ئایا ئێران فڕۆکەی ئێف ٣٥ی ئیسرائیلی خستە خوارەوە؟

15 كاتژمێر لەمەوپێش



 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا میدیاکانی ئێران و هەندێک لە بەرپرسانی ئێران چەندین ڕاپۆرتیان بڵاو کردووەتەوە سەبارەت بە "ئامانجکردنی چەند فڕۆکەیەکی جەنگی ئێف ٣٥ی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل". 

ئەم ڕاپۆرتانە لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل دەستیان پێکردووە و تا ئەمڕۆش بەردەوامن، ئیسرائیل ئەم هەواڵانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە هەموو فڕۆکەکان و فڕۆکەوانەکانیان بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە بنکەکانیان.

ڕاپۆرتەکانی بەشێک لە میدیاکان و بەرپرسانی ئێران سەبارەت بە بەئامانجکردنی ئەم فڕۆکەیە - کە بە مۆدێرنترین فڕۆکەی جەنگی ڕۆژئاوایی ناسراوە - تەنانەت باس لەو "شوێنەی کە تێیدا کەوتوونەتە خوارەوە" بە "نزیک فۆردۆ و تەبرێز و کرماشان" و تەنانەت بانگەشەی ئەوە دەکەن کە "فڕۆکەوانێکی ژنی ئیسرائیلی دوای دەرچوونێکی بەپەلە دەستگیرکراوە".

ئەکاونتی فارسی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل گاڵتە بە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی ئێرانی کرد کە ئەو قسانەیان کردبوو و کەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکانەی بە کارەسات ناوبرد و نووسیبووی "بۆچی تا ئێستا وێنەی فڕۆکەوانە دیلەکانمان بڵاونەکردۆتەوە؟ ئێمە زۆر نیگەرانین".

لە وتووێژێکدا کە لە تەلەفزیۆنی ئێرانەوە پەخشکرا، چاوپێکەوتوو لە وەڵامی پرسیاری پێشکەشکار سەبارەت بە هۆکاری نیشان نەدانی "وێنەی فڕۆکە جەنگییە کەوتووەکە"، گرێدایەوە بە پرسە ئەمنی و سەربازییەکان و ئامادە نەبوو وەڵامی ڕاستەوخۆ بداتەوە.

بانگەشەى کاربەدەستان و میدیاکانی ئێران، سەرنجی ئەوتۆی لە میدیاکانی جیهان و شرۆڤەکارانی بەرگریدا ڕاکێشاوە. 

پرۆفیسۆر جەستن برانک، لێکۆڵەری هێزی ئاسمانی و تەکنەلۆجیا لە دامەزراوەی بیرکردنەوەی بەریتانیی ئینستیتیوتی ڕۆیاڵ یونایتد سێرڤیس (RUSI) بە بی بی سی دەڵێت کە ئەم جۆرە بانگەشانە بە لەبەرچاوگرتنی توانا سەربازییەکانی ئێران هیچ ئیعتبارێکیان نییە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە توانا ناسراوەکانی ئێران لە بواری بەرگری ئاسمانیدا، دەڵێت: "هەرچەندە ئێران هەندێک ڕادار وەک سیستەمی نێبۆ ئێمی ڕووسی بەکارهێنابوو، بۆ زیادکردنی ئەگەری دۆزینەوەی فڕۆکەی جەنگی ئێف ٣٥ و فڕۆکە دزێوەکانی دیکە، بەڵام توانای تەکنیکی نەبوو بۆ شوێنپێهەڵگرتنی فڕۆکە جەنگییەکانی وەک ئێف ٣٥، چ جای بەشداریکردنیان ئەمە لە دۆخێکدا بوو کە زۆربەی ڕادارەکانی بەرگری ئاسمانی و سیستەمی مووشەکی مەودای دوور لە سەرەتای شەڕەکەدا بە خێرایی لەناوچوون”.

جگە لە خەمڵاندنە تەکنیکی و سەربازییەکان، بەڵگەیەک کە دەتوانێت پشتگیری لە ئیدیعای ئێران بکات، بڵاوکردنەوەی وێنەی داروپەردووی فڕۆکەکە بە ژمارەی زنجیرەیی لەسەر باڵەکانى کە دەتوانرێت بە ئاسانی پشتڕاست بکرێتەوە. 

بەڵام تا ئێستا جگە لە چەند وێنەیەکی دروستکراوی زیرەکی دەستکرد یان داروپەردووی فڕۆکە جەنگییەکانی دیکە کە پەیوەندییان بە ململانێی ئەم دواییە نییە، هەروەها وێنەی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا کە لە ئۆکرانیا کەوتوونەتە خوارەوە، هیچ وێنەیەکی دیکە بڵاونەکراوەتەوە کە سەرنجی میدیای بێلایەن یان توێژەرانی سەربازیی بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.

ئەم هەڵسوکەوتە پێچەوانەی خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیسرائیلە. میدیاکانی ئێران وێنەی ڕوونی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلیان بڵاوکردووەتەوە کە لەکاتی جەنگدا لەلایەن بەرگرییەکانەوە کراونەتە ئامانج و ئیسرائیلیش خستنەخوارەوەی ئەو دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەی پشتڕاستکردووەتەوە. 

هەرچەندە میدیاکان ژمارەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئیسرائیلیان ڕاگەیاندووە کە دەگاتە ١٧ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە کەوتوونەتە خوارەوە، بەڵام هێشتا هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو نییە لەسەر داروپەردووی هەموو ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە.

سەرەڕای ئەو بانگەشانەی ئێران سەبارەت بە گرتنی فڕۆکەوان یان فڕۆکەوانێکی ئیسرائیلی، کە ئیسرائیل ڕەتیکردۆتەوە، تا ئێستا هیچ وێنەیەکی هیچ دیلێک بڵاونەکراوەتەوە، هەروەها باس لە ناسنامەی ئەو "فڕۆکەوان یان فڕۆکەوانە" نەکراوە کە ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات "دەستگیری کردووە".

ساڵانی ململانێی سەربازیی نێوان سوپای ئیسرائیل و حەماس و حزبوڵڵای لوبنان و دۆسیەی دیل گرتنی هێزەکانی ئیسرائیل لە ساڵانی پێشوودا، ئەوە دەردەخات کە کۆمەڵگای ئیسرائیل هەستیارە بەرامبەر بە گرتنی هێزە سەربازییەکان و کردەوەیەکی لەو شێوەیە ناتوانێت بە شاراوەیی بمێنێتەوە.

بۆ نموونه ڕفاندنی دوو سه ڕبازی ئیسرائیلی به ناوه کانی ئه لداد ڕیجب و ئیهود گۆڵدواسه ڕ له لایه ن حزبوڵای لوبنانییه وه بووه هۆی شه ڕی ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان له ساڵی 2006 و ڕفاندنی گیلاد شالیت له لایه ن حه ماسه وه له هه مان ساڵدا بووه هۆی ململانێی سه ڕبازی و قه یرانی سیاسی له ئیسرائیل.

هەروەها میدیاکانی ئیسرائیل کە سەربەخۆ لە حکومەت کاردەکەن، بە شێوەیەکی ئازادانە هەواڵیان لەسەر گرتن و ڕفاندنی کارمەندانی سەربازی لە ساڵانی ڕابردوودا بڵاوکردووەتەوە. هەروەها هێزە سیاسییەکانی دژایەتی حکومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، چەندین جار تەحەدای کارەکانی حکومەت و قوربانییەکانی سوپای ئیسرائیلیان کردووە لە دوو ساڵی ڕابردوودا.

بەڵام تا ئێستا میدیاکانی ئیسرائیل هیچ هەواڵێکیان لەبارەی گرتن یان خستنەخوارەوەی فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بڵاونەکردۆتەوە و ڕاپۆرتەکانی میدیاکانی ئێرانیان بە "پڕوپاگەندەی حکومەت" ناوبردووە.

لە کاتێکدا ژمارەی وردی فڕۆکە جەنگییەکان لە هێزی ئاسمانی ئیسرائیلدا پۆلێنکراون، ڕاپۆرتە میدیاییەکان و لێدوانەکانی بەرپرسانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیسرائیل نزیکەی 40 فڕۆکەی ئێف 35 و نزیکەی 75 فڕۆکەی ئێف 15 و زیاتر لە 190 فڕۆکەی ئێف 16ی هەیە. تا ئێستا هیچ زانیارییەک نییە کە چەند لەو فڕۆکانە کاردەکەن.

ئەو وێنانەی کە لەلایەن هێزی ئاسمانی ئیسرائیلەوە بڵاوکراونەتەوە لە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئێران، فڕۆکەکانی ئێف ١٥ و ئێف ١٦ بە بۆمبی ڕێنمایی قورس چەکدار کراون. هەروەها هەواڵی هاتنە ناوەوەی فڕۆکەی جەنگی ئێف-35 بۆ ئێران بڵاوبووەتەوە.

بەڵام ڕەنگە هۆکاری گرنگیدان بە میدیاکان و بەرپرسانی ئێران بەم فڕۆکە شەڕکەرە، تایبەتمەندییە ناوازەکانی و مێژووی ئەو فڕۆکەیە بێت، کە چەندین جار لە میدیاکاندا باسی لێوە کراوە و بووەتە مانشێتی ڕۆژنامەکان.

فڕۆکەی جەنگی ئێف ٣٥ پێوەرێکی جیهانییە بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی نەوەی پێنجەم. دیزاینی فۆسێلاجی F-35 و ئەو کەرەستانەی کە بۆ دروستکردنی بەکارهێنراون، وا دەکات نزیک بێت لە نەبینراوی بۆ ڕاداری دوژمن. بەڵام ئەوە تاکە تایبەتمەندی فڕۆکەکە نییە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار