بڵاوبوونەوەی کاریکاتێریک لە گۆڤارێکدا لە تورکیا نارەزایەتیی فراوانی لێدەکەوێتەوە.

10 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرۆکی ووڵات، سەرزەنشتی دەکات و بەڵێنی دادگایی کردنی دەستەی گۆڤارەکە دەدات. 

پۆلیس چوار کەس لە دەستەی گۆڤارەکە دەستگیر دەکات.

وەزیری ناوخۆ: لە نێو چێوەی ئازادیی دەربڕین و ڕۆژنامەگەرییدا جێگای نابێتەوە. 

دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، گۆڤارێکی تەنزئامێزی "ساتیریی" بە ناوی گۆڤاری "لێمان – LeMan" لە تورکیا، لە دواهەمین ژمارەی خۆیدا، کاریکاتێرێک بڵاودەکاتەوە و لە چەند ڕۆژێکی کەمدا بەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە خێرایی بڵاودەبێتەوە، توڕەیی و ناڕەزایەتییەکی فراوانی جەماوەریی لێدەکەوێتەوە و بەو هۆیەوە خەڵک دەرژێنە سەر چەند شەقامێکی ئەستەنبوڵ، بە تایبەت ئەو شەقامەی کە ئۆفیسی گۆڤارەکەی لێیە. خەڵکی خۆپیشاندەر دروشمی جێبەجێکردنی یاساکانی شەریعەتی ئیسلام دەڵێنەوە لە نموونەی "ددان بە ددان، خوێن بە خوێن" هەروەها هاوار دەکەن "تۆڵە، تۆڵە". خۆپیشاندەران وەها کاریکاتێرەکە لێکدەدەنەوە کە ئەوە وێنەی پەیامبەرەکەیانە و سووکایەتی پێکراوە. بەوپێیەی لە جیهانی ئیسلامییدا، هەر جۆرە نیگارکێشانێکی پەیامبەری موسڵمانان قەدەغەیە و بە تاوانێکی گەورە دێتە هەژمار لەبەرئەوە خۆپیشاندەران داوای داخستنی گۆڤارەکە و دەستگیرکردنی دەستەی گۆڤارەکە و سزادانی توندیان دەکەن لەلایەن پۆلیس و دادگاوە. توڕەیی خۆپیشاندەران دەگاتە ئاستی توندوتیژیی و هەوڵی شکاندنی دەرگا و پەنجەرەکان دەدەن و دەیانەوێت ئۆفیسی گۆڤارەکە وێران بکەن.

دوای ئەوەی پۆلیس چوار کەس لە دەستەی گۆڤارەکە لە ماڵەکانی خۆیاندا دەستگیردەکەن و بە پێخواسیی و کەلەپچەکراوی وێنەیان دەگرن و ڤیدیۆیان لێ تۆمار دەکەن. وێنە و تۆمارە ڤیدیۆییەکان پیشانی خۆپیشاندەران دەدەن بە مەبەستی هێوربوونەوەیان. 
کاریکاتێرەکە، وێنەی دوو کەسە بە جۆرێکی دیاریکراوی جلوبەرگی ئاینییەوە کە وەها دەردەکەوێت کەسێکیان محەممەد "د.خ." پەیامبەری موسڵمانان بێت و ئەوی تریان موسای پەیامبەری جووەکان. کە هەر یەکێکیان دوو باڵی هەیە و لە هەوادا وەستاون و تەوقە دەکەن و سڵاو لە یەکتری دەکەن هەروەها ناوی "محەممەد" و "موسا" لە تەنیشتیانەوە نووسراوە. لە خوارەوەش وێنەی شار و باڵەخانەکانە لە نێو جەنگ و مووشەکباراندا.

سەرۆک کۆمار "ڕەجەب تەیب ئۆردۆگان" ڕایگەیاند: سوکایەتیکردن بە پەیامبەرمان قبوڵکراو نییە و ڕووبەڕووی دادگایان دەکەینەوە. 
وەزیری ناوخۆ ڕایگەیاند: سوکایەتیکردن بە پەیامبەران لەنێو چێوەی ئازادیی دەربڕین و ڕۆژنامەگەرییدا جێگایان نابێتەوە. 

سەرنووسەری گۆڤارەکە ڕایگەیاند: بەهیچ شێوەیەک مەبەست لە کەسەکەی نێو کاریکاتێرەکە پیشاندانی وێنەی پەیامبەری موسڵمانان نەبووە. ئەوەش کە ناوی محەممەد نووسراوە، تەنها بە شێوەیەکی خەیاڵی هێمایە بۆ کەسێک کە ناوی محەممەد بووە و بە بۆردومانی سوپای ئیسڕائیل کوژراوە. دەبێت ئەوە بزانین کە لە جیهانی ئیسلامییدا، ٢٠٠ ملیۆن کەس ناویان "محەممەد"ە. 
هەروەها سەرنووسەری گۆڤارەکە، ووتیشی: کاریکاتێرەکە بەهێچ شێوەیەک مەبەستی سووکایەتیپێکردنی لە پشتەوە نییە بە پەیامبەری موسڵمانان. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر کاریکاتێرەکە وەها لێکدەدرێتەوە و ئازاری بە موسڵمانان گەیاندووە، داوای لێبوردن دەکەین.
بابەتەکە، دەنگدانەوەیەکی مێدیایی فراوانی لە نێو خۆی تورکیا و لە مێدیا جیهانییەکاندا لێکەوتووەتەوە. 
گۆڤاری لێمان "LeMan"، گۆڤارێکی تەنزئامێزی "ساتیریی" سیاسییە و بە شێوەی کاریکاتێریی گوزارش لە کێشە سیاسییەکان و قەیرانەکان دەکات لە گۆشەنیگایەکی ڕەخنەییەوە. بە گۆڤاری "چاڕڵی هێبدۆ" ی فەڕەنسی دەچوێنرێت لە شیوازی ڕەخنە و دەربڕیندا.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار