ڕاسپۆتین، شەیتانە ڕاستەقینەکەی مۆسکۆ

گریگۆری ڕاسپۆتین

2 هەفتە لەمەوپێش



گریگۆری ڕاسپۆتین ئەو پیاوەی کە دەسەڵات نەیتوانی بیکوژێت!

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

ئەو پیاوە ڕووسە عارف و تەڵەکەبازەی کە ژیانێکی هێندە سەیروسەمەرەی هەبووە، تا ئەمڕۆش مێژوونووسانی سەرسام کردووە و لەسەری دەنووسن. ساڵی ١٨٦٩ لە گوندێکی سیبیریا لە دایک بوو، منداڵی و قۆناغەکانی سەرەتای ژیانی، سەرنجڕاکێش نەبوون، تا ئەو کاتەی بانگەشەی کۆمەڵێک ئەزموونی سەیری ڕووحانی دەکات. دواتر بە سەرتاسەری ڕووسیادا گەشت دەکات و بە قسە و بانگەشە سەیرەکانی، هەوادار و شوێنکەوتوویەکی زۆر کۆ دەکاتەوە کە بڕوایان بەوە بوو ڕاسپوتین توانای کۆمەڵێک کاری موعجیزەئاسای هەیە.

بەناوبانگترین پەیوەندی راسپوتین لەگەڵ بنەماڵەی ئیمپراتۆری ڕووسیا بوو. لە ساڵی 1905، بە تسارینا ئەلێکساندرا ئاشنا بوو، کە زۆر بەپەرۆش بوو بۆ چارەسەرکردنی کوڕە نەخۆشەکەی بە ناوی تسارێڤیچ ئەلێکسێی. گوتار و قسە پڕ لە تەلیسم و تەڵەکەبازانەکەی ڕاسپۆتین بۆ ئەلێکسی سەبارەت بە کەمکردنەوەی ئازار و شیفابەخشین وایان لە ئەلێکساندرا کرد بڕوا بکات کە ئەو لە لایەن خوداوە نێردراوە، ئەمەش دەسەڵاتێکی زۆری بەخشییە ڕاسپۆتین لەناو خێزانی شاهانەدا. تا وای لێ هات ڕاسپۆتینی شەیتان و تەڵەکەباز، دەستی بەسەر بەشێکی زۆری دادگای ڕووسیادا گرت و دەنگۆی ئەوە هەبوو کە لە پشتەوە بە نهێنیی وڵات بەڕێوە دەبات و توانای دەستکاریکردنی سیاسەتی ڕووسیای هەیە.  

بەڵام راسپوتین کەسێکی پیرۆز و بە ئەخلاق و لەخواترس نەبوو، بەڵکە بە بەدڕەوشتی و کارە چەپەڵانەکانی بەناوبانگ بوو. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان چەندان پەیوەندی سێکسی هەبووە، هەندێکیان لەگەڵ هاوسەری کەسایەتییە دیارەکانی کۆمەڵگای ڕووسیا. توانای ڕاسپۆتین لە ڕازیکردن و فریودانی خانمانی ڕووس، بە تایبەتیش خانمانی خێزانی شاهانە، وایان لە خەڵک کردبوو پێیان وابێت کە هەر بە ڕاستی ئەم پیاوە خاوەنی هێزی سەروسرووشتییە.

ساڵی ١٩١٦ کۆمەڵێک خانەدان کە چیتر بەرگەی ئیشە چەپەڵانەکانی ئەویان نەدەگرت، بڕیان دا کە بیکوژن. هەوڵیان دا ژەهرخواردی بکەن، بەڵام ژەهرەکە کاری تێ نەکرد، بۆیە بڕیاریاندا بە چەقۆ هێرش بکەنە سەری، ئەمەشیان هەر سەری نەگرت، لە کۆتاییدا تەقەیان لێ کرد و چەند فیشەکێکی بەرکەوت دواتریش دەکەوێتە ناو ڕووبارێکەوە. دواتر کە تەرمەکەی دەدۆزنەوە، پزیشکان بۆیان دەردەکەوێت کە هۆکاری مردنەکەی وەستانی دڵی بووە بەهۆی ساردیی ئاوی ڕووبارەکەوە.

تا ئێستاش چەندان نهێنیی و ڕاستی نەزانراو هەن سەبارەت بە ژیانی ئەم کەسایەتییە کە مێژوونووس و لێکۆڵەڕان هەوڵی دۆزینەوە و ئاشکراکردنیان دەدەن.

 

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار