ڕوسیا هێزى زیاتر دەباتە ڕۆژئاواى کوردستان

6 كاتژمێر لەمەوپێش
تەلەفزیۆنی سوریا لەزارى سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرای کردوە هێزەکانی ڕوسیا بە چەند قۆناغێک بنکەکانى خۆیان لە فڕۆکەخانەی قامیشلۆى ڕۆژئاواى کوردستان بەهێزتر کردووە، لەوانە نۆژەنکردنەوەی ئەو شوێنەی کە فڕۆکە ڕووسیەکانی تێدا جێگیر بووە و فراوانکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی سەرباز و ئەفسەرەکانیان لە ناوەندەکانی بەردەم بینای سەرەکی فڕۆکەخانەکە.
ڕۆژى دووشەممە تەلەفزیۆنی سوریا گرتە ڤیدیۆییەکى تایبەتی هێزەکانی ڕووسیای دەستکەوتوە کە دەوری فڕۆکەکانیان بەهێزى زیاتر توندەوتۆڵ دەکەن لەنزیک جێگیرکردنی ڕادارەکان لەناو فڕۆکەخانەکەدا. بەربەستیان داناوە و دەروازەی چوونە ژوورەوەیان فراوانتر کردووە و ئاڵای ڕووسیایان بەسەر بینای فڕۆکەخانەکەدا هەڵکردووە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، دوو فڕۆکەی بارهەڵگری ڕووسی بە بەردەوامی لە نێوان فڕۆکەخانەی قامیشلۆ و بنکەی ئاسمانی حمەیمیمدا دەسوڕێنەوە و سەرباز و کەرەستەی لۆجستی و کەرەستەی سەربازی دەگوازنەوە بۆ فڕۆکەخانەی قامیشلۆ. دەشڵێت: ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە شێوەیەکی گشتی یان لە بەیانیان یان لە شەودا ئەنجام دەدرێن بۆ ئەوەی سەرنج و چاوی میدیاکان لەسەر جوڵەکانیان نەبێت.
سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە، ژمارەی سەربازانی ڕووسیا لە فڕۆکەخانەکە بەراورد بە پێش ڕووخانی ئەسەد، کەمیکردووە، بەڵام ڕووسیا لە مانگی ڕابردووەوە دەستی بەو جوڵانە کردووە.
سەرچاوەکە پێشبینی کردووە کە لە ئێستادا نزیکەی 200 سەربازی ڕووسی لە فڕۆکەخانەی قامیشلۆ جێگیر کرابن.

