هاوڵاتی / شوان عەباس بەدری سەر لە ئێوارەی دوێنێ سێشەممە هەر دوو پێگەی فەیسبووک و ئینستاگرام  بۆ نزیکەی دوو کاتژمێر دووچاری کێشەیەکی تەکنیکی بوون و سێرڤەرەکانیان لە کارکەوتن. هەر لەمبارەیەوە "ئەنەس نەجداوی" راوێژکاری تەکنەلۆژی و پێگە کۆمەڵایەتییەکانی کەناڵی "ئەلعەربییە" رایگەیاند، "ئەمە یەکەمین جار نییە کە پێگەکانی کۆمپانیای "میتا" رووبەرووی ئەم جۆرە کێشانە دەبنەوە ، بۆ نمونە 2 ساڵ لەمەوبەر کۆمپانیاکە رووبەرووی هەمان کێشە بووەوە و پێگەکانی نزیکەی شەش کاتژمێر لە کارکەوتن". هەروەها ناوبراو ئەوەشی روونکردەوە کە رەنگە کێشەکەی ئەمجارە پەیوەندی بە هەڵە یان ئەو کێشانەوە هەبێت کە لە کاتی تازەکردنەوەی سێرڤەرەکان و بەرنامەکانەوە روویدابێت و بووە هۆکارێک تا زیاتر لە  500 هەزار کەس لە گەیشتن بە هەژمارەکانیان لەسەر فەیسبووک بۆ ماوەیەک بێبەش بن، هەر وەک چۆن لە هەمان کاتتدا 50 هەزار کەسی دیکەی لە پێگەی ئینستاگرام و 10 هەزار کەسی دیکەی لە بەردەست بوونی مەسنجەر بێبەش کرد. ئەم راوێژکارە ئەوەشی روونکردەوە کە ئەم کێشانە زۆر ئاسایین و تەنانەت لەناو ئەو سیستمانەش کە زۆر ئاڵۆزن و پارێزبەندییەکی تۆکمەیان هەیە روودەدات. دوابەدوای لە کار کەوتنی هەردوو پێگەی فەیس بووک و ئینستاگرام بۆ ماوەیەک، هەندێک کەس پێیان وایە  کە ژیان بەبێ سۆشیال میدیا و پێگە کۆمەڵایەتییەکان بێ مانایە و نازانن چۆن کاتەکانی خۆیان بەسەر بەرن ، ئەم کەسانە پێیان وایە کە پێگە کۆمەڵایەتییەکان یارمەتیدەرێکی باشن بۆ مانەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هاوڕێ و کەسوکاریان. لە بەرامبەردا هەندێک کەسی دیکە پێیان وایە ، ژیان بە بێ پێگە کۆمەڵایەتییە ئەلەکترۆنییەکان ئارامتر و باشتر دەبێت و پەیوەندییەکانی مرۆڤ لە جیاتی ئەوەی لە پشت شاشەی کۆمپیوتەر و مۆبایلەکانەوە ببەسترێن  ، راستەخۆ دەبێت ، بە رای ئەم کۆمەڵە پێگە کۆمەڵایەتییە ئەلەکترۆنییەکان زۆر شتیان لەناوبرد و لایەنە نەرێنییەکەی و زیانەکانی بۆ سەر کۆمەڵگە زیاتر بوو وەک لە سوودەکانی. جێی ئاماژەیە دوێنێ سێشەممە 5/3/2024 هەردوو پێگەی فەیسبووک و ئینستاگرام بۆ ماوەیەک لەکارکەوتن و "هەژماری بەدواداچوونی ئینتەرنێتی" تایبەت بە چاودێریکردنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی بڵاویکردەوە کە سەدان هەزار لە بەکارهینەرانی فەیسبووک و ئینستاگرام و مەسنجەر لە هەندێک ناوچەی جیهاندا دووچاری کێشەبوون و کێشەکە هیچ پەیوەندییەکی بە بڕانی ئینتەرنێتەوە نییە. دوابەدوای نەمانی پێگەکانی کۆمپانیای "میتا"ش، ئیلۆن ماسک-ی خاوەنی پێگەی ئەلیکترۆنی "ئێکس" وەک توانجێک لەو کۆمپانیایە لەسەر هەژمارەکەی خۆی لە پێگەی "ئێکس" نووسی "گەر ئەم نووسینە دەخوێنیتەوە ئەوا نیشانەی ئەوەیە کە سێرڤەرەکانمان بێکێشەن".

هاوڵاتی حوسییەکانی یەمەن ئاشکرایانکرد ئێوارەی ئەمڕۆ بە ژمارەیەک مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دوو کەشتی ئەمریکییان لە دەریای سوور کردە ئامانج. ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 5ی ئازاری 2024 حوسییەکانی یەمەن لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایانکرد، لەڕێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە لە دەریای سوور دوو کەشتی ئەمەریکایان کردووەتە ئامانج. ئاماژە بەوەشکراوە "ئۆپەراسیۆنەکە بە ژمارەیەک مووشەکی دەریایی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراوە"، حوسییەکانی یەمەن جەخت لەوەدەکەنەوە "هێزە چەکدارەکانی یەمەن درێغی ناکەن لە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی هەموو ئامانجە دوژمنکارەکان، هەروەها ئەم هێرشانە بەردەوام دەبن تاوەکو گەمارۆی سەر گەلی فەلەستین لە کەرتی غەززە هەڵنەگیرێت".      

هاوڵاتی ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا، ئەمرۆ یەکشەممە 3/2/2024، لە سەر پەرەی فەرمی خۆی لە پێگەی ئێکس رایگەیاند ، کەشتی "روبیمار"ی  بەریتانی کە لە 18 شوباتی 2024 دا لە دەریای سوور لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە بە مووشەکێکی بالیستی بە ئامانج گیرا بوو، ژێرئاو کەوتووە. هەر لە راگەیاندنەکەدا هاتووە کە، کەشتییە ژێرئاوکەوتووەکە هەڵگری نزیکەی 21 هەزار تۆن مەتری لە پەینی ئامۆنیۆم سۆلفات بووە کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەی ژینگەیی لە دەریای سووردا دروست دەکات. هەروەها ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا هۆشداری لە بەرکەوتنی کەشتییەکانی ناو دەریای سوور لەگەڵ کەشتییە ژێرئاوکەوتووەکە داوە. لەلایەن خۆیەوە حکومەتی یەمەن رایگەیاند، دوابەدوای بە ئامنج گرتنی کەشتییەکە لەلەیەن حوسییەکانەوە ،حکومەت  شانەیەکی قەیرانی بۆ مەترسییەکانی ژێرئاوکەوتنی کەشتییەکە پیکهێنا ، بەڵام کە گوێی لە داواکاری و بەدواداچوونەکانی شانەکە نەگرت و  بۆ ماوەی زیاتر لە 12 رۆژ کەس نەچوو بە لای کەشتییەکەدا و دواجار ژێرئاوکەوتنی ئەو کەشتییە ، مەترسییەکی راستەقینەی لە دەریای سوور درووست کرد. لەلایەن خۆیشیانەوە حوسییەکانی یەمەن بە تووندی ئەو تۆمەتانەیان رەت کردەوە کە باسیان لە دووبارە بە ئامانج گرتنی کەشتییە پێکراوە بەریتانییەکەی دەکرد لەلایەن گروپەکەیانەوە و هەر لەم بارەیەوە "تۆفیق حەمیری" راوێژکاری وەزارەتی راگەیاندن ی سەر بە حوسییەکان وتی: "رەنگە لایەنێکی سێیەم هەستا بێت بەو کارە و بە دیاریکراویس رەنگە ئەمریکا ئەم کارەی کردبێت". هەروەها "حەمیری " ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی کە بە پێشنیازێکی حوسییەکان رازی نەبووە کە لەبەرامبەر گەیاندنی یارمەتی بە کەرتی غەزە ، ئەوا ئەمانیش رێگەدەدەن کە پاشماوەی کەشتیەکە لە دەریای سوور دوور بخەنەوە. جێی ئاماژەیە دوابەدوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەزە، هێرشی حوسییەکان بۆ سەر ئەو کەشتییانەی کە بە دەریای سووردا تێدەپەرن بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ئەو گروپە رایانگەیاندووە ، تا وستانی جەنگ لە کەرتی غەزە لە هێرش و پەلامارەکانیان بەردەوام دەبن.  

هاەوڵاتی رۆژێک دوای هەڵبژاردنەکانی ئێران کە هەواڵەکان باس لە بەشداری کەمی خەڵک دەکەن لەم هەڵبژاردنەدا، هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە بازاڕی تاران شەش هەزار تمەنی تێپەڕاند. بەپێی راپۆرتێک کە بەشی فارسی دەنگی ئەمریکا بڵاوی کردووەتەوە، هەر دۆلارێک بە زیاتر لە ٦٠ هەزار تمەن، یۆرۆ بە ٦٥ هەزار تمەن و پاوەنی ئینگلتەرا بە ٧٦ هەزار تمەن مامەڵەیان پێوە کراوە. چوونە سەرەوەی نرخی دۆلار و دراوەکانی تر لە رۆژەکانی رابردوودا لە بازاڕی ئێران بە شێوەی جیاواز لە لایەن کاسبکاران و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە باسی لێوە کراوە. تمەنی ئێرانی لەئێستادا یەکێک لە بێ بەهاترین دراوەکانە لە جیهاندا بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکان، هەروەها سیاسەتەکانی ئێران کە دژی رۆژئاوا وەستاوەتەوە رۆژ لەگەڵ رۆژ نرخی تمەنی ئێرانی روو لە دابەزینە. دەوڵەت بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی بازاڕ دەستی کردووە بە چاپی بێ پشتیوانی پارە و ئەمەش بووە بە هۆی هەڵئاوسانی ئابووری . لە ئێستادا بە پێی ئامارە حکومەییەکان هەڵئاوسانی ئابووری نزکی لە ٪٥٤، ئەمە لە حاڵێکدایە بە پێی ئامارە جیاوازەکان نرخی هەڵئاوسان لە ئێران سەرووی لە ٦٠ ٪ ە. دوێنێ هەینی ١ی ئازاری ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی ١٢هەمین خولی پەرلەمان و شەشەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران ئەنجامدرا.

هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت وڵاتەکەی ئامادەیە نێوەندگیری نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بکات بۆ کۆتایی هێنان بەو جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە. بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "شەفەق نیوز" فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتاڵیا بە ئاژانسەکانی هەواڵی "نۆڤۆستی" و "سپۆتنیک"ی رووسیای راگەیاند "عێراق ئامادەیە وەک ناوبژیوانێک مامەڵە بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، ئەگەر داواکارییەک لە مۆسکۆ و کیێڤەوە هەبێت بۆ نێوەندگیری". ئاماژەی بەوەشکرد "بەشێک بووین لەو تیمە پەیوەندییەی کە کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی لە ساڵی ٢٠٢٢ پێکیهێنا کە وەزیرانی دەرەوەی میسر، جەزائیر، عێراق، ئوردن، میرنشینەکان، سعودیە، و سودان لەخۆدەگرێت، جگە لە ئەمینداری گشتی". روونیشیکردەوە "ئەم تیمە بانگهێشتکرابوو بۆ پەیوەندیکردن بە هەردوولا و پێشکەشکردنی نێوەندگیری، ئێمە سەردانی مۆسکۆمان کرد و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا (سێرگی لاڤرۆڤ) کۆبووینەوە، لە وارشۆش لەگەڵ هاوتا ئۆکراینییەکەی کۆبووینەوە و پێشنیارێکمان خستەڕوو بۆ نێوەندگیری لە نێوان هەردوو لایەنەکەدا، بەڵام بارودۆخەکە زۆر سەخت بوو". جەنگی ئۆکرانیا و رووسیا لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ دەستیپێکرد و تائێستاش بەردەوامە، هەروەها زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا سزای جۆراوجۆریان بەسەر رووسیادا سەپاند و پاڵپشتی دارایی و سەربازی بۆ ئۆکرانیا دابینکرد.  

هاوڵاتی سەرۆکی گرووپی حوسییەکان لە یەمەن ئاشکرایکرد لە مانگی ١١ی ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن ٥٤ کەشتییان کردووەتە ئامانج. بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "ئەلعەربییە" بێت رۆژی پێنجشەممە ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٤ عەبدولمەلیک ئەلحوسی، سەرۆکی گروپی حوسییەکان لە یەمەن رایگەیاند "گرووپەکەی لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکانیانەوە دوای سەرهەڵدانی شەڕ لە غەزە ٥٤ کەشتییان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن کردووەتە ئامانج". ئاماژەی بەوەشکرد "لە مانگی ١١ی ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا گروپەکەی ٣٨٤ هێرشى مووشەکى و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەنجامداوە"، هەروەها جەختیشی لەوەکردەوە هێرشەکانیان بەردەوام دەبێت بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن و گەرووی باب ئەلمەندەب. سەرۆکی گرووپی حوسییەکان لە یەمەن لەبارەی هێرشەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا بۆ سەریان وتی "هێرشەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا کاریگەری لەسەر توانا سەربازییەکانی حوسییەکان نەبوو". حوسییەکان دەڵێن ئەو کەشتییانە دەکەنە ئامانج کە خاوەندارێتی کۆمپانیا ئیسرائیلییەکانن یان کەلوپەل بۆ ئیسرائیل دەگوازنەوە، ئەمەش وەک هاوسۆزییەک بۆ کەرتی غەزە کە لە ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە هێرشی ئیسرائیلی لەسەرە.  

هاوڵاتی سوپای ئەڵمانیا رایگەیاند، کەشتییەکی ئەم وڵاتە کە بۆ یارمەتیدان بە سەقامگیربوونی ئاسایشی بازرگانی لە دەریای سوور جێگیرکراوە، بۆیەکەمجار بەرپەرچی هێرشێکی حوسییەکانی داوەتەوە. ناوەندی ئۆپەراسیۆنی هێزە هاوبەشەکانی ئەڵمانیا رۆژی چوارشەممە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٤ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، شەوی رابردوو کەشتییەکی جەنگی ئەڵمانی بە ناوی "هەسەن" فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی حوسییەکانی خستووەتە خوارەوە. ئەم دامەزراوە سەربازییە ئاماژەی بەوەکرد "دوای ماوەیەک کەم، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دووەم لە کەشتییەکە نزیکبووەوە، زۆر زوو سیستمی بەرگریی کەشتییەکە چالاککرایەوە و توانیان فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە بخەنە خوارەوە". سوپای ئەڵمانیا رایگەیاندووە "لەم هێرشانەدا هیچ زیانێکی گیانی و مادی بە کەشتییەکە نەگەیشتووە و هەمووان سەلامەتن".

هاوڵاتی میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایانکردووە، گرووپی حوسییەکانی یەمەنی سەر بە ئێران، لەپشت تێکدانی چەند کێبڵێكی پەیوەندییەکانەوەن کە لەژێر دەریای سوور لە کەناراوەکانی یەمەن درێژ دەبنەوە و نیمچەدوورگەی عەرەبی بە ئەفریقا دەبەستنەوە. ماڵپەڕی سکای نیوز لە زاری سەرچاوەکانی خۆیەوە بڵاویکردەوە، گروپی حوسییەکان ئەو هێڵانەی پەیوەندییەکانیان تەقاندەوە کە لە ژێر دەریای سووردا درێژدەبنەوە لە کەناراوەکانی یەمەن و نیمچە دورگەی عەرەبی و ئەفریقا بەیەکەوە دەبەستنەوە و نۆژەنکردنەوەیان زۆرترین هەشت هەفتەی دەوێت. ئاماژە بەوەشکراوە، پچڕاندنی ئەو هێڵانەی ئینتەرنێت دەبێتە هۆی پچڕانی پەیوەندییە دیجیتاڵییەکانی نێوان ناوچە گەورەکانی جیهان بەتایبەتی لە مەیدانەکەدا مامەڵەی بازرگانی و بانکی. لە 19ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە حوسییەکان بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن دەکەنە ئامانج و دەڵێن، ئامانجیان لەم کارە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە.  

هاوڵاتی سەرۆکی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت، هیوادارە تا هەفتەی داهاتو لە غەززە ئاگربەست رابگەیەنرێت، دەشڵێت، هەمو هەوڵێک دەدات بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی بزوتنەوەی حەماس. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە نیویۆرک بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەیەوە پێیدراون ھەنگاوەکان بە ئاڕاستەی گەیشتن بە رێککەوتن بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە نزیکبووەتەوە و گفتوگۆ و دانوستانەکانیش لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیری ئەمریکا و میسر و قەتەر بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامە و کۆتایی نەھاتووە. وتیشی، هەوڵی جدی دەدات بۆ هەوڵدان بە گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی بزوتنەوەی حەماس، ئەوەش رەنگە ببێتەهۆی وەستاندنی شەڕ لە غەززە، هەروەها ئیسرائیل رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر وەستاندنی چالاکییە سەربازییەکان لە غەززە بۆ مانگی رەمەزان. هەروەها، هۆشداریشیدا لەوەی ئیسرائیل مەترسی لەدەستدانی پشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە، بەهۆی زۆری ژمارەی کوژراوانی فەڵەستینییەکان.    

هاوڵاتی ئەمرۆ دووشەمە فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە پەرەی فەرمی خۆی لە پێگەی ئێکس رایگەیاند ، رۆژی شەممەی رابردوو حوسییەکانی یەمەن بە موشەکێکی بالیستی دژە کەشتی، هێرشیان کردۆتە سەر کەشتییەکی نەوت هەڵگری ئەمریکی لە کەنداوی عەدەن. هەروەها لە راگەیاندنەکەدا ئەوەش هاتووە ، موشەکەکە بە بێ هیچ زەرەروزیانێک خراوەتە خوارەوە . فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ئەوەشی روونکردۆتەوە کە لە هەمان رۆژدا ، هێزەکانیان دوو فرۆکەی  بێفرۆکەوانی دیکەیان لە باشووری دەریای سوور خستۆتە خوارەوە و فرۆکەیەکی بێفرۆکەوانی دیکەش بە هۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە خۆی کەوتۆتە خوارەوە. جێی ئاماژەیە ئەم هێرشانەی چەکدارەکانی حوسی دوای ژمارەیەک هێرشی هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا دێت کە دوو رۆژ لەمەبەر کرایە سەر 18 بنکە و بارەگای چەکدارەکانی ئەو گروپە . لەلایەکی دیکەوە رۆژی هەینی رابردوو حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاند گەر بێتو هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بەردەوام بێت ئەوا گەرووی باب ئەلمەندەب بە تەواوی دادەخەن ، کە گرنگترین رێرەوی ئاوی بازرگانی جیهانییە و زۆربەی ئاڵۆگۆرە بازرگانییەکانی نێوان ئاسیا و ئەوروپا لە رێی ئەو گەرووەوە ئەنجام دەدرێت .

هاوڵآتی جەیکوب سالیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی بۆ کار و باری پەیوەندییەکان، رۆژی یەکشەممە ٢٥ی شوبات رایگەیاند، ئەمریکا، میسر، قەتەر و ئیسرائیل لە سەر گشتیەتی رێکەوتننامەیەک بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و ئاگربەستی کاتی لە غەزە لێک نزیکبوونەتەوە. راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی CNN ڕایگەیاند، گفتگوگۆکان هەر بەردەوامە و پێویستە قەتەر و میسر ئەنجامی گفتوگۆگان بگەیەننە حەماس. هاوکات سالیڤان لە وەڵامی پرسیارێکتردا دەربارەی پلانی ئیسرائیل بۆ ڕاگواستنی زیاتر لە ١ میلیۆن ئاوارەی فەلەستینی لە رەفەحەوە بۆ شوێنەکانیتری غەزە وتی، جۆ بایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئاگاداری ئەم  پلانەی ئیسرائیل نییە. راوێژکاری کۆشکی سپی بە ئاماژەی بەوەشکرد کە بۆ پاراستنی کەسانی مەدەنی و گەیاندنی خواردن، جل و بەرگ و شوێنی مانەوە، نابێ هیچ هێرشێکی سەربازی بکرێتە سەر  رەفەح. سالیڤان باسی لەوەشکرد کە ، ئەمریکا تا ئێستە هیچ پلان و بڵگەیەکی دەربارەی هێرشی ئیسرائیل  بۆ سەر رەفەح نەبینیوە.  

هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ( پێنتاگۆن) رایگەیاند دوا بە دوای هێرشی حووسییەکان بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور، هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا ئەمڕۆ یەکشەممە بە پشتیوانی ٦ وڵاتی هاوپەیمان ١٨ خاڵیان لە یەمەن کردۆتە ئامانج کە سەر بە حووسییەکان بووە. پێنتاگۆن لە دەربارەی ئەم چالاکییە هاوبەشە رایگەیاندووە:" هێرش کراوەتە سەر ١٨ ئامانج لە ٨ شوێنی یەمەن، لەوانە دامەزراوەو کۆگای تەقەمەنی، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان، سیستەمی بەرگری ئاسمانی و هەروەها کۆپتەرێک کراوەتە ئامانج". ئەمە چوارەمجارە ئەمریکا و بەریتانیا بە هاوبەشی بنکەو شوێنەکانی حووسیەکان ئەکەنە ئامانج دوای ئەوەی ئەم گرووپە دەستیکرد بە هێرشکردن بۆ سەر کەشتییە بازرگانیەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن. لۆیید ئاوستین، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند :" ئۆسترالیا، بەحرین، کەنەدا، دانیمار و هۆڵەندا و نیوزیلەند پشتیوانیان لەم هێرشە هاوبەشەی بەریتانیا و ئەمریکا کردووە. هاوکات وڵاتە پشتیوانەکانی ئەم هێرشە لە راگەیاندنێکی هاوبەشدا رایانگەیاند:" ئامانجەکان زۆر ورد پێکراون، مەبەست لێیان لاوازکردنی تواناکانی حووسییەکانە بۆ ئەوەی نەتوانێت هێرش بکاتە سەر کەستییە بازرگانییەکان و گیانی کەشتیوانە بێ تاوانەکان نەخاتە مەترسییەوەو هەروەها کێشە بۆ بازرگانی دەریایی لەم ناوچەیە دروست نەکات. هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا یەکەمجار رۆژی ١٢ی کانوونی دووهەم هێرشی هاوبەشیان کردە سەر ٦٠ خاڵ لە ١٦ شوێن لە یەمەن و بنکە و دامەزراوەکانی سەر بە حووسییەکانیان کردە ئامانج. هەر لەم پەیوەندەدا کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەلمەسیرە، کە لە لایەن حووسییەکانەوە بەڕێوە ئەبرێت، بەرەبەیانی یەکشەممە ٢٥ی شوبات رایگەیاند، هێزە ئەمریکی و بەریتانیاییەکان سەنعا، پێتەختی یەمەنیان کردۆتە ئامانج و هێرشیان کردۆتە سەری. خالد ئەلشایف، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی سەنعا رایگەیاند ، هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر پێتەختی یەمەن. بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سەنعا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی Xنووسی:" کۆمەڵێک هێرش کراوەتە سەر سەنعای پێتەخت و فڕۆکەکان بە ئاسمانی شارەکەدا دەسووڕینەوە". کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەلمەسیرە، رۆژی هەینی رایگەیاند هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا سێ هێرشی ئاسمانیان کردۆتە سەر ناوچەی "الصیف" لە پاریزگای "حدیدە"ی یەمەن. ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا ( سێنتکۆم) رۆژی شەممە ٢٤ی شوبات رایگەیاند پاپۆڕی " یوو ئێس ئێس میسۆن" مووشەکێکی بالستیکی دژە کەشتی حووسییەکانی لە کەنداوی عەدەن خستۆتە خوارەوە. سێنتکۆم ئەڵێت، کاتژمێر ٥ی دوانیوەڕۆ بە کاتی سەنعا، پاپۆڕی "یوو ئێس ئێس میسۆن" مووشەکێکی بالستیکی دژە کەشتی خستە خوارەوە کە لە لایەن حووسییەکانەوە بەرەو کەنداوی عەدەن هەڵدرابوو. بە پێی ئەم راپۆرتە، حووسییەکان ویستویانە کەشتی "تۆرم سوور" بکەنە ئامانج کە کەشتییەکی نەوتی- کیمیایی ئەمریکیەکانە. سێنتکۆم رایگەیاند توانراوە پێش ئەوەی مووشەکەکە ئامانجەکەی خۆی بپێکێت بخرێتە خوارەوەو زیان بە کەشتی نەوتهەڵگری تۆرم سوور نەگەیشتووە. دوای دەستپێکی جەنگی غەزە، حووسییەکان بە پشتیوانی لە فەلەستییەکان رایانگەیاندووە تا پاشەکشە کردنی ئیسرائیل و کۆتایی جەنگ، ئیزن نادەن هیچ کەشتییەکی بازرگانی ئیسرائیلی لە دەریاکاندا هاتووچۆ بکات. حسێن عیزی یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی حوسیەکانی یەمەن لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسى ڕۆیتەر لەبارەى داخستنى گەروى بابولمەندەب ڕایگەیاند،" ئەوەندە ھێز و توانامان ھەیە، کە بتوانین گەرووی بابولمەندەب بە یەکجاری دابخەین، بەڵام ئەو کارە ناکەین".  دەشڵێت، "بەڵام رێگە بە ھیچ کەشتییەک نادەین بە دەریای سور و کەنداوی عەدەن و دەریای عەرەبدا ھاتووچۆ بکات ئەگەر پەیوەندییان بە ھەر لایەن و کەسایەتییەکی ئیسرائیلییەوە ھەبێت." ئەوەشى خستووەتەڕوو،گەرووی بابولمەندەب  تائێستا کراوەیە و دانەخراوە، نیشانەی ئەوەیە حوسیەکان لەگەڵ بەردەوامی جموجۆڵە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکاندایە و نایەوێت کێشەی بۆ دروست بکات، ئەمەش سەرجەم تۆمەت و زانیارییە ناڕاستەکانی ئەمریکا و بەریتانیا رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن حوسیەکان دەیەوێت جموجۆڵی بازرگانی لە دریای سور پەکبخەن. حووسییەکان گرووپێکی میلیشای سەر بە کۆماری ئیسلامین و لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی سەربازی و ئابووری ئەکرێن.  

وەرگێڕانی: شوان عەباس بەدری دوو ساڵ لەمەوبەر و لە ریکەوتی 24 ی شوباتی 2024  دا، ڤلادمیر پۆتین، سەرۆکی روسیا دەستپێکی چالاکییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە دژی ئۆکرانیا راگەیاند و بەو جۆرە جەنگێکی ماڵوێرانکەر هەڵگیرسا و بەپێی سەرچاوە ئۆکرانی و رۆژئاواییەکانیش تائێستا نزیکەی 10 هەزار کەسی سڤیل و 200 هەزار سەربازی روسی و ئۆکرانی لە جەنگەکەدا کوژراون و کاریگەرییەکی زۆریشی لەسەر ژیانی رۆژانەی هاوڵاتییە ئۆکرانییەکان لەلایەک و لایەکی دیکەوە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان داناوە. بۆ تیشک خستنەسەر زیاتری جەنگەکەش گۆڤاری "لۆبس" لە راپۆرتێکیدا کە لەلایەن "رۆمان فیریر"ەوە نووسراوە ، 10 خاڵی یەکلاکەرەوەی ئەو جەنگ و ململانێیەی خستۆتە روو. 24 شوباتی 2022 .. دەستپیکی داگیرکارییەکە ڤلادمیر پۆتین، لە وتاریکی تەلەفزیۆنی لەناکاودا دەستپێکی چالاکییە سەربازییە تایبەتەکانی راگەیاند و دوابەدوای ئەوەش داگیرکاری روسیا بۆ ناوچەکانی ئۆکرانیا دەستی پیکرد و سەرۆکی روسیا لە جیاتی ناوهینانی "جەنگ" یا "ململانێی سەربازی" رایگەیاند مەبەست لە چالاکییە سەربازییەکانی روسیا بریتییە لە "چەک داماڵین" و "لەناوبردنی نازییەتە" لەو وڵآتە و  لە بەرەبەیاندا بوردومانی کییفی پایەیەختی ئۆکرانیا لەلایەن هێزە سەربازییەکانی روسیاوە دەستیپێکرد. 18 ئایار 2022 .. سوید و فیلەندا داوای ئەندامێتی لەناو ناتۆ دەکەن لەم بەروارەدا، هەردوو وڵاتە ئەسکەندنافییەکەی کیشوەری ئەوروپا بە بیانووی هێرشەکەی سەر ئۆکرانیا داوای ئەندامێتییان کرد لە ناتۆ و "یێنس ستولتنبرگ ی ئەمینداری گشتی ناتۆش وتی ،" ئەمە رۆژێکی زۆر گرنگە و داواکە لە ساتەوەختێکی زۆر هەستیاری سەر مەترسییەکانی  ئاسایشمان کراوە". ئەم داوایەی ئەو دوو وڵاتەش بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆ بە کۆتایی بێ لایەنی سوید و فیلەندا ئەژمار دەکرێت کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوەو هەر لە ساڵی 1945 ەوە بێلایەنی خۆیان پاراستبوو. یەکی نیسانی 2022.. کۆمەڵکوژییەکەی بوتشا دوای دەستپیکی یەکەمین هێرشی پێچەوانەی سوپای ئۆکرانیا لە 25ی ئازاری 2022دا، سوپای ئەو وڵاتە لە یەکی نیسانیدا توانیان بچەنە ناو شارۆچکەی بوتشا ی باکووری رۆژئاوای کێفی پایەتەختی ئۆکرانیاوە و دوای دەست بەسەرداگرتنی ئەو شارۆچکەیەش بۆیان دەرکەوت سوپای روسیا لەو شارۆچکەیەدا کۆمەڵکوژییان ئەنجامداوە، بە جۆرێ زیاتر لە 400 تەرمییان لەسەر جادە و ناو کۆڵان و ماڵەکان و چەند گۆرێکی بە کۆمەڵ  ئەو شارۆچکەیە کۆکردەوە ، ئەم روداوەش بە توندی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە سەرکۆنە کرا و "ئەمانویل ماکرۆن"ی سەرۆکی فەرەنسا و "ئۆرسۆلا فون"ی سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا کۆمەڵکوژییەکەیان بە "تاوانی جەنگ" وەسف کرد. 30 ئەیلولی 2022.. روسیا چوار ویلایەتی ئۆکرانی دەبەستیتەوە بە خۆیەوە لە میانەی ڤیستیڤاڵێکدا کە لەناو کرملین سازدرا، بە فەرمی سەرۆکی روسیا، ویلایەتەکانی "دۆنیستک و لوگانست و خیرسۆن و زابارۆجیا" ی بە بەشێک لە خاکی روسیا ناساند و رایگەیاند کە ئەم هەنگاوە لە دوای چەند راپرسییەک لەو ویلایەتانە هاتووە، بەڵام ئۆکرانیا ئەو راپرسیانەی بە نایاسایی وەسف کرد و کۆمەڵکەی نێودەوڵتیس دانی پیانەنا. بە پێی راپۆرتەکەی رۆژنامەکەش ئەم هەنگاوە ، هەنگاویکی رێخوشکەر بوو تا روسیا لە دژی هەر پەلامارێک بۆ سەر ئەو ناوچانە کە بوون بە بەشێک لە خاکی روسیا هەرەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بکات. 11 ی نۆڤەمبەری 2022.. کۆنترۆڵکردنەوەی  خیرسۆن لەدوای هێرشە پێچەوانەکەی سوپای ئۆکرانیا لە 29ی ئابی 2022، سوپای ئەو وڵاتە توانییان بچەنە ناو خیرسۆنەوە. بەپێی راپۆرتی گۆڤارەکەی "لۆبس" ئەم ناوچەیە بە تاکە ناوچەیەی هێزەکانی روسیا ئەژمار دەکرا کە دەکەوتە پشت رووباری "دنیبر" و بەرگری کردن لێی کاریکی سەخت بوو، ئەم هەنگاوەش بە سەرکەوتنیکی مەزن بۆ سوپای ئۆکرانیا ئەژمار دەکرا. 20ی ئایاری 2023.. فاگنەر کۆنترۆڵکردنی باخموت رادەگەیەنێت دوای چەندین مانگ لە پێشرەوییە خاوەکانی سوپای روسیا ، "یفگینی بریگوجین" ی فەرماندەی گروپی ڤاگنەری روسیا رایگەیاند کە هێزەکانیان بەتەواوی "باخموت"یان کۆنترۆڵ کردووە، بەم ئەم هەواڵە لەلایەن دەسەڵتدارانی ئۆکرانیاوە رەت کرایەوە و رایانگەیاند ، هێشتا ئەو شارە بەتەواوی لەلایەن روسیاوە کۆنترۆڵ نەکراوە و هیزەکانیان لە هەندێک ناوچە بەرگری دەکەن ، هەروەها ئەوەشیان راگەیاند ، کە بارودخەکە قەیراناوییە و جەنگێکی خویناوی لەو شارە دەگوزەرێت.  هەشتی حوزەیرانی 2023.. دەستپێکی هێرشی پێچەوانە لەم هێرشەدا "فولودیمیر زیلینسکی" سەرۆکی ئۆکرانیا ، بەمەبەستی گەیشتن بە دەریای "ئازوف" فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد  هێرش بکەنە سەر هێڵی بەرگری سوپای روسیا لە نێوان ناوچەکانی "زاباروجیا"و " دونیتسک" و بۆ ئەم مەبەستەش 35 هەزار سەبازی ئامادە کرد ، بەڵام هێرشەکە چ لەلایەن ڤلادمیر پۆتین ی سەرۆکی روسیا و چ لەلایەن خودی هەیئەی ئەرکانی سوپای ئۆکرانیاوە بە هێرشێکی سەرنەکەوتوو وەسف کرا ، دوابە دوای ئەو هێرشەش "فالیری زالوجنی" فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا رایگەیاند،" توانای روسیا لە رووی چەک و جبەخانە و مووشەکەوە زۆر لە پێش توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیاوەیە و دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر ئەو جیاوازییەش لە بەرژەوەندی خۆیدا بپارێزێت". 23و24 حوزەیران ی 2023.. یاخی بوونی ڤاگنەرەکان دوابەدوای ئەوەی "یفگینی بریگۆجین"ی فەرماندەی گروپی ڤاگنەرەکانی روسیا ، دەسەڵاتدارانی روسیای بە کووشتنی ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی بە فەرمانی راستەوخۆی مۆسکۆ تۆمەتبار کرد ، ئەو گروپە دەستییان بە یاخی بوونێکی سەربازی لە دژی سوپا و دەسەڵاتدارەکانی کرملین کرد و بەرەو مۆسکۆی پایەتەختی روسیا دەستییان بە پێشرەوی کرد ، بەڵام دوابەدوای رێکەوتنی نێوان "ئەلکساندەر لۆکاشینکۆ"ی سەرۆکی بیلاروسیا و فەرماندەی هێزەکانی ڤاگنەر و دواتریش رێکەوتنیان لەگەڵ ڤلادمیربۆتین لە دووری 200 کیلۆمەتر لە مۆسکۆی پایەتەختەوە گیرسانەوە . لە 23 ئابی 2023شدا ، "یفیگینی بریگۆجین"ی فەرماندەی گروپی ڤاگنەر و " دیمیتری ئوتکین" ی شەریکی ،  لە روداوی تێکشکانی فرۆکەکەیدا کوژران و رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە 22ی سێپتەمبەری 2023دا بڵآویکردەوە کە رووداوەکە لە رێی بۆمبێک کە لە ژێر یەکێک لە باڵەکانی فرۆکەکە چێنرابوو روویداوە و ناوبراو تیرۆر کراوە. یەکی شوباتی 2024.. یارمەتییەکانی ئەوروپا وڵاتانی یەکێتی رێکەوتن کە بۆ ماوەی چوار ساڵ بە بڕی 50  ملیار یۆرۆ یارمەتی ئۆکرانیا بدەن ، "چارلز مایکل"ی بەرێوەبەری ئەنجومەنی ش رایگەیاند ، ئەم هەنگاوە زامنی یارمەتییەکانی یە بە شێوەیەکی بەردەوام و درێژخایەن بۆ ئۆکرانیا. 19ی شوباتی 2024..روسیا ئەفیدیفکا کۆنترۆل دەکات لەم بەروارەدا هێزەکانی روسیا توانیان شارۆچکەی ئەفیدیفکیا لە ناوچەی دۆنیتسک کۆنترۆڵ بکەن ، کە بە گەورەترین سەرکەوتنی هێزەکانی روسیا لە دوای کۆنترۆل کردنی باخموت ئەژمار دەکرێت ، ئۆکرانیاش لەم سەرکەوتنەی روسیا ، ئەمریکای بە خەتابار ناساند و ئۆباڵی ئەو شکستەی خستە ئەستۆی واشنتۆنەوە و سەرۆکی ئۆکرانیا رەخنەی تووندی لە کەمتەرخەمییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر ئۆکرانیادا گرت و دانی بەوەدانا کە دۆخەکە لە زۆربەی شەرگەکاندا قەیراناوی و مەترسیدارە.

هاوڵاتی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، سەرلەبەیانی  ئەمرۆ یەکشەممە رایگەیاند، لە ئەنجامی بوردوومانێکی ئاسمانی فرۆکە ئیسرائیلییەکان لە سەر سنووری سوریا – لوبنان دوو ئەندامی حزبوڵای لوبنانی کوژراون. روانگەکە ئەوەشی خستۆتە روو، کە هێرشەکە لە ناوچەیەکی نێوان پارێزگای حومس و ریفی دیمەشق لە نزیک سنووری سوریا و لوبنان بۆ سەر بارهەڵگرێک ئەنجامدراوە. بەڵام تا ئێستا نە ئاژانسە هەواڵییەکانی سوریا و نە حزبوڵای لوبنانی هیچ روونکردنەوەیەکیان لەو بارەیەوە نەخستووەتە روو. دوابەدوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەزە، سوپای ئیسرائیل لە رێگەی فرۆکە و فرۆکەی بێفرۆکەوانەوە هێرشەکانی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی سوریا و بە تایبەتیش ناوچەکانی ریفی دیمەشق چڕ کردووەتەوە. لەلایەکی دیکەوە ئالۆزییەکانی سەر سنووری نێوان ئیسرائیل و باشووری لوبنانیش گەیشتۆتە لووتکە و  تا ئێستا تەنها لەناو خاکی سوریادا 14 ئەندام و چەکداری حزبوڵا لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون.

هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە ٢٤ی شوبات، لە دووهەمین ساڵیادی لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، رێبەری وڵاتانی کەنەدا، ئیتالیا، بەلژیکا، سەردانی کیێڤ پێتەختی ئۆکراینیان کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو وڵاتە دوپاتکردەوە. جۆستین ترۆدۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنادا، جۆرجیا مێلۆنی سەرۆک وەزیری ئیتالیا، ئێلکساندر دۆکرۆ سەرۆک وەزیرانی بەلژیکا، ئورزولا فۆن دێر لاین ، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، بە شەمەنەفەر لە پۆڵەنداوە گەیشتنە پێتەختی ئۆکراین. بڕیارە سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا وەک بەرپرسی کاتی گرووپی حەوت دانیشتنێکی ڤیدیۆیی لەگەڵ سەرۆکی وڵاتانی دیکەی ئەم گرووپە ئەنجام بدات، بە ئامادەبوونی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، وەک هاوسۆزی لەگەڵ خەڵکی ئەم وڵاتە. هاوکات  بە پێی راپۆرتێکی رۆیتەرز، جۆ بادین سەرۆککۆماری ئەمریکا لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدار دەبیت. مەبەست لە سەردانەکەی ڕابەرانی ڕۆژئاوا بۆ کیێڤ دەرخستنی هاوسۆزی خۆیانە بۆ هێزەکانی ئۆکرانیا کە ڕووبەڕووی کەمیی بوونەتەوە لە چەک و تەقەمەنیدا. هاوکات ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگری ئۆکراین رایگەیاند فڕۆکەیەکی جەنگی رووسی خراوەتە خوارەوە. فڕۆکەکە لە سەر خاکی رووسیا و لە نیوان شارەکانی رۆستۆڤ و کراسنۆدار کەوتە خوارەوەو ڤیدیۆی ئاگرگرتنی فڕۆکەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە. تا ئێستە نازانریت فڕۆکەوانەکەو کەسانی ناو فڕۆکەکە ماون یان نا. ئەم فڕۆکە جەنگییە لەو جۆری A50  یە و فڕۆکەیەکی جەنگی- سیخوڕیە و توانای هەڵگرتنی ١٥ کەسی هەیە.