخۆم دەکردەوە، چەند خۆم ئەشۆری و ئاوم ئەخواردەوە، هەر هەستم ئەکرد پیسم وپاک نابمەوە. باوکێک و سێ کوڕی لەگەڵمانا زیندانی بوون، هاتن لە باوکەکەیان پرسی یەکێک لە کوڕەکانت هەڵناواسین، کام لە کوڕەکانت هەڵدەبژێریت، هەر چەندە هەموویانی خۆش دەویست بەڵام وتی بچوکەکەیان ، بەڵام دوایی هەرسێکیان لە سێدارەدا، چ یاری کردنێکە بە ڕوحی مرۆڤەکان، چ سزایەکی دەروونییە، چ دڵڕەقییەک هەیە لەناو جەلادەکاندا، چ دڵ بەردییەکە! بەندییەک ئەقڵی لەدەست دابوو، هەمیشە بەتانییەکەی دەدات بەسەرخۆیدا، نەیدەویست هیچ شتێک ببینێت، جارێکیان بەردێک لەدیواری ژوورەکە بەربووەوە، منیش لەترسا چووم لەجێی خۆی داینێمەوە. بینیم ئەودیو دیوارەکە دیارە. منیش خۆم وەکو ئەو بەندییە لێکرد کە ئەقڵی لەدەستدابوو، بەتانییەکەمم دەدا بەسەرماو لەکونەکەوە سەیری ئەودیوم دەکرد. جارێکیان بەندییەک لەبەشەکەی ئێمە مرد، یەکێک لەبەندییەکان وتی شەهید بوو، کە بەرپرسی بەشەکەمان گوێی لە وشەی شەهید  بوو هات بەندییەکەی برد، لەکونەکەوە سەرم کرد، بەندییەکەی کوشت. وەکو کیسەڵ هەستم بەترس کرد، چوومەوە ناو قاوغەکەی خۆم ودانیشتم. لەبەندیخانەی سەحرا ئەگەر ژیان یەکسان بکرێت بەمردن. مردن سەلامەتترە.   شەوی کرسمس زۆر دڵم تەنگ بوو، دەمگوت ئێستا خەڵک هەموو دڵخۆشن وئاهەنگ دەگێڕن، زۆر سەرمام بوو، سەرمای بیابان لەوادانییە، وەکو چەقۆ ئەتبڕێ بەتانییەکەم بەسەرخۆمدادا، خەیاڵم دەکرد لەناو ماڵێکی خۆشم مێزێک لەبەردەممەو پڕسەری لە خواردنی خۆش وخواردنەوەیە. بەرپرسی شوێنەکە هات وتی وەرنەدەرەوە، بەجوێن وپاڵنان هەموومانیان فڕێدایە دەرەوە، هاواریان دەکرد بەسەرماناو دەیانگوت ئێمە لەبەرئێوە لێرەین، ئەگەر ئێوە نەبوونایە ئێستا ئێمە لەئاهەنگ بووین. وتیان خۆتان ڕووت بکەنەوەو بووەستن ئەوەی بکەوتایە تێریان لێیدەدا، دەیانگوت باگەرمت بکەینەوە. زۆر دەترسام بکەوم، هەستم دەکرد ئەقڵم لەجەستەم جیادەبووەوە، کەوتم، کەوتنە گیانم زۆریان لێمدا. هەر لەنوکی پێمەوە تاکو تەوقی سەرم لەبەرئازار دەیبریسکاند، ئازارێک بەزمان وەسف ناکرێت، دوایی وتیان بچنە ژوورەوە.   نوسەر لەچاوپێکەوتنێکدا دەڵێت ئەم هەموو زوڵمە، ئەم هەموو تاڵی و ئازارەی ژیان، ئەگەر خوایەک بوونی هەبێ بۆ پێش بەم نادادپەروەرییە ناگرێت؟ بۆ تەداخولێک ناکات؟ هەموو سەرمان نزم و لەحاڵەتی ترسدا، چۆن هەموو بەندییەکان بەوجۆرەن!؟ هەر دەڵێی پێشتر مەشقمان پێکراوە. بڵێی یەکەم بەندی لەمێژوودا کێ بووبێت؟ بڵێی کێ بەندیخانەی دروستکردبێت، ئەبێ یەکەم بەندیخانە شێوەی چۆن بووبێت؟ بڵیی تەنها بەندییەک هەبووبێت بەتەنها لەیەک دنیادا، لەیەک زەمەندا؟! نەخۆشی "گەڕیی" بڵاوبووەوە، یەکەم کەس من گرتم، یەکێک لەبەندییەکان دکتۆربوو، هاتە پێشەوەو قسەی لەگەڵم کرد، یەکەمجارم بوو لەو چەند ساڵەی ناو بەندیخانە کەسێک سەیری ناوچاوەکانم بکات و قسەم لەگەڵ بکات، دڵخۆشییەکی پێبەخشیم کە وەسف ناکرێت. پێی گوتم مەیخورێنەو پاک ڕایگرە، چاک دەبیتەوە، ئیتر هەوڵمدا نەیخورێنم و هەمووڕۆژێکیش بەسابوون دەمشۆری چاک بوومەوە. نوسەر دەڵێت بڕوام بەو قسەیە هەیە کە دەڵێت. ئینسان یەکجار نامرێت. هەرچی جارێک کەسێکت یان هاوڕێیەکی نزیکت دەمرێت.  پارچەیەک لەتۆ دەمرێت. ئەم زنجیرە مردنە  گۆڕستانێک لەناختدا درووست دەکات. بەشەو دەرگای ئەوگۆڕستانە دەکرێتەوەو مردووەکان دێن لەخەو هەڵت دەستێنن و زڕخەوت دەکەن. مستەفا خەلیفە دوای سیانزەساڵ بەندییەتی و پاش ئازادبوونی لەزیندان ئەم ڕۆمانەی نوسیوە هەروەها دەڵێت هەست دەکەم لەناو زیندانێک دەرچووم و کەوتمە ناو زیندانێکی ترەوە، چونکە کەسەکان نامۆن بەمن، هاوڕێکانم لەدەستدا، هاوڕیی زۆر نزیکی خۆم پێم دەڵێت بمبورە ناتوانم سەردانت بکەم. بۆیە حەز بەتەنهایی دەکەم، حەزناکەم تێکەڵ بم، ڕقم لەناو قەرەباڵغییە. هەمیشە هەست دەکەم ئەوان دنیای خۆیان هەیەو منیش دنیای خۆم، یان هەر بەهیچ جۆرێک سەربەدنیای ئەوان نیم. بەسەر شەقامەکاندا، باخ و ڕێگەکاندا پیاسەدەکەم. خەڵکێکی زۆر لەدەوروبەرمن. بەڵام تێبینی دەموچاویان ناکەم. هەست دەکەم خەڵک بارستاییەکن لەوهەوایەی دەوروبەرم، هیج نابینم، مرۆڤ عادەتەن هەوا نابینێت. شتێک لەناخمدایە، خۆشی ڕەت دەکاتەوە، ڕەتی دەکاتەوە چونکە ناتوانێت. نوسەر لەشوێنێکی تردا دەڵێت: کە بەشەقامەکاندا ڕێدەکەم تەماشای دەموچاوی ئەو خەڵکە بێخەم و بێهەستە دەکەم، دەڵێم ئەم خەڵکە چۆن بەوجۆرە بیباکن، ئاگایان لەو دنیایەی ئەو دیو خۆیان نییە، ئەو دۆزەخەی کە دروستکراوە، ڕۆژانە سەدان کەس لەوێدا دەکوژرێن. ئەو دۆزەخەیە کەبەدەستی مرۆڤ خۆی درووست کراوە      

ڕانانی: بەکر ئەعمەد "ئەوەی کول نابێت، بەفر و سەرما و تاریکی مانگی یانیوەرییە، بەردەوام بەفر ئەبارێ و سەرما وەک چەقۆ هەڵدەکات. تاریکیش هەموو شتێکی مرۆڤەکان، بە ژیانیشییانەوە دادەپۆشێت".  لە كەش و هەوایەکی ئاوا زستانانەدا پاڵەوانی "ماڵی پشیلەکان"ـی هیوا قادر لە خەوهەڵدەستێت و لە شەشی یانیوەریەوە تا پێنجی فێبریوەری هەمان ساڵ، بەڕێوەیە بۆ کارێکی زۆرەملێ لە یەکێک لە ماڵی پشیلەکانی شاردا.   ئەو ناوی "یوسف موهەمەد"ە و تەمەنی چل ساڵە.  لە دە ساڵ پێش ئێستادا، لە پۆلی خوێندنی فێربوونی زمانی سویدیدا، لەگەڵ خوێندکارێکی دیکەی تورکدا لەسەر ناوی کوردستان دەبێتە دەمەقاڵەیان و دە ساڵ دواتر، لە باڕێکدا ئەم کۆنە دەمەقاڵەیەی ناو پۆڵ دێتەوە سەر شانۆ و لە بەیەکدا‌هەڵشاخانێکی تا ڕادەیەک خوێناویدا، یوسف ڕاپێچی دادگا دەکرێت و لە بری سزایەکی تووند، کاری زۆرە ملێی بۆ ماوەی مانگێک بۆ دەبڕنەوە. جۆرێک لە سزا کە لە سویددا بە "خزمەتگووزاری کۆمەڵگا" ناودەبرێت و کەسی تاوانبار لەبری چوونەزیندان، لە کۆمەڵەیەکی خێرخوازی و دەستگا قازانجنەبەرەکاندا بە پێی ماوەی سزاکەی ، دەبێ کاربکات. "ماڵێ پشیلەکان" لە ٣١٥ لاپەرە پێکهاتووە، سەفەری هەمەڕۆژەی یوسفە بۆ شوێنی کارەکەی و ئاشنابوونی ئەوە بە شاشتین، کارینا، پیا، زیباخانم، فریشتە شەریفی، گوونیللا، سۆفی و دەیڤید. کۆمەڵێک ناو و دەمووچاوی دیکە دێنە ناو ماڵی پشیلەکان و جێگایەکی ئەوتۆ داگیرناکەن. بەڵام لە ماڵی پشیلەکاندا، لە ڕێگای ئەو کاراکتەرانەوە کە ڕێیان دەکەوێتە ئەوێ، خوێنەر شایەتی کۆمەڵێک چیرۆک و سەرگووزشتەی جوان دەبێتەوە کە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە پێکدەهێنێ. "ئەلێکساندرا پاسکالیدۆ"  لە کتێبی "تاکسی"دا و لە ڕیی ئاخاوتن لەگەڵ شۆفێری تاکسییەکانی کۆمەڵێک وڵاتدا، چیرۆکی ژیانی زیاتر لە بیست و چوارشۆفێر تۆماردەکات و دەبێتە پەنجەرەیەکی واڵا بۆ زانینی گۆشەیەکی ژیان لەو وڵاتانەدا. ئەگەر دانیشتن لە پشتی سووکانی تاکسییەکانەوە شوێنی گێرانەوەی حەکایەتەکانی هاوڵاتییانی کۆمەڵێک وڵاتە کە پاسکالیدۆ پێشکەشی خوێنەری دەکات، ئەوا ماڵی پشیلەکانی هیوا قادر، شانۆی گێڕانەوەی ژیانی کۆمەڵێک کاراکتەری جیاوازن کە خوێنەری لەبەرانبەردا ڕادەگیرێت.  بەڵان نەک هەر ئەم کاراکتەرانەی سەرەوە کە ناویان هێنرا، بەڵکە لە هەر بەشێکی ڕۆمانی ماڵی پشیلەکاندا، خوێنەر ئاشنای کۆمەڵێک  ناو و ڕەگەزی پشیلەش دەبێت کە سەروکارییان لەگەڵ ناوەکانی سەرەوەدا هەیە. مایا، ئەنگۆرەی تورکی، فیندەوسی دارستانی نەرویجی و زیبای ئێرانی، مەینی کوون، پشیلەی وانی، ماناکی نیکۆ، لوسیڤەر، بەشێک لە ناوی پشیلەکانن کە هەریەکە و خاوەنێک و تایبەتمەندییەکی خۆی هەیە. هیوا قادر لە گەرانیدا بەشوێن زانیاری تایبەت سەبارەت بە ڕەگەزی پشیلەکاندا، ماندووبوونێکی زۆری نیشانداوە و خوێنەر بە سادەیی لە تایبەتمەندیی و خەسڵەتە جیاوازەکانی ئەم پشیلانەدا دەکەوێتە ناو فەزایەکی دیکەوە کە بۆ کەسێک سەروکاری لەگەڵ پشیلەدا نییە، جیهانێکی سەرنجڕاکێشە. بەڵام سەرنجڕاکێش ئەوەیە، لە ماڵی پشیلەکاندا، ئەوە پشیلەکان نین کە لە سەنتەری ڕووداوەکاندان. ڕەنگە ئەمە ئەو فێڵە ئەدەبییە وەستایانە بێت کە هیوا قادر سەرکەوتووانە لە خوێنەری دەکات. بەڵکو پشیلەکان لەوێن و دەکرێ لە وەسفکردنێکی سادەی چەند دێڕەدا شوێنی خۆیان چۆڵبکەن بۆ خاوەنی پشیلەکان و چیرۆکەکانی ژیانییان. بە کورتییەکەی، پشیلەکان ئامرازێکی ئەدەبین و لە نیگاو ناو و تەنانەت ڕەنگیشییانەوە، خوێنەر دەچێتە ناو ماڵی ڕاستەقینەی ئینسانەکان و لە چیرۆکەکانی تەنهایی، بێوەفایی، خۆشەویستی، خیانەت و تەنانەت دێوەزمە دەروونییەکانی ناخی ئەواندا لە بەرانبەر چارەنووسێکدا ئۆقرە دەگرێت. بۆیەش پشیلەی زیبای ئێرانی هێندە دەهێنرێتە سەر شانۆی ناو قەفەسەکانی ماڵێ پشیلەکان، تا لە ڕێگەی ئەوەوە ئاشنایەتی لەگەڵ ئاغای شەریفی و فریشتەی کچی و زیباخانمی خێزانیدا پەیدا بکەیت. بەڵام ئەم چیرۆکانەی خاوەنی پشیلەکان هێندە سەرنجڕاکیشەر و سیحراوییانە پێشکەشی دەکرێت، خوێنەر حەزدەکات یەک بەیەکی پشیلەکانی ماڵی پشیلەکان بۆ ساتێک دەرگای  قەفەسەکانییان بکرێتەوە و لە ڕێگای ئەوانەوە گوێبیستی ئەو چیرۆکانە بین کە هیوا قادر لە ماڵی پشیلەکاندا خوێنەر کیشدەکاتە ناو ماڵە بچکۆلانەکەی "سیمابا"وە کە ڕۆژانە سێ کەس کاری تیادەکەن و چەندە مشتەری جۆراوجۆر ڕوویتێدەکەن. پاڵەوانی سەرەکی ئەم ڕۆمانە، ‌هێندەی "شاشتین" کە خاوەنی ماڵی پشیلەکانە، کەمتر لە یوسفی کورددا بەرجەستەدەبێتەوە، ئەگەر چی ئەوە کارکردنە ڕۆژانەییەکانی یوسف و سەفەری ئەو بۆ ئەم ماڵەیە کە ڕووداوەکان بەشوین خۆیدا دەخوڵقێنێ. هیوا قادر لە خوڵقاندنی کەسایەتی شاشتیندا سەرکەوتووانە کۆمەڵێک تایبەتمەندی ئەم پاڵەوانە دەنەخشێنێ کە بە جۆرێک نزیکایەتی بە کەسایەتی پشیلە و ئەو تایبەتمەندییەتییەوە هەیە کە ئەم ئاژەڵە لە کولتوری سویدیدا هەیەتی. پشیلە لە زمانی سویدیدا بە ئاژەڵێک دەناسرێت کە خاوەنی کونجکووڵییەکی لە رادەبەدەرە. حەزی ناسینی خاوەنەکەیی و خۆتێهەڵسووین و نزیکبوونەوە لێی بەشێک لەو پراکتیکانەن کە پشیلەی پێدەناسرێتەوە. بەڵام دەکرێ تۆ خاوەنی ماڵی پشیلەکان بیت و ئەم کونجکووڵییەت تێدا نەبێت؟ ئەگەر ژێر سەقفی ماڵی پشیلەکان ئەو فەزایەیە کە خاوەنی پشیلەکان کۆدەکاتەوە لە کاتی وەرگرتن و جێهێشتنی ئەواندا، بەڵام ئەوە کونجکووڵی لەرادەبەدەری "شاتشتین"ـە کە پالەوەنەکان ناچاردەکات لە گێرانەوەی چیرۆکەکانی ژیانیاندا، سنوورەکانی کامە شەخسییە و کامە ناکڕی ببەزێنرێت، تا ئاستی بەزاندن و ڕووتبوونە ببات و سیمای پاڵەوانەکان بە جوانی دەربخات. لێسەندنەوەی ئەم کونجکووڵییە وەک سیفەتێکی بەرجەستە لە شاشتین بە مانای درووستنەبوونی هیچ چیرۆکێک. لە بەرگی ئەم ڕۆمانەدا نووسراوە: "ماڵی پشیلەکان ڕۆمانێکی کوردییە بە نەفەس و تەکنیک و گێرانەوەیەکی ئەوروپی. لەم رۆمانەکەدا ، فەزا، شوێن، کات و چۆنێتی ڕووداوەکان هەمووی ئەوروپییە". ئەگەر ئەم دەربڕینەی سەربەرگی کتێب وەربگیردرێتە سەر زمانێکی ئەوروپی، گۆشەنیگاکان بۆ ئەم دەربڕینە چۆن دەبن؟ چی وادەکات ئەوروپی بێت؟ من بە پێویستی دەزانم ئێستێکی کورت لەبەرانبەر ئەم دەربڕینەدا بکەم بۆ ئەوەی هەندێ لایەنی دیکەی ئەم ڕۆمانە دەربخەم. لە ماڵی پشیلەکاندا، هیوا قادر هیچ دەرفەتێکی دیکەی لەبەردەستدا نییە کە بەو نەفەس و تەکنیکە نەنووسێت کە پاڵەوانەکانی ناو ڕۆمان خۆیانی تیادەبیننەوە. بە کورتییەکەی، ئەو ژینگە کولتوری و کۆمەڵایەتییەی ڕووداوی تیا دەسازێ، ئەو جەبرە ئامادەیەیە کە تەکنیک و نەفەس شێوازی ئاخاوتنی پاڵەوانەکان دەستنیشاندەکات. بەم جۆرەش گێرانەوەی ئەوروپی و نەفەس و تەکنیکی هەڵبژێردراوی ئەوروپی ماناکانی خۆیان لەدەستدەدەن. ناکڕێ شاشتین و ئاخاوتنی ئەو لەگەڵ یوسف و گونیلادا کوردانە بێت بەوەی نووسەری ڕۆمانەکە کوردزمانە. ئەوەی ‌هیوا قادر لەم ڕۆمانەدا دەیکات، خوێندنەوەیەکی بەئاگاهانەی نووسەرە بۆ کەسایەتی و شوێنپێی پاڵەوانەکانی لەو کۆمەڵگایەی ڕووداوی تیا دەگوزەرێ. ئەم لایەنە هێندە وەک گوێپێدانی نووسەرە بەو کۆد و ئاماژانەی کە پالەوانەکانی تیاسازێنراوە، ڕووچوونە ناو ناخی پاڵەوانەکانەوە وەک ئەوەی لەم ڕۆمانەدا دەبێ ببێت، کەمتر لە ڕیعایەتکردنی "تەکنیک و گێرانەوەیەکی ئەوروپییەوە" دەکرێ سەرنجی بدرێتێ. باشترین نموونەیەک بۆ دەرخستنی ئەم لایەنە لە ڕۆمانی ماڵی پشیلەکاندا، پەیوەندی نێوان یوسف و کارینایە. ئەگەر ئیشکالییەتێکی گەورە لە ئاخاوتن و کومینیکاسیۆنی نێوان ئەم دوو پاڵەوانەدا تا کۆتایی ڕۆمان ئامادەیی هەیە، هۆکارەکەی بە بڕوای من لە کەسایەتی کارینا دا شاراوەیە کە هیوا قادر  زیرەکانە مامەڵەی لەگەڵدا کردووە. هیچ خوێنەرێکی ئەوروپی لە هەڵسەنگاندنیدا بۆ پەیوەندیی و مامەڵەی ئەم دوو کارەکتەرە لەگەڵ یەکتریدا لەم ڕۆمانەدا ناگێڕێتەوە بۆ ریعایەتکردنی "نەفەس و گێرانەوەیەکی ئەوروپی". بەڵکو هیوا قادر لە ماڵی پشیلەکاندا پەیڕەوی سادەترین پرەنسیپەکانی پاڵەوانسازی ناو ڕۆمانە کە لەم دەربڕینە سادە سویدییەدا خۆی کورتدەکاتەوە: لەگەڵ جوتیاردا بە زمانی ئەو بپەیڤە و  لەگەڵ قەشەشدا بە زمانی لاتینی بدوێ! نەفەسی ئاخاوتن و داڕشتنی ڕستەکان و دوورکەوتنەوە لە زمانێکی بەلاغەیی زۆر خۆرهەڵاتییانە  بەزەقی لە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەدا هەستی پێدەکرێ. هەر لەبەر ئەو هۆکارە سادەیەیشی کە نووسەرێکی کورد فەزای گێڕانەوەی چیرۆکەکەی دەباتە وڵاتێکی ئەوروپییەوە و ئەم کارەیشی سەرکەوتووانە بە ئەنجامدەگەێنێت.   خالێکی دیکە کە من لە پەیوەند بە "نەفەس و تەکنیک و گێڕانەوەی ئەوروپی"دا دەکرێ ئاماژەی پێبدەم دوو کەرتبوونی شوناسی ئەو نووسەرانەیە کە لە تەمەنێکی گەورەییاندا وڵاتی دووەم دەبێتە شوێنی ژیانییان بە هۆی کۆچ و جەبرەکانییەوە. کۆمەڵگای دووەم نووسەرانی کۆچکردوو دەخاتە ناو جەبرێکی قورسترەوە کە پرسیارەکانی ئینتیما، یادەوەری، قاچێک لە ناو دوو کولتوردا کە نووسەری کۆچکردوو لەگەڵ یەکەمیاندا گرفتێکی ئەوتۆی نییە و بە کۆدە دەرەکیی و ناوەکییەکانی ئاشنایەتی هەیە، بەڵام لە گەڵ کۆمەلگای دووەمدا کۆمەڵە پانتاییەکی ناڕۆشن هەن کە ناوێرێ دەستییان بۆ بەرێ. بۆیە لە دۆخێکی ئاوادا، بەشێکی زۆری نووسەرانی کۆچکردوو، دەکەونە دۆخێکی  تایبەتی نووسینەوە کە دووبارە نووسینەوەی تاقیکردنەوەی کۆچ و شووناسی تازە و یادەوەری ناوەرۆکەکەی پێکدەهێنێت. کەم نووسەری کورد هەیە لە سوییدا کە لانی کەم بەرهەمێک یان زیاتری سەبارەت بەم جۆرە نووسینانە نەبێت. بەشێکی زۆرییان تا زەمەنێکی دووریش لەسەر فرۆشتنی حەکایەتەکانی کۆچبەربوونی خۆیان دەژین. ئەوەی لە کۆمەڵگا ئەوروپییەکاندا بە نووسینی نووسەرانی کۆچکردوو ناویان دەبرێت، ناوهێنانی ئەم کاتیگۆرییەیە لە کاری ئەدەبیدا. ماڵی پشیلەکان ناچیێتە خانەی ئەدەبیاتی نووسەرانی کۆچکردووەوەوە بەوەی سەرگوزشتەی کۆچی تیادەنووسرێتەوە و پاڵەوانی ڕۆمانەکە کوردە و نووسەرەکەیشی کوردێکی کۆچکردووە بۆ سوید. بەڵکو کۆششێکی هەتا بڵێێ سەرکەوتوانەی هیوا قادرە وەک هەر نووسەرێکی دیکەی کۆمەڵگای سوید کە  کەرەستەی نوێ بۆ نووسینەکانی هەڵدەبژێرێت. هیوا قادر لە ماڵی پشیلەکاندا لە نووسەرێکی کوردەوە ، لە نووسەرێکی پەنابەرەوە دەبیتەوە بە  نووسەر. ماڵی پشیلەکان بۆ هیوا قادر بازدانێکی گەورەی شەخسییە و سەرکەوتووانە ئەم شوێنپێگۆڕینەوەیە لە نووسەرێکی دیاریکراوەوە بۆ نووسەر ئەنجامدەدات. لە شوێنێکی ئەم نووسینەدا ئاماژەم بەوە دابوو کە لە ماڵی پشیلەکاندا، پشیلەکان لە سەنتەردا نین. بەڵام لە پەراوێزدابوونیشیاندا، بە مانای نادیاربوونی ئەوان لێکنادرێتەوە. کاتێکیش دەربرێنە جوانەکەی ژنە شاعیری ئوستراڵی، پام بڕاون لەبەرچاوبگیرێت کاتێک دەنووسێ: بەچکە پشیلەیەکی وردیلە کارێکی وادەکات کە ئینسان نایەتەوە بۆ ماڵێکی چۆڵ، بەڵکو  دێتەوە ماڵ." ئەوا ئەوسا هەستدەکرێت پرۆسەی کردنەوەی ماڵی چۆڵ بە ماڵ یان بە پێچەوانەوە، بۆ یەک بەیەکی پاڵەوانەکانی ماڵی پشیلەکان ئامادەییەکی گەورەی هەیە و ئەم تابلۆیەی پێکەوەژیانی ئینسان و ئاژەڵ، لە ماڵی پشیلەکاندا، پڕدەبێت لە دەنگ و ڕەنگ و ژیان.                                    

یەکێک لە نوێترین کارە ئەدەبیەکانی نووسەر و ڕۆمان نووس(هیوا قادر) ڕۆمانی "ماڵی پشیلەکان"ە. لەم دیدارەدا مەبەستم بوو نوسەر دەربارەی چەند لایەنێک لە ڕۆمانەکەی بدوێت. سازدانی: شاخەوان سدیق   هاوڵاتی: بۆ ماڵی پشیلەکان؟ - یەکێک لەو پرسیارە هەمیشەییانەی لە سەروەختی منداڵیمەوە هەتاکو ئێستا لەگەڵمدا بەردەوامی هەیە و سنوورەکانی بیرکردنەوە و تێگەیشتنم بۆ فراوانتر ئەکات، تەنهاییە. ئەم بابەتە بۆ من هەم وەک کێڵگەی مین وەهایە کە هەمیشە ئەمکوژێت و لەناویدا زیندووئەبمەوە، هەمیش وەک ئاسمانێکی شینی فراوان لە ناویدا ئەفڕم و لەگەڵ پرسیار و خەیاڵەکانمدا تیایدا باڵ ئەگرمەوە. من لە ڕێی تێگەیشتنێکی متەوازعانە لە تەنهایی هەم بەشێک لە مرۆڤ و هەمیش بەشێکی کەم لەو گیرۆدەبوونانەی مرۆڤ لە ژیاندا تێگەیشتووم، بۆیە هیچ موبالەغە نییە گەر بڵێم بابەتی تەنهایی بۆ من، شابابەتە بۆ نووسین و بیرکردنەوەکانم. ئەم بیرکردنەوە بەردەوامەم هەرە هۆکاری گەورەی پشتی بیرۆکەی نووسینی ڕۆمانی ماڵی پشیلەکانە.       هاوڵاتی: تەکنیک، چ ڕۆڵێکی لە ڕۆمانەکەدا هەیە؟ - تەکنیکی باش لە ڕۆماندا، یانی ڕێگای باشی گێڕانەوە، تەکنیکی باش، کورترین ڕێگایە بۆ گەیشتن بە گەنجینەکە، کە ئەویش خوێنەرە. ئێمە ڕۆژانە هەموومان قسە ئەکەین، بەڵام ناتوانین هەموومان سەرنجی هەمووان ڕابکێشین، چەند کەسێکی کەممان نەبێت، کەوایە هەموو گیڕانەوەیەک، یاخود هەموو ئاخافتنێک تا ئەگاتە نووسین، هەمووی پێویستی بە شێواز و تەکنیکی خۆی هەیە. پێشموایە هەموو بابەتێک لە ناو زماندا هەڵگری جۆرێک لە تەکنیکی خۆیەتی، زۆر گرنگە ئەو درکەت بۆ جیاوازی بابەتەکان هەبێت و لەو هەستیارییەی زمانیش تێبگەیت، بۆ ئەوەی بتوانیت بە پێی پێویست ئەو تەکنیکە هەڵبژێریت کە بابەتەکە ئەیخوازێت. دیارە تەکنیکیش بە کۆمەڵێک داوە دەزووی ناو بابەتەکەوە بەستراوە کە ئەوانیش، شوێن، کات، کەلتوور، خەیاڵە تاکەکەسییەکان و گشتییەکانی کەسایەتییەکان و دەیان شتی تر کە لە ناو سنووری دنیای ڕۆمانەکەدا پێویستە بەردەوام  بیریان لێبکرێتەوە.   هاوڵاتی: بۆ کارەکتەری پشیلە؟ - هەڵبژاردنی پشیلە لە ناو ڕۆمانەکەدا، نە بیانووە، نە دروستکراو. بەڵکە تەواو پەیوەندی بە کەسایەتییەکان و شوێنی هەڵبژێراوی ڕۆمانەکەوە  هەیە. زۆرینەی کەسایەتییەکان ژنن. پێ ئەچێت پشیلەکان لە ژنەکانەوە نزیکبن و سەگەکانیش لە پیاوەکانەوە، دوای پشتئەستوربوون بە کۆمەڵێک خوێندنەوە بۆ کەسایەتی نێر و مێ و پشیلە و سەگ، پشیلەم هەڵبژارد. دیارە کە ویستوومە باس لە ماڵی پشیلەکان بکەم، بێگومان ئەبێت باسی پشیلە بکەم دەنا هیج دەرفەتێکی ترم لەبەردەستدا نییە. گەڕانی زۆرم بە دوای جۆری پشیلەکاندا وای لێکردم ئاشنایەتییەکی باش لەسەر پشیلە پەیدابکەم، کە پێشتر شتێکی ئەوتۆم لەسەریان نەئەزانی. ئەمەش کارەکەی ئاسانترکردم و من زیاتر سەرقاڵی پێکەوەبەستنەوەی گرێی ڕووداوەکان بووم لەگەڵ بەرجەستەکردنی ئەو تێمایەی لە خەیاڵمدا بوو کە ئەویش تەنهاییە.   هاوڵاتی: کامیان: پشیەلەکان یان مرۆڤەکان کەسایەتی سەرەکی ڕۆمانەکەن؟ - پشیلەکانیش وەک مرۆڤەکان بە قەبارەی خۆیان، ڕۆڵی گرنگیان لە ڕێڕەوی ڕووداو و بیرکردنەوەکاندا هەیە، ئەو هەموو چیرۆکانەی مرۆڤەکان لەگەڵ پشیلەکاندا هەیانە بەس نین، کە بڵێین ڕۆڵی پشیلەکانیش هیچی کەمتر نییە لە ڕۆڵی مرۆڤەکان. لە ڕۆمانی نوێدا چیتر پاڵەوانی سەرەکی ئەو ڕۆڵەی جارانی نەماوە، کە ببێتە چەقی هەموو ئەو دنیا ئەندێشەکراوە و ئەوانی تر ڕۆڵی لاوەکیان هەبێت، هەموو کەسایەتییەکان پێکەوە بە پشیلەکان و مرۆڤەکانەوە، هەر یەک بە قەبارەی خۆی، پێکەوە بونیادی ڕۆمانەکە دروست ئەکەن. مرۆڤی ئەوروپی بەراورد بە مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی زیاتر ژیانی ڕۆژانەی بە ئاژەڵەکانەوە گرێدراوە، یانی ئاژەڵەکان دەستیان هەیە لە خەیاڵ و بیرکردنەوە و بڕیاری ژیان و ئەو شێوازە ژیانەی کە هەریەک بۆ خۆیی هەڵیبژاردووە. دیارە جیاواز لە ژیانی کەسی خۆرهەڵاتی، کە ئاژەڵەکان هێشتا مانا سەرەتاییە فیودالیەکەیان فرێنەداوە لەناو ژیانیاندا، کە تۆ پشیلەت هەیە بۆ ئەوەی مشکت بۆ بگرێت و سەگیش پاست بۆ بکات، بەڵام ئەم ڕۆڵە بۆ پشیلە و سەگ لە ئەوروپادا نەماوە، بەڵکە بەشدارە لە ژیانی تاکەکاندا و بەشێک لە خۆشبەختی و سەرقاڵی مرۆڤەکانی ئەوروپا پێک ئەهێنن. هاوڵاتی: ماڵی پشیلەکانت بۆ خوێنەری کورد نووسیوە یان ئەوروپی؟  - بێگومان من ئەمەوێت ماڵی پشیلەکان خوێنەری کورد بیخوێنێتەوە، ڕۆمانەکە بە کوردی نووسراوە، هەڵگری بەشێک لە خەیاڵی زمانی کوردییە و هەموو کوردێک ئەتوانێت خۆی بە خاوەنی بزانێت. بەڵام ترسی من کە تا ئێستاش نەڕەوییوەتەوە سەرباری ئەو هەموو پێشوازیکردنە لە ڕۆمانەکە، بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە، کە من باسم لە کاریگەریی ئاژەڵان و بەتایبەتیش لە پشیلە کردووە لە ناو ژیانی مرۆڤەکاندا، کە ڕەنگبێت تا ڕادەیەک بۆ کوردێکی ناو جەنگەکان جێی پرسیاربێت، بۆ پشیلە و بۆ ماڵی پشیلەکان؟ بۆ شتێکی تر نەبێت کە وابکات مرۆڤ بە مانا ئاسایی و گشتییەکەی چەق بێت؟ ئەمە ئەو بیرکردنەوە سادەیەیە کە ئەیترساندم کە ڕەنگبێت ڕۆمانەکە وەکو پێویست نەخوێنرێتەوە، دیارە بێگومانم خوێنەری ئەوروپی بە شێوازێکی تر پیشوازی لە ڕۆمانەکە ئەکات و ئەو پرسیارە سادانەی سەرەتا باسمکرد لای ئەو دروست نابێت، چونکە ئاژەڵ لە ژیانی ئەودا بەشێک و کایەیەکی تایبەتی خۆی هەیە و بەشدارە لە ژیانی ڕۆژانەیدا. من هیچ کات شوێن و بەهای خوێنەری کوردم بە بچووک نەبینیوە، تا بڵێم خوێنەری کورد نابێت ئەم ڕۆمانە بخوێنێتەوە، بە کوردی و کورتییەکەی ئەوەیە کە خوێنەری ئەوروپی ڕەنگە پچەک زیاتر چێژ لەو بە دنیایکردنەی پشیلە لەناو ژیانی مرۆڤەکاندا ببینێت، کە ڕەنگە لە کلتوری ئێمەدا هێندە باو نەبێت. هاوڵاتی: باری دەروونی کەسایەتییەکان لە چ دۆخێکدایە! - من زۆر بەدەستە ئەنقەست کاری وردم لەسەر باری دەروونیی کەسایەتییەکان کردووە، چونکە لایەنێکی گرنگە و من بۆ خۆم زۆر حەزم لێیەتی، هەست ئەکەم لە ڕێگای پیشاندانی باری دەروونییەوە زیاتر دیوە نادیارەکانی کەسایەتییەکان ئەبینرێت، ڕەنگە لەو ڕێگەیەوە زووتر  خوێنەر بیان ناسێت و ئەو کەشوهەوایە بخولقێنن کە لە ڕۆمانەکەدا پێویستە پیشان بدرێت، بێ ئەوەی خوێنەر ڕاستەوخۆ بزانێت ئەو وێنە بچووکانەی باری دەروونی کەسایەتییەکان دروستی ئەکەن بوونەتە هۆی وروژاندنی بەشێک لە کونجکوڵی و بەردەوامیدان بەخوێندنەوە، هەروەها لەگەڵدا ڕۆیشتن تا کۆتایی چیرۆکەکان. هاوڵاتی: گۆڕینی ژینگەی کوردی بۆ ئەوروپی بۆ؟! - هەست ئەکەم ئاسانیش نییە گۆڕینی ئەو ژینگە کوردییە و چوونە ناو ژینگەیەکی ئەوروپی و وێناکردن و دروستکردنی کەسایەتیگەلێک کە کورد نین، پێش هەرشت گەر ئاشنا بە کلتووری ئەو کۆمەڵگەیە نەبیت، ئەکەویتە هەڵەی زۆر سادە و هەندێک جاریش ئاڵۆزەوە، من ئەزموونی ژیانم لە کۆمەڵگای سویدیدا کار ئاسانی زۆری بۆ کردووم لە دروستکردنی ئەو کەسایەتییە سارد و هەندێک جار کونجکوڵ و سەیرانەدا، کە هەموویان تەنهایی تا سەرئێسقان کول و ماندووی کردوون. من پێموایە بەشێک لە ئاژەڵدۆستی مرۆڤی ئەوروپی هۆی مرۆڤدۆستی نییە، بەڵکە هۆی تەنهاییەتی، بەشێک لەو ئاژەڵنەویستییەی مرۆڤی کوردیش هۆی نامرۆڤدۆستی نییە، بەڵکە هۆی کلتوور و شپرزەیی ژیانییەتی. بۆیە نابێت هیچ کات بڕیاری گشتگیر بدرێت لە هەڵسەنگاندنەکانماندا بۆ کەسایەتی ناو کلتوورە جیاوازەکان دەنا تووشی هەڵە و تێنەگەیشتنی ترسناک ئەبین. جارێ بۆ نووسەر بڤەیە بە گشتگیری باس لە کلتورێک و گروپێک لە مرۆڤێک بکات و حوکمێکی گشتگیریان بەسەردا بدات، چونکە هەر مرۆڤێک بۆ خۆی تایبەتمەندی و دانسقەیی خۆیی هەیە. هاوڵاتی: تاچەند گرنگیتان بە شتە بچووکەکانداوە. - ئیشکردن لە مەساحە وردەکاندا لە ناو ئەم ڕۆمانەدا ڕەنگە بگەڕێتەوە بۆ تێڕوانینی من بۆ ژیان و مرۆڤەکان لە ڕێگەی شتە بچووکەکانەوە، کە من پێموایە کۆی ئەو شتە بچووکانەن ژیانی مرۆڤەکان پێکدێنن نەک بیرۆکە گەورەکان. پێشموایە لە ڕوودانی شتی زۆر بچکۆلەوە ئەگەری ڕووداوی زۆر گەورە هەیە، ئەوەی لە ڕووداوی بچکۆلە نەترسێت گەمژەیە، چونکە هەر بچکۆلەکانن گەورەئەبن، دڵۆپە ئاوەکانن کە پێکەوە کۆ ئەبنەوە و لافاو دروست ئەکەن. من مرۆڤ لە وردەکارییەکاندا ئەبینم، هیچ کات بەرامبەر گەورەیی سەرسام نیم، هەست ئەکەم گەورەی فێڵێکە بۆ نەبینینی شتە بچووکەکان.      

" کاتێک ئەو دەنگە دڵۆپ دڵۆپ دادەچۆرێتەوە نێو ناخی هەرە تاریکم وەک رستێ هۆنراوە پڕم دەکا وەک شەرابیش پڕ نەشئەم دەکا (پشیلە/ بۆدلێر)     ئەحمەدی مەلا بە زمانێکی هێور، بە ریتمێکی هاوسەنگ، لە نێو دوو فەزای دەرەوە-ناوەوە، هیوا قادر رۆمانێکی دانسقە دەنووسێ. قسەکردنێکی یەکجار زۆر هەڵدەگرێ، من تەنها لەسەر چەند خاڵێک قسە دەکەم. ئەگەر بێت و ژینگەی سروشتی سەگ، لادێ بێ، فەزای بەرینی شوانکارەیی و ئاژەڵ بەخێوکردن بێ، ئەوە پشیلە و شار تەواوکەری یەکترن. لەم روانگەیەوە رووداوەکان نێو ئەم رۆمانە بەرهەمی ناوجەرگەی شارە کە لە یەکێک لە وڵاتەکانی ئەسکێندینافیا روو دەدەن ، وەرزی زستان، کڕیوە و زریان، ئاسمانێکی بۆر و نزم کە ئەم فەزا سەهۆڵبەندە بەرامبەر بە ماڵی پشیلەکان رادەگرێ، گەرموگوڕ، تایبەت کە دەبێتە مۆڵگەی دەیان چیرۆکی سەرنجڕاکێش، لە سەرووی هەمووییەوە سەفەرێکی ئەفسووناوییمان پێ دەکات بەرەوە کێشوەری ئەفسوونئامێزی پشیلە. ئەو شازادەیەی کە شوێنەکان دەکات بە هی خۆی، سەربەست و ئازاد، ملکەچی هیچ بڕیاڕێک نییە. هەر لێرەوە، نووسەر  بە ئەدەبیاتێکی تایبەت و دەگمەن سەبارەت بە دنیای پشیلەکان ئاشنامان دەکات، رەگەزە جیاوازەکان، خاوەنەکانیان، شەیدایی مرۆڤەکان بۆ ئەم ئاژەڵە، چیرۆکی عەشقی مرۆڤ بۆ مرۆڤ، مرۆڤ بۆ پشیلە. دووڕێیانی هەڵبژاردن هتد. یوسفی پەناهەندە سزا دراوە بەوەی کە دەبێ مانگێکی رەبەق لە ماڵی پشیلەکان بباتە سەر، چونکە دەمەقاڵەی بووە لەگەڵ تورکێکی رەگەزپەرست کە نکۆڵی لە بوونی وڵاتیک کردووە بە ناوی کوردستان، بە بێ ئەوەی نووسەر رۆمانەکەی بکاتە رۆمانێکی سیاسیی، بەڵکو هاتووە ئەم هەلەی قۆزتۆتەوە و بە هێمنی داوەتمان دەکات تاکو دنیایەکی جودامان پێ ئاشنا بکات. چیرۆکی ژوانێکی لەبارچووی لە نێوا کارینای چەند روخسار و یوسف، ئەو پردە تەسک و ناسکەمان پێ نیشان دەدات کە دەکەوێتە نێوان مرۆڤی پەناهەندە/کوڕ و هاوڵاتی خودی وڵاتەکە کارینای کچ کە لە ماڵی پشیلەکان دەستبەکارە. ئەوەی جێی بایەخە، چنینێکی زۆر ورد و لێزانانەی لە پشتەوەیە، لە فەزا بچووکە - ماڵی پشیلەکان- هەست بە مەلەل ناکرێت، رستە و وێنەی دووبارەمان تووش نابێ، سەلیقەیەکی ورد لە شۆڕبوونەوە بۆ ناو سایکلۆژییەتی کارەکتەرەکان و تاکو کۆتایی رۆمانەکەش نازانین چۆن کۆتایی پێدەهێنێ. ئەوەی تێبێنیم کرد کە هیچ حوکمێکی موسبەق پێش نووسینەکە نەکەوتووە، کارەکتەرەکان ئازادانە قسە دەکەن، دەجولێنەوە، بە کورتی هەن. نووسینێکی واقیعی بەڵام وێنەی شیعریی، نەرمیی لە ریتمی هۆنینەوەی رستەکان، جۆرە شیعرییەتێکی بە دەقەکە بەخشییوە و لە سادەیی گێرانەوە رزگاری کردووە. رۆمانی سەرکەوتوو ئەو رۆمانەیە دوای خوێندنەوەش کارەکتەرەکان دەژین...ئێمە بیر لە پرۆژەکەی شاشتین دەکەینەوە دوای سووتانی ماڵی پشیلەکان، بیر لە کارینا و دایکی دەکەینەوە، بیر لە خانمی زیبا و پشیلە فارسییە توک درێژەکە دەکەینەوە کە هەندەی مرۆڤەکان جێی خۆیان لە ناو رۆمانەکە کردۆتەوە. ئەم رۆمانە فەزایەکی مۆرڤانە دەبەخشێتە ئاژەڵ و خەسڵەتی ئاژەڵیش دەگەڕێنێتەوە بۆ مرۆڤەکان، نموونەی کارینا، ئەو ئاژەڵەی کە لە ناو هەموو تاکێک دا دەژی. دابەشکردنی رۆمانەکە : رۆماننووس هاتووە ٣١٥ لاپەڕەی بەسەر مانگێکدا دابەش کردووە، لە شەشی یەنیوەرییەوە تاکو پێنجی فێبریوەری، واتە سی رۆژ کە دەکاتە ئەو مانگەی کە دەبێ یوسفی سزادراو لە ماڵی پشیلەکان بیباتەسەر. دابەشکردنێکی وریایانەیە، تەنانەت کردەی خوێندنەوە ئاسانتر دەکات، خوێنەر تووشی هەناسەسواریی ناکات، بە پێچەوانەوە هەوایەک دەبەخشێتە نووسینەکە. دابەشکردنی فەزای دەرەوە ( بەفر و زوقم و زریان) لەگەڵ فەزای ناوەوە هاوسەنگیی بەخشێوەتە رۆمانەکە کە لە نێو پانتاییەکی نیمچە شانۆییدا، خوێنەر تووشی مەلەل ناکات. کارە رۆتینییەکان دووبارە دەبنەوە، بەڵام هەر رۆژەوە بە شێوازێکی جیا باسی دەکات، ئەگینا خوێنەر تووشی بێزاریی دەکرد. ئەم دابەشکردنە لە زۆربار بەسەر دوو دیویی کارەکتەرەکانیش رەنگی داوەتەوە. رابردووی یوسف و "ئێستا"ی یوسف. کەسایەتی کارینا، دیوەن ئاساییەکەی، دیوە ئاژەڵەییەکەی... دیالۆگ : رەنگە لە نووسینی رۆمان، شێوازی دیالۆگ پێویستی بە لێزانین و هونەرسازییەکی زۆر بێ، چونکە بە بێ دروستبوونی کارەکتەر، بە بێ ناسینی رەهەندە جیاوازەکانی کارەکتەر لە لایەن نووسەرەوە، قسەپێکردنی کەسایەتییەکان ئاسان نییە، بەڵکو زۆریش دژوارە، هیوا قادر بە وردیی ئەم رووەوەی بەسەرکردۆتەوە، ژێست و جولەکان تێکهەڵکێشی دیالۆگەکان کردووە کە کەلێنی نەهێشتۆتەوە. بە واتایەکی دیکە، جەستەش بەشدارە لە دەوڵەمەندکردنی زمانی رۆمانەکە، ئەمە وایکردووە کە رەنگێکی واقیعی ببەخشێتە تەواویی رۆمانە. بەڵام، هەر وەک لەسەرەوەش ئاماژەم بۆی کرد، ئەم واقیعییە بە زمانێکی شیعریی لە زۆر شوێن ئاوێتەکراوە، واقیعێکی هونەرییانەی بەخشێوە بە رۆمانەکە. زمان : زمانی ئەم رۆمانە زۆر پاراوە، زۆر بە وردیی چاودێری خاڵبەندیی رستەکان لەبەرچاو گیراوە و گواستنەوەی پەڕەگرافێک بۆ پەڕەگرافێکی دیکە سەنعەتی نووسینی هیوا قادرمان بۆ دەخاتە روو.زمانی دیالۆگ و زمانی وەسف و گێڕانەوە بە وردیی جیاکراونەتەوە و هەندێ موفرەدەی رۆژئاوایی تێکەڵکردووە، زۆر ئاسایی ئاوێتەی زمانەکەمان بوونە. لەزۆر شوێن هەست دەکرێ کە زمانی سوێدی کراوەتە کوردیی، بە واتایەکی دیکە، سەرجەم ئەتەکێت و زمانی رێز و تەنانەت زمانی توڕەبوون و هەڵچوونەکانیش ئەم راستییە دەردەخەن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی فەزای کۆمەڵایەتی و ژینگەی زمانەوانییەکە کوردیی نییە، بەڵام زۆر بە وردیی کوردێندراون. نموونە، لە زمانی فلۆراوە : " سڵاو، من ناوم فلۆرایە، یەکێکی تریش دیارە وەک من ئەیەوێ بێت بۆ ئێرە." لا ٤٥. لە زمانی یوسفەوە، " تا رادەیەک ئەتوانم بڵیم بەڵێ." لا ٤٧. تارواگە : یوسف بە رەچەڵەک خەڵکی کوردستانە و پەناهەندەیە لە سوید، بەڵام نووسەر نەهاتووە لەسەر ئەم پنتە بگیرسێتەوە و کروزانەوە و نۆستالژیا بکات بە تەوەری نووسینەکەی، بەڵکو لە رێگەی پەیوەندیی نێوان یوسف و کارینا ئەم پەیوەندییە گیر و عاسیی و فرەرەهەندییە رەنگی داوەتەوە بە بێ ئەوەی راستەوخۆیی پێوەدیار بێ، بە بێ هەوەی گەمە بە هەستەکان بکا، بە بێ ئەوەی دوالیسمی "ئێرە و ئەوێ" قوت کاتەوە. ئەم یەکێکە لە خاڵە پتەوەکانی ئەم نوسینە، چونکە زۆرجار "ئەورپای دۆزەخ و کورستانی بەهەشت" کە لە ژێر پەڕەمووچی نووسەرگەلێکی تاراوگەنشینەوە سادەیی و ساوێلکەیی بەخشێوەتە ئەم بینین و دیدگایە. بەڵام دەرەوەی باو و رەشەبا و سەرماوسۆڵە و ژینگەیەکی سەهۆڵبەندانە لە پەیامێک زیاتری پێیە. پشیلە : "ماڵی پشیلەکان" وەک دیمەنی سەرەکی رۆمانەکە دەردەکەوێ و ئەم ئاژەڵە ماڵیی و دەستەمۆیانە وەکو کارەکتەری بێدەنگ، بەڵام هەر یەکەوە خاون کارەکتەر و رەنگ و سیما و ئادگاری خۆیەتی، بەشێوەیەک لە شێوەکان بەشدارن لە چنینی تەونی کەسایەتییەکانی ناو رۆمانەکە. لێرەوە، جەخت لەسەر پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و پشیلە کراوە ؛ هەر پشیلەیەک وەک خاوەنەکەی خاوەن چیرۆکی تایبەتی خۆیەتی. هەر لەم سۆنگەیەوە، نووسەر  لە رێگەی ئەو دەقانەی کە هەموو رۆژێک لەبارەی پشیلەوە لە ناو ماڵی پشیلەکان هەڵدەواسرێن، زانیارییەکی زۆرمان سەبارەت بەم ئاژەڵە بۆ  دەخاتە روو. چونکە پشیلە، وەک هیچ ئاژەڵێکی دیکە نییە، دێتە ناوماڵەکانمانەوە، دێنە سەر تەختی خەوتنمانەوە و بەشدارن لە ژیانێکی زۆر شەخسی و زۆر تایبەت. لەرێگەی ئاژەڵەوەوە ئێمە ئاستی شارستانیی میللەتانمان بۆ روون دەبێتەوە. رەنگە دواجار، گۆڕستان و ئاژەڵەکان ناوەڕۆکی مۆرڤی شارستانییەتێکی دیارییکراومان پێ بڵێن. لەم رووەوە ماڵی پشیلەکان پێگە و کۆڵەگەی کۆمەڵگەیەکمان بۆ دەنەخشێنێ کە ئاژەڵ لە پاڵ مرۆڤ، پشیلە وەک نموونە پردی نێوان سروشت و کەلتوور تەواو دەکەن. ئەو پشیلانەی کە لە کۆڵان و کوچەکانی کوردستان راودەنرێن و ئازار دەدرێن و شپرزە و هەمیشە لە ناو دڵەڕاوکێ دەژین هەر وەکو خوددی مرۆڤەکان، دەیان چیرۆکی شکستیی ئەم شارستانییەتمان بۆ دووبارە دەکەنەوە، کەچی لە رۆژئاوا، لە ئەسکەندیناڤیا، ئەم پەیوەندیی لە ئاستێکی شیاوتر، لە ئاستێکی مرۆڤانەتر دەردەکەوتووە. ماڵی پشیلەکان دواجار باسی دو شارستانییەتمان بۆ دەکات، شارستانی هەڵاتن و دڵەڕاوکێی و گەڕان بە دوای رچەکانی خۆ دەربازکردن، لە پاڵ شارستانییەتێکی ئاسوودەتر و مرۆڤەکان ئەگەر سزاش بدرێن ئەوەی سزایەکە دەچێتە خانەی پەروەردەوە...ئەمە یەکێکە، ئەگەر کرۆکی بنەڕەتی ئەم رۆمانە نەبێ.  

پێشەوا کاکەیی »ئەوەی دەمەوێت لێرەدا بە کورتی باسی بکەم، نە توێژینەوەیە، نە ناوی لێدەنێم خوێندنەوە لەسەر بنەمای میتۆد، چۆن ئەمە کاتێکی زیاتر و خوێندنەوەی وردتری دەوێت، کە ئەوە لێرەدا کاری من نییە، بگرە خوێندنەوەی خۆمە بۆ ئەو ڕۆمانە، لە یەک گۆشەنیگاوە؛ ئەویش ئەوەیە کە پێم وایە ئەم ڕۆمانە: ”ڕۆمانێکی جیهانی ڕۆحانیی و بە سەنتڕاڵبوونی بوونە.“ ئەم ڕۆمانە، خوێندنەوەی جیاواز و وردتریش هەڵدەگرێت لە ڕووی ڕووداو و شوێن و کارەکتەر و پێکهاتەی دەقەوە، کە ئەوە بۆ لێکۆڵەران و ڕەخنەگران جێی دەهێڵم.«  لێرەدا باس لە ڕۆڵی شاشتین، کارینا، ئاغای شەریفی، فریشتە، زیبا، گۆنیللا، پیا و کاللێ، سۆفی و نەنکی، پیا کۆرپ و خۆشەویستەکەی و لوسیفەر و هتد... ناکەین، کە باسێکی دیکەی نێو گێڕانەوەی ڕۆمانەکەن. ئەم ڕۆمانە، کارەکتەرەکانیان لە جوگرافیایەکی ڕۆژاوادایە، لە وڵاتی سویدە. دیسانەوە، نووسەر لە جوگرافیایەکی دیکە ڕۆڵەکان دابەش دەکات. ئەو جوگرافیایە بۆ هەردوو شوێنەکە لە ڕووبەرێکی بچووکدا خوانەکان دەگێڕدرێنەوە. نووسەر لە سلێمانی، باس لە کارەکتەرەکان دەکات کە شوێنیان لە سوید، ئەویش ماڵێکە کە پشیلە کۆیان دەکاتەوە. پشیلە، سەرگوزەشتەی عیشقی پیا و کاللێ هەڵدەداتەوە و لە ڕووتییەوە دەڕوانێت بۆ جەهەری عیشق. لەو ڕۆمانەدا، پشیلەکانن کە هەریەکە ڕووداوێکی وە ئەستۆی خۆی گرتووە، پشیلە خۆشەویستیی و کینەی کارینا و گۆنیللامان لە کۆتاییدا بۆ باس دەکات کە گۆنێللا و کارینا دایک و کچن، لە ئەنجامی چییەوە ئەو کینەیە سەری هەڵداوە. بەهەرحاڵ، لێرەدا خوانی چل ڕۆژەکە ناگێڕینەوە و دابەشی ڕۆڵی کارەکتەر و شوێن و ڕووداوەکان بکەم، وەک لەسەرەوە گوتم ئەمە بۆ خوێندنەوە و کەسانی دیکەی جێدەهێڵم. ئەم ڕۆمانە، پێش هەموو شتێک دەتوانم بڵێم ماڵێکە، دوور لەو ماڵەی کە ڕۆمانی کوردی بیناسازیی تێدا دەکات. بەو واتایەی بیناسازیی کوردی، کەرەستەکانی وە کارهێنانی لە مێژووی خانوودروستکردندا، کەرەستەکانی خۆماڵی بوون. لەم بیناسازییەدا، جۆرێکی تر ماڵی کوردی لە ڕۆمانی کوردیدا بونیاد نراوە، کە وەستاکەی کوردە، بـەڵام کەرەستەکانی جیهانین؛ ئەمیش مانای ئەوە نییە، ماڵەکە دوورە لە ماڵی کوردی، بەڵکوو لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە، لەم ماڵەدا کوردێک دەبێتە بونیادی گێڕانەوە. ئەم ڕۆمانە، فەزاسازیی نوێی دروست کردووە بۆ ڕۆمانی کوردی. لێرەدا دەمەوێت بڵێم، دەگمەن قسەم لەسەر ڕومانی کوردی کردووە، چۆن ڕۆمانی کوردی هەمووی لە فەزایەکدا دەخولێتەوە، یەک مەکینەیە بۆ بەرهەمهێنانی گێڕانەوە. مانای ئەوە نییە قسەکەم ڕووی لەوە بێت بڵێم ڕۆمانی کوردی فەزاسازیی تێدا نەکراوە، کرچوکاڵە، نا، ڕۆمانی کوردیش پێشڕەوییەکی باشی بە خۆوە بینیوە لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان، بیر و ڕامان و مێژوو و شکستی سیاسیی حیزبیی کوردی و سەراوبنکردنەوەی مێژوو بە دەست کورد خۆیەوە و جوانی عیشق و دەرهاویشتەکانی، هتد... لە ڕۆمانەکانیدا بناغە هەیە، بـەڵام زۆرینەی ڕووداوەکان و کەرەستەکان لە نێو ماڵێکی کوردیدایە و بناغەیەکی بۆ ئەندێشەکاری خوێنەری کوردی خوڵقاندووە. لای خۆم ئەوانە پێشەنگی ڕۆمانووسی کوردن بەختیار عەلی و عەتا نەهایی و عەتا محەمەد و جەبار جەمال غەریب و بەیان سەلمان و سەید قادر هیدایەتی و هتد... لێرەدا نامەوێت ناوی ڕۆمانووسەکان ڕیز بکەم چۆن قسەمان لەسەر بەراوردکاری ڕۆمانی کوردی نییە، بەڵکوو ڕۆمانی کوردی لە ئاستێکدا باس دەکەم، کە کەرەستەی جیهانیی و کەرەستەی کوردییە لە ڕۆماندا. گەر وردتر قسە بکەم و بە خاڵێک قسە بکەم، لە ڕۆمانی کوردیدا، کێڵگەیەک هەیە کە بۆ گێڕانەوەی سیاسیی و مێژوو و شکستی خۆشەویستی و هتد...ە، ئەم ڕۆمانەی هیوا قادر، ڕۆمانێکی جیهانی ڕۆحانییە، بە زمانێکی کوردی. بە زمانێکی زۆر سادە و پاراوی کوردی بـەڵام قووڵ و جوان. بۆچی دەڵێین جیهانی ڕۆحانی؟ ڕاستییەکەی ئەوەیە نووسەر زۆر ڕۆحانیانە کێشەی مرۆڤ و پشیلە، کێشەی بوون و بوونێکی تر دەکاتەوە بە هەمان کێشەی بوون؛ بە واتایەکی دی، جەوهەری کێشەکە، هەوڵدانە بۆ گێڕانەوەی جیهانی بوون. ئێمە لە کوێی بوونداین. لە چ ئێستایەکی گێڕانەوەداین. ئەم ڕۆمانە، بیرکردنەوەمان بۆ خوێندنەوە دەگۆڕێت، ئەگەرچی لە دۆخێکدا هاتۆتە بەرهەم کە بە دەست کێشەی سیاسیی و ناتەبایی و قەیرانی فیکر و هتد... کورد خوێندنەوەکانی بۆ ڕووداوەکان هەیە، بەڵام لەم ڕۆمانەدا سەرباری ئەوەی کە نووسەرەکە خۆی کوردە، بەڵام دەتوانێت لە کێشە ناوخۆییەکاندا بێتە دەرەوە و شەپۆلی ئەندێشەکانی بباتە دەرەوە و لە کێشەی دیکەش قووڵتر وردبێتەوە کە کێشەی خودی بوونە، بۆ تێڕوانین دەیکاتەوە کەرەستەی نووسین. مانای ئەوە نییە، نووسەر خەیاڵی خۆی لە کێشە هەنووکەییەکانی ڕۆژگار بدزێتەوە کە بەرهەمی خودی سیاسییەکانە، بەڵکوو لە سەرەتای ڕۆمانەکە بەوە دەست پێ دەکات، کە: یووسف موهەمەد، کە تاکە کارەکتەری کوردی نێو ڕۆمانەکەیە، دەزانێت کوردبوونی چ کێشەیەکە، بـەڵام ناتوانێت لێ ڕاکات، هەربۆیە شەوێک لە باڕمەنێکدا لەگەڵ نەژادپەرستێکی تورکدا بە نێوی «ئۆزدن» لە کاتی مەستیدا تووشی دەمەقاڵەیەک دەبێت و گاڵتە بە کێشەی کوردبوونی دەکات و دەڵێت تۆ نیت، بەم هۆیەشەوە یووسف پەلاماری دەدات و هەڕەشەی کوشتنی لێ دەکات و لێی دەدات، تا وای لێ دەکات کە تورکەکە بڵێ: کوردستان لەسەر نەخشەی جیهان هەیە و کوردیش لە تورکیا دەژی، بە بەرچاوی هەموو خەڵکانی ناو باڕمەنەکەدا. بەو هۆیەوە سزای چڵ ڕۆژ بەسەریدا دەسەپێندرێت و لەو چل ڕۆژەدا، گێڕانەوەکانی لە ڕۆمانێکدا یادداشت دەکات. لێرەدا من هیچ ڕووداوێک ناهێنم شی بکەمەوە، بەڵکوو بە شێوەیەکی گشتیی لێی دەدوێم.دەمەوێت بڵێم، بۆیە سەرەتا باسی ئەو خاڵە دەکات، کە کوردستان نەک لەسەر نەخشەی جیهان نییە، بەڵکوو کورد دەتوانێت ڕۆمانی جیهانییش بخوڵقێنێت. خاڵێکی سەرەکی ئەو ڕۆمانە ئەوەیە، کە یووسف موهەمەد لە قەزیەی ناسیۆنالیزمەوە بڕوانێتە قەزیەی جیهانی، بەو واتایەی کە یووسف سەرباری ئەوەی کە کوردبوون شووناسێکی وجوودیەتی، دەتوانێت شووناسی تر لە خۆیدا بخوڵقێنێت. سیحری ئەم ڕۆمانە ئەوەیە کە یووسف موهەمەد لە ناسیۆنالیستێکەوە دەبێتە پیاوێکی ڕۆحانی و میهرەبان. تێڕوانینی بۆ بوون دەگۆڕێت، بـەڵام دەستبەرداری بوونی خۆی نابێت کە کوردبوونییەتی، چۆن سزاکەی بەسەردا سەپێندراوە، بگرە لەپاڵ غەمی بوونی کوردبوونی غەمێکی دی دەسازێنێت کە کێشەی بوونی مرۆڤ و گیاندارە، مرۆڤ و ئەوی دیکەی ڕۆح. ماڵی پشیلەکان، ڕۆمانێکە بۆ تێڕوانین لە بوون بە سەنتەر، نەک مرۆڤ سەنتەر. ماڵێکە، جێی هەموو جۆرە پشیلەیەکی ئەفریقیی، ئێرانی، ژاپۆنی، تورکی، سویدی، ئوستڕاڵی، کەنەدی، ڕووسی، هیندی و هتد... دەبێتەوە، ئەمەش جوانی ئەو ڕۆمانەیە کە نووسەر توانیویەتی لەو چڵ ڕۆژەدا، یادداشتەکانی لە کاتی خۆیدا بگێڕێتەوە. ماڵێک بکاتە سەنتەری بوون، کە پشیلەی وڵاتەکانی دی، لە ماڵێکدا جێی بێتەوە و پەیوەندییەکانی مرۆڤ و ڕۆحلەبەرمان بۆ بگێڕێننەوە، کێشەیەکەمان بۆ کەشف دەکات ئەویش ئەوەیە پشیلە چۆن کولتووری نەتەوەکان دەخوێنێتەوە و تێڕوانینیان لە ڕۆحلەبەری دیکە چییە. چۆن کورد لەو بە سەنتڕاڵی بوونە دەڕوانێت. سیحری پشیلە لە ناو لم و دەرەوەی لم، لە بۆمبای بۆ ڕووسیا بۆ ئەفریقا تا دوایی، جۆرییەتی ڕەنگ و ڕەگەزی پشیلەکان، ناڕاستەوخۆ چیرۆکی مرۆڤەکانمان بۆ دەگێڕنەوە. ئەگەر بڕوانینە ئەو شیعرانەی کە سۆفیا بۆ یووسفیان دەخوێنێتەوە لەمەڕ پشیلەکان، ڕاستییەکەی زمانی پشیلەیە بۆ مرۆڤ کە کەوتۆتە جەنگ و ئاگای لە خۆی نییە، چ جای گیانداری دی. پشیلە، خۆی دوو جۆری هەیە: پشیلەی ماڵی و پشیلەی کێوی. لەم ڕۆمانەدا، نووسەر بە جوانی کاری لەسەر خاڵی یەکەمی کردووە کە ماڵی پشیلەکانە؛ کە مرۆڤ چۆن لە ماڵی پشیلەکاندا گوێ لە کێشەکانی مرۆڤ دەگرێت کە پشیلە ڕایەڵێکە بۆ کەشفکردنی ئەو نهێنیانە، ئینجا چۆن لە کێشەی ئەوی دیکەی ڕۆح بڕوانێت کە پشیلەیە. خاڵی دووەم، زۆر شارەزایانە نووسەر گرنگی داوە بە پشیلە، کە پشیلەی کێوی غیابە تێیدا؛ بۆیە پشیلەی ماڵی، مرۆڤ وەک پشیلەیەکی کێوی سەیر دەکات و چۆن لە بونیادی مرۆڤ دەڕوانێت و چۆن مرۆڤ دەکاتە بە ڕۆحگەرایی. ئەم ڕۆمانە، هەڵوەشاندنەوەیەک دەکات لە تێڕوانیمان کە جارێکی دی خوێندنەوەی ترمان هەبێت بۆ بوون نەک ڕەنگ و ڕەگەزی بوون؛ ئەویش ئەوەیە کە پیاو سەگی خۆشدەوێت و ژنیش پشیلە، لێ ئەم ئەو دیدەمان دەگۆڕێت، چۆن لە ماوەی چل ڕۆژدا یووسف مامەڵە لەگەڵ پشیلەدا دەکات، حکایەتەکانی مرۆڤانی دیمان بۆ دەگێڕێتەوە لە ڕێی پشیلەوە. لە کۆتاییدا دەڵێم، هێڵێکی گشتی هەیە لەو ڕۆمانەدا، ئەویش ئەوەیە کە مرۆڤ لە میهرەبانیی و ڕۆحی پشیلەوە، دەتوانێت کەڵک لە جوانی بوون وەرگرێت. بۆیە مرۆڤ ئەو سەنتەرە نییە، کە جوانیی و میهرەبانی خۆی بەسەر ڕۆحلەبەری دیکەدا سەپێنێت، چۆن مرۆڤ خۆی لە کێشەدایە، پشیلەش هەست بە کێشەی وجوودیی و دەستکردەکانی دەکات و دەتوانێت ئارامیی بۆ مرۆڤ بگەڕێنێتەوە. گەر مرۆڤ بیهەوێت بێ ڕۆحلەبەری دیکە سەنتڕاڵ بێت، ئەوا جیهانی ڕۆحلەبەریی دیکەش دەتوانێت بێ مرۆڤ سەنتڕاڵ بێت. ئەوە زمان و پەیوەندییە، چۆن دەگەڵ بوون و جیهانی بووندا خۆ دەسازێنیت. گەر زمان لای ڕۆحلەبەری دیکە نەبێت، ئەوا پەیوەندیی خێرا و خۆشەویستیی وای کردووە خۆی زمان بسازێنێت.

ئا: شاخی لە نوێترین کاریدا نووسەرو وەرگێڕ (شێرزاد هەینی) ڕۆمانی (پۆستەی شەوی) هودا بەرەکات وەردەگێڕێتە سەر زمانی کوردی کە ئەم ڕۆمانە، براوەی خاڵاتی پۆکەری عەرەبی ساڵی ٢٠١٩ یە. وەرگێر دەربارەی کارەکەی بە هاوڵاتی ووت: لە رۆمانی یەکەمی هودا بەرەکات بەناوی "حجر الضحك" خوێنەران لێ رازی دەبن، بە گێڕانەوەی حیکایەتەکان و شێوازی نووسینەکانی سەرسام دەبن. زوو خەڵاتی "جائزة النقد" وەردەگرێت و لەسەر رۆمانی "حارث المياه" خەڵاتی "نجيب محفوظ" نەجیب مەحفوزیشی وەرگرتووە. دوو جار لە فەرەنسا رێزی لێ گیراوە. ساڵی ٢٠٠٢ مەدالیای سوار لە ئەدەب و هونەر و لە ساڵی ٢٠٠٨یش مەدالیای شایستە وەردەگرێت. هودا به‌ره‌كات لە ساڵی ١٩٥٢ لە بەیروت لەدایک بووە و ماوەی زۆرتر لە سی ساڵ لە فەرەنسا دەژیت، رۆمانەکانی وەردەگێڕدرێتە سەر چەندین زمان. هەندێ لە رۆمانەکانی بە قەبارە بچووکن لەوانە "بريد الليل" كه‌ته‌نها ١٢٦ لاپەڕەیه‌. ئەو لە چاو نوسەرەکانی دیكه ‌كه‌ ساڵانە رۆمانی نوێ دەنووسن، کەمتر دەنووسێت. هودا لە نووسیندا شێواز و پێوانەی تایبەتی خۆی هەیە، پابەندی بازاڕ و فرۆشتن نابێت، ئەگەر دەسکەوتیشی هەبێت. ئەو گوتویەتی: دەزگای پەخشی ئاکت سود هانی دەدام زوو نووسینەکانم تەواو بکەم. بەڵام ئەوە ریتمی منە، ناتوانم بیگۆڕم، هاندانی دەزگا و چێژی وەرگێڕان و بازاڕی گەرمیش من ناگۆڕێت. من بەو شێوازە ئاسودەم، ناتوانم بە شێوازی تر کار بکەم، ئەگەر خوێنەرەکانم لەناو رۆمان و نوسەرانی دیكه‌ش لەبیرم بکەن. ئەم ڕۆمانە بەم زوانە لە ناوەندی سارا لە شاری سلیمانی چاپ و بڵاودەبێتەوە.

هاوڵاتی ڕێكلام


سەنتەری میترۆ: ژینگەی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان، ژینگەی دەربازبوونە لە سزای تاوان بەرامبەر رۆژنامەنووسان

2 هەفتە لەمەوپێش

ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 12 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە

2 هەفتە لەمەوپێش


پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە عێراق ئەمەریکا و یاساناسان توڕەدەکات

3 هەفتە لەمەوپێش


هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، چ خێرێکی بۆ پۆتین هەیە؟

4 هەفتە لەمەوپێش