لەكوردستان خەڵك خۆپێشاندان دەكات، ئۆپۆزسیۆن وەك بۆنە بەشداری تێدادەكات

5 كاتژمێر لەمەوپێش
نووسین:سەرتیپ جەوهەر
ئەم خۆپێشاندانەی ئەمڕۆ دەریخست جگە لە دەسەڵات، ئۆپۆزسیۆنیش لەقەیرانێكی جددی و بنیاتی دایە. دەریخست ئەم میللەتە لەچ نائومێدیەكدا دەژیت بەجۆرێك حزبێك، گروپێك یاخود ئاراستەیەك شك نابات تا لەدەوری كۆببنەوەو لەو رێگەیەوە رووبەرووی ئەم ستەمكاریی و ناهەقیانەی دەسەڵات و دەسەڵاتداران ببێتەوە.
دەبینین لەپاڵ دوو حزبی دەسەڵاتدارو حوكمڕان، ژمارەیەك حزب و لایەنی سیاسی بەشێوەیەكی تەقلیدیی ناویان لەخۆناوە ئۆپۆزسیۆن، تەنانەت هەندێجار بەشداری حكومەتیشیان كردووە، بەڵام دەتوانین بڵێین نەخشەڕێ و ئەجێندایەكی ستراتیژیی یاخود تێگەیشتنێكی دووربینیان بۆ داهاتوو نەبووە، ئەوەی هەیانە زیاتر ناڕەزایەتی بووە لەمیدیاكانیان و لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتیی.
سەرەتای دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی كاراو كاریگەر دەگەڕێتەوە بۆ دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان لە 2009 بە ڕێبەرایەتی كاك نەوشیروان مستەفا بەگوتارێكی زۆر توندی لەمیدیاو لەناو پەرلەمان كە هەندێجار رەفتاری پۆپۆلیستیشیان لێ دەبینرا، بەڵام دوای ماوەیەك دەركەوت ئەو بزوتنەوە ناڕەزایەتیەی هەیە پرۆژەیەكی خۆڕسكی ناڕەزایەتی خەڵك نییە، لەدایكبووی شەقام نییە، یاخود پرۆژەیەكی چاكسازیی و ریفۆرمخوازیی لەحوكمڕانیی كوردستان نییە، بەڵكو ئەوەی هەبووە كاردانەوەی شەخسیی و لێكەوتەی ململانێی ناوخۆی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بووەو دواتر بەرگی چاكسازیی لەحكومڕانیی و لەشێوازی كاری حزبیی بەبەردا كرا بە رەفتارو فەرهەنگێكی توندی میدیایی. مخابن ئەم بزوتنەوەیە گیانی ئۆپۆزسیۆن بوونی بۆماوەیەكی درێژ كوشت و هەم حزبەكە بووە حزبی پشتاوپشت و میراتگریی و هەمیش لەحكومەتدا هەمان ئەزموونی پارتی و یەكێتیان دووبارەكردەوە. بۆیە لەماوەیەكی زۆر كورتی دوای وەفاتی كاك نەوشیروان لە 25 كورسی پەرلەمان ئێستا یەك كورسی هەیە.
جگە لەبزوتنەوەی گۆڕان، حزبەكانی دیكەش نەیانتوانیوە ببنە ئاوێنەی شەقام و لەپێناوی خواستی خەڵك شەقام هانبدەن و رێبەرانیان پێشخەڵك بكەون، ئەمە سەرباری ئەو دابەشبوونە روونەی لایەنەكان چ لەنێوان یەكێتیی و پارتی یاخود بەسەر وڵاتانی دەرو دراوسێ، بۆیە دەبینین لەماوەیەكی كورتداو لەدوای هەڵبژاردنی كوردستان، كاربەدەستێكی تورك چاوپێكەوتنی لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی حزبەكانی باشوری كوردستان بڵاوكردەوە!!
لەدونیا ئۆپۆزسیۆن بەدیلی دەسەڵاتە بۆ گۆڕانكاریی، جگە لەپەرلەمان لەشەقام رۆڵێكی كاراو كاریگەر دەبینن. ئۆپۆزسیۆن خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی وەك رێكارێكی زۆر كاریگەری فشار بۆسەر دەسەڵات دەگرێتەبەر، ئۆپۆزسیۆن كۆكەرەوەی ناڕەزایەتیەكانی خەڵكە، هەر ئۆپۆزسیۆنە خۆپێشاندانەكان رێكدەخات و سەركردەو و سەرۆكی حزبەكان لەپێشی پێشەوەی خەڵك دەڕۆن و هاواردەكەن، بەڵام لەكوردستان بەپێچەوانەوەیە، خەڵك لەتاو ئازاری ستەمكاریی هەوڵی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەدات، بەڵام لەكورتە شەرمیی و ئیحراجیی یاخود بۆموزایەدە بەشداریی تێدادەكەن چونكە ئەوان ناتوانن خەڵك بێننە شەقام ئەو دەنگەی دەیشیهێنن دەنگی خەڵكی بێچارەیە! واتە لەكوردستان ئۆپۆزسیۆن خۆپێشاندان رێكناخات، بەڵكو وەك میوان و تەنها چەند كاربەدەستێكی رەنگە بۆ چەند وێنەیەكی تۆڕی كۆمەڵایەتیی بەشداریی تێدابكەن! بۆیە دەبینین بەرلەچەند رۆژێك مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازیی وادەی خۆپێشاندانیان راگەیاند، ئینجا حزبە بەناو ئۆپۆزسیۆنەكان بەلێدوان و بەیاننامە یەك یەك بەشداریكردنیان لەخۆپێشاندانەكان رایانگەیاند! وەك ئەوەی داوەتی بۆ بۆنەیەكی دیاریكراو كرابن.
ئەو دیمەنەی دەیبینن، هەقیقەت و واقعی تاڵی كوردستانە. لەلایەك دەسەڵاتدارێتیەكی زۆر خراپ كە دیموكراسیی و دامەزراوەكانی حوكمڕانی بێبەها كردووەو هەموو شتێك پوچ بووە، لەلایەكی دیكە ئۆپۆزسیۆنێك كە وەك پێویست نەیتوانیوە ببێتە جێگەی ئومێدی گۆڕانی ژیانی خەڵك، بەڵكو بۆتە هەندێجار بۆتە هۆكارو سەرچاوەی بێئومیدكردنی خەڵك و هەندێك كاتیش ئۆپۆزسیۆن بۆتە هۆكاری بەتاڵكردنەوەی توڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵك بێئەوەی هیچ شتێك بكات.

