هاوڵاتی بەگوێرەی توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی پێنسلڤانیا ئەو کەسانەی شێرپەنجەی سەر و گەرویان هەیە دەتوانرێت بە لێدانی دەرزی بێهۆشکەری لیندۆکەین بۆ بەشێکی نزیک لە لووە شێرپەنجەییەکان وا لەو خانانە بکەن کەخۆیان خۆیان لەناو ببەن. پێشتر لە ساڵی ٢٠٢٢ دا زانایانی زانکۆی پێنسلڤەینیا بۆیان دەرکەوت زۆربەی ئەو نەخۆشانەی شێرپەنجەی گەرو و سەریان هەیە، لەناو خانەکانیاندا پرۆتینی T2Rs یش دەبینرێت ولە دوای ڵێکۆڵینەوەکانیان لەم بابەتە ، پەیوەندییەکی هاوبەشیان لە نێوان چالاککردنی  ئەم پڕۆتینانە بە ماددە یان ئاوێتەیەکی تاڵ وەک دەرزی بێهۆشکەری لیندۆکەین دۆزییەوە کە وادەکات کاریگەرییەکی زۆر لەسەر خانە شێرپەنجەییەکان دابنێت و خانەکان لەناوبچن. لە هەمانکاتیشدا زانایانی ئەو زانکۆیە بۆیان دەرکەوت زیاد بوونی ئەم جۆرە پرۆتینە پەیوەندییەکی راستەوخۆی هەیە لەگەڵ باشتر بوونی دۆخی تەندرووستی نەخۆشەکە و تارادەیەکی باش چارەسەرێکی گوونجاو و لەبارە .  لە هەمان کاتتدا لە توێژینەوەیەکی دیکەی ئەم زانکۆیە راست و دروستی و گونجاوی ئەم جۆرە چارەسەرە پشتراست کرایەوە و لە ئێستادا زانایان ئومێدێکی زۆریان بەم جۆرە چارەسەرە بەستووەو پێیان وایە ئەم بابەتە رێگە خۆشکەرە تا لە داهاتوودا لە رێی ڵێکۆڵینەوەی زانستی زیاتر بتوانرێت چارەسەری گونجاو بۆ نەخۆشییە سەختەکانی وەک شێرپەنجە بە هەموو جۆرەکانییەوە بدۆزرێتەوە .

هاوڵاتی پلانەکانی سعودییە بۆ دروستکردنی شارێکی هێڵی زیرەک لە پارێزگای نیوم تابوک کە دیزاین کراوە بۆ ئەوەی هیچ شەقامێکی تێدا نەبێت و خاڵی بێت لە ئوتومبێل و گازی ژەهراوی کاربۆن بەرەو شکست هێنان دەچێت . شاری هێڵی نیۆن بڕیاربوو 105 میل (170 کیلۆمەتر) درێژ بێت، بەڵآم  چاوەڕوان دەکرێت تا ساڵی 2030 بگاتە تەنها یەک میل و نیو (2.4 کیلۆمەتر). هاوکات بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی بلومینگ ، چاوەڕوان دەکرێت تا ساڵی 2030 کەمتر لە 300 هەزار کەس نیشتەجێ بنێت لەو شارەدا لە کاتێکدا بە گوێرەی پلانی سەرەتای پرۆژەکە وا بڕیاربوو ببێتە شوێنی نیشتەجێبوونی  1.5 ملیۆن کەس. ئاژانسی بلومینگ دەڵێت هۆکاری کەمکردنەوەی درێژی ئەو شارە و بچوککردنەوەی پڕۆژەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە سندوقی سامانی سەروەری سعودیە هێشتا بودجەی نوێی ساڵی 2024ی پەسەند نەکردووە هەروەها بە لایەنی کەمەوە یەکێک لە بەڵێندەرەکانی هێڵەکە دەستی کردووە بە دەرکردنی کارمەندەکانی و کشانەوە لە پڕۆژەکە. لەم بارەیەوە بەڕێوەبەری کارپێکردنی پڕۆژەکە گیڵس پێندڵتۆن بە بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەک هەموو ئەم قسانەی ڕەتکردۆتەوەو نوسیویەتی : "چۆن وەڵامییان بدەینەوە دەربارەی ئەو کارە باوەڕپێنەکراوەی لە نیۆم ئەنجام دەدرێت؟" "گەورەترین باڵەخانەی جیهان لە چیاکانەوە بۆ دەریا"

هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 15ی نیسانی 2024 لە کۆشکی سپی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا سودانی رایگەیاند "سەردانەکەم بۆ ئەمەریکا لە کاتێکی هەستیاردایە کە گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات نیشان دەدات"، لە بەرامبەردا سەرۆکی ئەمەریکا سوپاسی سوودانی کرد کە "سەرنج دەخەیتە سەر ئابووریی و سەربەخۆیی عێراق، دەمانەوێت ئەمڕۆ زیاتر گفتوگۆ لەسەر ئەمە بکەین، هاوبەشیمان بۆ وڵاتەکانمان، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان گرنگە". سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد "پابه‌ندین له‌ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مەریكا و هاوپه‌یمانه‌كانمان له‌ ناوچه‌كه‌، له‌وانه‌ عێراق"، ئەوەشی خستەڕوو "کاردەکەین بۆ ئەوەی ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فراوان نەبن". سەرۆک وەزیرانی عێراقیش وتی "هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر خەڵکی سڤیل بەتایبەتی منداڵان و ژنان رەتدەکەینەوە"، ئەوەشی وت "پابه‌ندین به‌ ده‌ره‌نجامه‌كانی لیژنه‌ی هه‌ماهه‌نگیی باڵای نێوان عێراق و ئه‌مەریكاوه‌ و سوورین له‌سه‌ر دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ فراوانبوونی ململانێكان له‌ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست". هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا تیشکی خستەسەر ئەوەی "ئه‌مەریكا پابه‌نده‌ به‌ ئاسایشی ئیسرائیله‌وه‌، هەروەها پابه‌ندین به‌ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنی ئاگربه‌ست له‌ غه‌زه‌ بۆ ئازادكردنی بارمته‌كان و رێگریكردن له‌ فراوانبوونی بازنه‌ی ململانێكه‌".

هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە له‌ واشنتۆن سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كۆبوونه‌وه و باسیان له‌ كاراكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ستراتیژی كرد. نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌نتۆنی بلینكن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا لە واشنتۆن کۆبوونەوە، به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاووتاوێی هه‌وڵه‌كان بۆ دانانی بنه‌ماكانی په‌یوه‌ندیی دوورمه‌ودای نێوان هه‌ردوو وڵات كرا، وێڕای ئه‌وه‌ش جه‌خت له‌ كاراكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ستراتیژی كرایه‌وه‌.  سودانی و بلینكن گفتوگۆیان له‌باره‌ی پرسه‌كانی ئابووری و هه‌لی وه‌به‌رهێنان بۆ كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌ عێراق، به‌تایبه‌ت له‌ بواری وزه‌دا كرد، هه‌روه‌ها سودانی له‌میانی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا رایگه‌یاند، رێكه‌وتنی ستراتیژی نه‌خشه‌رێگای په‌یوه‌ندییه‌كانی داهاتووی عێراق و ئه‌مه‌ریكایه‌. وتیشی: پێویسته‌ هه‌وڵه‌كان بۆ رێگری له‌ فراوانبوونی ململانێ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زیاتر بكرێن. له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا پشتگیری له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی عێراق له‌ ناوچه‌كه‌ كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند "پشتگیری له‌ عێراقێكی به‌هێز به‌ له‌به‌رچاوگرتنی هه‌وڵه‌كان بۆ دابینكردنی سه‌قامگیری ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی و هه‌نگاوه‌كان به‌ره‌و په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ ده‌كه‌ین". جێگەی ئاماژەیە، رۆژی‌ 13ی‌ نیسانی‌ 2024، محه‌ممه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق سەردانی ئەمەریکای کرد و بڕیارە تاوەکو 19ی ئەم مانگە لە ئەمه‌ریكا بێت و بەردەوامی بە کۆبوونەوەکانی بدات لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە.

هاوڵاتی هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی ئیسرائیل ئەمڕۆ دووشەممە داوایان لە ئیسرائیل کرد دانبەخۆدا بگرن سەبارەت بە وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئەم هەفتەیەکی ئێران و داوایان لە حکومەتەکەی ناتانیاهۆ کردووە نەبنە هۆکاری زیادبونی مەترسییەکانی دروستبونی جەنگ  لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست . ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکیدا لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای  ناو حکومەتی ئیسرائیلەوە بڵاویکردۆتەوە کە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە دوبارە کابینەی جەنگی ئیسڕائیل کە دەسەڵاتی ئەوەی هەیە بڕیار لەسەر کات و شوێنی هێرشی پێچەوانەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بدات کۆدەبێتەوە. پێشتریش دوێنێ  یەکشەممە کابینەی جەنگی ئیسرائیل کۆبونەوەو پشتیوانی خۆیان بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ئێران ڕاگەیاند بەڵام لەسەر کات و قەبارەی وەڵامدانەوەکە بڕیاری کۆتای نەدرا. هاوکات  لەگەڵ هەبونی مەترسی دەستپێکردنی شەڕی کراوە لەنێوان ئیسرائیل و ئێران ، زیادبوونی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرۆکی ئەمریکا جۆبایدن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ، ڕایگەیاند پشگیری ئیسرائیل ناکەن لە هیچ جۆرە هێرشێکی پێچەوانەدا بۆ سەر ئێران. لەهەمانکاتدا بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و سەرۆکی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا هەموویان لەگەڵ واشنتن و سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس داوا لە ئیسرائیل دەکەن وەڵامی هێرشەکەی ئێران نەدەنەوە بە مەبەستی پاراستنی دۆخی ئەمنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. "ئێمە لەسەر شەڕین و دەبێت خۆمانی لێبەدوربگرین "، جۆزێپ بۆرێل، نوێنەری باڵای یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئاسایش بە ڕادیۆی ئۆندا سێرۆی ئیسپانی وت. هەروەها سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن داوای لە ئیسرائیل کرد چاوی خۆی بەرامبەر هێرشەکە دابخات و وەڵامی نەبێت" . ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵزیش هۆشداری دا ئێران هێرشی زیاتر ئەنجام نەدات و وتی پێویستە ئیسرائیلیش بەشداربێت لە کەمکردنەوەی گرژییەکان. جێگەیباسە ڕوسیا خۆی بەدوور گرت لەوەی بە ئاشکرا ڕەخنە لە ئێران بگرێت سەبارەت بە هێرشەکان، بەڵام نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە مەترسییەکانی زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا . دوای ئەوەی رۆژی ١ی نیسان، ٧ فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران لە بینای کۆنسوڵیەی ئێران لە دیمەشق لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژران، ئەگەری ئەوەی ئێران راستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل زۆر بوو  هەرچەند وڵاتانی رۆژئاوا  و لەوانە ئەمریکا داوایان لە ئێران کرد دان بە خۆیدا بنێت و هێرش نەکات  بەڵام درەنگانی شەوی شەممە ١٣ی نیسان بە درۆن و مووشەک لە ئێران و عێراق و لوبنان و یەمەنەوە هێرشکرایە سەر ئیسرائیل، تاکە زیانی گەورە لە ئیسرائیل منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵان بوو کە بەهۆی تەقینەوەکەوە بریندار بوو.

هاوڵاتی/ زریان فەرەیدوون هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی  شەوی شەممە ی  ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کە نزیک ٦ کاتژمێری خایاند  و تیایدا نزیکەی ٣٠٠ مووشەک و درۆنی تێدا بەکارهات ، ئیسرائیل و هاوپەیمانانی توانییان بەرپەچی ٩٩٪ ی بدەنەوەو لە دەرەوەی خاکی ئیسرائیل خرانە خوارەوە. دوای ئەوەی رۆژی ١ی نیسان، ٧ فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران لە بینای کۆنسوڵیەی ئێران لە دیمەشق لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژران، ئەگەری ئەوەی ئێران راستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل زۆر بوو  هەرچەند وڵاتانی رۆژئاوا  و لەوانە ئەمریکا داوایان لە ئێران کرد دان بە خۆیدا بنێت و هێرش نەکات  بەڵام درەنگانی شەوی شەممە ١٣ی نیسان بە درۆن و مووشەک لە ئێران و عێراق و لوبنان و یەمەنەوە هێرشکرایە سەر ئیسرائیل. کاریگەرییە سنووردارەکەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە :بەهێزی سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو فرە چینەکانی ئیسرائیل، کە سیستەمی دژە تیرە بالیستیکییەکان و سیستەمی کۆمەڵەی ئاسنین دەگرێتەوە، هەروەها ئەو هەماهەنگییە بەهێزەی لە نێوان ئیسرائیل و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی، ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسادا هەبوو. ئیسرائیل بە هاوکاری ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا  ٩٩ ٪ ی درۆن و مووشەکەکانیان بەر لەوەی بگەنە خاکی ئیسرائیل خستە خوارەوە و وتەبێژی سوپای ئیسرائیل باس لەوە ئەکات تەنها زیانێکی زۆر زۆر کەم گەیشتۆتە بنکەیەکی هێزە ئاسمانییەکان لە باشووری ئیسرائیل. سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند نزیکەی 170 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و زیاتر لە 30 موشەکی کروز و زیاتر لە 120 موشەکی بالیستی لەلایەن ئێرانەوە لە شەوی شەممەوە بۆ ئیسرائیل هەڵدراون. هەروەها کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن زیاتر لە 70 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سێ موشەکی بالیستی لەلایەن کەشتییەکانی هێزی دەریایی و فڕۆکە سەربازییەکانی ئەمەریکاوە ڕێگرییان لێکراوە، بەبێ ئەوەی وردەکاری ئەوە بدەن کە چ جۆرە بەرگرییەک بەکارهێنراوە بۆ لەناوبردنی موشەکەکان. بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی CNN یش هێزی دەریایی ئەمەریکا لانیکەم سێ موشەکی بالیستیکی بە بەکارهێنانی سیستەمی بەرگری موشەکی ئەیجیس خستە خوارەوە کە لەسەر ئەو دوو  کەشتییە سەربازییەی ئەمریکان کە تەنها ڕۆژێک پێش هێرشەکەی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست جێگیریکردن. ئەو ئاژانسە دەڵێت هەروەها فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکاش بەکارهێنراون بۆ بەرپەچدانەوەی موشەکەکانی ئێران بەڵآم ئاشکاری نەکردووە لەکام بنکەی ئەمریکاوە لە ناوچەکە  فڕۆکەکان هەڵساون . هەروەها وتەبێژی  سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاند فەڕەنساش دەستی هەبووە لە ڕێگەگرتن لە هێرشەکانی ئێران. هاوکات فڕۆکەکانی بەریتانیاش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە نزیک سنووری سوریا و عێراق خستۆتە خوارەوە، کە بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان لەلایەن هێزەکانی سەر بە ئێرانەوە لەو ناوچانە هەڵدراون. جگە لە یارمەتی هاوپەیمانەکانی ئیسرائیلیش لە هەمان کاتدا، کۆمەڵێک سیستەمی بەرگری  بەکاردەهێنێت بۆ ڕێگریکردن لە هێرشەکان هەر لە موشەکی بالیستییەوە  بۆ موشەکی کروز و موشەکە نزمەکان. ئاژانسی CNN سەبارەت بە سیستەمی بەرگری ئیسرائیل بڵاویکردۆتەوە سیستەمی  بەرگری ئاسمانی ئایرۆن دومی ئیسرائیل یەکێکە لە هەرە دیار و بەهێزەکان و ئیسرائیل بەلایەنی کەمەوە ۱۰ پاتری ئایرن دۆمی هەیە، هەریەکەیان ڕادارێکیان هەیە کە موشەکەکان دەدۆزێتەوە و دواتر سیستەمێکی فەرمان و کۆنترۆڵ بەکاردەهێنێت کە بە خێرایی  ئەوە دیاریدەکات کە ئایا موشەکەکە جێی مەترسییە یانیش لە ناوچەیەکی دورەدەست و چۆڵ دەدات،  و ئەگەر موشەکەکە هەڕەشەیەک دروست بکات، ئایرن دۆم موشەک لە زەویەوە هەڵدەدات بۆ لەناوبردنی هێرشەکە لە ئاسماندا. یەکێکی دیکە لە سیستەمی بەرگری ئیسرائیل پلیکانەکانی بەرگری موشەکی دەیڤد سلینگن، کە پارێزگاری لە هەڕەشەی مەودا کورت و مامناوەند دەکات و لە دووری 186 میلەوە ئامانجەکان لەناو دەبات. هەروەها سیستەمی Arrow 2 و Arrow 3 ی ئیسرائیل هەیە کە بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا پەرەیپێدراوە لە بەرپەچدانەوەی هێرشەکاندا بەکارهاتوون جگە لەمەش  ئیسرائیل خاوەنی فڕۆکەی جەنگییە، لەوانە فڕۆکەی F-35I  و F-15کە بۆ خستنە خوارەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکەکان بەکارهێنراون. هەر لەم بارەیەشەوە رام عەمیناح، راوێژکاری دارایی پێشووی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بە رۆژنامەکە ی "یەدیعوت ئەحرنوت"ی ئیسرائیلیی راگەیاند:  تێچووی بەرپەرچدانەوەی درۆن و مووشەکەکانی شەوی رابردوو کە ئێران ئاڕاستەی ئیسرائیلی کردن، پێنج ملیار شیکڵ (١.٣٥ملیار دۆلاری ئەمریکی) بووە. راشیگەیاند: "یەک مووشەک لە جۆری (حیتس) کە مووشەکی بالیستیکیی ئێرانی خستووەتە خوارەوە، تێچووەکەی ٣.٥ ملیۆن دۆلارە، ھەروەھا یەک مووشەکی سیستمی (عەسای جادوویی)ش ملیۆنێک دۆلارە". شەوی رابردوو، سوپای پاسدارانی ئێران بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ھێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە دیمەشق لەلایەن ئیسرائیلەوە، بە درۆن و مووشەکی بالیستیک و کرووز زنجیرەیەک ھێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بەڵام وەک ئیسرائیل باسی لێوە دەکات، بەھۆی ھێرشەکەوە تەنیا منداڵێکی ٧ ساڵان بریندار بووە.

 هاوڵاتی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی  شەوی شەممە لە سەر یەکشەممەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کە نزیک ٦ کاتژمێری خایاند و لەو هێرشانەدا ئێران نزیک ٣٠٠ مووشەک و درۆنی گرتە خاکی ئیسرائیل، کچێکی تەمەن ٧ ساڵان بە سووکی بریندار بووەو ٩٩٪ ی مووشەک و درۆنەکان لە دەرەوەی خاکی ئیسرائیل خراونەتە خوارەوە. بەڵام ئەو هێرشە نیگەرانی زۆری لە کۆمەڵگای جیهانی دروستکردووەو لە دوێنێ شەوەوە بۆتە مانشێتی یەکەمی سەرجەم  میدیاکان. سوپای پاسداران رایگەیاندووە زۆربەی زۆری ئامانجەکانی خۆی لەم هێرشەدا پێکاوەو ئەم هێرشە وەڵامدانەوە بووە بە کوژرانی ٧ ئەفسەری باڵای سوپای پاسداران لەوانە محەممەد رەزا زاهیدی، بەرپرسی دۆسیەی سووریا  و لوبنان لە سوپای قودس. لە بەرامبەردا ئیسرائیل باس لەوە ئەکات لەم هێرشانەدا زیانێکی ئەوتۆی پێ نەگەیشتووە. دوای ئەوەی رۆژی ١ی نیسان، ٧ فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران لە بینای کۆنسوڵیەی کۆماری ئیسلامی لە دیمەشق لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژران، ئەگەری ئەوەی ئێران راستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل زۆر بوو. هەرچەند وڵاتانی رۆژئاوایی و لەوانە ئەمریکا داوایان لە کۆماری ئیسلامیکرد دان بە خۆیدا بنێت و هێرش نەکات و نەبێ بە هۆی توندتربوونەوەی ناکۆکییەکان لە ناوچەکە، بەڵام درەنگانی شەوی شەممە ١٣ی نیسان بە درۆن و مووشەک لە ئێران و عێراق و لوبنان و یەمەنەوە هێرشکرایە سەر ئیسرائیل. ئیسرائیل بە هاوکاری ئەمریکا و فەرەنسا ٩٩٪ درۆن و مووشەکەکانیان بەر لەوەی بگەنە خاکی ئیسرائیل خستە خوارەوە و وتەبێژی سوپای ئیسرائیل باس لەوە ئەکات تەنها زیانێکی زۆر زۆر کەم گەیشتۆتە بنکەیەکی هێزە ئاسمانییەکان لە باشووری ئیسرائیل. دەستبەجێ و دوای ئەم هێرشە، لە سەر داوای ئیسرائیل، کۆبوونەوەی کوتووپڕی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوتوێکردنی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، کاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە بە کاتی نیۆیۆرک بەڕێوە ئەچێت. ئەنتۆنیۆ کۆرتێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و توندتربوونەوەی ناکۆکییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی ئەم هێرشەوەی شەرمەزار کرد. وتیشی :" زۆر نیگەرانم لەوەی ناکۆکی و نائارامییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قووڵتر بێتەوە، داوا لە لایەنەکان ئەکەم خۆیان بەدوور بگرن لەوەی جەنگ لەناوچەکە پەرە بستێنێت". جۆبایدن سەرۆککۆماری ئەمریکاش رایگەیاند بۆ رێککەوتن و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەوەی چۆن بە شێوەی دیپلۆماسی هەڵوێست بگرن بەرامبەر بە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، رۆژی یەکشەممە لەگەڵ وڵاتانی G7 کۆ ئەبێتەوە. سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا وەک سەرۆکی ئێستای G7 دوای نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە ئەم کۆبوونەوەیە رێک ئەخات.   بایدن جەختی کردەوە:" لەسەر فەرمانی من و بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل، لە ماوەی هەفتەیەکدا سوپای ئەمریکا فڕۆکە و پاپۆڕی بەرگری مووشەکی بالیستیکی گواستەوە بۆ ناوچەکە. بە هۆی جێگیربوونی ئەم هێزانە و لێهاتووی سەربازەکانمانەوە، یارمەتی ئیسرائیلمان دا بەوەی زۆرینەی رەهای درۆن و مووشەکەکان بخەنە خوارەوەو لەناویان بەرن". لەم کاتەدا کە نائارامییەکان قووڵتر بوونەتەوە، وەزارەتی بەرگری رووسیا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند پاپۆڕێکی هێزی دەریایی رووسیا کە مووشەکی سۆپەرسۆنیکی " کێنژاڵ"ی لەسەرە لە رێگای گەرووی سوئیزەوە گەیشتۆتە دەریای ناوەڕاست. رۆیتەرز لەم بارەوە نووسیویەتی  کەشتی " مارسال شاپۆسنیکۆڤ" راسپێردراوە بەوەی بگاتە ئەو ناوچەیە و ئەرکەکانی جێبەجێ بکات. بەڵام باسی لە وردەکاری ئەرکەکانی نەکردووە. هەر لەم پەیوەندەدا وەزارەتی دەرەوەی چین داوای لە دوو لایەن کردووە دان بە خۆیاندا بگرن و هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلی بە " دوایین سەرڕێژی جەنگی غەزە" وەسف کردووەو داوای کردووە پەسەندکراوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی ئاگربەست لە غەزە جێبەجێ بکرێت و هەروەها وتوویانە، ئەبێ لە ئێرەدا جەنگ کۆتایی پێ بێت. وەزارەتی دەرەوەی چین هەروەها وتوویەتی :" چین داوا لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی ئەکەین کە هەموو هێزی خۆیان بخەنە گەڕ بەوەی ئاشتی و ئارامی بگەڕێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".   ئەمریکا و کەنەدا چی ئەڵێن؟   سەرەڕای جیاوازی بۆچوون و بیرکردنەوە لە نێوان جۆبایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا و بێنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دەربارەی جەنگی غەزە و شێوەی بەڕێوەبردنی جەنگ، بایدن دوای هیرشی ئاسمانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، جارێکیتر جەختی کردەوە بەوەی ئەمریکا پەیوەستە بەوەی هاوکاری ئیسرائیل بکات بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی و رایگەیاند ئەمریکا بەرپرسایەتییەکی ئاسنینی هەیە بەرامبەر پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل. لەهەمانکاتدا کەناڵی تەلەفیزیۆنی CBS ی ئەمریکی رۆژی یەکشەممە ١٤ نیسان رایگەیاند، جۆبایدن نیگەرانە لەوە نتانیاهۆ سەرەڕۆیانە وەڵامی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بداتەوەو ئەمریکا بباتە ناو جەنگێکی بەربڵاوەوە. بە پێی ئەم راپۆرتە، بەرپرسانی دەوڵەتی بایدن لە وتووێژە تایبەتییەکانی خۆیان دەربارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کۆنسولگەری ئێران و کوژرانی ٧ فەرماندەی باڵای سوپا، هەستیان بە نیگەرانی کردوەو دەستەوەستانن.   بەرپرسێکی باڵای دەوڵەتی بایدن بە NBC وتووە :" لام وانییە ئیسرائیل ستراتیژییەکی هەبێت، ئیسرائیلییەکان هەموو کات باشترین بڕیاری ستراتێژی نادەن". لەم راپۆرتەدا ئاماژە بەوە دراوە،واشنگتۆن نیگەرانە لە چۆنیەتی بەڕێوەبەردنی جەنگ لە لایەن ئیسرائیلەوە دژی حەماس. بە پێی ئەم راپۆرتەی کەناڵی NBC ، کۆشکی سپی لەسەر ئەو باوەڕەیە ، ئیسرائیل نایهەوێت بچێتە جەنگی راستەوخۆوە لەگەڵ ئێران، بەڵام دڵنیا نین لەم بۆچوونەیان. ئەم راپۆرتەی کەناڵی NBC لە کاتێکدا بڵاو بۆتەوە کە جۆبایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا لە کاتی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ٢٥ خولەک لەگەڵ نتانیاهۆ بە تەلەفۆن قسەی کردووە. لۆئید ئۆستین، وەزیری بەرگری ئەمریکا لە کاتی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل پەیوەندی بە "گالانت" وەزیری بەرگری ئیسرائیلەوە کردووەو داوای لە ئیسرائیل کردووە، بەرلەوەی وەڵامی هێرشی ئێران بدەنەوە، ئەمریکا ئاگادار بکەنەوە. واشنگتۆن پێشتر رایگەیاندبوو کە ئاگاداری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کۆنسولگەری ئێران لە دیمەشق نەبووە کە بەو هۆیەوە ٧ ئەفسەری پلەباڵای سوپای پاسداران کوژران. دوا بە دوای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، جۆن بۆڵتۆن، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە سەردەمی دۆناڵد ترامپ، داوای لە ئەمریکا کردووە هێرشی سەرباز بکەنە سەر ئێران بەتایبەت ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە. جۆن بۆڵتۆن لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی CNN رایگەیاند، هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ئەوەی خستەڕوو کە ئەمریکا و ئیسرائیل توانای ئەوەیان نەبووە بەر بە چالاکییە سەربازییەکانی ئێران بگرن. جۆن بۆڵتۆن هەروەها لە وتووێژێکیتر لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی NEWS MAX دەوڵەتی بایدنی بە تاوانبار زانی بەوەی ئێران توانیویەتی هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل و لە راستییدا هێرشی ٧ی تشرینی یەکەم بۆ سەر ئیسرائیل لە لایەن حەماسەوە بەشێک لە رێکارەکانی ئێران بەوە بۆ ئەوەی " بازنەیەکی ئاگر" بە دەوری ئیسرائیلدا دروست بکات. نانسی پلۆسی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و بەرپرسی پێشتری ئەنجومەنی نوێنەران لە پەیامێکدا لەگەڵ ئەوەی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلی شەرمەزارکرد ، جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی بەرپرسایەتی ئەمریکا بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکی ئیسرائیل و پاراستینیان شتێکی نەگۆڕە و سوورن لەسەر ئەوەی پشتیوانی ئەو وڵاتە و خەڵکەکەی بن. جۆستین ترۆدۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەداش  هێرشی ئاسمانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلی شەرمەزار کرد و وتی :" ئێمە پشتیوانی ئیسرائیلین و لەگەڵ ئەو وڵاتەیەن".   ئەورووپییەکان هەڵوێستیان چۆنە؟   سەرۆککۆماری فەرەنسا لەگەڵ ئەوەی هێرشی راستەوخۆ و بێ وێنەی سەربازی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیلی شەرمەزار کرد، رایگەیاند ئەم رووداوە ئەبێت بە هۆی زیاتر ناسەقامگیربوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێمانۆئێل ماکرۆن لەگەڵ ئەوەی پشتیوانی خۆی بۆ ئیسرائیل دەربڕێ وتی :" فەرەنسا خۆی بە بەرپرس ئەزانێت بەوەی هەوڵ بدات بۆ پاراستی ئاسایشی ئیسرائیل و هاوبەشەکانی خۆی لە ناوچەکە و لە هەمانکاتدا داوای لە هاوپەیمانەکانی خۆی کردووە بۆ کەمکردنەوەی نائارامییەکان لە ناوچەکە دان بە خۆیاندا بگرن و وەڵام نەدەنەوە". وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند فەرەنسا یەکێک لەو وڵاتانە بوو هاوکاری ئیسرائیلی کردووە بۆ بەرگری کردن لە وڵاتەکەی بەرامبەر هێرشە مووشەکییەکانی ئێران. لە لایەکیترەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند ، ئانالێنا بائێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رۆژی یەکشەممە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ناوەندی رووبەڕوو بوونەوەی قەیرانی دەوڵەت لە بەرلینی بە ئەستۆیە  بۆ باسکردن و تاوتوێکردنی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل. ریشی سۆناک، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، هێرشە بێ شەرمانەکانی ئێرانی شەرمەزار کرد و لای وایە ئەم هێرشانە ئەبێ بە هۆی پەرەسەندنی زیاتری جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها وتی :" ئێران جارێکیتر ئەوەی نیشاندا دەیهەوێت لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی و لەو شوێنانەی هێزە میلیشیاکانی چالاکن، بشێوی بنێتەوەو ببێت بە هۆی نائارامی ناوچەکە". جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ەورووپا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵاتی X  نووسیویەتی :" ئەم هێرشانە ئەبن بە هۆی پەرسەندنی زیاتری نائارامییەکان لە ناوچەکە و هەڕەشەیەکی جیدین لەسەر ئاسایشی ناوچەکە". بە پێی راپۆرتەکان سەرۆکەکانی ٧ وڵاتی پیشەیی دیمۆکراتیک G7 دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە کۆ ئەبنەوە بۆ گفتووگۆ کردن و تاوتوێکردنی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و لە ئێستادا ئیتالیا سەرۆکی کاتی G7  ە. ئۆرسۆلا فۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا رۆژی یەکشەممە لە تویتێکدا نووسی :" من هێرشی ئاشکرا و بێ پاساوی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بە توندی شەرمەزار ئەکەم... لە ئێستادا هەموو لایەنەکان ئەبێ هەوڵی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی ئارامی بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە". پێدرۆ سانچێز سەرۆک وەزیرانی سپانیا داوای لە لایەنەکان کرد دان بە خۆیاندا بگرن و وتی :" مەدرید هەرچەشنە توندووتیژییەک کە ببێت بۆ هۆی تێکدانی ئاسایشی کەسانی مەدەنی بێتاوان شەرمەزار ئەکات". سویدیش بە هەمانشێوە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلی شەرمەزارکرد و وتی :" ئەمە ئەنجامی زۆر جیدی و خراپی دەبێت لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و ئەبێت بە هۆی تێکدانی زیاتر ئارامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وئێمە لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکەین" وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراین هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلی شەرمەزا کرد و لە راگەیاندنێکدا نووسیویانە :" ئەم هێرشانە ئەوە ئەخەنە روو کە پێویستە هەموو هێزەکانی دونیای ئازاد بەرگری لە سنوورەکانی دونیای دیمۆکراسی بکەن و هاوپەیمان بن بۆ بەرگریکردن".  

هاوڵاتی ئەمرۆ یەکشەممە ١٤ی نیسانی ٢٠٢٤، نەتەوەیەکگرتووەکان لە پەرەی فەرمی خۆی لە پێگەی "ئێکس" بڵاوی کردەوە ، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە سەر داوای ئیسرائیل و بەمەبەستی تاوتوێ کردنی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەراست کۆدەبێتەوە. هەر لەمبارەیەوە نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەرەی خۆی لە سەر پێگەی "ئێکس" داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە پەلە بکات لە ناساندنی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی. لەلایەن خۆیانەوە وەزارەتی دەرەوەی چین سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل رایگەیاند،داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دان بە خۆیاندا بگرن و خۆیان لە زیاتر ئالۆزتر کردنی کێشە و کیشمەکێشەکان دووربگرن. جێی ئاماژەیە شەوی رابردوو ئێران لە تۆڵەی بوردومانکردنی باڵیۆزخانەکەی لەلایەن ئیسرائیلەوە لە دیمەشقی پایەتەختی ئیسرائیل ،بە زیاتر لە 300 مووشەک و درونی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل بەڵام بە پێی راگەیاندراوەکانی ئیسرائیل و ئاژانسەکانی هەواڵ ئەو هێرشە زیانێکی ئەوتۆی نەبووە بۆ ئیسرائیل.

هاوڵاتی / شوان عەباس بەدری  وەزارەتی بەرگری روسیا ئێوارەی رۆژی هەینی کۆی گشتی زەرەروزیانەکانی هەفتەی رابردووی هێزەکانی ئۆکرانیای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تەنها لە هەفتەی رابردوودا هێزەکانی روسیا توانیویانە زیاتر 6685 سەربازی ئۆکرانی بکووژن و 1712 درۆن و دەیان مووشەکی رۆژئاواییش بخەنە خوارەوە. هەر لە بەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگری روسیادا هاتووە کە لە رۆژانی شەش تاکو دوانزەی مانگی نیسانی ئەمساڵدا هێزەکانی روسیا بە تووندی وەڵامی هێرشەکانی ئۆکرانیان داوەتەوە کە بە نیاز بوون زەرەروزیان بە پیشەسازی نەوت و گاز و وزەی روسیا بگەیەنن و هێزەکانیان لە رێگەی وشکانی و ئاسمانی و دەریاییەوە 47 هێرشی بەرفراوانیان بۆ سەر ژێرخانی وزە و بنکە لۆجیستی و کۆمەڵگە سەربازییەکانی ئۆکرانیا ئەنجامداوە". هەروەها لە راگەیاندراوەکەدا ئەوە خراوەتە روو کە لە شەرگەی "دونیتسک" زیاتر لە 3000 هەزار سەربازی ئۆکرانی کوژراون و لە میحوەری "ئەفدیفکا"ش زیاتر لە 2130 سەربازی دیکە بە دەستی هێزەکانی روسیا کوژراون و 21 سەربازی ئۆکرانیش لە هەفتەی رابردوودا خۆیان تەسلیم بە هێزەکانی ئۆکرانیا کردووە . لە 24ی شوباتی 2022، رووسیا هێرشێکی فراوانی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا دەستپێکرد. ئەمریکا و چەندین وڵاتی ئەوروپا هەر لە دەستپێکی جەنگەوە پشتگیریی خۆیان بۆ ئۆکرانیا راگەیاند و بە چەک و پارە یارمەتییان داوە. لە شوباتی ئەمساڵیش، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، دەبێت وڵاتانی رۆژئاوا لەوە تێبگەن کە ناتوانن لە ئۆکراینا شکست بە رووسیا بێنن.  

هاوڵاتی کاربەدەستانی ئەمەریکا ئەمڕۆ هەینی ڕایانگەیاند پەنتاگۆن بوونی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتر دەکات، ئەمەش بە ناردنی کەشتی جەنگی و فڕۆکەی زیاتر بۆ ناوچەکە بە مەبەستی پاراستنی هێزەکانی بەتایبەت دوای هەڕەشەکانی ئێران.  ڕۆژنامەی واشینتۆن پۆستی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی بەرگری ئەمەریکاوە ئەمڕۆ هەینی ١٢/٤/٢٠٢٤ بڵاویکردەوە کە ، پنتاگۆن بڕیاریداوە ژمارەیەک کەستی سەربازی بەرەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بجوڵێن بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  و پاراستنی کارمەند و هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا". ئەم گۆڕانکارییە نیگەرانییەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن دەردەخات لەوەی پشتیوانی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل لە شەڕی غەزەدا لەوانەیە ببێتە هۆی توندوتیژییەکی فراوانتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تەنانەت لە کاتێکدا بەرپرسانی واشنتۆن ڕەتیان کردەوە ئەمەریکا دەستی هەبووبێت لە هێرشەکەی 1 ی مانگی چواردا لە دیمەشق کە بووە هۆی کوژرانی دوو فەرماندەی سەربازی ئێران، کۆماری ئیسلامی ئێران ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە هێرشەکە و بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی دا. سەبارەت بە جۆری ئەو کەشتی و فڕۆکانەی بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەجوڵێنرێن ئەو ڕۆژنامەیە باسی لەوەکردوە کە بەرپرسێکی دیکەی بەرگری ئەمەریکا کە ئاگاداری پلانەکەی پنتاگۆنە ڕەتیکردۆتەوە جۆری کەشتییەکە ئاشکرا بکات لەبەر ئاسایشی کەشتییەکە.  ئەو ڕۆژنامەیە ئاماژەی بەوەشداوەکە، سەرکردە باڵاکانی پێنتاگۆن نائومێد بوون لەوەی ئیسرائیل حکومەتی ئەمەریکای ئاگادار نەکردۆتەوە پێش هێرشەکەی دیمەشق هاوکات ژمارەیەک کاربەدەستی پنتاگۆن  لەم هەفتەیەدا بە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستیان ڕاگەیاندوە وەزیری بەرگری لۆید ئۆستن ڕاستەوخۆ سکاڵای لە هاوتا ئیسرائیلییەکەی وەزیری بەرگری یۆڤ گالانت کردووە و جەختی لەوە کردەوە کە کاریگەری لەسەر هێزەکانی ئەمەریکا و بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا هەیە. لە کاتێکدا ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەمەریکا بەرپرسیار دەکات لە کردەوەکانی ئیسرائیل، لەوانە هێرشەکەی سەر دامەزراوەکەی لە دیمەشق، بەڵام ڕوون نییە کە ئایا تاران هەوڵدەدات ڕاستەوخۆ ڕێوشوێن لە دژی ئەمەریکا بگرێتەبەر یان تەنها تیشک دەخاتە سەر ئیسرائیل.

هاوڵاتی رووسیا و ئەڵمانیا نیگەرانن لە دەستپێکی جەنگی ئیسرائیل و ئێران و داوا دەکەن نەبنە هۆی قووڵتربوونەوەی قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕێوشوێنی ئەمنی جیاوازیان گرتە بەر بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی وڵاتەکانیان. رۆژی پێنج شەممە ١١ ی نیسان، ئانالنا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، داوای لە لایەنی ئێرانی کرد دان بە خۆیاندا بنێن و پەرە بە نائارامییەکان نەدەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەرەسەندنی جەنگ لە بەرژەوەندی کەسدا نییە. بە پێی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X بڵاو کراوەتەوە، داوا لە هەموو لایەنەکان کراوە دان بە خۆیاندا بنێنن و بەرپرسانە بجووڵێنەوە. هاوکات کۆمپانیای 'لۆفتهانسا'می ئەڵمانی بۆ فڕۆکەوانی کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە؛ بڵاویکردەوە، بەهۆی دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مەترسییە ئەمنییەکانەوە گەشتەکانیان بۆ تارانی پایتەختی ئێران ڕادەگرن و ڕێگەشنادەن هیچ فڕۆکەیەک لە تارانەوە بەرەو ئەڵمانیا بفڕێت.  لە لایەکیترەوە، مۆسکۆ داوای لە ئێران و ئیسرائیل کردووە بەرپرسانە هەڵسووکەت بکەن و نەبن بە هۆی پەرەسەندنی نائارامییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دیمێتری پێسکۆڤ ، وتەبێژی کۆشکی کرێملین رۆژی پێنج شەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییەدا وتی :" گرینگە لایەنەکانی دان بە خۆیاندا بنێنن و نەبن بە هۆی پەرسەندنی نائارامی و ناسەقامگیری زیاتر لە ناوچەکە". لەهەمانکاتدا وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا هۆشداریی بە هاووڵاتییە ڕووسیەکانی دەدات بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی ئیسرائیل و لوبنان نەکەن. لەوبارەیەوە ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، داوایان لە هاووڵاتییەکانیان کردووە خۆیان لە سەردانیکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بپارێزن، ئەوەش وەک ڕێکارێکی ئەمنی بۆ پاراستنی سەلامەتییان. گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئەڵمانیا تا دێت پەرەدەسێنێت، و پێشبینیدەکرێت لەم چەند ڕۆژەدا ئێران وەڵامی هێرشەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەیان لە دیمەشقی پایتەختی سووریا بداتەوە کە بەهۆیەوە ژمارەیەک فەرماندە و سەربازیی سوپای پاسداران کوژران و بریندرابوون.

هاوڵاتی کۆریای بەکور بەردەوامە  لە پەرەپێدانی بە بەرنامە سەربازییەکانی و ڕایگەیاند موشەکێکی نوێی مەودا ناوەندی تاقیکردەوە کە بە سوتەمەنی ڕەق بەکاردەهێنرێت و پێنج ئەوندەی خێرای دەنگ بەهێزە . سەرەتای ئەم مانگە، کیم سەرپەرشتی تاقیکردنەوەی هەڵدانی موشەکێکی نوێی بالیستیکی هایپەرسۆنیکی مەودای مامناوەندی کرد، کە سوتەمەنی ڕەق بەکاردەهێنێت، کە شرۆڤەکاران دەڵێن، ئەو جۆرە چەکانە ئەگەر تەواو بکرێن، لەوانەیە بتوانن لە کۆریای باکورەوە  بگەنە ئامانجە دوورەکانی وەک دورگەکانی ئەمریکا. ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریا KCNA لە ڕاپۆرتێکیدا بڵاویکردۆتەوە سەرۆکی کۆریای باکوور بەڵێنیداوە  چەکی زیاتر و بەهێزتر پەرەپێبدات و بەرهەمبهێنێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنەکانی، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ژاپۆن و کۆریای باشوور و ئەمەریکا. سەرۆکی کۆریای باکور لەم مانگەدا سەرپەرشتی تاقیکردنەوەی هەڵدانی موشەکێکی نوێی بالیستیکی هایپەرسۆنیکی مەودای مامناوەندی کرد، کە سوتەمەنی ڕەق بەکاردەهێنێت و بەگوێرەی  ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریا (KCNA) دەڵێت فڕۆکەی Hwasong-16B بۆ ماوەی نزیکەی 1000 کیلۆمەتر (621 میل) گەشتی کردوە، وگەیشتەووەتە بەرزی لوتکەیەک کە 101 کیلۆمەتر (62 میل) بووە. هاوکات سوپای سیئۆلی کۆریای باشوریش ڕایگەیاندووە، فڕۆکەکە نزیکەی 600 کیلۆمەتر (370 میل) لە ئاسماندا هەڵفڕیوە پێش ئەوەی لە دەریای نێوان کۆریای باشوور و ژاپۆندا بکەوێتە خوارەوە. جێگەیباسە لە ئێستادا کۆریای باکوور تەرکیزی کردۆتە سەر پەرەپێدانی چەکی سووتەمەنی ڕەقی پێشکەوتووتر، چونکە شاردنەوە و جووڵەیان ئاسانترە و دەتوانرێت خێراتر هەڵبگیرێت. چەکی سوتەمەنی شل پێویستە پێش هەڵدانی سووتەمەنی تێبکرێت ناتوانرێت بۆ ماوەیەکی درێژ بە سوتەمەنییەوە بمێنێتەوە و هەڵبگیرێت بەڵآم چەکی سوتەمەنی ڕەق وانییە. هەروەها چەکی هایپەرسۆنیک دیزاین کراوە بۆ ئەوەی پێنج ئەوەندەی خێرایی دەنگ تێپەڕێنێت و هەروەها دەتوانرێت لە کاتی فڕیندا مانۆڕ بکرێت. شیکەرەوەکانیش دەڵێن ئەو جۆرە چەکانە ئەگەر تەواو بکرێن، لەوانەیە بتوانن لە کۆریای باکورەوە  بگەنە ئامانجە دوورەکانی وەک دورگەکانی ئەمریکا  و ناوچە سنورییەکانی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

هاوڵاتی پۆلیسی ئەڵمانیا رۆژی چوارشەممە ١٠ی نیسانی ٢٠٢٤ رایگەیاند، ژن و مێردیکی عێراقیان دەستگیرکردووە کە گومانی ئەوەیان لەسەرەو تۆمەتبارن بە کۆمەڵکوژی و تاوانی دژی مافی مرۆڤ لەبەر ئەوەی دوو کچی ئێزدییان کردووە بە کەنیزە. ئەم ژن و مێردە کە ناویا "توانا" و "ئاسیە"یە، تۆمەتبارن بەوەی لە ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٧ لە عێراق و سوریا دوو کچی ئێزدیان کردووە بە کەنیزە و دەستدرێژی سێکسیان کردوونەتە سەر و ئازار و ئەشکەنجەیان داون. پۆلیسی ئەڵمانیا باس لەوەدەکات، ئەم ژن و مێردە بەر لەوەی ساڵی ٢٠١٧ سووریا بەرەو ئەڵمانیا جێ بهێڵن ، دوو کچە ئێزدییەکەیان سپاردووەتە دەست ئەندامانیتری داعش، هەروەها بە وتەی پۆلیسی ئەڵمانیا، هەموو ئەم تاوانانە وەک هەوڵدان بۆ لەناوبردنی ئایینی ئێزدی دێتە ئەژمار و تاوانی دژ بە مافی مرۆڤە.

هاوڵاتی لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە، سێ کوڕ و سێ نەوەی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس کوژران. بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی قاهیرە، ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی نیسانی 2024 لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە، سێ کوڕی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، بەناوەکانی (حازم، ئەمیر و محەمەد) و سێ لە نەوەکانی کوژران و کوڕێکی دیکەشی بریندارە. لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە هەواڵی گیانلەدەستدانی کوڕەکانی و نەوەکانی بە ئیسماعیل هەنییە درا کە لەئێستادا لە قەتەرە، لەدوای نیستنی هەواڵەکە هەنییە وتی "سوپاسی خوا دەکەم کە شەرەفی شەهیدبوونی کوڕەکانم و هەندێک لە نەوەکانمی پێم بەخشی، منداڵەکانم هاوشێوەی فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەزە مانەوە و هەموو خەڵکی غەزە قوربانی زۆریان داوە". وتیشی "ئیسرائیل بە کوشتنی منداڵی سەرکردەکان، ناتوانێت ورەی فەڵەستینییەکان بۆ بەگریکردن لە دۆزە رەواکەیان بشکێنێت و ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا نزیکەی 60 کەس لە خانەوادە و کەسوکارەکەی کوژراون و ئەوانیش هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ هاوڵاتییانی دیکەی فەڵەستینی نەبووە". وەزارەتی تەندروستی غەزە رایگەیاندووە، لە ئەنجامی دەستدرێژی داگیرکەری ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 122 شەهید و 56 بریندار گەیشتوونەتە نەخۆشخانەکان. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا ژمارەیەک قوربانی لەژێر داروپەردوو و لەسەر رێگەیان ماون و تیمەکانی ئەمبولانس و بەرگریی شارستانی ناتوانن بگەنە دەستیان.  

هاوڵاتی رۆژی سێ شەممە ٩ی نیسان جۆن کێربی وتەبێژی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی، رایگەیاند ئەگەر ئێران خوازیاری ئاگربەستە لە جەنگی غەزە، پێویستەفشار بخاتە سەر حەماس . قسەکانی جۆن کێربی سەبارەت بە فشارخستنەسەر حەماس لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە کاتێکدایە بەگوێرەی هەواڵێکی سابرین نیوز، کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیامێکدا بە  ئەمریکای وتووە   بە مەرجێک دەستبەرداری تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل ئەبێت کە جەنگی غەزە رابگیردرێت و ئاگربەست بکرێت. سابرین نیوز کە ناوەندێکی هەواڵی سەر بە گرووپی مقاومەی عێراقە و بە زمانەکانی فارسی و عەرەبی هەواڵ و زانیارییەکان بڵاو ئەکاتەوە، دواتر ئەم هەواڵەی لە پەیج و کەناڵی تایبەتی تێلگرامی خۆی سڕییەوە. هاوکات دوا بە دوای هیرشی رۆژی ١ی نیسانی ئیسرائیل بۆ سەر بینایی کۆنسولگەری کۆماری ئیسلامی لە دیمەشق کە بەو هۆیەوە لانیکەم ٧ ئەندامی پلەباڵای سوپای پاسداران کوژران، کۆماری ئیسلامی ئێران  باس لە تۆڵەسەندنەوە ئەکات و ئیسرائیل کەوتۆتە دۆخی ئامادەباشییەوەو باڵیۆزخانەی خۆیان لە بەشێک لە وڵاتان داخستووە.