مووچە، شکۆمەندیی یان بێشکۆیی

10 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەحمەد ڕەسوڵ
بە درێژایی مێژووی مرۆڤ، کار جگە لەوەی ڕێگایەک بووە بۆ مانەوەو بەردەوامیی ژیان هەروەها ڕێگایەکیش بۆ گەشەکردنی هەمەلایەنە و بەرەوپێشچوونی ژیانی مرۆڤ. پەرەسەندنی ژیان و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی لە کۆمەڵگای مرۆییدا، یاسا و ڕێسای هەم بۆ تەواوی دەزگا کۆمەڵایەتییەکان و ناوەندەکانی وەبەرهێنان هەم بۆ دەزگاکانی حوکمڕانێتیی و دەسەڵاتدارێتیی دیاریکردووە و لەلایەکی دیکەوە یاسا و ڕێسای بۆ ماف و ئەرکەکانی تاک داناوە لە شوێنی کارکردنی.
هاوشانی پەرەسەندنی ژیانی ئینسان، بوونی دەسەڵاتدارێتیی و دەزگاکانی، ناوەندەکانی وەبەرهێنان و ئابووریی و تەواوی کایەکان بە بوونێکی ئاڵۆز لەگەڵ مۆدێرنبوونی کۆمەڵگاکاندا، یاساکانی کارکردن و مافەکانیش گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و هەمان سروشت و تایبەتمەندیی ئەو کۆمەڵگایانەی وەرگرتووە. لە سەردەمی مۆدێرندا، کار تا ئەو شوێنە گرنگە کە جگە لەوەی بوونی کۆمەڵایەتییانەی ئینسان دیاریدەکات، هەروەها توانا و هێزی ئەو لە پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ژیان و خۆبونیادنانیدا دیاریدەکات.
لێرەوەیە تێدەگەین لەو گوتەزایەی مارکس کە دەڵێت: "بوونی کۆمەڵایەتیی ئینسان، هۆشیاری کۆمەڵایەتیی ئەو دیاریدەکات" واتا مرۆڤ سەر بە چ جۆرە توێژێکی کۆمەڵایەتیی و چ کاستێک بێت لە نێو کۆمەڵگا، شوناس و کاراکتەری ئەو توێژە یان ئەو کاستە وەردەگرێت. بۆ نموونە، منداڵی کەسێکی سەرمایەدار یان دەسەڵاتدار لە ڕەوتی پەروەردە و بارهێنانیدا، شوناس و کاراکتەری کەسێکی دەوڵەمەند یان دەسەڵاتدار وەردەگرێت. مەبەست ئەوەیە جۆری کاری کەسێک و ئەوەی سەر بە چ توێژێکە، هێندە کاریگەرە لەسەر جیهانبینی ئینسان و شوناس و کاراکتەری.
لێرەوە مووچە و کرێی کار، وەکو یەکێک لە گرنگترین پێوەرەکانی جیاکردنەوەی توێژە کۆمەڵایەتییەکان، شوناس و بوونی ئەوان، یاساڕێژ کران. دواتر تا ئەوەی پڕۆژە یاساکانی ئەرک، ماف، جیاووگە ئابووریی، مەعنەویی، کارگێریی و یاساییەکان بۆ هەر توێژێکی کۆمەڵایەتیی لە ڕێگەی دەزگاکانی وەزارەت و پەرلەمانەوە بە یاسایی و دەستوریی کراون.
ئێستا ئەگەر باسەکەمان دیاریکراوتر گرێبدەینەوە بە کێشەی مووچەوە لە هەرێمی کوردستاندا، لە دوای ڕاپەڕینەوە لە سایەی دەسەڵاتدارێتیی پارتی و یەکێتییدا و دیاریکراوتریش لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە، سووککردن و بێماناکردنی یان ئاوەژووکردنەوەی ماناکانی کار، ماف و مووچە دەبێتە شێوازی مامەڵەکردنی ئەم دەسەڵاتدارێتییەی هەرێمی کوردستان لە تەک مووچە، خانەنشینیی، هەلی کار و مافەکانی کار.
خانەنشینکردنی کۆمەڵێکی زۆر لە ئەندامانی حزب، خزمانی بەرپرسان لەلایەن دوو هێزەکەوە بە پلەی تایبەت و باڵا بەبێ هیچ پێشینەیەکی کار، دانانی کۆمەڵێکی زۆر لە خەڵکی نزیک و دۆستەکانیان لە پێگە و شوێنی کارکردنی گرنگ بە مووچەی زۆر و ئیمتیازاتەوە بەبێ بوونی هیچ تواناییەکی ئەزموونیی و مەعریفیی و بەبێ بوونی بڕوانامەیەکی ئەکادیمی پێوەندیدار، هەروەها پلە و پێگەکانی وەزارەت و کەمێک خوارتر، پەرلەمان و سەرۆکایەتییەکان بە مووچەیەکی خەیاڵیی و ئیمتیازاتی زۆرەوە ئەمە جگە لە دەسەڵاتە بێسنوورەکانیان، وایکرد نەوەکو تەنها دادگەریی لە دابەشکاریی سامان و داهاتی ئەم کۆمەڵگایەدا ببێتە نوکتەیەکی بێتام، بەڵکو هەر خودی یاسا و پێوەرەکانی مووچە، کارکردن و توانایی بێمانا ببن و هەموو چەمکەکانی ئەو بوارە بە تەواوەتی ئاوەژوو ببنەوە.
