هەوراز حوسێن /هاوڵاتی  هەڵبژاردنی پەرلەمانی هیندستان دەستیپێکرد و پارتی بهاراتیا جاناتای سەرۆکوەزیران و هاوپەیمانییەکی 25 پارتی رکابەریی بۆ بردنەوەی زۆرتین کورسی پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەکەن. رۆژی هەینی 19-4-2023، هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هیندستان دەستیپێکرد و نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە هەوڵدەدات بۆ سێیەم جار لەسەریەک حکومەتی ئەو وڵاتە لە ژێر دەسەڵاتی پارتەکەیدا بهێڵێتەوە. نزیکەی 969 ملیۆن خەڵک لە هیندستان مافی دەنگدانیان هەیە و ئەم هەڵبژاردنە بە گەورەترین پرۆسەی دیموکراسی لەسەر زەوی دەناسرێت. لەبەر زۆری ژمارەی دەنگدەر و دانیشتوانی هیندستان، هەڵبژاردنەکە بە 7 قۆناخی جیاواز بەڕێوەدەچێت و 6 هەفتەی پێدەچێت؛ ئەنجامی کۆتاییش لە 4ی حوزەیرانی ئەمساڵ رادەگەیێنرێت. ئەنجوومەنی نوێنەرانی هیندستان کە بە لۆک سەبا ناسراوە لە 543 ئەندام پێکدێت. ئەو رۆژانەی بۆ هەڵبژاردن دیاریکراون بریتین لە 19ی نیسان، 26ی نیسان، 7ی ئایار، 13ی ئایار، 20ی ئایار، 25ی ئایار و 1ی حوزەیرانی 2024. بۆ ئەوەی پارتێک بتوانێت ببێتە حوکمڕانی هیندستان، پێویستە 272 کورسیی لۆک سەبا بەدەستبێنێت، لە هەڵبژاردنی رابردوو کە لە 2019 بەڕێوەچوو، پارتەکەی نارێندرا مۆدی 303 کورسی بردەوە. ئاڕاستەی پارتەکەی مۆدی وایە، هەژموونی هیندوویی نیشتمانپەروەری بەسەر دامەزراوەکانی ئەو وڵاتەدا بسەپێنێت و ئۆپۆزسیۆنیش ئەمە بە داماڵینی هیندستان لە دیموکراسی و رەوتە سێکیولارییەکەی پێشووی لێکدەداتەوە. هاووپەیمانێتییە 25 پارتەکە، کە گەورەترینیان پارتی کۆنگرێسی نیشتمانی هیندییە بانگەشە بۆ کەمکردنەوەی نایەکسانی و رێگریکردن لە، وەک خۆیان دەڵێن بنبڕکردنی دیموکراسی لە نێو دامەزراوەکانی حکومەتی هیندستان دەکەن. لە ماوەی ئەو 10 ساڵەی مۆدی لە دەسەڵاتدا بووە، لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە رەخنەی ئەوەی لێگیراوە هەژموونی هیندوویی نیشتمانپەروەری دەسەپێنێت و هەوڵی کەمکردنەوەی ئازادییە دیموکراسییەکان لەو وڵاتە دەدات. کەچی دوایین راپرسیی ئاژانسی پیوی ئەمریکی ئەوە نیشاندەدات، هەشتیەکی هیندییە پێگەیشتووەکان ئاڕاستەی سیاسیی سەرۆکوەزیرانیان بە دڵە. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی لە 2014، مۆدی دەستی لە تەرخانکردنی خەرجییەکی زۆردا بۆ ژێرخانی ئەو وڵاتە هەیە. لەوانە دروستکردنی شاڕێ، وێستگەی کارەبا، پرۆژەی ئاوی و دروستکردنی ملیۆنان خانوو بۆ هاووڵاتیان. لە ژێر دەسەڵاتی مۆدیدا، هیندستان ریکۆردی خێراترین گەشەی ئابووری لە جیهان شکاندووە و بووەتە یەکێک لە زلهێزەکانی جیهان. ئەو رەخنانەشی لێیدەگیرێن، بەرزبوونەوەی رێژەی بێکارییە لە نێو گەنجان، نایەکسانی و دروستکردنی ئیسلامۆفۆبیایە لە نێو خەڵکدا کە ناسەقامگیری بۆ سەر ژیانی 230 ملیۆن موسڵمان دروستکردووە.

هەوراز حوسێن/ هاووڵاتی ئەمریکا دەڵێت بەرنامەی خۆراکیی نەتەوەیەکگرتووەکان قایلبووە لە رێگەی دەریاوە هاوکاری مرۆیی و خۆراک بگەیێنێتە دەست ئاوارەکانی غەزە؛ بەو مەرجەی پنتاگۆن بەندەرێکی لە غەزە بۆ دروستبکات. رۆژی هەینی 20-4-2024، ئاژانسی ئەمریکا بۆ بەرەوپێشچوونی نێودەوڵەتی بە میدیای ئەو وڵاتەی راگەیاند، ئەمریکا و پرۆگرامی خۆراکی جیهانی کار لەسەر ئەوە دەکەن هاریکاریی مرۆیی بە شێوازێکی "سەربەخۆ، بێلایەن و یەکسان" بگەیێننە دەست ئاوارەکانی کەرتی غەزە, جێگەیباسە تاوەکو ئێستا پرۆگرامی خۆراکی جیهانی لێدوانی لەو بارەیەوە نەداوە. لە دوای 7ی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە کە حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و 1200 هاووڵاتی سڤیلی کوشت و 250ی دیکەشی بە بارمتە گرت، شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستیپێکردووە. رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان باس لەوە دەکەن، لەو کاتەوەی شەڕەکە دەستیپێکردووە، 70٪ی دانیشتووانی کەرتی غەزە دووچاری برسێتی و قات و قڕی بوونەتەوە. هێزی ئەمریکا کە ئێستا کەشتی و سەربازیان لە دەریای نێوەڕاست هەیە، بەندەرێکی کاتی لە کەناراوەکانی کەرتی غەزە دروستدەکەن. درێژی بەندەرەکە 550 مەترە و پنتاگۆن دەڵێت، توانای گەیاندنی 2 ملیۆن ژەم خۆراکی رۆژانەی بۆ خەڵکی غەزە دەبێت. لە دروستکردنی بەندەرەکەدا 1000 سەربازی ئەمریکی بەشداردەبن و ئەمریکاش داوای لە ئیسرائیل کردووە ئاسایشی کەناراوەکان بپارێزێت. دوای دەستپێکی هێرشەکانی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە کە ئامانج لێی لەناوبردنی حەماسە، نزیکەی لە 33 هەزار و 800 هاووڵاتی و سەرباز کوژراون و لەنێویاندا سەدان کارمەندی نەتەوەیەکگرتووەکان هەبوون کە کاریان گەیاندنی هاریکاریی مرۆیی بووە. نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، یەک ملیۆن و 700 هەزار هاووڵاتی لەنێوخۆی غەزەدا ئاوارەبوون.

هاوڵاتی لەسەر هەسارەکانی وەک نەپتون و ئۆرانۆس، زاناکان پێیان وایە ئەڵماس دەبارێت بەهۆی ئەو پەستان و پلەی گەرمی زۆرەی هەسارەکە کە وادەکات  کاربۆن بگۆڕێت بۆ  ئەڵماس. کێڤن بەینز لە زانکۆی ویسکۆنسن-مەدیسۆن و تاقیگەی جێت پڕۆپوڵژنی ناسا ڕایگەیاندووە، بەپێی ئەو داتا نوێیانەی لەسەر بەرگەهەوای ئەو دوو هەسارەیە دەستیان کەوتووە پێشبینی ئەوە دەکەن کە ئەڵماس بە شێوەی باران ببارێت لەو دوو هەسارەیەدا. بە گوێرەی قسەکانی ئەو زانایە بۆ ئاژانسی هەواڵی بی بی سی، بە پێ دوایین پێشبینییەکانی پلەی گەرمی و پەستان کە بۆ بەرگەهەوای ئەو دوو هەسارەیە دەستیان کەوتووە و بە پشتبەستن بە ئەو زانیارییانەی لەبەردەستدان لەسەر چۆنییەتی ڕەفتاری کاربۆن لە پلەی گەرمییە جیاوازەکاندا گەیشتونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە کە کریستاڵە جێگیرەکانی ئەڵماس دەکرێت  بە شێوەی باران ببارێن لەو دوو هەسارەیەدا. ئەو زانایە دەڵێت لە بەشی سەرەوەی بەرگە هەوای هەسارەکاندا ، هەورەتریشقە گازی میسان دەگۆڕێت بۆ سووتو (وردیلەی کاربۆنی پەیدابوو لە سوتاندنی هەندێ ماددەی ئەندامی کە لەسەر ڕووە کانزاییەکان دەنیشێت) دواتر لەگەڵ هاتنە خوارەوەی بە بەرگە هەوای هەسارەکەدا پەستانێکی زۆر دەچێتە سەری دوای نزیکەی ١٦٠٩ کیلۆمەتر ، دەگۆڕێت بۆ گرافایت (ئەو جۆرە کاربۆنەی کە لە پێنووسەکاندا دەیدۆزیتەوە) و دوای بڕینی ٦٠٠٠ کیلۆمەتر ئەو پارچە گرافایتانە خەستتر دەبنەوەو دەگۆڕێن بۆ ئەڵماس. ئەوەشی روونکردەوە لەگەڵ زیاتر نزیکبوونەوەی ئەڵماسە دروستبووەکە  لە ناوکی هەسارەکە بەهۆی ئەو پلە گەرمییە زۆرەی کە هەیەتی ئەڵماسەکە شیدەبێتەوەو دەچێتە دۆخی شلییەوە و پێشبینی دەکرێت دەریایەک لە کاربۆنی شلی دروست کردبێت. یۆرانیۆم و نیپتۆن دوو هەسارەی گەورەی کۆمەڵەی خۆرن  و ئێستا هەردووکیان بە زەبەلاحی سەهۆڵ دادەنرێن هاوکات توێژینەوەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە بەرگە هەوای ئەم دوو هەسارەیە بەشێکی زۆری لە گازی میسان پێکهاتووە کە ئەمەش پشتگیری لەو لێکۆڵینەوە و پێشبینییانە دەکات کە دەڵێت دەکرێت لەم دوو هەسارەیە بارانی ئەڵماس ببارێت.

هاوڵاتی بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی بی بی سی نیوز، تاقیکردنەوە پزیشکییەکان لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی رابردوودا لەسەر منداڵان لە بەریتانیا ئەنجامدراون، کە تێیدا خوێنی کەسانی ئالودە بەکارهێنراون. کەناڵی بی بی سی نیوز بەڵگەنامەکانی بڵاوکردووەتەوە، ئەو بەڵگەنامانە جیهانێکی نهێنی پشکنینی کلینیکی ناپارێزراو ئاشکرادەکەن کە منداڵان لە بەریتانیا بەشدارن، کە پزیشکەکان ئامانجەکانی توێژینەوەیان لا گرنگتر بووە نەک سەلامەتی نەخۆشەکان. بەپێی راپۆرتەکەی بی بی سی نیوز بێت، ئەم پشکنینانە بۆ ماوەی زیاتر لە ١٥ ساڵ بەردەوام بوون، سەدان کەسیش بەشداریان کرد، کە زۆربەیان تووشی هەوکردنی جگەری جۆری سی و ئایدز بوون. یەکێک لە منداڵە رزگاربووەکان رایگەیاندووە "زۆر بە خراپی مامەڵەمان لەگەڵدا کراوە بە جۆرێک کە مامەڵە لەگەڵ (بەرازێکی گینیایی)دا بکرێت". تاقیکردنەوەکان لەسەر منداڵانی تووشبوو بە تێکچوونی خوێن مەین بوون و زۆرجار خێزانەکانیان ڕەزامەندییان لەسەر بەشداریکردنیان نەبوو، زۆرینەی ئەو منداڵانەی کە لەم تاقیکردنەوانەدا بەکارهێنراون گیانیان لەدەستداوە. هەروەها بەڵگەنامەکان ئەوە دەردەخەن کە پزیشکانی سەنتەرەکانی هیمۆفیلیا لە سەرانسەری وڵاتدا ئەو خوێنەیان بەکارهێناوە کە هی کەسانی ئالودە بوون و بەخشەرەکانیان بەدەست نەخۆشی و ڤایرۆسەوە دەناڵێنن. کەمی خوێن لە بەریتانیا لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی رابردوودا بووە هۆی ئەوەی لە ئەمریکاوە هاوردە بکرێن، ئەو خێرخوازانەی سەر بەو گروپانەن کە زیاتر تووشی نەخۆشی دەبن، وەک زیندانییەکان و ئالوودەبووانی مادە هۆشبەرەکان، پلازمایان لە خوێنیان دابین دەکرد بۆ پشکنین کە ئەمەش هۆکاربوو بۆ ئەوەی ئەو کەسانە تووشی چەندەها نەخۆشی ببن بەهۆی ئەو خوێنەی کە تێیان دەکرا. لێکۆڵینەوەیەکی گشتی لەسەر ئەو فەزیحەیە بەردەوامە. بڕیارە لە مانگی ئایاردا راپۆرتی کۆتایی دەربکرێت.  

هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت قسه‌ له‌باره‌ی ئه‌و رووداوانه ناكات كه‌ به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ روویاندا، ئاماژەی بەوەشکرد ئەمەریکا ئامادە نییە لەهیچ ئۆپەراسیۆنێکی هێرشبەری ئیسرائیل بۆسەر ئێران بەشداربێت. ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند "قسه‌ له‌باره‌ی ئه‌و رووداوانه ناكه‌م كه‌ به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ روویاندا، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت، جه‌خت له‌ كۆتاییهێنان به‌ ئاڵۆزییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كه‌ینه‌وه‌". ئاماژەی بەوەشکرد "ئەمەریکا ئامادە نییە لەهیچ ئۆپەراسیۆنێکی هێرشبەری ئیسرائیل بۆسەر ئێران بەشداربێت"، هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا پابەندە بە ئاسایشی ئیسرائیلەوە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 19ی نیسانی 2024 ئیسرائیل هێرشی مووشەکی کردە سەر چەند بنکەیەکی سەربازی شاری ئەسفەهانی ئێران، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند "تەقینەوەکانی ئەسفەهان هیچ زیانێکیان نەبووە".  

هاوڵاتی  بە پێی راپۆرتێک کە بەشی لێکۆڵینەوەی BBC بڵاوی کردۆتەوە، لە سەرەتای جەنگی رووسیا و ئۆکرانیاوە ٥٠ هەزار سەربازی رووسی کوژراون. ئاژانسی هەواڵی بی بی سی لە ڕاپۆرتێکیدا سەبارەت بە ژمارەی ئەو سەربازە ڕوسییانەی لە جەنگی نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیادا کوژراون بڵاویکردۆتەوە،  لە ساڵی دووە می جەنگی رووسیا- ئۆکرایندا و دوای ئەوەی رووسیا رێکاری ناسراو بە " مەکینەی گۆشت"ی گرتە بەر ژمارەی سەربازە  کوژراوەکانی رووسیا ٪٢٥ زیادی کردووە. جەنگی رووسیا- ئۆکرانیا لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢ و دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دەستی پێکرد و سەرەڕای ئەوەی رووسیا بانگەشەی ئەوەی ئەکرد لە ماوەیەکی کورتدا دەتوانێت ئەو وڵاتە  داگیر بکات بەڵآم ، تا ئێستا نەیتوانیوە سەرکەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت بەگوێرەی ئاژانسە هەواڵی و شیکەرەوانیش شکستی ڕوسیا بۆ ئەو هاوکارییە سەربازییە دەگەڕێتەوە کە وڵاتانی  رۆژئاواو و بەتایبەت ئەمریکا دەیداتە ئۆکرانیا. بەگوێرەی ئامارەکانی لە میدیا جیهانییەکان بڵآوکراوەتەوە  وڵاتانی رۆژئاوا بایی زیاتر لە 240 ملیار دۆلار هاوکاریی ئۆکرانیایان کردووە. هاوکات مانگی رابردووش، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند لە سەرەتای جەنگی وڵاتەکەی دژی رووسیا لە شوباتی 2022یەوە، 31 هەزار سەربازیان کوژراون، ئەمەش لەکاتێکدا ئەمریکا رایگەیاندووە نزیکەی 100 هەزار سەربازی رووسی لەو جەنگەدا کوژراون. نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، لەو جەنگەدا زیاتر لە 10 هەزار هاوڵاتی مەدەنیی ئۆکرانی کوژراون.

هاوڵاتی هەوڵبدە لە بەیانیاندا باڵات بپێویت پاشان لە ئێوارەدا ، توشی سەرسوڕمان دەبیت کە بۆت دەرەکەوێت لە بەیانیاندا یەک سانتیمەتر درێژتریت وەک لە ئێواران. هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە لە باڵاماندا بۆ هێزی کێشکردنی زەوی دەگەڕێتەوە. لە ڕۆژدا بەهۆی ئەوەی مرۆڤەکان چالاکن و بەشێکی زۆری کاتەکان بە پێوەن بۆیە کڕکڕاگەی ئەژنۆو دەست و شوێنەکانی دیکەی جەستەمان لەگەڵ کاتدا پەستان دەچێتە سەری و دەچێتەوە یەک  هاوکات ئەو ژێیانەی کە دەوری جومگەکانیان داوە دەگوشرێن بەهۆی ئەو فشارەی هێزی ڕاکێشانی زەوی دەیخاتە سەریان بەم شێوەیەش باڵات لە ئێواراندا یەک سانتیمەتر کەمترە وەک لە بەیانیان. هاوکات لەبەر ئەوەی درکەپەتەکانی پشتیشمان لە 33 بڕبڕە پێک هاتووە و بەم جۆرە یارمەتی دانیشتن و ڕاوستان و ڕۆیشتنمان دەدەن ، ئەوا پشتیشمان ڕۆڵێکی کارا دەگێرێت لەم بابەتەدا. لەنێوان بڕبڕەکانی دڕکەپەتکیشدا ڕ ماددەیەکی  نەرم هەیە بەهۆی جووڵەی بەردەوام و کێشی جەستەی خۆمان، ئەم ماددانە پەستان دەچێتە سەریان و کەپس دەبن لەبەر ئەمەش باڵامان کەمتر دەبێتەوە . هاوکات هۆکارێکی دیکەی ئەوەی لە بەیانیاندا باڵامان بەرزترە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کاتێک دەخەوین، بە ئاسۆیی دەخەوین و چیتر بربرەکانمان لە ژێر فشاری هێزی کێشکردندا نین هەر بۆیە ئەو پەستانەی کە دەچێتە سەریان کەمدەبێتەوەو  شلەی نێوان بڕبڕەکان دەچنەوە باری ئاسایی خۆیان. بەگوێرەی توێژینەوەیەکی ناساش ئەو کەسانەی گەشت بۆ بۆشایی ئاسمان دەکەن لەکاتی ڕزگاربونیان لە هێزی کێشکردنی زەوی باڵایان نزیکەی دوو ئینج بەرز دەبێتەوە !  سەرسوڕهێنەرە، وانییە؟

هاوڵاتی لە چوارچێوەی سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی بۆ واشنتۆن، حکومەتی عێراق بۆ برەودان بە کەرتەکانی کارەبا و غاز و بەرھەمھێنانی نەوت، 18 یاداشتی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمەریکا واژۆکرد. نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، بە چاودێری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران وەزارەتەکانی کارەبا و نەوت و سندوقی عێراقی بۆ گەشەپێدان چوار یاداشتی لێکتێگەیشتنیان لەبوارەکانی پەرەپێدانی کەرتی وزە، بەرھەمھێنانی غاز و پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان و پیشەسازی بەرھەمھێنانی ئۆتۆمبێل لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمریکا واژۆکردووە. ئاماژە بەوەکراوە، کۆمپانیاکانی عێراقیش 14 یاداشتیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمریکا واژوو کردووە، کە بوارەکانی کەرتی بانکی، کەمکردنەوەی سوتان و بەھەدەردانی غاز، پیشەسازی نەوت و تەکنەلۆژیای زیرەک بۆ بەڕێوەبردن و گەشەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان دەگرێتەوە.

هاوڵاتی دوابەدوای هێرشی مووشەکی و درۆنی بێ وێنەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، رووسیا دوای چەند کاتژمیر بێدەنگبوون، بە شێوەی فەرمای و لە راگەیاندنێکدا بۆچوونی فەرمی خۆی راگەیاند و وتی "وەزارەتی دەرەوەی بە تەواوەتی نیگەرانە لە پەرەسەندنی نوێ و مەترسیداری ناکۆکییەکان لە ناوچەکە". رەنگە ناوەرۆکی ئەم راگەیاندنە زۆر لە راستیشەوە دوور نەبێت لەبەر ئەوەی شارەزایان لەسەر ئەو باوەڕەن دەستپێکی جەنگێکی گشتگیر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندی ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆککۆماری رووسیادا نابێت، بەڵام وا دیارە کرێملین لە ئێستادا خوازیاری جۆرێک ئاڵووگۆڕە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە بەرژەوەندی پۆتیندا تەواو بێت، بە تایبەت بەلەبەرچاو گرتنی ئەو جەنگەی ئێستا لە ئۆکراین هەیە. هانا نۆتێ، یەکێک لە هاوکارانی باڵای بەرنامەی ئەوروپا، رووسیا و ئۆراسیا لە ناوەندی خوێندنەوە ستراتیژیی  و نێونەتەوەییەکان کە بنکەکەی لە واشنگتۆنە لە تۆڕی کۆمەڵاتی X نووسی "جەنگێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوەی کە ئەم ناوچەیە بکەوێتە دۆخێکی نەزانراوەوە، بێ ئەوەی جەنگێکی تەواو و گشتگیر روو بدات، باشترین رووداوە کە لە ئێستادا ئەکرێت بۆ پۆتین رووبدات". هۆکارەکانیشی ئەمانەوەی خوارەوەیە: یەکەم: ئەم جەنگە نوێیە ئەکرێت سەرنجەکان لە جەنگی ئۆکراین دوور بخاتەوە، بەتایبەت لە سەردەمێکدا کیێڤ کێشەی گەورەی هەیە لە هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ و ئەم کێشانە رەنگە لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا زیاتر بێت. دووەم: رووسیا لەم دواییانەدا هێرشەکانی خۆی بۆ ژێرخانەکانی وزەی ئۆکراینیا دەست پێکردۆتەوەو شارەکانی خارکیێڤ و ئۆداسا بۆمباران دەکات. سێیەم: بەر لەم رووداوانە، دەستپێکی جەنگی ئیسرائیل لەگەڵ گرووپی توندڕەوەی حەماس لە تشرینی یەکەم، سەرنجی دونیای لە جەنگی ئۆکراین دوور خستەوەو هەوڵەکانی دونیای رۆژئاوای بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکراین بۆ بەرگری کردن دژواتر کردەوە. چوارەم: دەستپێکی جەنگێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جا بە شێوەی یەکەم هێرشی ئاشکرا و راستەوخۆی ئێران بۆ دوژمنە کۆنەکەی خۆی، ئیسرائیل بێت یان بە پێچەوانەوە، ئەکرێت کێشەکانی ئۆکراین قووڵتر بکاتەوەو کێشەی زیاتر بۆ ئۆکراین دروست بکات. دەرفەتێک بۆ بردنە ژێر پرسیارەوە بۆ کرێملین هێرشی ئێران بۆسەر ئیسرائیل بەرژەوەندییەکی زۆری هەیە و بەرژەوەندییەکن فرەچەشنن و روون ئاشکران. لە دەستپێکی هێرشی بەربڵاوی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینەوە، پۆتین لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا، وای خستۆتەڕوو کە ئەم جەنگە بەشێکە لە ململانێیەکی بەربڵاوتر. جەنگێکە کە لەو جەنگەدا رووسیا دەیهەوێت بەرگری لە خۆی و شوێنەکانیتری دونیا بکات لە بەرامبەر رۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکادا. لەم گەمەی بردنەوەو دۆڕاندنەدا، هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ئەکرێت لە ئاراستەی پڕووپاگەندەکانی کرێملیندا بێت و هەلێک بۆ رووسیا بڕەخسێنێت بۆ بەهێزکردنی ئەو حیکایەتەی دەرباری جەنگی ئۆکراین و رووبەڕووبوونەوەی دونیای رۆژئاوا دروستکردووە. ئیهوور سێمی ڤووڵس، بەرپرسی ناوەندەی لێکۆڵینەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کیێڤ، بە "کارێنت تایم" کەناڵی رووسی زمان کە لە لایەن رادیۆ ئەورووپای ئازاد/ رادیۆ ئازادی و بە هاوکاری دەنگی ئەمریکا بەڕێوە ئەبرێت، ئەڵێت:" وڵاتانی ناسراو بە بەرەی بەرگری واتە رووسیا، ئێران، کۆریای باکوور و چین، لایوان وایە رۆژئاوا لاواز بووەو سیاسەتەکانی ئەمریکا ئیتر ناتوانێت ئاسایشی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە بپارێزێت و گەرەنتی بکات". کەوایە، ئەوان لایان وایە، هێرشی  ئێران ئەو دەرفەتە ئەدات بە رووسیا و ئەو وڵاتانەی وەک ئەو بیرئەکەنەوە بۆ ئەوەی ئەو دونیا تاک جەمسەریەی کە پۆتین، شی جین پینگ و عەلی خامنەیی زۆر باسی لێوە ئەکەن، ببەنە ژێر پرسیارەوە. هانا نۆتێ، لە ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێوەنەتەوەییەکانی ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رۆژی ١٥ی نیسان لە وەڵامی پرسیاری رادیۆ ئەورووپای ئازاد دا نووسی "ئەم نائارامییە نوێیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرنجەکان و سەرچاوەکانی رۆژئاوا لەسەر ئۆکران و باڵی رۆژهەڵاتی ناتۆ بەلاڕێدا ئەبات . وا ئەکات هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە هەست بەوە بکەن ئاسایشیان نییە، ئەو روانگەیە بەهێز ئەکات کە رۆژئاوا ناتوانێت ناوچەکە ئارام رابگرێت، واتە هەمان ئەو جۆرە روانینەی کە دوای جەنگی غەزە دروست بووە". "بە کورتی سەرهەڵدانی ئەم نائارامی و ناسەقامگیریانە، ئەم جۆرە روانینە لە دونیا بەهێز ئەکات کە جەنگی ئۆکراین یەکێکە لە جەنگە فرەجۆرەکان و کێشەیەکە لە ناو ئەو هەموو کێشەدا کە بوونیان هەیە؛ جۆرە روانینێک کە لە بەختی کرێملین دایە و ئەوان پەرەی پێ دەدەن". لە راستییدا زۆربوونی کێشەکان و خودی ئەم هێرشە ئەکرێت ببێت بە هۆکاری لاوازبوونی پشتیوانییەکان لە ئۆکراین و ئەو جۆرە روانینە لاواز ئەکات کە لای وایە چارەنووسی رۆژئاواو دونیا بەندە بە جەنگی ئۆکراینەوە. هەورە رەشەکان بەسەر کۆنگرەوە؟ بە شیوەیەکی تایبەت، هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، دەبێت بە هۆی ئەوەی گومانەکان لەسەر داهاتووی یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئۆکراین زیاتر بکات و ناڕوونییەکی زیاتر ئەخولقێنێت. تەنانەت لە سەردەمێکیشدا کە ئەگەری ئەوە هەیە کە یاسایەک لە کۆنگرەدا پەسەند بکرێت لەسەر یارمەتیدانی ئەمریکا بۆ ئۆکراین. نزیک بە ٦ مانگ دوای ئەوەی جۆبایدن سەرککۆماری ئەمریکا، بۆ یەکەمجار پاکێجێکی پێشنیاری خستە بەردەم کۆنگرە کە تێیدا باس لەوە کراوە زیاتر لە ٦٠ میلیارد دۆلار یارمەتی بدرێت بە ئۆکراین و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیتر و یارمەتییەکەی بەشی هەرەزۆری سەربازی بێت، مایک جانسۆن، سەرۆکی پەرلەمانی نوێنەرانی ئەمریکا لە حیزبی کۆماریخواز، لە دوایین رۆژەکانی مانگی ئازاردا رایگەیاند دەیهەوێت لە رۆژ یان حەوتووەکانی داهاتوودا پرسی بەردەوامی پشتیوانیکردن لە ئۆکراین بکات بە یاسا و پێویستییەکانی بەردەوامی یارمەتیدانی ئۆکراینی لەم جەنگەدا هێنایە بەرباس. بەڵام هێشتا نەدەزانرا جانسۆن چ پێشنیارێکی هەیە بۆ ئەوەی بیخاتە بەردەم پەرلەمان. چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ پەسەندکراوکدا کە مانگی شوبات و بە پشتیوانی هەردوو حیزبی کۆماری خواز و دیمۆکرات لە سێنا پەسەند کرابوو. ئاخۆ ئەو ئەیتوانی بەربەستی دژایەتی توندی ژمارەیەک لە هاوحیزبییەکانی بۆ پشیتوانی سەربازی و چەک و چۆڵ بۆ ئۆکراین تێپەڕێنێت یان نا. مایک جانسۆن رۆژی ١٥ی نیسان وردەکاری زیاتری خستەڕوو و وتی دەیهەوێت بۆ هەرکام لە سێ بەشی پەسەندکراوی سێنا ( یارمەتی بۆ ئیسرائیل، ئۆکراین و تایوان و هاوپەیمانەکانتر) پەسەندکراوی جیاواز پێشنیار بکات. ئەو هەروەها بۆ ئەوەی سەرنجی کۆماریخوازەکانی دژی پشتیوانی چەک و چۆل بۆ ئۆکراین بۆ لای خۆی رابکێشێت، پشنیاری چوارەم ئەخاتە بەردەم کۆنگرە کە لە لایەن زۆرینەی زۆری ئەندامانی حیزبەکەیەوە پشتیوانی لێ ئەکرێت. هێشتا نازانرێت ئەم پاکێجی یارمەتیدانە چی بەسەردێت. خوازیاری نارامییە بە بێ لەبەرچاوگرتنی ناکۆکی لەسەر چۆنییەتی یارمەتی گەیاندنی ئەمریکا، رەنگە پۆتین هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بکات بە دەرفەتێک بۆ ئەوەی بتوانیت زیاتر جێی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوەو جێ پێی خۆی پتەوبکات. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو ناوچەیە کە وا دەرئەکەوێت هەر لەو کاتەوەی پۆتین بە دەسەڵات گەیشتووە لە دوو دەیەی رابردوودا، دەیهەوێت جارێکیتر جێگەی خۆی لەو ناوچەیە پتەو بکاتەوە، لەبەر ئەوەی دوای رووخانی یەکیەتی سۆڤییەت رووسیا پێگەی خۆی لەم ناوچەیە لە دەستدا و ئێستا پۆتین دەیهەوێت جارێکیتر شوێن پێی خۆی لەم ناوچەیە پتەوتر بکات. جەنگی رووسیا لەگەڵ ئۆکراین، پەیوەندی رووسیا و ئێرانی بەهێزتر کردو و ئێران بە گەیاندنی درۆنی هێرشبەر و هەروەها ئەوەی کە تەکنۆلۆژیای دروستکردنی ئەم درۆنانەی خستە بەردەم رووسیا، یارمەتی زۆری رووسیای داوە لەم هێرشەدا بۆ سەر ئۆکراین. بەمەشەوە پۆتین لە مێژساڵە وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ ئەوەی زیاتر جێگەی مۆسکۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بکات و هێز و پێگەی ئەمریکا بباتە ژێر پرسیارەوە، هەوڵیداوە لەگەڵ دوژمنەکانی ئێران لە ناوچەکە وەک ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو وەک سعوودیە پەیوەندی باشی هەبێت. پەیوەندی رووسیا لەگەڵ ئیسرائیل، لەم دواییانەدا لەبەر ئەوەی مۆسکۆ زیاتر بەرەو تاران چووەو هەروەها جۆری هەڵوێستەکانی کرێملین بەرامبەر جەنگی ئیسرائیل و حەماس زیانی بەرکەوتووەو وەک جاران نەماوە. بەڵام رەنگە کرێملین هیوادار بێت سەرەڕای ئەوەی پەیوەندییەکانیان وەک جاران نەماوە، پەیوەندییە چەند لایەنەکانی رووسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مانگ یان ساڵەکانی داهاتوودا کاریگەری گرینگی هەبێت بۆ مۆسکۆ لە ناوچەکە و ئەوەی بتوانێت پێگەی خۆی لەو ناوچەکە پتەوتر بکات. هانا نۆتێ لە وتووێژ لەگەڵ رادیۆ ئەورووپای ئازاد/ رادیۆ ئازادی ئەڵیت:" بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی رووسیا و ئێران تا دێ پەیوەندییەکانیان پتەوتر ئەبێتەوە، رەنگە کرێملین بەو ئەنجامە بگات ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی زیاترناکۆکی ئەنێتەوە، ببێت بە هۆی ئەوەی وڵاتانی کەنداو بە گرینگییەکی زیاترەوە لە رووسیا بڕوانن و وا بکات رووسیا زیاتر شوێن پێی خۆی لەو ناوچەیە بکاتەوە، لەبەر ئەوەی وڵاتانی ناوچەکە مۆسکۆ و پێکەن وەک دوو وڵات ئەبینین کە کاریگەریان لەسەر ئێران هەیە و ئەوەی بیانهەوێت ئەو دوو وڵاتە بەکار بهێنن بۆ ئەوەی ئێران کۆنتڕۆڵ بکات". ئەمە جۆرێک ستراتێژییە کە لە سەردەمی دەسەڵاتداری پۆتین لە رووسیا بەردەوام دووبارە ئەبێتەوە:" خولقاندنی ناکۆکی و دواتر دۆزینەوەی رێگاچارەیەک بۆی بە شێوەیەک لە بەرژەوەندی رووسیادا بێت. بەمەشەوە، وەک چۆن لێکۆڵەران لە سەردەمی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و ئەو جەنگەی کە دواتر لە غەزە سەری هەڵدا بەراوردیان کردبوو، مۆسکۆ نایهەوێت جەنگی راستەوخۆ و تەواو لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا رووبدات. هانا نۆتێ هەروەها ئەڵێت ئەم جەنگە کۆمەڵێک مەترسی هەیە بۆ سەر رووسیا: کێشە دروست ئەکات مانەوەی سەربازی رووسیا لە سووریا  و هەروەها لێدان لە ئێران تا رادیەک ئەبێ بە هۆی لاوازی مۆسکۆ بەرامبەر بە ئۆکراین. جگەلەمەش،"  ئەوەی کە جەنگێکی تەواو رووبدات ئەبێ بە هۆی ئەوەی کۆتایی بە سیاسەتی پاراستنی هاوسەنگی رووسیا لە ناوچەکە بهێنێت ( هەرچەن لە ئێستاشدا لاواز بووە). ئەم بابەتە وا ئەکات مۆسکۆ تای ترازووەکە بەلایەکیاندا قورستر بکات و زیاتر لایەنگری یەکێک لە لایەنەکان بکات." خاتوو هانا نۆتێ لە درێژەدا ئەڵێت:" هەرچەند مۆسکۆ لەو کاتەوەی هێرشی کردۆتە سەر ئۆکراین، زۆر زیاتر لە ئێران و هێزەکانی سەر بە ئێران نزیک بۆتەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە نایهەوێت بە تەواوتی بچێتە بەرەی ئێرانەوە. نووسینی بابەت/ ستیڤ گاتێرمەن

هاوڵاتی / شوان عەباس بەدری دوای هێرشە درۆنی و مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و بەشداریکردنی چەند وڵاتێکی ئەوروپی و ئەمەریکا لە بەرچەردانەوەی ئەو هێرشە و خستنەخوارەوەی مووشەکەکانی ئێران لە ئاسمانی چەند وڵاتێکی ناوچەکەدا لە ئێستادا نهێنییەک لەبارەی ئەو شەوە و جۆرە مووشەکێکی تایبەتی ئەمەریکا ئاشکرا کراوە کە بۆ یەکەمینجارە لە دژی ئێران و بەرپەرچدانەوەی هێرشی ئەو وڵاتە بۆ سەر ئیسرائیل بە کارهێنراوە. رۆژنامەی "ئەنتەرسبت"ی ئەمەریکی لە راپۆرتێکیدا ئاشکرای کردووە کە لە شەوی هێرشەکەی ئێراندا، ئەمەریکا بۆ یەکەمینجار لە رێگەی هەردوو کەشتی جەنگی "ئارلی بەیک" و "یو ئێس ئێس کارنی" لە دەریای ناوەراستەوە 4 بۆ 7 مووشەکی جۆری "ئێس ئێم – 3" ی بۆ خستنە خوارەوەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران بەکارهێناوە . ئەم جۆرە مووشەکە لە ساڵی 2014دا وەک چەکێکی تایبەتی سوپای ئەمەریکا کە لە رێگەی کەشتییە جەنگییەکانەوە دەهاویژرێت خرایە بواری بەکارهینانەوە و بۆ یەکەمجاریش سوپای ئەو وڵاتە لە ساڵی 2018دا لەدوای تاقیکردنەوەیەکی ئەزموونی بۆ خستنە خوارەوەی مووشەکێکی بالیستی کورت مەودا، کارایی مووشەکەکەی راگەیاند. مووشەکەکەی ئەمەریکا لە توانایدایە بەرپەرچی هێرشی مووشەکە بالیستییە کورت مەودا و مامناوەندەکان بداتەوە و بە جۆرێک دروستکراوە کە دەتوانرێت بۆ لێدانی ئەو مانگە دەستکردانەی لە نزیک خولگەی زەوییەوە جێگیر کراون سوودی لێببینرێت و درێژییەکەشی 6.55 مەترە و بە بەشێک لە سیستمی بەرگری دەریایی ئەمەریکا و هاوپەیمانی ناتۆ ئەژمار دەکرێت. تایبەتمەندییەکی  دیکەی ئەم مووشەکە بریتییە لە هەڵنەگرتنی کڵاوەی تەقەمەنی، واتە ئەم مووشەکە لە توانایدایە لە رێگەی تیشکی ژێرسوورەوە ڕێرەوی مووشەکە بالیستییەکان دیاری بکات و بە خێرایی 8 کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا خۆی بکێشێت بە مووشەکەکە و لەرێگەی بەریەک کەوتنێکی بەهێزەوە مووشەکی دوژمن لەناوبەرێت، لە هەمان کاتیشدا لە کاتە پێویستەکاندا مووشەکەکە لە توانایدایە بە یەکجار چەند کڵاوەیەکی تەقەمەنی لێببەسرێت و بەکار بهێنرێت. جێی ئاماژەیە ئەم مووشەکە بە تایبەتی بۆ سیستمی جەنگی ئەمەریکی ناسراو بە سیستمی "ئەیجیسی دژە مووشەکی" دروستکراوە.

هاوڵاتی بەگوێرەی توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی پێنسلڤانیا ئەو کەسانەی شێرپەنجەی سەر و گەرویان هەیە دەتوانرێت بە لێدانی دەرزی بێهۆشکەری لیندۆکەین بۆ بەشێکی نزیک لە لووە شێرپەنجەییەکان وا لەو خانانە بکەن کەخۆیان خۆیان لەناو ببەن. پێشتر لە ساڵی ٢٠٢٢ دا زانایانی زانکۆی پێنسلڤەینیا بۆیان دەرکەوت زۆربەی ئەو نەخۆشانەی شێرپەنجەی گەرو و سەریان هەیە، لەناو خانەکانیاندا پرۆتینی T2Rs یش دەبینرێت ولە دوای ڵێکۆڵینەوەکانیان لەم بابەتە ، پەیوەندییەکی هاوبەشیان لە نێوان چالاککردنی  ئەم پڕۆتینانە بە ماددە یان ئاوێتەیەکی تاڵ وەک دەرزی بێهۆشکەری لیندۆکەین دۆزییەوە کە وادەکات کاریگەرییەکی زۆر لەسەر خانە شێرپەنجەییەکان دابنێت و خانەکان لەناوبچن. لە هەمانکاتیشدا زانایانی ئەو زانکۆیە بۆیان دەرکەوت زیاد بوونی ئەم جۆرە پرۆتینە پەیوەندییەکی راستەوخۆی هەیە لەگەڵ باشتر بوونی دۆخی تەندرووستی نەخۆشەکە و تارادەیەکی باش چارەسەرێکی گوونجاو و لەبارە .  لە هەمان کاتتدا لە توێژینەوەیەکی دیکەی ئەم زانکۆیە راست و دروستی و گونجاوی ئەم جۆرە چارەسەرە پشتراست کرایەوە و لە ئێستادا زانایان ئومێدێکی زۆریان بەم جۆرە چارەسەرە بەستووەو پێیان وایە ئەم بابەتە رێگە خۆشکەرە تا لە داهاتوودا لە رێی ڵێکۆڵینەوەی زانستی زیاتر بتوانرێت چارەسەری گونجاو بۆ نەخۆشییە سەختەکانی وەک شێرپەنجە بە هەموو جۆرەکانییەوە بدۆزرێتەوە .

هاوڵاتی پلانەکانی سعودییە بۆ دروستکردنی شارێکی هێڵی زیرەک لە پارێزگای نیوم تابوک کە دیزاین کراوە بۆ ئەوەی هیچ شەقامێکی تێدا نەبێت و خاڵی بێت لە ئوتومبێل و گازی ژەهراوی کاربۆن بەرەو شکست هێنان دەچێت . شاری هێڵی نیۆن بڕیاربوو 105 میل (170 کیلۆمەتر) درێژ بێت، بەڵآم  چاوەڕوان دەکرێت تا ساڵی 2030 بگاتە تەنها یەک میل و نیو (2.4 کیلۆمەتر). هاوکات بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی بلومینگ ، چاوەڕوان دەکرێت تا ساڵی 2030 کەمتر لە 300 هەزار کەس نیشتەجێ بنێت لەو شارەدا لە کاتێکدا بە گوێرەی پلانی سەرەتای پرۆژەکە وا بڕیاربوو ببێتە شوێنی نیشتەجێبوونی  1.5 ملیۆن کەس. ئاژانسی بلومینگ دەڵێت هۆکاری کەمکردنەوەی درێژی ئەو شارە و بچوککردنەوەی پڕۆژەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە سندوقی سامانی سەروەری سعودیە هێشتا بودجەی نوێی ساڵی 2024ی پەسەند نەکردووە هەروەها بە لایەنی کەمەوە یەکێک لە بەڵێندەرەکانی هێڵەکە دەستی کردووە بە دەرکردنی کارمەندەکانی و کشانەوە لە پڕۆژەکە. لەم بارەیەوە بەڕێوەبەری کارپێکردنی پڕۆژەکە گیڵس پێندڵتۆن بە بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەک هەموو ئەم قسانەی ڕەتکردۆتەوەو نوسیویەتی : "چۆن وەڵامییان بدەینەوە دەربارەی ئەو کارە باوەڕپێنەکراوەی لە نیۆم ئەنجام دەدرێت؟" "گەورەترین باڵەخانەی جیهان لە چیاکانەوە بۆ دەریا"

هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 15ی نیسانی 2024 لە کۆشکی سپی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا سودانی رایگەیاند "سەردانەکەم بۆ ئەمەریکا لە کاتێکی هەستیاردایە کە گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات نیشان دەدات"، لە بەرامبەردا سەرۆکی ئەمەریکا سوپاسی سوودانی کرد کە "سەرنج دەخەیتە سەر ئابووریی و سەربەخۆیی عێراق، دەمانەوێت ئەمڕۆ زیاتر گفتوگۆ لەسەر ئەمە بکەین، هاوبەشیمان بۆ وڵاتەکانمان، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان گرنگە". سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد "پابه‌ندین له‌ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مەریكا و هاوپه‌یمانه‌كانمان له‌ ناوچه‌كه‌، له‌وانه‌ عێراق"، ئەوەشی خستەڕوو "کاردەکەین بۆ ئەوەی ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فراوان نەبن". سەرۆک وەزیرانی عێراقیش وتی "هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر خەڵکی سڤیل بەتایبەتی منداڵان و ژنان رەتدەکەینەوە"، ئەوەشی وت "پابه‌ندین به‌ ده‌ره‌نجامه‌كانی لیژنه‌ی هه‌ماهه‌نگیی باڵای نێوان عێراق و ئه‌مەریكاوه‌ و سوورین له‌سه‌ر دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ فراوانبوونی ململانێكان له‌ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست". هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا تیشکی خستەسەر ئەوەی "ئه‌مەریكا پابه‌نده‌ به‌ ئاسایشی ئیسرائیله‌وه‌، هەروەها پابه‌ندین به‌ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنی ئاگربه‌ست له‌ غه‌زه‌ بۆ ئازادكردنی بارمته‌كان و رێگریكردن له‌ فراوانبوونی بازنه‌ی ململانێكه‌".

هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە له‌ واشنتۆن سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كۆبوونه‌وه و باسیان له‌ كاراكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ستراتیژی كرد. نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌نتۆنی بلینكن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا لە واشنتۆن کۆبوونەوە، به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاووتاوێی هه‌وڵه‌كان بۆ دانانی بنه‌ماكانی په‌یوه‌ندیی دوورمه‌ودای نێوان هه‌ردوو وڵات كرا، وێڕای ئه‌وه‌ش جه‌خت له‌ كاراكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ستراتیژی كرایه‌وه‌.  سودانی و بلینكن گفتوگۆیان له‌باره‌ی پرسه‌كانی ئابووری و هه‌لی وه‌به‌رهێنان بۆ كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌ عێراق، به‌تایبه‌ت له‌ بواری وزه‌دا كرد، هه‌روه‌ها سودانی له‌میانی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا رایگه‌یاند، رێكه‌وتنی ستراتیژی نه‌خشه‌رێگای په‌یوه‌ندییه‌كانی داهاتووی عێراق و ئه‌مه‌ریكایه‌. وتیشی: پێویسته‌ هه‌وڵه‌كان بۆ رێگری له‌ فراوانبوونی ململانێ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زیاتر بكرێن. له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا پشتگیری له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی عێراق له‌ ناوچه‌كه‌ كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند "پشتگیری له‌ عێراقێكی به‌هێز به‌ له‌به‌رچاوگرتنی هه‌وڵه‌كان بۆ دابینكردنی سه‌قامگیری ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی و هه‌نگاوه‌كان به‌ره‌و په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ ده‌كه‌ین". جێگەی ئاماژەیە، رۆژی‌ 13ی‌ نیسانی‌ 2024، محه‌ممه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق سەردانی ئەمەریکای کرد و بڕیارە تاوەکو 19ی ئەم مانگە لە ئەمه‌ریكا بێت و بەردەوامی بە کۆبوونەوەکانی بدات لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە.

هاوڵاتی هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی ئیسرائیل ئەمڕۆ دووشەممە داوایان لە ئیسرائیل کرد دانبەخۆدا بگرن سەبارەت بە وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئەم هەفتەیەکی ئێران و داوایان لە حکومەتەکەی ناتانیاهۆ کردووە نەبنە هۆکاری زیادبونی مەترسییەکانی دروستبونی جەنگ  لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست . ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکیدا لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای  ناو حکومەتی ئیسرائیلەوە بڵاویکردۆتەوە کە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە دوبارە کابینەی جەنگی ئیسڕائیل کە دەسەڵاتی ئەوەی هەیە بڕیار لەسەر کات و شوێنی هێرشی پێچەوانەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بدات کۆدەبێتەوە. پێشتریش دوێنێ  یەکشەممە کابینەی جەنگی ئیسرائیل کۆبونەوەو پشتیوانی خۆیان بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ئێران ڕاگەیاند بەڵام لەسەر کات و قەبارەی وەڵامدانەوەکە بڕیاری کۆتای نەدرا. هاوکات  لەگەڵ هەبونی مەترسی دەستپێکردنی شەڕی کراوە لەنێوان ئیسرائیل و ئێران ، زیادبوونی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرۆکی ئەمریکا جۆبایدن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ، ڕایگەیاند پشگیری ئیسرائیل ناکەن لە هیچ جۆرە هێرشێکی پێچەوانەدا بۆ سەر ئێران. لەهەمانکاتدا بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و سەرۆکی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا هەموویان لەگەڵ واشنتن و سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس داوا لە ئیسرائیل دەکەن وەڵامی هێرشەکەی ئێران نەدەنەوە بە مەبەستی پاراستنی دۆخی ئەمنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. "ئێمە لەسەر شەڕین و دەبێت خۆمانی لێبەدوربگرین "، جۆزێپ بۆرێل، نوێنەری باڵای یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئاسایش بە ڕادیۆی ئۆندا سێرۆی ئیسپانی وت. هەروەها سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن داوای لە ئیسرائیل کرد چاوی خۆی بەرامبەر هێرشەکە دابخات و وەڵامی نەبێت" . ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵزیش هۆشداری دا ئێران هێرشی زیاتر ئەنجام نەدات و وتی پێویستە ئیسرائیلیش بەشداربێت لە کەمکردنەوەی گرژییەکان. جێگەیباسە ڕوسیا خۆی بەدوور گرت لەوەی بە ئاشکرا ڕەخنە لە ئێران بگرێت سەبارەت بە هێرشەکان، بەڵام نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە مەترسییەکانی زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا . دوای ئەوەی رۆژی ١ی نیسان، ٧ فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران لە بینای کۆنسوڵیەی ئێران لە دیمەشق لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژران، ئەگەری ئەوەی ئێران راستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل زۆر بوو  هەرچەند وڵاتانی رۆژئاوا  و لەوانە ئەمریکا داوایان لە ئێران کرد دان بە خۆیدا بنێت و هێرش نەکات  بەڵام درەنگانی شەوی شەممە ١٣ی نیسان بە درۆن و مووشەک لە ئێران و عێراق و لوبنان و یەمەنەوە هێرشکرایە سەر ئیسرائیل، تاکە زیانی گەورە لە ئیسرائیل منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵان بوو کە بەهۆی تەقینەوەکەوە بریندار بوو.