سەرچاوەیەک بۆ هاوڵاتى:٣٠ گەریلا چەکەکانیان لەناودەبەن و خۆیان تەسلیم ناکەن
.png)
16 كاتژمێر لەمەوپێش
بڕیارە لەچەند ڕۆژى ئایندەدا، ٣٠ گەریلاى پەکەکە، بەبەرچاوى میدیا ناوخۆیی و جیهانیەکانەوە چەکەکانیان لەناو ببەن و دواتر بگەڕێنەوە بۆ شوێنێکى نادیارو خۆیان تەسلیم ناکەن.
سەرچاوەیەکى ئاگادارو تایبەت بەهاوڵاتى ڕاگەیاند: لەچەند ڕۆژى داهاتوودا پەکەکە پرۆسەیەکى چەکدانانى سمبولیکى جێبەجیدەکات، ئەو گەریلایانە ژمارەیان ٣٠ کەسەو چەند بەرپرسێکى دیاریان لەگەڵدایە.
بەپێى ئەو زانیاریانەى لەسەرچاوەیەکى تایبەتەوە دەستى هاوڵاتى کەوتووە لەپرۆسەکەدا بەبەرچاوى میدیا ناوخۆیی و جیهانیەکانەوە چەکەکانیان لەناودەبەن واتە ڕادەستى هیچ کەس و لایەنێکى ناکەن، دواتر ئەو گەریلایانە دەچن بۆ شوێنێکى نادیار، واتە خۆیان ڕادەستى تورکیا ناکەن، چونکە دووجارى دیکە ئەم پرۆسەیە ئەنجامدراوەو گەریلاکانى پەکەکە خراونەتە زیندانەکانى تورکیاوە، بۆیە خۆیان تەسلیم ناکەن.
لەلایەکى دیکەوەئاژانسی هەواڵیی فرانس پرێسی فەرەنسی (AFP) بڵاویکردووەتەوە، "بەگوێرەی دوو سەرچاوەی نزیک لە پرۆسەکە، ئەو هەنگاوە دەبێتەهۆی دروستکردنی متمانە لە بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسە سیاسییەی ئێستا لە تورکیا هەیە."
ئەم هەنگاوە تەنها شەش هەفتە دوای ئەوە دێت کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕایگەیاند کە زیاتر لە چوار دەیە شەڕی گەریلا کۆتایی پێدەهێنن.
سێزای تەمێلی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانیی دەم پارتى ڕۆژی دووشەممەى ڕابردوو بە پەرلەمانتارانی وت: پێدەچێت ئەم پێشهاتانە هەفتەی داهاتوو ڕوو بدەن.
وتی شاندێکی پەرلەمانتاران بەنیازن "لە 8 یان 9ی تەمموزدا چاویان بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بکەوێت دوای ئەوە سەردانی لایەنە سیاسییەکان دەکەن پاشان دەچنە ئیمرالی"ئەو دوورگەیەی ئۆجالان لە ساڵی 1999ەوە زیندانی کراوە.
هەفتەی ڕابردوو ئەردۆغان هەروەها ڕایگەیاندبوو کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ شاندی دەم پارتى کۆدەبێتەوە.

