هاوڵاتی / شوان عەباس بەدری   بەرنامەی "60 خولەک" ی کەناڵی راسیای یەکی دەوڵەتی  و هەروەها بەرنامەی "کات وەڵام دەداتەوە" ی کەناڵی یەکی تەلەفزیۆنی روسیا، لە دوو بەرنامەی جیاوازدا جەند تەوەرێکیان لەبارەی ناتۆ و زیاد بوونی چالاکییە سەربازییەکانی لە ئەوروپا خستە بەر باس و گفتۆگۆ. "ئۆلیسیا لوسوا"ی یەکێک لە پێشکەشکارەکانی بەرنامەی "کات وەڵام دەداتەوە" لە سەرەتای بەرنامەکەدا هۆشداریدا کە "وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بە شێوەیەکی بەرچاو خۆیان بۆ جەنگ لەگەڵ روسیا ئامادە دەکەن". هەروەها ئەم پێشکەشکارە ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ماوەکانی پێشوودا وڵاتی ئەلبانیا بە مەبەستی پێشوازی کردن لە فرۆکە جەنگییەکانی ناتۆ  یەکێک لە بنکە هەواییەکانی سەردەمی یەکێتی سۆڤێتی نۆژەن کردۆتەوە و هەرەوەها ئەوەشی خستە روو کە ناتۆ لە وڵآتانی نەرویج و سوید و فیلانددا لە ژێر ناوی "کاردانەوەی باکوور" دەستی کردووە بە مانۆرێکی سەربازی. هەروەها پێشکەشکارەکانی هەردوو بەرنامەی "60خولەک" و "کات وەڵام دەداتەوە، باسیان لە وتارێکی وەزارەتی بەرگری روسیا کردووە کە لە گۆڤاری "هزری سەربازی" بڵاوکراوەتەوە و تێیدا باس لە چەند سیناریۆیەکی جیاوازی پەیوەست بە ئەگەری هێرشی رۆژئاوا بۆ سەر روسیا کراوە.   لەلایەن خۆیەوە "ئۆلیگا ئسکابیوا"ی پێشکەشکاری بەرنامەی "60 خۆلەک"، وتی: " دوژمن پێش ئەوەی هێرش بکاتە سەر وڵآتەکەمان، ئەوا چەند چالاکییەک ئەنجام دەدات و بە چری دەست دەکات بە چاودێری کردنی ناوچە سنوورییەکانمان". هەروەها ناوبراو ئەوەشی خستە روو ،" بە رێکەوت بێت یان نا ، تەنها یەک رۆژ بەر لە پێشکەشکردنی ئەم بەرنامەیە چەند زانیارییەکمان دەست کەوتووە کە فرۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا لە جۆری ئێف 35 لە ئاسمانی ئۆکرانیاوە ، بە فروانی و بە وردی خەریکی دەستنیشان کردنی بنکە دژە ئاسمانییەکانی روسیان ". لە وەڵامی پرسیارێکی بێشکەشکارەکەی بەرنامەی "60چرکە" دا " کە ئاخۆ لە وڵآتانی ئەسکەندافییەوە هیچ هەرەشەیەکمان لەسەرە؟" ڤلادیسلاو شوریگین"ی پسپۆری سەربازی وتی:" بێگومان ئەم هەرەشەیە زۆر جدییە، گەر لە رابردوودا بە درێژایی سنوورەکانی باکوور جگە لە نەرویج هیچ سنوورێکمان لەگەڵ ناتۆدا نەبووبێت ، ئەوا ئەمرۆ گشت سنوورەکانی باکووری روسیا بۆتە هاوسنووری ناتۆ". هەروەها ناوبراو لەبارەی ئەگەری کاردانەوەکانی روسیا وتی : " لە ئێستادا ئێمە سەرقاڵی دوبارە بنیات نانەوەی "ناوچەی سەربازی لینینگرادین" و کەشتیگەلی باکووریش وەک یەکەیەکی سەربەخۆی سەربازی لەو ناوچەیە جێگیر کراوە ، پێدەچێت کە گشت ئەمانە بەشێک بن لە سیستمی یەکگرتووی سەربازی روسیا ، جگە لەوەش روسیا خەریکی بنیاتنانی ناوەندێکی راهێنانی هێزە تایبەتەکانی باکوورە لە ناوچەی "نیژنوارتوفسک" .   ئەم شارەزا سەربازییە ئەوەشی وت:"ئەمە جەنگێکە بۆ کۆنترۆڵ کردنی سەرزەمینەکانی باکوور، جەنگیکە بۆ باکوور و ئێمەش دەبێت بزانین کە بەڵێ لە ئێستادا جەمسەری باکوور بۆتە ناوچەیەکی زۆر هەستیار بۆ ئێمە ،ئێمە دەزانین کە لە داهاتوودا جەمسەری باکوور  وەک ناوچەیەکی ستراتیژی رۆڵێکی زۆر کارا و گرنگی دەبێت ". لێکەوتەکانی ئاشکرابوونی فایلە دەنگییەکانی ئەڵمانیا لە هەردوو بارنامەکەدا باس لە لێکەوتەکانی ئاشکرابەننی فایلە دەنگییەکانی بەرپرسانی هێزی ئاسمانی ئەڵمانیا کرا کە باسییان لە ناردن و جێگیرکردنی مووشەکی مەودا درێژ کردبوو لە ئۆکرانیا . "سکابیوا" لە بەرنامەی 60 خۆلەکدا ئەوەی خستە روو کە لە ئێستادا  "جۆن کربی" وتەبیژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا خۆی لە باسی ئەو فایلە دەدزێتەوە ،چونکە دەزانێت گەر بێتوو ناوەرۆکی فایلەکان پستراست بکاتەوە ئەوا لە بەرژەوەندی کرملین دەبێت و ئاشکرا دەبێت کە روسیا نە تەنها لەگەڵ ئۆکرانیا بەڵکو لەگەڵ هەموو هێزەکانی ناتۆ لە جەنگدایە. ئەم پێشکەشکارە ئەوەشی ووت :" دەبێت ئەوە بڵێم کە ئەوان بێدەنگییان هەلبژاردووە ، وەک بڵەیت ئێمە تێناگەین ، رەنگە ئێمەیان بە گێل زانی بێت". هەر لە گفتۆگانی هەردوو بەرنامە رووسیەکە باس لە چۆنییەتی ئاشکرابوونی ئەو فایلە دەنگییانەش کرا و "سپیردون کیلینکاروف" ی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئۆکرانیا بە بێ خستنە رووی هیچ بەڵگەیەک رایگەیاند کە ئەم فایلانە لەلایەن ئەمەریکا و بەریتانیاوە دزەی کردووە. "کیلینکاروف" ئەوەشی خستە روو کە 12 ساڵ لەمەوبەر سیاسییە ئەوروپی و روسەکان پێکەوە باسیان لە ئەوروپایەکی یەکگرتوو دەکرد کە لە "لیشبۆن"ەوە تا "ڤلادیوستوک" درێژ دەبووەوە. ناوبراو ئەوەشی وت کە ، بە دیهێنانی ئەو سنوورە ئەوروپییە لە بەرژەوەندی هەموو وڵآتانی ئەوروپی و دانیشتوانەکەی دەبوو ، بەڵام لەبەر ئەوەی دروست کردنی ئەو سنوورە بەرفراوانە وەک پەتێکی سێدارە دەبوو بە گەردەنی ئەمریکاوە ، هەرلەبەر ئەوە یەکێک لە هۆکارەکان یان باشترە بڵێم هۆکارە سەرەکییەکەی گشت ئەم روداو و پیشهاتانەی کە لەناوچەکەدا دەیبینین ، دەگەرێتەوە بۆ ترسی ئەمریکا لە دروست کردنی ئەو ئەوروپا یەکگرتووە . هەرەوەها ناوبراو ئەوەشی وت:" بەڕاست چ کەسێک دەیەوێت دۆخەکە بەم جۆرە بێت؟ من تەواو باوەرم بەوە هەیە بە مەبەستی دوورخستنەوەی زیاتری مۆسکۆ و بەرلین لە یەک ، ئەم زانیاری و فایلە دەنگییانە لە لایەن ئەمەریکا و بەریتانیاوە دزەیان پێکراوە وئەمەش لە بەرژەوەندی ئەو دوو وڵآتەیە". ئەوەشی وت :" ئەو دوو وڵاتە هەموو کارێک دەکەن تا لە کۆتاییدا مۆسکۆ و بەرلین راستەوخۆ رووبەرووی یەکتر ببنەوە ، تەنانەت وێنا کردنی ئەوەی کە چەند سیخۆرێکی دولایەنە لە ناو سیستمی بریاردان و بەرێوەبردنی ئەوروپا جێگەی خۆیان کردۆتەوە و لە بەرژەوەندی ئەمەریکا و بەریتانیا کار دەکەن لەرز بە هەموو گیانمدا دێنێت ". دوو ساڵ لەمەوبەر و لە ریکەوتی 24 ی شوباتی 2024  دا، ڤلادمیر پۆتین، سەرۆکی روسیا دەستپێکی چالاکییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە دژی ئۆکرانیا راگەیاند و بەو جۆرە جەنگێکی ماڵوێرانکەر هەڵگیرسا و بەپێی سەرچاوە ئۆکرانی و رۆژئاواییەکانیش تائێستا نزیکەی 10 هەزار کەسی سڤیل و 200 هەزار سەربازی روسی و ئۆکرانی لە جەنگەکەدا کوژراون و کاریگەرییەکی زۆریشی لەسەر ژیانی رۆژانەی هاوڵاتییە ئۆکرانییەکان لەلایەک و لایەکی دیکەوە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان داناوە.   

هاوڵاتی / شوان عەباس بەدری فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا "سینتکوم" ، دوێنێ چوارشەممە لە سەر پەرەی فەرمی خۆی لەسەر پێگەی "ئێکس"رایگەیاند ، لە ئەنجامی هێرشێکی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانی لە نزیک کەناراوەکانی یەمەن 3 کەس کوژراون  و 4 کەسی دیکەش بریندار بوون. لە راگەیەندراوکەی "سینتکوم"دا هاتووە ،" رۆژی چوارشەممە بە مووشەکێکی بالیستی دژە کەشتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان هێرش کراوەتە سەر کەشتی "لیبریە"ی بربادۆس، دوای هێرشەکەش تاقمی کەشتییەکە رایانگەیاندووە 3 کەس لە ئەنجامی هێرشەکە کووژراون و 4 کەسی تریش بریندار بوون کە دۆخی 3 لە بریندارەکان سەختە، هەروەها کەشتییەکەش زیانێکی زۆری پێگەیشتووە". بە وتەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ، ئەمە پێنجمین مووشەکی بالیستییە کە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا ، لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە بەرەو کەشتییەکانی ناو دەریای سوور هاویژراوە. لە لایەن خۆیانەوە وەزارەتی کرێکارە کۆچەرییەکانی فلیپین کوژرانی چەند دەریاوانێکی فلیپینی لە ئەنجامی ئەو هێرشە پشتراست کردەوە و رایگەیاند، "لە ئەنجامی هیرشێکدا لە دەریی سوور ، دوو دەریاوانی فلیپینی کوژراون و دوو دەریاوانی دیکەی فلیپینیش بە سەختی بریندار بوون". دوابەدوای هێرشەکەش حوسییەکان رایانگەیاند ، ئەو کەشتییەی بە ئامانجیان گرتووە ، کەشتییەکی ئەمریکییە و پابەندی ئاگادارکردنەوە و رێنووماییەکانی چەکدارەکانییان نەبووە ، هەربۆیە بە موشەک هێرشیان کردۆتە سەر و پێکاویانە. هەروەها حوسییەکان ئەوەشیان راگەیاند ، تا وستانی جەنگ لە کەرتی غەزە و هەڵگرتنی ئەو ئابلوقەیەی کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە خراوەتە سەر ئەو کەرتە بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان. لەلایەن خۆیەوە کەناڵی "سی ئێن ئێن" ی ئەمریکی بڵاویکردەوە ، لە ماوەکانی پێشوودا حوسییەکان زیاد لە 45 هێرشی جۆراوجۆریان بە مووشەک و فرۆکەی بێفرۆکەوان کردۆتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتییە ئەمریکی و رۆژئاواییەکانی  ناو دەریای سوور . جێی ئاماژەیە حوسییەکانی یەمەن گروپێکی چەکداری نزیک لە ئێرانن و بە بڕوای چاودێران و بەرپرسە سەربازییە ئەمریکی و رۆژئاواییەکان لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن و یارمەتی لۆجیستی و سەربازی دەدرێن و ئاراستە دەکرێن

هاوڵاتی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی نوێترین ئاماری بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەدەکات لە ساڵی ٢٠٢٣ ژمارەی گیانلەدەستدانی کۆچبەران زیادیکردووە. بەپێی ئامارەکەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی بێت، لە ساڵی ٢٠٢٣دا ھەشت ھەزار و ٥٦٥ کۆچبەر لە رێگاکانی کۆچ لە سەرانسەری جیھاندا گیانیان لەدەستداوە. هەر بەپێی ئامارەکە، ژمارەی گیانلەدەستدانی کۆچبەران لە ساڵی ٢٠٢٣ دا بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢، بە ڕێژەی ٢٠٪ زیادیکردووە. ھاوکات جەخت لەسەر پێویستی بەپەلە دەکاتەوە، بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەکان بۆ رێگریکردن لە مردنی زیاتری کۆچبەران لە رێگاکانی کۆچدا، بەوپێیەی ئامارەکە بەرزترینە بەراورد بە ١٠ ساڵی رابردوو.    

هاوڵاتی ماڵپەڕی تەسنیم سەر بە سوپای پاسداران رۆژی چوارشەممە 6ی ئازاری 2024 رایگەیاند، ئێران دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئەمریکادا گرتووە، ئەم کەشتییە نەوتهەڵگرە کە ناوی ADVANTAGE SWEE  لە کەنداوەوە تێدەپەڕی. ئاژانسی تەسنیم بە ئاماژە بە گەمارۆکانی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوایی دژی کۆماری ئیسلامی باسی لەوەکردووە ئەم گەمارۆیانە بووە بەهۆی ئەوەی رێگری لە فرۆشی دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشە پەپوولەییەکان (EB: Epidermolysis Bullosa) بگیردرێت لەلایەن کۆمپانیایەکی سویدییەوە و ئەمە بووە بەهۆی ئەوەی ئەو نەخۆشخانە لە باری جەستەیی و دەروونییەوە زیانی قورسیان پێ بگات.   تەسنیم رایگەیاندووە، کەشتی ADVANTAGE SWEE بە بڕیاری دادگاییەک لە تاران دەستی بەسەردا گیراوە و نووسیویەتی "لەسەر سکاڵای نەخۆشە پەپوولەییەکان (EB: Epidermolysis Bullosa) دژی ئەمریکا لە دادگای مافی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە تاران، بڕیار دراوە دەست بە سەر ئەم کەشتییەدا بگیردرێت".   تەسنیم هیچ زانیارییەکی زیاتری لەم بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.   پێشتر هێزی دەریایی ئەمریکا رۆژی 27ی نیسانی 2023 رایگەیاند ئێران لە دەریای عومان دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر بە ناوی ADVANTAGE SWEET"دا گرتووە کە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی لەسەر بووە. هێزی دەریایی ئەمریکا رایگەیاندبوو ئەم کەشتییە کاتێک دەستی بەسەردا گیراوە پەیامێکی ناردووە. هێزی دەریایی ئەمریکا هەروەها وتوویەتی ئەم کارەی ئێران دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیە. هەروەها رۆژی 11ی کانوونی دووەمی 2024 ماڵپەڕی تەسنیم رایگەیاند "دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئەمریکیدا گرتووە".

هاوڵاتی محەمەد خاتەمی، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران دەربارەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران و ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری وتی "بەو پەڕی وشیاری و راستگۆیانە دەنگم نەدا بۆ ئەوەی لەگەڵ کەس درۆ نەکەم". ئاماژەی بەوەشکرد "ئەمجارە بڕیارمدا ئەگەر ناتوانم کارێک بۆ خەڵک بکەم هاودەنگ و هاورێی لەشکری ناڕازییەکان بم" محەمەد خاتەمی لە کۆبوونەوە لەگەڵ راوێژکارەکانی خۆی رایگەیاند "بەپێی ئامارەکان زۆرینەی خەڵک لە دۆخەکە ناڕازین و هیوایەکیان بە داهاتوو نییە". هەروەها وتیشی "کاتێک دەڵێم خەڵک مەبەستم ئەو رێژە زۆرەی خەڵکە کە زیاتر لە ٥٠٪ حەشیمەتی ئێرانن و بەشداریان لە دوو هەڵبژاردنی پێشتردا کردووە و هەروەها چەند میلیۆن کەسێک کە بە دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان و بە دەنگی سپی خۆیان ناڕەزایەتی خۆیان بە دۆخەکە دەربڕی، لەم هەڵبژاردنەشدا بینیمان ئەوانەی بەشداریان لە هەڵبژاردندا نەکردووە یان دەنگی سپیان داوە لە هەڵبژاردنی پێشتر زۆرتر بووە". ئاماژەی بەوەشدا، لە دۆخی نالەباری ئێستادا دەنگ نەدان جۆرێک دەنگدانە، لەم دۆخەشدا زۆرینەی زۆری خەڵک دەنگ نەدانیان هەڵبژارد. بەپێی ئامارە حکومییەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران کە رۆژی ١ی ئازار بەڕێوە چوو کەمتر لە ٤١٪ خەڵک بەشداریان کردووە لە دەنگدان، هەرچەندە بیروڕای گشتی لایان وایە رێژەی بەشداریکردن زۆر لەوە کەمتر بووە، لە پارێزگای سنە بە پێی ئامارە حکومییەکان لە ٢٥٪ خەڵک بەشداریان لە دەنگدان کردووە، بەڵام ئامارە نافەرمییەکان باس لەوەدەکەن ئەم رێژەیە کەمتر بووە لە ١٠٪.

هاوڵاتی / شوان عەباس بەدری سەر لە ئێوارەی دوێنێ سێشەممە هەر دوو پێگەی فەیسبووک و ئینستاگرام  بۆ نزیکەی دوو کاتژمێر دووچاری کێشەیەکی تەکنیکی بوون و سێرڤەرەکانیان لە کارکەوتن. هەر لەمبارەیەوە "ئەنەس نەجداوی" راوێژکاری تەکنەلۆژی و پێگە کۆمەڵایەتییەکانی کەناڵی "ئەلعەربییە" رایگەیاند، "ئەمە یەکەمین جار نییە کە پێگەکانی کۆمپانیای "میتا" رووبەرووی ئەم جۆرە کێشانە دەبنەوە ، بۆ نمونە 2 ساڵ لەمەوبەر کۆمپانیاکە رووبەرووی هەمان کێشە بووەوە و پێگەکانی نزیکەی شەش کاتژمێر لە کارکەوتن". هەروەها ناوبراو ئەوەشی روونکردەوە کە رەنگە کێشەکەی ئەمجارە پەیوەندی بە هەڵە یان ئەو کێشانەوە هەبێت کە لە کاتی تازەکردنەوەی سێرڤەرەکان و بەرنامەکانەوە روویدابێت و بووە هۆکارێک تا زیاتر لە  500 هەزار کەس لە گەیشتن بە هەژمارەکانیان لەسەر فەیسبووک بۆ ماوەیەک بێبەش بن، هەر وەک چۆن لە هەمان کاتتدا 50 هەزار کەسی دیکەی لە پێگەی ئینستاگرام و 10 هەزار کەسی دیکەی لە بەردەست بوونی مەسنجەر بێبەش کرد. ئەم راوێژکارە ئەوەشی روونکردەوە کە ئەم کێشانە زۆر ئاسایین و تەنانەت لەناو ئەو سیستمانەش کە زۆر ئاڵۆزن و پارێزبەندییەکی تۆکمەیان هەیە روودەدات. دوابەدوای لە کار کەوتنی هەردوو پێگەی فەیس بووک و ئینستاگرام بۆ ماوەیەک، هەندێک کەس پێیان وایە  کە ژیان بەبێ سۆشیال میدیا و پێگە کۆمەڵایەتییەکان بێ مانایە و نازانن چۆن کاتەکانی خۆیان بەسەر بەرن ، ئەم کەسانە پێیان وایە کە پێگە کۆمەڵایەتییەکان یارمەتیدەرێکی باشن بۆ مانەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هاوڕێ و کەسوکاریان. لە بەرامبەردا هەندێک کەسی دیکە پێیان وایە ، ژیان بە بێ پێگە کۆمەڵایەتییە ئەلەکترۆنییەکان ئارامتر و باشتر دەبێت و پەیوەندییەکانی مرۆڤ لە جیاتی ئەوەی لە پشت شاشەی کۆمپیوتەر و مۆبایلەکانەوە ببەسترێن  ، راستەخۆ دەبێت ، بە رای ئەم کۆمەڵە پێگە کۆمەڵایەتییە ئەلەکترۆنییەکان زۆر شتیان لەناوبرد و لایەنە نەرێنییەکەی و زیانەکانی بۆ سەر کۆمەڵگە زیاتر بوو وەک لە سوودەکانی. جێی ئاماژەیە دوێنێ سێشەممە 5/3/2024 هەردوو پێگەی فەیسبووک و ئینستاگرام بۆ ماوەیەک لەکارکەوتن و "هەژماری بەدواداچوونی ئینتەرنێتی" تایبەت بە چاودێریکردنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی بڵاویکردەوە کە سەدان هەزار لە بەکارهینەرانی فەیسبووک و ئینستاگرام و مەسنجەر لە هەندێک ناوچەی جیهاندا دووچاری کێشەبوون و کێشەکە هیچ پەیوەندییەکی بە بڕانی ئینتەرنێتەوە نییە. دوابەدوای نەمانی پێگەکانی کۆمپانیای "میتا"ش، ئیلۆن ماسک-ی خاوەنی پێگەی ئەلیکترۆنی "ئێکس" وەک توانجێک لەو کۆمپانیایە لەسەر هەژمارەکەی خۆی لە پێگەی "ئێکس" نووسی "گەر ئەم نووسینە دەخوێنیتەوە ئەوا نیشانەی ئەوەیە کە سێرڤەرەکانمان بێکێشەن".

هاوڵاتی حوسییەکانی یەمەن ئاشکرایانکرد ئێوارەی ئەمڕۆ بە ژمارەیەک مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دوو کەشتی ئەمریکییان لە دەریای سوور کردە ئامانج. ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 5ی ئازاری 2024 حوسییەکانی یەمەن لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایانکرد، لەڕێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە لە دەریای سوور دوو کەشتی ئەمەریکایان کردووەتە ئامانج. ئاماژە بەوەشکراوە "ئۆپەراسیۆنەکە بە ژمارەیەک مووشەکی دەریایی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراوە"، حوسییەکانی یەمەن جەخت لەوەدەکەنەوە "هێزە چەکدارەکانی یەمەن درێغی ناکەن لە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی هەموو ئامانجە دوژمنکارەکان، هەروەها ئەم هێرشانە بەردەوام دەبن تاوەکو گەمارۆی سەر گەلی فەلەستین لە کەرتی غەززە هەڵنەگیرێت".      

هاوڵاتی ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا، ئەمرۆ یەکشەممە 3/2/2024، لە سەر پەرەی فەرمی خۆی لە پێگەی ئێکس رایگەیاند ، کەشتی "روبیمار"ی  بەریتانی کە لە 18 شوباتی 2024 دا لە دەریای سوور لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە بە مووشەکێکی بالیستی بە ئامانج گیرا بوو، ژێرئاو کەوتووە. هەر لە راگەیاندنەکەدا هاتووە کە، کەشتییە ژێرئاوکەوتووەکە هەڵگری نزیکەی 21 هەزار تۆن مەتری لە پەینی ئامۆنیۆم سۆلفات بووە کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەی ژینگەیی لە دەریای سووردا دروست دەکات. هەروەها ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا هۆشداری لە بەرکەوتنی کەشتییەکانی ناو دەریای سوور لەگەڵ کەشتییە ژێرئاوکەوتووەکە داوە. لەلایەن خۆیەوە حکومەتی یەمەن رایگەیاند، دوابەدوای بە ئامنج گرتنی کەشتییەکە لەلەیەن حوسییەکانەوە ،حکومەت  شانەیەکی قەیرانی بۆ مەترسییەکانی ژێرئاوکەوتنی کەشتییەکە پیکهێنا ، بەڵام کە گوێی لە داواکاری و بەدواداچوونەکانی شانەکە نەگرت و  بۆ ماوەی زیاتر لە 12 رۆژ کەس نەچوو بە لای کەشتییەکەدا و دواجار ژێرئاوکەوتنی ئەو کەشتییە ، مەترسییەکی راستەقینەی لە دەریای سوور درووست کرد. لەلایەن خۆیشیانەوە حوسییەکانی یەمەن بە تووندی ئەو تۆمەتانەیان رەت کردەوە کە باسیان لە دووبارە بە ئامانج گرتنی کەشتییە پێکراوە بەریتانییەکەی دەکرد لەلایەن گروپەکەیانەوە و هەر لەم بارەیەوە "تۆفیق حەمیری" راوێژکاری وەزارەتی راگەیاندن ی سەر بە حوسییەکان وتی: "رەنگە لایەنێکی سێیەم هەستا بێت بەو کارە و بە دیاریکراویس رەنگە ئەمریکا ئەم کارەی کردبێت". هەروەها "حەمیری " ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی کە بە پێشنیازێکی حوسییەکان رازی نەبووە کە لەبەرامبەر گەیاندنی یارمەتی بە کەرتی غەزە ، ئەوا ئەمانیش رێگەدەدەن کە پاشماوەی کەشتیەکە لە دەریای سوور دوور بخەنەوە. جێی ئاماژەیە دوابەدوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەزە، هێرشی حوسییەکان بۆ سەر ئەو کەشتییانەی کە بە دەریای سووردا تێدەپەرن بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ئەو گروپە رایانگەیاندووە ، تا وستانی جەنگ لە کەرتی غەزە لە هێرش و پەلامارەکانیان بەردەوام دەبن.  

هاەوڵاتی رۆژێک دوای هەڵبژاردنەکانی ئێران کە هەواڵەکان باس لە بەشداری کەمی خەڵک دەکەن لەم هەڵبژاردنەدا، هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە بازاڕی تاران شەش هەزار تمەنی تێپەڕاند. بەپێی راپۆرتێک کە بەشی فارسی دەنگی ئەمریکا بڵاوی کردووەتەوە، هەر دۆلارێک بە زیاتر لە ٦٠ هەزار تمەن، یۆرۆ بە ٦٥ هەزار تمەن و پاوەنی ئینگلتەرا بە ٧٦ هەزار تمەن مامەڵەیان پێوە کراوە. چوونە سەرەوەی نرخی دۆلار و دراوەکانی تر لە رۆژەکانی رابردوودا لە بازاڕی ئێران بە شێوەی جیاواز لە لایەن کاسبکاران و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە باسی لێوە کراوە. تمەنی ئێرانی لەئێستادا یەکێک لە بێ بەهاترین دراوەکانە لە جیهاندا بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکان، هەروەها سیاسەتەکانی ئێران کە دژی رۆژئاوا وەستاوەتەوە رۆژ لەگەڵ رۆژ نرخی تمەنی ئێرانی روو لە دابەزینە. دەوڵەت بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی بازاڕ دەستی کردووە بە چاپی بێ پشتیوانی پارە و ئەمەش بووە بە هۆی هەڵئاوسانی ئابووری . لە ئێستادا بە پێی ئامارە حکومەییەکان هەڵئاوسانی ئابووری نزکی لە ٪٥٤، ئەمە لە حاڵێکدایە بە پێی ئامارە جیاوازەکان نرخی هەڵئاوسان لە ئێران سەرووی لە ٦٠ ٪ ە. دوێنێ هەینی ١ی ئازاری ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی ١٢هەمین خولی پەرلەمان و شەشەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران ئەنجامدرا.

هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت وڵاتەکەی ئامادەیە نێوەندگیری نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بکات بۆ کۆتایی هێنان بەو جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە. بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "شەفەق نیوز" فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتاڵیا بە ئاژانسەکانی هەواڵی "نۆڤۆستی" و "سپۆتنیک"ی رووسیای راگەیاند "عێراق ئامادەیە وەک ناوبژیوانێک مامەڵە بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، ئەگەر داواکارییەک لە مۆسکۆ و کیێڤەوە هەبێت بۆ نێوەندگیری". ئاماژەی بەوەشکرد "بەشێک بووین لەو تیمە پەیوەندییەی کە کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی لە ساڵی ٢٠٢٢ پێکیهێنا کە وەزیرانی دەرەوەی میسر، جەزائیر، عێراق، ئوردن، میرنشینەکان، سعودیە، و سودان لەخۆدەگرێت، جگە لە ئەمینداری گشتی". روونیشیکردەوە "ئەم تیمە بانگهێشتکرابوو بۆ پەیوەندیکردن بە هەردوولا و پێشکەشکردنی نێوەندگیری، ئێمە سەردانی مۆسکۆمان کرد و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا (سێرگی لاڤرۆڤ) کۆبووینەوە، لە وارشۆش لەگەڵ هاوتا ئۆکراینییەکەی کۆبووینەوە و پێشنیارێکمان خستەڕوو بۆ نێوەندگیری لە نێوان هەردوو لایەنەکەدا، بەڵام بارودۆخەکە زۆر سەخت بوو". جەنگی ئۆکرانیا و رووسیا لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ دەستیپێکرد و تائێستاش بەردەوامە، هەروەها زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا سزای جۆراوجۆریان بەسەر رووسیادا سەپاند و پاڵپشتی دارایی و سەربازی بۆ ئۆکرانیا دابینکرد.  

هاوڵاتی سەرۆکی گرووپی حوسییەکان لە یەمەن ئاشکرایکرد لە مانگی ١١ی ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن ٥٤ کەشتییان کردووەتە ئامانج. بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "ئەلعەربییە" بێت رۆژی پێنجشەممە ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٤ عەبدولمەلیک ئەلحوسی، سەرۆکی گروپی حوسییەکان لە یەمەن رایگەیاند "گرووپەکەی لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکانیانەوە دوای سەرهەڵدانی شەڕ لە غەزە ٥٤ کەشتییان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن کردووەتە ئامانج". ئاماژەی بەوەشکرد "لە مانگی ١١ی ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا گروپەکەی ٣٨٤ هێرشى مووشەکى و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەنجامداوە"، هەروەها جەختیشی لەوەکردەوە هێرشەکانیان بەردەوام دەبێت بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن و گەرووی باب ئەلمەندەب. سەرۆکی گرووپی حوسییەکان لە یەمەن لەبارەی هێرشەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا بۆ سەریان وتی "هێرشەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا کاریگەری لەسەر توانا سەربازییەکانی حوسییەکان نەبوو". حوسییەکان دەڵێن ئەو کەشتییانە دەکەنە ئامانج کە خاوەندارێتی کۆمپانیا ئیسرائیلییەکانن یان کەلوپەل بۆ ئیسرائیل دەگوازنەوە، ئەمەش وەک هاوسۆزییەک بۆ کەرتی غەزە کە لە ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە هێرشی ئیسرائیلی لەسەرە.  

هاوڵاتی سوپای ئەڵمانیا رایگەیاند، کەشتییەکی ئەم وڵاتە کە بۆ یارمەتیدان بە سەقامگیربوونی ئاسایشی بازرگانی لە دەریای سوور جێگیرکراوە، بۆیەکەمجار بەرپەرچی هێرشێکی حوسییەکانی داوەتەوە. ناوەندی ئۆپەراسیۆنی هێزە هاوبەشەکانی ئەڵمانیا رۆژی چوارشەممە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٤ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، شەوی رابردوو کەشتییەکی جەنگی ئەڵمانی بە ناوی "هەسەن" فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی حوسییەکانی خستووەتە خوارەوە. ئەم دامەزراوە سەربازییە ئاماژەی بەوەکرد "دوای ماوەیەک کەم، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دووەم لە کەشتییەکە نزیکبووەوە، زۆر زوو سیستمی بەرگریی کەشتییەکە چالاککرایەوە و توانیان فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە بخەنە خوارەوە". سوپای ئەڵمانیا رایگەیاندووە "لەم هێرشانەدا هیچ زیانێکی گیانی و مادی بە کەشتییەکە نەگەیشتووە و هەمووان سەلامەتن".

هاوڵاتی میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایانکردووە، گرووپی حوسییەکانی یەمەنی سەر بە ئێران، لەپشت تێکدانی چەند کێبڵێكی پەیوەندییەکانەوەن کە لەژێر دەریای سوور لە کەناراوەکانی یەمەن درێژ دەبنەوە و نیمچەدوورگەی عەرەبی بە ئەفریقا دەبەستنەوە. ماڵپەڕی سکای نیوز لە زاری سەرچاوەکانی خۆیەوە بڵاویکردەوە، گروپی حوسییەکان ئەو هێڵانەی پەیوەندییەکانیان تەقاندەوە کە لە ژێر دەریای سووردا درێژدەبنەوە لە کەناراوەکانی یەمەن و نیمچە دورگەی عەرەبی و ئەفریقا بەیەکەوە دەبەستنەوە و نۆژەنکردنەوەیان زۆرترین هەشت هەفتەی دەوێت. ئاماژە بەوەشکراوە، پچڕاندنی ئەو هێڵانەی ئینتەرنێت دەبێتە هۆی پچڕانی پەیوەندییە دیجیتاڵییەکانی نێوان ناوچە گەورەکانی جیهان بەتایبەتی لە مەیدانەکەدا مامەڵەی بازرگانی و بانکی. لە 19ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە حوسییەکان بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن دەکەنە ئامانج و دەڵێن، ئامانجیان لەم کارە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە.  

هاوڵاتی سەرۆکی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت، هیوادارە تا هەفتەی داهاتو لە غەززە ئاگربەست رابگەیەنرێت، دەشڵێت، هەمو هەوڵێک دەدات بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی بزوتنەوەی حەماس. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە نیویۆرک بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەیەوە پێیدراون ھەنگاوەکان بە ئاڕاستەی گەیشتن بە رێککەوتن بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە نزیکبووەتەوە و گفتوگۆ و دانوستانەکانیش لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیری ئەمریکا و میسر و قەتەر بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامە و کۆتایی نەھاتووە. وتیشی، هەوڵی جدی دەدات بۆ هەوڵدان بە گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی بزوتنەوەی حەماس، ئەوەش رەنگە ببێتەهۆی وەستاندنی شەڕ لە غەززە، هەروەها ئیسرائیل رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر وەستاندنی چالاکییە سەربازییەکان لە غەززە بۆ مانگی رەمەزان. هەروەها، هۆشداریشیدا لەوەی ئیسرائیل مەترسی لەدەستدانی پشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە، بەهۆی زۆری ژمارەی کوژراوانی فەڵەستینییەکان.    

هاوڵاتی ئەمرۆ دووشەمە فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە پەرەی فەرمی خۆی لە پێگەی ئێکس رایگەیاند ، رۆژی شەممەی رابردوو حوسییەکانی یەمەن بە موشەکێکی بالیستی دژە کەشتی، هێرشیان کردۆتە سەر کەشتییەکی نەوت هەڵگری ئەمریکی لە کەنداوی عەدەن. هەروەها لە راگەیاندنەکەدا ئەوەش هاتووە ، موشەکەکە بە بێ هیچ زەرەروزیانێک خراوەتە خوارەوە . فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ئەوەشی روونکردۆتەوە کە لە هەمان رۆژدا ، هێزەکانیان دوو فرۆکەی  بێفرۆکەوانی دیکەیان لە باشووری دەریای سوور خستۆتە خوارەوە و فرۆکەیەکی بێفرۆکەوانی دیکەش بە هۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە خۆی کەوتۆتە خوارەوە. جێی ئاماژەیە ئەم هێرشانەی چەکدارەکانی حوسی دوای ژمارەیەک هێرشی هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا دێت کە دوو رۆژ لەمەبەر کرایە سەر 18 بنکە و بارەگای چەکدارەکانی ئەو گروپە . لەلایەکی دیکەوە رۆژی هەینی رابردوو حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاند گەر بێتو هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بەردەوام بێت ئەوا گەرووی باب ئەلمەندەب بە تەواوی دادەخەن ، کە گرنگترین رێرەوی ئاوی بازرگانی جیهانییە و زۆربەی ئاڵۆگۆرە بازرگانییەکانی نێوان ئاسیا و ئەوروپا لە رێی ئەو گەرووەوە ئەنجام دەدرێت .