کورد و ئینگلیز لە سەردەمی بەڕەڵلایی سوریادا .!

3 كاتژمێر لەمەوپێش



خەبات کوردە
١١١ ساڵ بەر لە ئێستا هێزەکانی بەریتانیا لە بەسڕەوە هاتنە ناو عێڕاق .

هۆزە کوردیەکانی ئەو سەردەمە بەشداریەکی بەرچاویان هەبوو لە ڕێگری کردن و بەرپەرچدانەوەی داگیرکاریەکە ، 

لەگەڵ شێخ مەحمودی نەمر دانویان پێکەوە نە دەکوڵا و شێخ مەحمود ڕازی نەبوو عەقدی دامەزراندن و دەرهێنانی شاخە ئاسنینەکانی پێنجوین لە گەڵ ئینگلیزەکان ئیمزا بکات ، شۆڕشەکەی شێخیان تواندەوە و بە برینداری و بە دیلی ڕەوانەی هیندستانیان کرد .

بەریتانیەکان دوای گەیشتنیان بە کەرکوک و هەر لە یەکەم شەودا (هاوشێوەی هیندیە سورەکانی ئەمەریکا) بە چواردەورەی ئاگرەکەی بابەگوڕگوڕ دا سوڕانەوە و گۆرانیان دەچڕی و ئاهەنگیان گێڕا و ویسکی سکۆتلەندی و شەڕابیان دەخواردەوە لە خۆشیان .

زەمەن گوزەری کرد و ٤٥ ساڵی تەواو و بگرە زیاتریش بە نرخی زبڵ نەوتی کەرکوکیان بۆ خۆیان برد. هەتا ساڵی ١٩٧٢ ئەحمەد حەسەن بەکر کۆمپانیا بیانیە نەوتیەکانی عێڕاقی خۆماڵی (تآمیم) کرد .

تا ڕوخانی دیکتاتۆرەکەی عۆجە کەس چڕوچاوی یەک بەریتانیشی لە عێڕاق نەدیتەوە، لە شەڕی ڕوخانی دیکتاتۆرەکەشدا، بەریتانیەکان پێش ئەمەریکیەکان تەواوی بەسڕە و بیرە نەوتیەکانی ئەو ناوچانەیان کۆنتڕۆڵ کرد و لە ڕێی کیسە بۆڕی پلاستیکەوە بە ناو ئاوی شەتول عەڕەب دەستیان کردەوە بە نەوت دزین .

هەموو کاتێکیش چاوەڕێی هەلێک بوون بگەڕێنەوە سەر کێڵگە نەوتیەکانی کەرکوک و تا بەهاری ئەمساڵ ئاواتەکەیان هاتە دی و بە ڕێککەتنێکی ناشەفافانە لە گەڵ سودانی سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێڕاق بە ناوی بوژانەوەی بیرە نەوتیەکانی هەر چوار کێڵگە بەناوبانگەکەی کەرکوک بە نیاز و مەرامی خۆیان گەیشتنەوە .

ئێستا دەست بەکارن و پێویستیان بە نۆژنکردنەوەی کۆنە هێڵە نەوتیەکانی خۆیانە و نایانەوێ هیچ وڵاتێکی ناوچەکە بکەنە شەریکی ئەو تاڵانیە و هەر خۆیان سوڵتان بن بە سەر ئەو خێر و بەرەکەتەوە .

لە ڕابردوو، هێڵێکیان ڕاکێشا بوو بۆ بەندەری حەیفا و لە دوای ساڵی ١٩٤٨ بە هۆی شەڕی عەڕەب و جولەکە لە کارکەوت .
دوای چەند ساڵێک ڕێڕەوی هێڵەکەیان گۆڕی و ڕووی بۆڕیەکانیان لە بەندەری بانیاسی سوریا کرد و ئەویش دوای تێکچونی نێوانی هەر دوو دیکتاتۆرەکەی عێڕاق و سوریا (سەدام حوسەین و حافز ئەسەد) بە یەکجاری ڕاوەستا .!

ئێستا و لەو کاتە ناسکەی سوریا و ناوچەکە بە گشتی بەریتانیەکان بە سیاسەتێکی دژە کوردەوە دەیانەوێ دڵی عەڕەب بە گشتی بۆ لای خۆیان ڕاکێشن و پێگەیەک بۆ خۆیان جێگیر بکەن لە ناوچەکە و کوردیش بکەنە قۆچی قوربانی.

هەر چەندە لە ڕواڵەتدا بەریتانیای عوزما بۆتە دەوڵەتێکی لەڕ و لاواز لە ئابوریدا بەڵام لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا ئێستاش باڵا دەستە و خودی ئەمەریکا، بوخچە ئاسا دەخاتە ژێر هەنگڵی خۆیەوە .

بەڵێ لە شەڕی بردنی خێر و بێری سوریا وەکو ڕێویەکی فێڵباز خەریکن خۆیان دەگەڕێننەوە سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەم و ئەوەی فەڕەنسیەکان بۆیان مەیسەر نابێ ئەوان دەیانەوێ بۆ خۆیانی بقۆزنەوە .

ئەوەتا ئێستا دوای تەنها دوو شەو و دوو ڕۆژ کە تورکیا ڕێگری کرد لە فەڕەنسا دانیشتنێک بکرێ بۆ چارەسەری کەمە نەتەوەییەکانی سوریا ، خێرا بەریتانیەکان هاتنە ناو بابەتەکە و پێشنیاریان کرد کە ئەو دانیشتنە لە وڵاتی ئوردون و نەوەی ئەلحوسەینی خزمەتکاریان ئەنجام بدرێ .

لە هەشت مانگی دوای ڕوخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد دا تورکەکان ویستویانە بە هەر شێوەیەک بێ ئەردەن بخەنە ناو هاوکێشە سیاسییەکانی سوریاوە و چیان بوێ پێیان بکەن . بەڵام لە ترسی باڵادەستی ئیسڕائیل و ئەمەریکا مەلیکی ئەردەن بە عاقڵی خۆی پاراستوە و نایەوێ خۆی و گەلەکەی سەرگەردان بکات .

لە ئێستادا ئەمەریکا سەرقاڵی چاوپێکەوتنەکەی سەرۆکی ڕوسیایە و خەریکە لەو ئالاسکایەی کە بە نرخی خۆڵ لە ڕوسیایان کڕی کێشەی شەڕی ئۆکڕانیای لێ چارەسەر بکات .
ئیسڕائیلیش لە هەمانکاتدا خەریکی پاکتاو کردنی چەکدارەکانی حەماسە و بەو هیوایەیە چەند دیلێکی بە زیندویی دەستبکەوێتەوە .

بەڵام باڵا دەستی سیاسیی و سەربازیی ئەمەریکا و ئیسڕائیل لە ناوچەکە و چاوکراوەییان وادەکات، بە ڕاستی زەحمەت بێت هیچ کام لە تورکیا و فەڕەنسا و بەریتانیەکانیش بتوانن بۆ چەند کاتژمێرێکیش بێت لە ترسی ئەمەریکا و ئیسڕائیل خۆیان فەرز بکەن .

جا تورک دەیانەوێ کێ بە مێرد بدەن و بەریتانیەکان کێ دەکەنە قوربانی هەمووی وەکو میزەڵدانێکی فوو تێکراو بە دەستی ئەو دوو دەوڵەتە خێرا بە دەرزیەک فش دەکرێتەوە .!

بە دڵنیاییەوە هەر ئەوە دەرەنجامەکە دەبێ و نە کوردانی ڕۆژئاڤا و نە دروزەکانی جیرانەکەی ئەردەن و نە عەلەویەکانی سەر دەریاش ناگەنە پایتەختی ئەردەن و هاکان فیدان و ئەردۆگانیش هەر دەبێ بەو هیوایە بتلێنەوە و لە ورگی خۆیان بدەن .

بۆیە دەبێ کوردانی ڕۆژئاڤا زیاتر چاوکراوە بن و نەهێڵن فرت و فێڵەکانی ڕێویە لەڕ و لاوازەکەی ئینگلیز لە خشتەیان بەرن .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار