ئەو چوار شوێنەى بۆ دیداری پوتین و زێلینسکی پێشنیاز کراوە

2 كاتژمێر لەمەوپێش
هەرچەندە کرێملین خۆی لە گفتوگۆکردن لەسەر وردەکارییەکانی هەر دیدارێکی داهاتووی نێوان ڤلادیمێر پوتین و هاوتا ئۆکراینییەکەی، ڤلۆدیمێر زێلێنسکی خۆی بەدوور گرتووە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەرۆشى خۆی بۆ کۆبوونەوەکە دەربڕی و ڕایگەیاند، بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی ئەنجامەکانی دەکات.
ئیستا هەموو چاوەکان لەسەر دیداری نێوان ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینان کە بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا بکرێت، بۆ ئەم مەبەستە چوار شوێن پێشنیاز کراون.
ئێستا سەبارەت بە شوێنی کۆبوونەوەی هەردوولا ئەگەر بێت و ئەنجام بدرێت پرسیار هاتووەتە ئاراوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی کۆمەڵێک پێشنیاز خراونەتە ڕوو، هاوکات ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گوتی، کۆبوونەوەکە لە وڵاتێکی ئەوروپیدا دەکرێت و پێشنیازی جنێڤی کرد.
چوار شوێن بۆ کۆبوونەوە ئەگەرییەکە دیار کراون کە ئەمانەن:
1- جنێف
وەزیری دەرەوەی سویسرا پشتڕاستی کردەوە، وڵاتەکەی پارێزبەندی بە سەرۆکی ڕووسیا دەدات ئەگەر سەردانی وڵاتەکەی بکات بۆ دانوستانی ئاشتی، چونکە پووتین فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان.
2-ڤییەنا
ڕاوێژکاری نەمسا پێشنیازی ڤییەنای کرد وەک نەریتێکی وڵاتەکەیان لە پێشوازیکردن لە دانوستانی ئاشتی و ڕایگەیاند. ''ئەگەر پوتین بەشداری لە کۆبوونەوەی ئاشتی لە نەمسا بکات، ئامادەیین ڕوونکردنەوە بۆ دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بدەین سەبارەت بە هاتنی پووتین''.
3- مۆسکۆ
لەبەرامبەردا سەرۆکی ڕووسیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، پێشنیازی ئەنجامدانی کۆبوونەوەکەی لە مۆسکۆ کرد، بەڵام وەڵامی زێلێنسکی ئەرێنی نەبووە و ڕەتیکردەوە گەشت بۆ مۆسکۆ بکات.
4- بودابێست
سەرچاوەیەکی نزیک لە ئیدارەی ترەمپ ئاشکرای کرد، کۆشکی سپی پلانی کۆبوونەوەی سێ قۆڵیی ئەگەری لە نێوان ترەمپ و پووتین و زێلێنسکی لە پایتەختی هەنگاریا دادەنێت وەک هەنگاوی داهاتوو لە دانووستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