ئەو نەزیفە گەورەیەی سامان و داهاتی هەرێمی کوردستان بۆ بەشێکی زۆر کەمی کۆمەڵگای ئێمە کە بازنەیەکی بچووکی دەسەڵاتداران، مووچە و ئیمتیازات "نەسریە، ڕەتڵی ئۆتۆمبیل و پاسەوانەکانیان" ەکانیان، چوار سەرۆکایەتتیەکە "حکومەت، پەرلەمان، سەرۆکیەتی هەرێم و دەزگای قەزایی"، خانەنشینکراوانی پلە باڵا و تایبەت وایکردووە نەوەکو تەنها داپەروەری کۆمەڵایەتیی لە دابەشکاریی سامانی ووڵاتدا بۆ نزمترین ئاستی دابەزێت بەڵکو وایکردووە کۆمەڵگا دابەش ببێت بۆ دوو چین، چینێکی بە ژمارە زۆر کەمی پارەداری خەیاڵیی و دەوڵەمەند وە چینێکی دیکەی فراوان و زۆرینەکەی کۆمەڵگا کە هەژاریی تەنگی پێهەڵچنیون و گاپی نێوان ئەو دوو چینەش بەردەوام فروانتر دەبێت.
لە دوای قەرزداربوونی هەرێم بە ژمارەی خەیاڵی ملیار دۆلاریی لە بەرئەنجامی فرۆشتنی نەوت و ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، ئێستا کێشەکە هێندە گەورەیە کە وەکو زەلکاوێک دەسەڵاتدارێتیی هەرێمی تێدا چەقیوە و تابێت زیاتر تێیدا نقوم دەبێت. هەرێم جگە لە ملدانی بۆ مەرجەکانی بەغدا، تەنانەت ئەگەر مەرجەکانیش بۆ لاوازکردنی هەرێم و بچووککرنەوەشی بن، هیچ ڕێگەیەکی دیکەی لە بەردەمدا نەماوەتەوە.
وەکو پێشتر هێمای بۆ کرا کار و مووچە، کە دوو ڕووی هەمان پرسن، ڕەوتی ژیانی ئینسان دیاریدەکەن. مرۆڤێک بەبێ کار، بوونێکی بێشوناسە. شوناس، کەسێتیی و شکۆمەندیی مرۆڤی لە نێو خۆیدا هەڵگرتووە. لە کۆمەڵناسییدا، دەگوترێ، بێکاریی کوشندەترین دەردی کۆمەڵایەتییە. واتا بێکاریی سەرچاوەی لادانی کۆمەڵایەتیی و نەخۆشییە دەروونییەکان و کێشە کۆمەڵایەتییەکانە. کێشە و لادانە کۆمەڵایەتییەکان و نەخۆشییە دەروونییەکان ڕێگایەکن بۆ نزمکردنەوەی شکۆمەندیی و کەرامەتی ئینسان. ئەی کاتێک ئینسان کاردەکات و ناونیشان و پلەیەکی دیاریکراوی لە نێو پەیکەری کارگێڕیی و یاسایی دەزگاکاندا هەیە و بەڵام بێموچە کراوە، چ مانایەک دەگەیەنێت؟ ئەمە خۆ بەخۆ مانای ئەوە دەدات کە مرۆڤ کراوەتە بوونێکی بێشوناس و بێ کاراکتەر. لێرەوە لەڕێگای بێمووچەکردنەوە لە شکۆ و کەرامەتی دراوە و بوونی ڕێزدارانەی مرۆیی ئەو وەکو ئینسانێک کە ئەرک و مافەکانی دیاریکراوە، تا نزمترین ئاستی خۆی دابەزێنراوە. ئەوانەی مووچە و کەرامەت دەخەنە دوو لای تەرازوویەکەوە، جگە لە تێنەگەیشتن لە مووچە و ماف هەروەها شکۆ و کەرامەت هیچیدیکە بەیان ناکەن. تاکە ڕێزێک و تەنها کەرامەتێک کە دەسەڵاتداران بۆ ئینسانی کوردیان هێشتووەتەوە، تەنها مووچەکەیەتی، ئێستا بەو گوزارشە نالۆژیکیی و بێمانایانە دەیانەوێت ئەوەشی لێزەوت بکەن. هەرچەندە ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە ئەوەی نەدەکرا، بەسەر مووچە و مافەکانی خەڵکیان هێناوە.

