هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، گفتووگۆکانی نێوان نوێنەرەکانی ئیسرائیل و حەماس رۆژی یەکشەممە ٣١ی ئازار لەقاهیرە سەبارەت بە ئاگربەست دەست پێدەکاتەوە و بنەماڵەی بارمتەکانیش هەڕەشە لە حکومەتەکەی ناتانیاهۆ دەکەن. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئەمڕۆ شەممە بە پشت بەستن بە هەواڵی کەناڵی تەلەفیزیۆنی قاهیرە نیوز رایگەیاند، گفتووگۆکانی نێوان نوێنەرەکانی ئیسرائیل و حەماس رۆژی یەکشەممە  دەست پێدەکاتەوە. هەر لەم بارەیەوە  بەرپرسێکی حەماس سەبارەت بە داواکارییەکانیان بەو ئاژانسەی وتووە،  حەماس دەیەوێت سەرەتا بزانێت ئەنجامی گفتووگۆکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی نێوانگیر چی دەبێت دواتر نوێنەر ئەنێرێت. جگە لە حەماس ئیسرائیلیش ئامادەی خۆی بۆ دانیشتنەکان دەربڕی و رۆژێک دوای ئەوەی دادگای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ  بڕیاریدا  کە ئیسرائیل پێویستە ڕێگە بدات یارمەتییە مرۆییەکان بچنە ناو غەززەوە، ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڕیاریدا دانیشتنەکان لەگەڵ حەماس دەستپێبکاتەوە و دوابەدوای بڕیارەکە  نووسینگەی نتانیاهۆ رایگەیاند کە گفتووگۆ نوێکان لەسەر ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان لە رۆژانی داهاتوودا لە دووحە و قاهیرە بەڕێوە ئەچێت. هەر ئەمشەویش ٣٠/٣/٢٠٢٤ له‌ هه‌نگاوێكی نوێدا بۆ په‌ره‌پێدانی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان دژ به‌ نه‌ته‌نیاهۆ ، بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌لایه‌ن حه‌ماسه‌وه‌ ڕفێندراون و ده‌ستبه‌سه‌رن، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ خۆپیشاندانێكیان ئه‌نجامدا و ڕایانگه‌یاند، "خه‌باتێكی مه‌ده‌نی فراوان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن". جێگەیباسە لە چەند هەفتەی رابردوودا، ئیسرائیل و حەماس بە نێوانگیری میسر و قەتەر گفتووگۆیان  لەسەر راگرتنی جەنگ بۆ ماوەی ٦ هەفتە و لە بەرامبەردا ئازادکردنی ٤٠کەس لە ١٣٠ کەس بارمتەی ئیسرائیل کە لای حەماس بارمتەن کرد بەڵآم بەهۆی ئەوەی بە مەرجەکانی یەکتر ڕازی نەبوون هیچ ڕێککەوتنێک نەکراو نوێنەرەکانیان گەڕانەوە. سەرەڕای بڕیارنامەو داواکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و  ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر پێویستی راگرتنی جەنگ لە غەزە، جەنگ لە غەزە هەر بەردەوامە و تا دێت ژمارەی قوربانیان بەرزدەبێتەوە هاوکات نەبونی سەرچاوە مرۆییەکانی وەک ئاوی خواردنەوەو خۆراک و دەستنەگەیستن بە پێداویستییە پزیشکییەکان قەیرانێکی مرۆی ترسناکی لە غەززە دروست کردووە.  

هاوڵاتی سوپای ئەمریکا بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکانیان لە دەریای سوور خستووەتە خوارەوە. ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا نووسیویەتی ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە کە کەشتییەکی جەنگی ئەمریکیان لە دەریای سوور کردبووە ئامانج، کاتژمێر ٢ بۆ ٢:٢٠ خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە خرانە خوارەوەو لەناوبران. سێنتکۆم جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە بەهۆی ئەم هێرشانەوە هیچ زیانێکی مادی بە کەشتییە ئەمریکییەکان یانی کەشتی هاوپەیمانان نەگەیشتووەو کەسیش بریندار نەبووە. حوسییەکان رۆژی سێشەممە ٢٦ ئازار رایانگەیاند، لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەک هێرشیان کردۆتە سەر شەش کەشتی لە کەنداوی عەدەن و دەریای سوور. یەحیا سەریع، وتەبێژی ئەنساروڵڵا، لقی سەربازی حوسییەکان، رۆژی سێشەممە ٢٦ ی ئازار رایگەیاند،  ئەو کەشتیە بەریتانیایی و ئەمریکاییانە کراونەتە ئامانج کە بەرەو ئیسرائیل دەڕۆیشتن.  ئەمریکا لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بە مەبەستی پارێزگاری لە بازرگانی دەریایی لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، لە بەرامبەر هێرشی حوسییەکاندا هاوپەیمانییەکی نێونەتەوەیی پێک هێناوە، سوپای ئەمریکا هەروەها بە هاوکاری بەریتانیا چەند جار هێرشیان کردۆتە سەر بنکەکان حووسییەکان لە یەمەن، بەڵام ئەم هێرشانە تا ئێستا نەبووە بە هۆی ئەوەی حوسییەکان دەست رابگرن لە هێرش بۆ سەر کەشتیە بازرگانی و سەربازییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن. دوای دەستپێکی جەنگی غەزە لە ٧ی تشرینی یەکەم حوسییەکان رایانگەیاندووە بە مەبەستی پشتیوانی لە فەلەستین و خەڵکی غەزە بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکان تا ئەو کاتەی ئیسرائیل هێزەکانی لە غەزە دەکێشێتەوە.

شوان عەباس بەدری   لەگەڵ دەستپێک و بەردەوامیی شەڕی غەزە، ئەو رۆڵەی ئێران لەو جەنگە لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە لەسەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیگێڕێت، سەرنجی جیهانی بەلای خۆیدا راکێشاوە. ئێران سەرەڕای  پشتیوانی لەبزووتنەوەی حەماس لەململانێکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا، لەماوەی چەند مانگی رابردوودا هێرشی کردەسەر عێراق و سوریاو پاکستان وهەروەها  روسیاش بەشێوەیەکی بەرچاو سوودی لەدرؤنەکانی ئەو وڵاتە لەهێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیادا بینیوە. هەرچەندە ئێران تێوەگلانی خۆی لەهەندێک هێرشی وەک پەلاماری ئیسرائیل لە لوبنانەوەو  هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لەئوردن و هەروەها هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی رۆژئاوا لەدەریای سوور لەبنکەکانی یەمەنەوە رەتکردووةتەوە، ، بەڵام گروپە ميلیشیاکانی  سەر بەئێران راستەوخۆ بەرپرسیارێتی خۆیان لەو هێرشاندا راگەیاندووە.   ئەم گرووپانە کێن و رۆڵی ئێران لەم ململانێیانەدا چییە؟ لەسەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ژمارەیەکی زۆر گروپی چەکدار هەن کەپەیوەندییان بەئێرانەوە هەیە، لەوانە حەماس لەغەزە، حزبوڵڵا لە لوبنان، حوسییەکان لەیەمەن و گروپەکانی دیکە کەبنکەیان لەعێراق و سوریاو بەحرەیندا هەیە. وڵاتانی رۆژئاوا زۆرێک لەو گرووپانەیان کە بە “بەرەی بەرگری” ناسراون، وەک گرووپی تیرۆریستی پۆلێن کردووەو بەگوتەی عەلی فایز، شارەزا لەکاروباری ئێران ، ئەم گرووپانە یەک ئامانجیان هەیە کەبریتییە لە « پاراستنی ناوچەکە لە هەڕەشەکانی ئەمریکاو هەڕەشەکانی ئیسرائیل». بەرای فایز، ئەمەریکا گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ئێران و مەترسی دووەمیش بریتییە لەئیسرائیل کەئێران وەک بریکارێکی ئەمریکی لەناوچەکەدا سەیری دەکات و دەشڵێت: «ئێران ئەم تۆڕە ميلیشیاییە گەورەیەی لەناوچەکەدا دروستکردووە  تا بەو جۆرە هێزی خۆی پیشانی ئەمریکاو ئیسرائیل بدات». هەرچەندە دوابەدوای هێرشە درؤنییەکەی 28ی کانوونی دووەمی ساڵی 2024  لەئوردن کە بووەهۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی، ئێران رەتیکردەوە لەپشت ئەو هێرشەوە بێت، بەڵام بەرخۆدانی ئیسلامی سەر بەئێران، بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشەکە راگەیاند. دوای هێرشە کوشندەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەر کە بووەهۆی سەرهەڵدانی شەڕی غەزە، ئەوە یەکەمجار بوو سەربازانی ئەمریکی لەهێرشەکانی ناوچەکەدا بکوژرێن، هەر لەبەرئەمەش جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا گوشارێکی زۆری لێکرا تا تۆڵەی کوژرانی سەربازە ئەمەریکییەکان بکاتەوە. هەر لەبەر ئەو گوشارانەش ئەمریکا دوای هەفتەیەک هێرشی کردەسەر هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران لەعێراق و سوریا، دواتر ئەمریکاو بەریتانیا هێرشی هاوبەشیان کردەسەر ئامانجەکانی حوسی لەیەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن. هەرچەندە زیاتر لە سێ دەیە بەسەر دوا جەنگی ئێران لەناوچەکەدا تێدەپەرێت بەڵام زۆرجار ئەم وڵاتە لەپشت پەردەی ئالەنگارییەکانی ناوچەکەدا دەبینرێت. هەروەک باسکرا زۆرجار ئێران ئەوە رەتدەکاتەوە راستەوخۆ دەستی لەگەڵ بریکارەکانی لەناوچەکەدا تێکەڵ کردبێت، بەڵام تاران هەر لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئەو وڵاتەوە، واتە ماوەی 45 ساڵە پشتیوانی لەگروپە چەکدارەکانی ناوچەکەی کردووەو هەر لە دەیەی هەشتای سەدەی رابردووەوە ئەم پشتگیرییە بووەتە بەشێکی دیاری ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی رژێمەکەی ئێران.   مێژووی ئێران و پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئەمریکا دوو رووداو لەمێژووی هاوچەرخی ئێراندا هەن کەیارمەتیدەرن بۆ روونکردنەوەی پێگەی ئەو وڵاتە لەناوچەکەداو پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی لەگەڵ ئەمریکا کەبریتین لە: یەکەم / شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979 کە بووەهۆی دابڕانی ئێران لەڕۆژئاوا دوابەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لەئێران و بەبارمتەگرتنی 52 دیپلۆماتکاری ئەمەریکی لەو وڵاتە، ئیدارەکەی جیمی کارتەری سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمەریکا نزیکەی یەک ساڵ هەموو تواناوهەوڵێکی خۆیان لەپێناو ئازادکردنی ئەو دیپلۆماتکارانە خستەگەڕو دواجار رایەک لەناو ئیدارەی واشنتۆندا درووست بوو کەدەبێت ئێران لەڕووی نێودەوڵەتییەوە گۆشەگیربکرێت و هەروەها سزای تووندیشی بەسەردا بسەپێنرێت. هەر ئەمەش وایکرد ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی لە رۆژئاوادا دژی ئێران  پشتی عێراق و سەدام حسێن بگرن. دووەم /  شەڕی ئێران و عێراق لەدوای جەنگێکی هەشت ساڵەی خوێناوی دواجار بەبەستنی ئاگربەستێک لەنێوان ئێران و عێراق ئەو جەنگە کۆتایی هات، بەڵام لەماوەی ئەو هەشت ساڵەدا هەردوو وڵات باجێکی زۆریان داو نزیکەی ملیۆنێک کەس لەهەردوولا بریندارو کوژران و ئابووری ئێرانیش بەتەواوی وێران بوو. ئەم جەنگە بووە وانەیەک بۆ ئێران و کاربەدەستە باڵاکانی ئەو وڵاتە گەیشتنە ئەو بڕوایەی کەپێویستە تاران لەڕێگەی چەند ستراتیژو تاکتیکێکەوە رێگە بەهەر جۆرە لەشکرکێشییەک بگرێت کە رەنگە لەداهاتوودا بکرێتە سەری و یەکێک لەپلانەکانی ئەو ستراتیژییەش بریتییە لەبەرنامە مووشەکییە بالیستییەکەی ئێران و دروستکردنی تۆڕێکی فراوانی ميلیشیایی. دوابەدوای هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئەفغانستان لەساڵی 2001و عیراق لەساڵی 2003و هەروەها راپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی لەساڵی 2011، ئەم بۆچوون و ستراتیژییەی لەلایەن ئێرانییەکان زیاتر بەهێزکرد.   ئێران چی دەوێت و بەنیازی چییە؟ بێگومان لەڕووی توانای سەربازییەوە ئەمەریکا زۆر لەپێش ئێرانەوەیەو بە رای چاودێرە سەربازیەکانیش ئەم بابەتە هۆکارێکی سەرەکییە کەئێران لەپێناوی مانەوەی خۆیدا ستراتیژییەتی بەرپەرچدانەوە پیادە بکات. هەرلەمبارەیەوە ئەلێکس ڤاتانکا-ی دامەزرێنەرو بەڕێوەبەری پرۆگرامی ئێران لەئینستیتیۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت: « جەنگ کردن لەگەڵ ئەمەریکا دوا بژرادەیە کەئێران و بەرەی بەرگری هەوڵی بۆ دەدەن». هەروەها «ڤاتانکا» پێی وایە ئێران بەمەبەستی دوورخستنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەخۆی لەڕێگەی ميلیشیاکانییەوە تاکتیکی فشار خستنەسەر بەکاردەهینێت، کەئەمەش ستراتیژییەتێکی درێژخایەنەو مەبەست لێی ماندووکردنی ئەمەریکایە لەناوچەکەدا. لەلایەن خۆیەوە «کامەران مارتن» پسپۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەزانکۆی ساسیکس-ی بەریتانی هاوڕای بۆچوونەکەی «ڤاتانکا»يەو پێی وایە ئێران دەیەوێت لەسەر شانۆی جیهانی  ببێتە هاوکێشەیەکی بەهێز. هەروەها ناوبراو ئەوەشی روونکردەوە کە ، ئێرانی کۆن کە لەمێژوودا بەوڵاتی فارس ناسراوە، رابردوویەکی پرشنگداری هەیەو زیاتر لەدوانزدە سەدە لەناوچەکانی  رۆژئاوای ئاسیادا باڵادەست بووە، هەر لەبەر ئەو رابردووەش ئێرانییەکان پێیان وایە کەدەبێت رۆڵێکی کاریگەرو گەورەیان لەسەر پێشهاتە ناوچەیی و جیهانییەکاندا هەبێت و بەتایبەتیش کەجگە لەلایەنە سیاسییەکە ئەوا خاوەنی کلتوورو ئەدەبیاتێکی دەوڵەمەندیشن و هەر ئەم باوەڕەش بووەتە سووتەمەنییەکی باش بۆ پەلهاویشتنی ئێران بەناوچەکەدا.   ئێران تاچەند کۆنتڕۆڵی هەیە؟ «یاسەمەن ماسەر»ی چالاکوانی سیاسی و توێژەری ئیرانی لەزانکۆی ئۆکسفۆرد پێی وایە کەئێران لەئێستادا کۆنترۆڵێکی ئەوتۆی بەسەر بریکارو ميلیشیاکانی لەناوچەکەدا نەماوە. ئەم چالاکوانە سیاسییە هێرشی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور بەنموونە دهێنێتەوەو دەڵێت: «هەڵەیە گەر بڵێین حوسییەکان بەتەنها فەرمانەکانی ئێران جێبەجێ دەکەن، بەڵکو ئەوان بۆ خۆیان خاوەنی ئەجیندایەکی تایبەتن و لەڕێی پیادەکردنی ئەو ئەجیندا تایبەتەش بەنیازن خۆیان وەک هێزێکی گەورەو پۆڵایین لەناوچەکەدا بناسێنن، نەک تەنها وەک ميلیشیایەکی سەر بەئێران». لەمبارەیەوە «عەلی فایز» تەواو هاوڕایە لەگەڵ قسەکانی یاسەمەن و پێی وایە ، کێشەی ئێران لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کەکۆنترۆڵێکی تەواوی بەسەر تۆڕی ميلیشیاکانیدا نییەو هەر ئەمەش بۆتە هۆکارێک تاسیاسەتی هەرێمایەتی خۆی بسپێرێتە کۆمەڵێک کارەکتەری نادەوڵەتی. بەبۆچوونی عەلی فایز زۆرجار وڵاتان زیادەڕەوی لەتواناکانی ئێراندا دەکەن، «وڵاتانی دەوروبەری ئێران پێیان وایە کەئەو وڵاتە داڕێژەرە سەرەکییەکەی یارییە سیاسییە شەترەنج ئاساکەی ناوچەکەیە، بەڵام دەبێت بزانین ئێران و گشت هاوپەیمانەکانی نەیانتوانیوە هیچ کام لەئامانجە ستراتیژییە سەرەکییەکانیان بەدەستبهینن، هەر لەناچارکردنی ئیسرائیل، بگرە سەبارەت بەبەستنی ئاگربەست لەغەزە و تادەگاتە دەرکردنی ئەمەریکا لەناوچەکە». هەروەها «فایز» باس لەبەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیش دەکات و دەڵێت: « بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەئێستادا لەچاو 20 ساڵ لەمەوپێش پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوەو لەڕاستیدا ئەمە خۆی لەخۆیدا مەترسییە راستەقینەکەیە بۆ سەر ئیسرائیل و رۆژئاوا، نەک گروپ و ميلیشیاکانی سەر بەئێران».   جەنگی جیهانی سێیەم لەگەڵ بەرفراوانتربوونی هێرش و پەلامارەکان لەهەموو ناوچەکەدا ئەوا سێرچ لەبارەی هەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیهانیش زیادی کردووە. «ڤاتانکا» لە ئینستۆتیۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی وایە، دەبێت ئێران بەوریاییەوە جووڵە بکات، چونکە فشارە ناوخۆییەکانی ناو وڵاتەکەی و ناڕەزایی هاووڵاتیان گەیشتووەتە ترۆپکی خۆی و لەم چەندساڵەی دواییشدا ژنان بوون بەسەرقافڵەی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان دژ بەڕژێمی تاران. «خەڵکی ئێران زۆر تووڕەن و بۆیان گرنگ نییە کەئێران لەناوچەدا خەریکی چییە» ڤاتانکا وادەڵێت. بەهەمان شێوەش رۆژئاوا ئارەزووی هیج جۆرە بەریەککەوتن و شەڕێک لەگەڵ ئێراندا ناکات ، «ئیلی گێرانمای»، جێگری بەڕێوەبەری پرۆگرامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لەئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت: « بیگومان سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا ناتوانیت بەرگەی فشاری هەڵگیرسانی جەنگێکی بەم جۆرە بگرێت بەتایبەتیش کە لەئێستادا لەهەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمەریکا نزیک دەبینەوەو هەروەها ئیسرائیلیش لەتوانایدا نییە کەوەک پێویست خۆی لەمەترسی هڵگیرسانی جەنگەکە بپارێزێت بەتایبەتیش کە قورساییەکەی لەئێستادا لەئەنجامی هەڵگیرسانی جەنگ و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لەغەزە  لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەرەو لاوازی چووە». «گیرانمای» پێی وایە ، «ئەمەریکا و ئێران لەجیاتی رووبەێووبوونەوەی راستەوخۆی یەکتر، ئەوا ميلیشیاو بەکرێگرتەکانی خۆیان لەناوچەکەدا بۆ بەئامانجگرتن و لێدانی یەکتر بەکاردەهێنن و لەکاتێکدا بەدەستێک لەیەکتر دەدەن ئەوا لەهەمان کاتدا دەستەکەی تریان لەپشتی خۆیان بەستۆتەوە تا بەو جۆرە رووبەڕووبوونەوە و جەنگی راستەوخۆ لەنێوانیاندا روونەدات، چونکە پێشهاتێکی لەو جۆرە لەتواناو بەرژەوەندی هەردوو وڵاتدا نییەو دەرئەنجامەکانی زۆر مەترسیدار دەبن». بەڵام سەرەڕای ئەمەش «گیرانمای» پێی وایە گەر ئاوڕێک لە رووداوەکانی 10 ساڵی رابردوو بدەینەوە کەزۆر «مەترسیدارو ئاگراوی «بوون، ئەوا دەبێت ئەو هۆشدارییەش بدرێت کە گەر بێتوو «دیبلۆماسییەتێکی جددی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا نەکەوێتە گەڕ، ئەوا دوورنییە رووداوەکان واشنتۆن و تاران بەرەو رێگەچارەی سەربازی راستەوخۆ پەلکێش بکەن، بەتایبەتیش ئەگەر لایەنێک لەلایەنەکان بەوریایی و ژیری هەڵسوکەوت نەکەن، رەنگە پێشهات و رووداوەکان زۆر لەپێشهات و رووداوەکانی ئێستا پەرەبسێنێت و ناوچەکە بسووتێنێت». سەرچاوە: بی بی سی فارسی  

هاوڵاتی بەشی فریاگوزاری خێرای ئیسرائیل رایگەیاند، بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی حزبوڵڵای لوبنان بۆ سەر خاکی ئیسرائیل، هاوڵاتییەکی مەدەنی ئیسرائیلی لە شاری "کریان شمۆنا" لە باکووری ئیسرائیل کوژراوە. حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، لە تۆڵەی هێرشە مووشەکییەکانی رۆژی سێشەممە ٢٦ی ئازاری ئیسرائیل بۆ سەر هێزەکانی حزبوڵڵا، بەرەبەیانی چوارشەممە ٢٧ی ئازار، هێرشی مووشەکیان کردۆتە سەر خاکی ئیسرائیل و بە دەیان مووشەک خاکی ئیسرائیل کراوەتە ئامانج. بەشی فریاگوزاری خێرای ئیسرائیل رایگەیاند، کرێکاری کارگەیەک بووە بە ژێر دار و پەردووی ئەم کارگەوەو بە هۆی قووڵی برینەکانییەوە گیانی لە دەستداوە. ناوەندی هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاند، بە هۆی هێرشە مووشەکییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر گوندی "هەبارییە" لە باشووری لوبنان لانیکەم ٧ کەس کوژراون. دەوترێت هێرشە مووشەکییەکانی ئیسرائیل ناوەندی فریاگوزاری خێرای حزبوڵڵای لە هەبارییە کردۆتە ئامانج.

هاوڵاتی  بەرپرسێکی ئەمنی تورکیا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی راگەیاندووە، ئەو چەکدارە تاجیکیانەی هێرشەکەیان بۆ سەر ناوەندێکی بازرگانی و هۆڵێکی کۆنسێرت لە مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا ئەنجامداوە، چوونەتە ناو تورکیا و بۆ ماوەیەكی کورت ماونەتەوە بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی مانەوەیان لە ڕووسیا. ئەو بەرپرسە تورکییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت باسی لەوە کردوە هیچ فەرمانێكی دەستگیرکردن لە دژی هێرشبەرەکان نەبووە، واتە توانیویانە بە ئازادی لە نێوان تورکیا و ڕووسیادا گەشت بکەن، ئاماژەی بەوەشداوە ماوەیەکی زۆر لە مۆسکۆ ژیاون. راشیگەیاندووە، دوو لە هێرشبەرەکان لە 2ی ئاداردا لە هەمان گەشتدا تورکیایان بەرەو مۆسکۆ بەجێهێشت. جێگەی باسە ئەمڕۆ (یەکشەممە، 24-3-2024) رۆژی ماتەمینیی نیشتمانی بوو لە رووسیا، بەهۆی ئەو هێرشەی کرایە سەر هۆڵی ئاهەنگەکانی نزیک مۆسکۆ، کە خوێناویترین هێرش بوو لە مێژووی  20 ساڵی رابردووی وڵاتەکەدا. هەرچەندە رێکخراوی داعش بەرپرسیارییەتیی ئەنجامدانی هێرشەکەی لەئەستۆگرتووە، بەڵام بەرپرسانی رووسیا گرنگری بە ڕاگەیەندراوەکەی ڕێکخراوەکە نەدا و لەبەرامبەردا ئۆکرانیایان تاوانبارکرد. هاوکات بەپێی دوایین ئامارەکان کە لێکۆڵەرانی ئەمنیی رووسیا بڵاویان کردووەتەوە، ژمارەی ئەوانەی بەهۆی هێرشەکەوە کوژراون، گەیشتۆتە 137 کەس، کە لەنێوان کوژراوەکاندا سێ منداڵ هەیە.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٥ی ئازاری ‌٢٠٢٤ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەکەمجار سەرکەوتوو بوو لە پەسەندکردنی پرۆژە بڕیارێکی بۆ "ئاگربەستی خێرا" لە جەنگی غەزە و ئازادکردنی بێ مەرجی بارمتە ئیسرائیلییەکانی لای حەماس. ئەم پرۆژە بڕیارە لە لایەن ١٠ ئەندامی کاتی ئەنجومەنی ئاسایشەوە داڕێژرابوو و لەلایەن هەریەکە لە جەزائیر، ئێکوادۆر، گینە، ژاپۆن، مالتا، مۆزامبیک، کۆریای باشووری، سییەرالیۆن، سلۆڤێنیا و سویسرا پێشکەشکرا بوو، لە کۆی ١٥ ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش، ١٤ ئەندام دەنگیان بەم پرۆژەکە دا و ئەمریکا دەنگی سپی بەم پرۆژە بڕیارەدا، بەڵام ڤیتۆی نەکرد. بەپێی ئەو بڕیارە بێت پێویستە دەستبەجێ و خێرا بە شێوەی کاتی و تا دوای مانگی رەمەزان جەنگ رابگیرێت و حەماس بارمتەکان ئازاد بکات. نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵیدا لە دەقی رەشنووسی بڕیارنامەکەدا، وشەی ئاگربەستی هەمیشەیی جێگیر بکات، بەڵام هەوڵەکەی بێ ئەنجام بوو.

هاوڵاتی ژمارەی قوربانیانی رووداوەکەی مۆسکۆی پایتەختی رووسیا بەرزبووەوە و رێکخراوی تیرۆریستی داعشیش بەرپرسیارێکی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند. بەپێی هەواڵی میدیا جیهانییەکان بێت، لە هێرشەکەی شەوی رابردووی مۆسکۆى پایتەختى روسیا کە کرایە سەر هۆڵێکى کۆنسێرت، بە تەقەى راستەوخۆى پێنج چەکدار و تەقینەوەیەکى بەهێز 62 کەس کوژران و 100 کەسى دیکەیش برینداربون و زیاتر لە 70 تیمى فریاگوزارى لە شوێنى رووداوەکە بوون. هەروەها لە بەیاننامەیەکدا رێکخراوى داعش لە تێلێگرام بڵاویکردوەتەوە، هێرشمان بۆسەر کۆبونەوەیەکى فراوان لە مۆسکۆى پایتەخت ئەنجامداوە و دواى هێرشەکە تەواوى چەکدارەکانیان بە سەلامەتى گەڕاندوەتەوە پێگەکانى خۆیان.  

هاوڵاتی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی رووسیا رایگەیاند، "لە ئەنجامی 24٪ـی دەنگە جیاکراوەکاندا، ڤلادیمیر پووتین 87.97٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە."  ئەمڕۆ یەکشەممە  17-03-2024، دوایین رۆژی هەڵبژاردنی سێ رۆژەی سەرۆکایەتیی رووسیا بوو دوای تەواوبوونی پرۆسەی هەڵبژاردن ئێلا پامفیلۆڤا، سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی رووسیا ڕایگەیاند، "لە 24.4٪ـی دەنگەکان جیاکراونەتەوە و ڤلادیمیر پووتین لە ٪87.97ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە." ئاژانسی فرانس پرێسیش بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ دیمیتری مێدڤیدیڤ، سه‌رۆكی پێشووی روسیا پیرۆزبایی "سه‌ركه‌وتن"ی له‌ ڤلادیمێر پوتن كردوه‌و و وتویه‌تی: "گه‌وره‌ی كریملن هیچ ركابه‌رێكی راسته‌قینه‌ی نه‌بووه‌"، هاوكات ته‌له‌فزیۆنی فه‌رمیی روسیا ستایشی ئه‌و "پشتیوانییه‌ گه‌وره‌"یه‌ی كردوه‌ كه‌ بۆ پوتن ده‌ربڕدراوه‌و شانازیشی به‌ "یه‌كڕیی" هاوڵاتیان و پشتیوانیكردنی سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌یان كردوه‌. له‌ به‌رامبه‌ریشدا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له‌سه‌ر ده‌نگه‌كانی پوتن ناره‌زایی ده‌بڕیوه‌و وتویه‌تی: "نیگه‌رانین له‌ ئه‌نجام نه‌دانی هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد و بێگه‌رد له‌ روسیا". جگە لە پووتین، دوو بەربژێری دیکە لە هەڵبژاردن بەشداربوون. یەکێکیان لە حیزبی کۆمیۆنیست و ئەوی دیکەشیان لە حیزبی لیبراڵ؛ بەڵام راپرسییەکان زووتر ئاشکرایان کردبوو کە چانسی پووتین بۆ بوونەوە بە سەرۆکی رووسیا 80٪ زیاترە و تاوەکو 2030 لە کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا – کرێملین دەمێنێتەوە. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، تیمی ئه‌لێكسی ناڤالنی، كه‌ نه‌یاری سه‌رسه‌ختی پوتن بوو و له‌ زیندان له‌ماوه‌ی رابردوودا گیانی له‌ده‌ستدا، ده‌ڵێت ئه‌نجامه‌ به‌ده‌ستهاتوه‌كانی پوتن راست نیه‌ و ئه‌وه‌ی راده‌گه‌یه‌نرێت، دروستكراوه‌و بنه‌مای نییه‌. لە کۆی 143 ملیۆن دانیشتووی رووسیا، 114 ملیۆن کەسییان مافی دەنگدانییان هەبوو. هەروەها دانیشتووانی بەشێک لە هەرێمەکانی زاپۆریژیا، خێرسۆن، دۆنێتسک و لوهانسکی ئۆکراینا کە رووسیا بەخۆیەوە لکاندوونی، مافی بەشداریکردن لەو هەڵبژاردنەیان هەبوو.  

هاوڵاتی به‌رپرسێكی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی رایگه‌یاند، پێشنیازێكی نوێیان هه‌یه‌ بۆ راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له‌ غه‌ززه‌ پێشكه‌ش به‌ نێوه‌ندگیره‌كانی قه‌ته‌ر و میسر كردووه‌، ده‌شڵێت، پێشنیازه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی شه‌ش هه‌فته‌یه‌ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش دەڵێن، 25% دانیشتووانی غەززە  بەهۆی نەبوونی ئاسایشی خۆراک رووبەرووی دۆخێکی کارەساتبار بوونەتەوە ئه‌مڕۆ هه‌ینی 15ی ئاداری 2024، به‌رپرسێكی باڵای بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی كه‌ نه‌یویستووه‌ ناوی ئاشكرا بكرێت به‌ میدیاكانی راگه‌یاندووه‌، بزووتنه‌وه‌كه‌یان پێشنیازێكی نوێی پێشكه‌ش كردووه‌ بۆ راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له‌ غه‌ززه‌ وروونیشكردووه‌ته‌وه‌، ئاگربه‌سته‌كه‌ بۆ ماوه‌ی شه‌ش هه‌فته‌ ده‌بێت هاوكات له‌گه‌ڵ ئازادکردنی 42 بارمتەی ئیسرائیلی کە ژن و منداڵ و بەساڵاچوو و نەخۆش لەخۆدەگرێت لە بەرامبەر ئازادکردنی دەستگیرکراوانی فەڵەستینی. باسی له‌وه‌ش كردووه‌، ئه‌مه‌ قۆناغی یه‌كه‌مه‌ و قۆناغی دووه‌میش بریتییه‌ له‌ کشانەوەی تەواوەتی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و ئازادکردنی هەموو بارمتەکانی ئیسرائیل لە بەرامبەر ژمارەیەکی زیندانیانی فەڵەستینی كه‌ هه‌ردوولا به‌ ناوبژیوانی ده‌ره‌كی له‌سه‌ری رێكبكه‌ون. هاوکات تەندروستی غەززەش، رایگەیاندوە، تەنیا لە 24 کاتژمێری رابردوو 149 کەس کوژراون، بەم شێوەیەش ژمارەی کوژراوان لە 7ـی ئۆکتۆبەری رابردووەوە گەیشتە 31 هەزار و 490 کەس، 73 هەزار و 439 کەسی دیکەش بریندارن. 160 رۆژە شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەردەوامە، نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەهۆی درێژە کێشانی شەڕو نەگەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بە خەڵکی مەدەنی ئەو کەرتە هۆشداری لە روودانی کارەساتێکی مرۆیی دەدەن بەهۆی بڵاوبوونەوەی برسێتی و نەخۆشی. خەڵکی غەززە بەدەست کەمئاوی و کەمخۆراکی دەناڵێنن، نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریداوە، لەکۆی دوو ملیۆن و 300 هەزار دانیشتووی کەرتی غەززە بەلایەنی کەم 576 هەزار کەس واتا 25% دانیشتووانی ئەو کەرتە بەهۆی نەبوونی ئاسایشی خۆراک رووبەرووی دۆخێکی کارەساتبار بوونەتەوە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی ١٥ی ئازاری ٢٠٢٤ بەلەمێکی کۆچبەران لە سنوورە ئاوییەکانی پارێزگای چاناککالە لە دەریای ئیجە ژێرئاوکەوت ژمارەیەک کۆچبەر گیانیان لەدەستدا. لە سەرەتای رووداوەکە ئیلهامی ئاکتاش، پارێزگاری چاناککالە بە میدیاکانی تورکیای راگەیاندبوو، هەشت کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و چوار کۆچبەری دیکەش رزگارکراون، لەوانەی گیانیان لەدەستدابوو دوو منداڵی تێدابوو. گەڕان بەدوای ئەو کۆچبەرانە بەردەوام بوو کە بێسەروشوێن بوون، لە ئەنجامی ئەو گەڕانە وەک پارێزگاری چاناککالە ئاماژەی پێداوە، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی گیانیان لەدەستداوە بۆ ٢٠ کۆچبەر بەرزبووەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، گەڕانی تیمەکانی فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا بەردەوامە و ئەگەری هەیە ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ژێرئاوکەوتنی ئەو بەلەمە بەرزتربێتەوە.

هاوڵاتی رۆژنامەی "فاین ناشنال تایمز"  لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمەریکی ئاگادار بڵاویکردەوە، ئەمەریکا و ئێران لەماوەی دە مانگی رابردوودا بە نهێنی لەبارەی راگرتنی هێرشی حوسییەکانی یەمەن لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن دانووستانیان کردووە. هەروەها رۆژنامەکە ئەوەشی بڵاوکردەوە ئەمەریکا هەوڵی رازی کردنی ئێران دەدات تا بە مەبەستی راگرتنی هێرش بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور فشار بخاتە سەر حوسییەکان و هەروەها هەر لەو دانیشتنانەدا باسی دۆسییەی ئەتۆمی ئێرانیش کراوە . جێی ئاماژەیە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەزە، هێرشی حوسییەکانی یەمەن و باڵەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکانی عیراق و سوریا و یەمەن بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و کەشتییەکانی دەریای سوور زیادی کردووە.

هاوڵاتی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی یەکی روسیا، ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی روسیا رایگەیاند ، سێکۆچکەی ئەتۆمی روسیا لە چاو سێکۆچکەی وڵاتانی دیکە زۆر پێشکەوتووترە. هەروەها ناوبراو ئەوەشی راگەیاند، " لە راستیدا تەنها ئێمە و ئەمریکییەکان خاوەنی ئەم سێکۆچکە ئەتۆمییەین و لەم رووەوە ئێمە زۆر لە ئەوان پێشکەوتووترین و خاوەنی سیستمێکی ئەتۆمی تازەین، بە شێوەیەکی گشتی لە لایەنەکانی کڵاوە ئەتۆمییەکان و ئامێرەکانی گواستنەوەی ئەو کڵاوانە تا رادەیەک هاوتەریبین، بەڵام سیستمە ئەتۆمییەکەی ئێمە لە چاو ئەمریکییەکاندا زۆر تازەترە". باسی لەوەشکرد : " ئێمە دەزانین ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەبەردەوامی هەوڵی پێشخستنی سێکۆچکە ئەتۆمییەکانیان دەدەن و ئێمەش هەمان کار دەکەین". جێی ئاماژەیە مەبەست لە سێکۆچکەی ئەتۆمی ، ئەو چەکە ئەتۆمییە بالیستییانەن کە لە رێگەی فرۆکەی بۆمهاوێژی ستراتیژی و مووشەکی کیشوەربر و ژێردەریاییەکانەوە دەهاویژرێن.

هاوڵاتی حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند "بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠ی ئازار، زیاتر لە ٥٠ مووشەکیان بەرەو باکووری ئیسرائیل هاویشتووە و ئەو وڵاتەیان کردووەتە ئامانج". سوپای ئیسرائیل ئاماژرەی بەوەشکردووە "٣٥ مووشەکی حزبوڵڵای پێش گەیشتن بە خاکی ئیسرائیل تەقاندووەتەوە". بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری فەرمی فەرەنسا، بەرەبەیانی یەکشەممە حزبوڵڵای لوبنان بە مووشەک هێرشی کردووەتەسەر باکووری ئیسرائیل و زیاتر ناوچەی مروون لە باکووری ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج کە سوپای ئەو وڵاتە بنکەیەکی سەربازی گەورەی کۆنتڕۆڵی لەم ناوچەیە هەیە. میدیاکانی ئیسرائیل رایانگەیاند "ژمارەیەک مووشەک لە دەرەوەی شوێنی نیشتەجێبوون و نزیک شاری سەفاد کەوتوونەتە زەوی". رۆژی شەممە ٩ی ئازار، ئیسرائیل وەک وەڵامدانەوە بە جووڵە سەربازییەکانی پێشتری حزبوڵڵا، ظەند ناوچەیەک لە باشووری لوبنانی کردە ئامانج و بەو هۆیەوە ٥ کەس کوژران ، ٣ کەسیان ئەندامی حزبوڵڵای لوبنان و ٢ کەسیان مەدەنی بوون کە یەکیان ژن بووە. لە راگەیاندنی سوپای ئیسرائیلدا دەربارەی هێرشەکانی رۆژی شەممە ئاماژە بەوە دراوە، ژێرخانە سەربازییەکانی حزبوڵڵا لە ناوچەی "خربە سلم" کراونەتە ئامانج. بە پێی زانیارییەکانی میدیای فەرمی فەرەنسا، لە سەرەتای هێرشەکانی حزبوڵڵاوە بۆ سەر خاکی ئیسرائیل تا ئێستە ١٠ کەسی سەربازی و مەدەنی ئیسرائیلی کوژراون و لەبەرامبەردا لانیەکم ٣١٢ هاوڵاتی لوبنانی کوژراون کە زۆریبەی زۆریان ئەندامی حزبوڵڵان و لە هەر ٦ کوژراوی لوبنانی ٥ کەسیان ئەندامی حزبوڵڵای لوبنانن. حزبوڵڵای لوبنان رۆژی ٨ی تشرینی یەکەم و رۆژێک دوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە جەنگی غەزەی لێکەوتەوە، بەمەبەستی یارمەتیدانی حەماس هێرشەکانی بۆ سەر خاکی ئیسرائیل دەست پێکرد، بەڵام تا ئێستە نە حزبوڵڵا و نە ئیسرائیل خوازیاری ئەوە نین جەنگێکی تەواو بە مانای جەنگ لە نێوانیاندا دەست پێ بکات. بەهۆی هێرشەکانی حزبوڵڵا بۆ سەر باکووری ئیسرائیلەوە دەیان هەزار هاوڵاتی ئیسرائیلی ئاوارە بوون. حەماس و حزبوڵڵای لوبنان لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی ئەکرێن و ئێران وەک بەرەی بەرگری ناویان دەبات.

هاوڵاتی ڕۆژنامەی ئیندیپێندێنت ئەمڕۆ شەممە لەزاری بەرپرسێکی فەڕەنساوە ئاشکرایدەکات کە سەرۆکی فەڕەنسا هەڕەشەی ناردنی هێزبۆ ئۆکرانیا دەکات . رۆژنامەى لۆ ئیندیپێندێنت لە راپۆرتێکدا ئاشکرای كردووە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا لە میانى کۆبوونەوەى لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانى پەرلەمانى وڵاتەکەى و بەرپرسانى چەند حیزبێک، باسى لە ئەگەرى ناردنى هێزەکانى فەڕەنساى بۆ ئۆکرانیا کردووە. ئەو ڕۆژنامەیە لەزاری فابیان رۆسێل، نوێنەری حیزبی شیوعی فەڕەنسا رایگەیاندووە، سەرۆکى فەڕەنسا هەڵبژاردەکانی بۆ ناردنی هێزی سەربازی بۆ ئۆکرانیا تاوتوێدەکات و لە ئەگەری چوونە ناوەوەی هێزەکانی ڕوسیا بۆ ناو  کیێڤ یاخود ئۆدێسا  ئۆکرانیا هێزى سەربازیى دەنێرنە ئەو وڵآتە. لە ئێستادا پرسى ناردنى هێزى سەربازیى وڵاتانى رۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا بەردەوام باسدەکرێت و بەشێکە لە گفتوگۆکانی ناتۆو وڵآتانی ڕۆژئاوا و رۆژى 26ى شوباتى 2024، لە کۆنفرانسێکدا لە پاریس باس لە ئەگەری ناردنى هێزی سەربازیى رۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا کرا، دواتریش ئیمانوێل ماکرۆن بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "لە ئێستادا هیچ کۆدەنگییەک نییە لەسەر ناردنی هێز بۆ ئۆکرانیا بەڵام لە داهاتوودا هیچ ئەگەرێک رەتناکەنەوە". لە 24ـی شوباتی 2022، رووسیا هێرشێکی فراوانی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا دەستپێکرد، بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو جەنگە 22 مانگییەدا، زیاتر لە 10 هەزار هاوڵاتی مەدەنی ئۆکرانی کوژراون.  بە مەزەندەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو، ئەو جەنگە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 100 هەزار سەربازی ئۆکرانی و لە بەرامبەریشدا، لانیکەم 120 هەزار سەربازی رووسی و چەکداری ڤاگنەری رووسی لە ئۆکراینا کوژراون.

کامەران ئەحمەد سلێمان نیکۆلای پاتروشێڤ بەبۆچوونە رادیکاڵەکانی ناسراوە، بەتایبەتی پشتگیریکردنی لەهەڵوەشاندنەوەی ئۆکرانیا، گومانی ئەوەی لێدەکرێت فەرمان و داڕێژەری تیرۆرکردنی یەڤگینی پریگۆژین بێت. ساڵانێکی زۆرە راوێژکاری پوتین و یەکێکە لەکارمەندە دڵسۆزەکانی. لەسێبەری کرێملیندا کاردەکات، بەپشوو درێژییەوە چاوەڕوانی کاتەکانی دەکات، لەئێستا لەڕۆڵی خۆی زۆر رازییە «ئەو پیاوەی بەگوێی پوتیندا چرپە دەکات». لەئێستادا نیکۆلای پاتروشێڤ سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی روسیایە، رۆڵێک کاریگەرییەکی بەرچاوی پێدەبەخشێت لەکرێملین. پەیوەندییەکەی لەگەڵ پوتین دەگەڕێتەوە بۆ هاوکارییەکانیان لەساڵی ١٩٩٨ لەناو حکومەتی بۆریس یێڵسین سەرۆکی ئەوکاتی روسیا. پەیوەندییەکانیان بەهێزتر بوو کاتێک پوتین لەساڵی ٢٠٠٠ بوو بەسەرۆک و پاتروشێڤ وەک جێگری بەڕێوەبەری FSB کەدەزگای هەواڵگری رووسیا دەستنیشانکرا. هەردوو پیاوەکە رابردوویەکی هاوبەشیان هەیە وەک سیخوڕی کەی جی بی، هەرچەندە کەسایەتییان جیاوازییەکی بەرچاوی هەیە. پاتروشێڤ بەدڵخۆش و سۆزدار وەسف دەکرێت، بەپێچەوانەی پوتین کەدوورەپەرێزە. تەنانەت هەندێک بە “شەیتانی سەر شانی پوتین” ناوی دەبەن. بیروباوەڕی ناسیۆنالیستی و جیهانبینی پیلانگێڕییەکەی بووە هۆی ئەوەی پاتروشێڤ نازناوی « بازەکەی کرێملین»ی پێبدرێت. بەپێچەوانەی هەندێک لەئەندامانی نوخبەی رووسیا، پاتروشێڤ لەبنەماڵەیەکی سیاسی و گروپی دەسەڵاتدارەوە نەهاتووە. باوکی ئەفسەرێکی دەریایی و ئەندامی حزبی شیوعی بووە، بەزیرەکی و رێزگرتن لەژێردەستەکانی ناسراوە. پاتروشێڤ رەخنەگرێکی ماندوونەناس و توندی رۆژئاواوو ئەمریکایەو هاوپەیمانەکانی تۆمەتبار دەکات بەوەی هەوڵی پاراستنی باڵادەستی جیهانی دەدەن. ئەو ململانێیەی ئۆکرانیا بەدەربڕینی ئەم ستراتیژە دەبینێت و دەڵێت سەرکردەکانی ئەمریکا هەوڵی لاوازکردنی رووسیا دەدەن. هەروەها ناتۆ تۆمەتبار دەکات بەوەی کە لەساڵی ٢٠٢٢ەوە هاوکاری سەربازیی بۆ ئۆکرانیا پشتگیری لەشەڕی بەوەکالەت لەدژی رووسیا کردووە. سەبارەت بەئۆکرانیا، پاتروشێڤ پاساو بۆ شەڕی رووسیا دەهێنێتەوە کەحکومەتی ئۆکرانیا بە “جنتا فاشیست” ناودەبات و تۆمەتباری دەکات بەبەکارهێنانی “تاوانبارانی نیونازی” بۆ ئۆپەراسیۆنی ناسەقامگیری. بانگەشە بۆ دابەشبوونی ئۆکرانیا دەکات بۆ چەند دەوڵەتێک. زۆرجار باس لەوە دەکرێت کە  پاتروشێڤ دەستی لە کوشتنی یەڤگینی پریگۆژیندا هەبێت  و بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن وۆڵ ستریت جۆرناڵەوە دەستکەوتووە، گومانی ئەوەی لێدەکرێت ئەو رووداوەکەی رێکخستبێت کە بووەهۆی کوژرانی سەرۆکی گروپی ڤاگنەر. کرێملین خۆی رەتیدەکاتەوە هیچ تێوەگلانێکی هەبێت لەکەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەدا کە بووەهۆی گیانلەدەستدانی پریگۆژین و نۆ کەسی دیکە، هەروەها پشتگیری لەتیۆری داهێنراوی رووداوێک دەکات کە بەهۆی نارنجۆکێکەوە لەناو فڕۆکەکەدا روویداوە.   سەرچاوە: (تاکتیک) لەگەڵ دەزگاکانی ڕۆژنامەوانی Aaron Hostutler, U.S