تورکیا و ئێران 290 بنکە و بارەگای سەربازییان لە هەرێمی کوردستاندا هه‌یه‌

6 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرچاوە: میدیای پەنجەرە

بەپێی نوێترین داتای ڕێکخراوێکی ئەمەریکیی باوەڕپێکراو، هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو ئامادەیی سەربازیی خۆیان لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا چڕکردووەتەوە و پێکەوە خاوەنی 290 بنکە و بارەگای سەربازیین.

ڕێکخراوی CPT، ڕێکخراوێکی ناحکومیی نێودەوڵەتییە و لە ساڵی 1984 لە ئەمەریکا دامەزراوە. ئەم ڕێکخراوە بە کاری مەیدانی و بەڵگەیی لە ناوچە کێشە لەسەرەکاندا ناسراوە و ڕاپۆرتەکانی لەلایەن ناوەندە دیپلۆماسی و نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە بایەخی پێدەدرێت و وەک سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو پشتی پێدەبەسترێت.
نوێترین داتاى رێكخراوه‌كه‌ كه‌ تایبه‌ت بۆ په‌نجه‌ره‌ نێردراوه‌، قه‌باره‌ى ئاماده‌یی بنكه‌ و باره‌گا سه‌ربازییه‌كانى هه‌ردوو وڵاتى توركیا و ئێران له‌ هه‌رێم پیشان ده‌دات.

تورکیا: 139 بنکە و فراوانخوازیی بەردەوام

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، کە کۆپییەکی دەست پەنجەرە کەوتووە، تورکیا تا ئێستا 139 بنکە و بارەگای سەربازیی لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دامەزراندووە. ئەم ژمارەیە پێکدێت لە:

86 بارەگای سەربازیی سەرەکی: پێشتر ژمارەیان 85 بنكه‌ بوو، بەڵام لە ڕێکەوتی 29ـى مانگی ڕابردوودا، سوپای تورکیا بارەگایەکی نوێی لە ناحیەی باتیفا لە سنووری پارێزگای دهۆک دامەزراند.

53 بنکەی بچووکتر و خاڵی سەربازیی: کە بۆ چاودێریی و ئۆپەراسیۆنی سنووردار بەکاردەهێنرێن.

ئامادەیی سەربازیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان مێژوویەکی درێژی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی نەوەدەکان. تورکیا بیانووی سەرەکیی ئەم ئۆپەراسیۆن و بنکە سەربازییانەی بە بوونی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێم پاساو دەدات و بەردەوام ئۆپەراسیۆنی زەمینی و ئاسمانی ئەنجام دەدات، کە زۆرجار زیانی گیانی و ماڵی بە هاووڵاتییانی سڤیلی ناوچەکە گەیاندووە.

ئێران: 151 بنکە و پێشڕەوی بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر

لەلایەکی دیکەوە، ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دوای ساڵی 2012ـه‌وه‌ 151 بنکە و بارەگای سەربازیی لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێم، بەتایبەت لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی سۆران، دروستکردووە.
جگە لە دامەزراندنی بنکە، ڕێکخراوەکە ئاشکرای کردووە کە هێزەکانی ئێران بە درێژایی سنوورەکان نزیکەی 10 کیلۆمەتر هاتوونەتە پێشەوە و چوونتە ناو قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستانەوە.

ئێرانیش هاوشێوەی تورکیا، بوونی هێزە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (وەک حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە و پژاک) لە خاکی هەرێمدا بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆی دەزانێت. لەو چوارچێوەیەدا، جگە لە دروستکردنی بنکەی سەربازی، چەندینجار بە مووشەک و درۆنی خۆکوژ هێرشی کردووەتە سەر بارەگای ئەو حیزبانە و ناوچە مەدەنییەکانی نزیک لە سنوور.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار