تیرۆر و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان: پەڵەیەکی تاریک لە تابلۆی دیموکراسییەکەی هەرێمی کوردستاندا

12 كاتژمێر لەمەوپێش
نووسین: ئەحمەد ڕەسوڵ
هەرێمی کوردستانی عێراق کە زۆرجار وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ دیموکراسی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕ لە گێژاودا ناوی دەهینرێت، ڕووبەڕووی ڕەخنەی جدی دەبێتەوە لە پرسی مامەڵەکردندا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان.
لە پشتی پێشکەوتنی ڕواڵەتییانەی ڕێگاوبان و باڵاخانەکان و گەشەی ئابوورییەوە واقیعێکی تاریک هەیە کە بە تیرۆرکردن و تۆقاندن و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران ڕەنگڕێژکراوە.
لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا ڕووداوەکانی تیرۆرکردن، هەڕەشە بەردەوامەکان و دەستگیرکردن و زیندانیکردنی ڕۆژنامەوان و میدایاکاران، کاریگەریی هەمەلایەنی لەسەر ئەو پیشەیە و هەروەها تاریک کردنی وێنەی هەرێمی کوردستان لە پرسی ئازادیی ڕاگەیاندندا هەبووە. ئەم پێشێلکردنە توند و بەردەوامەی کاری ڕاگەیاندن و شکۆ و ڕێزی ڕاگەیاندنکاران، جگە لەوەی کە نەتوانراوە سنوورێکی بۆ دابنرێت و کۆتایی پێبهێنرێت هەروەها ئاماژەکانی بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکانی ئەو بوارە لەلایەن دەزگا دەوڵەتیەکانی هەرێمەوە هەستی پێدەکرێت.
هاوکات لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین ڕۆژنامەنووس دەستبەسەر کراون، زۆرجار بە بێ تۆمەتی ڕوون، بە بیانووی “مەترسی خستنە سەر ئاسایشی نەتەوەیی” یان “بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست” لە کاتێکدا هەروەکو هەندێک لە یاساناسان و مافپەروەران دەڵێن ئەم تۆمەتانە ئامرازێکی ناڕوونن کە تەنها بۆ بیدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەران بەکاردەهێنرێن.
لە ناوەندی پرسەکەدا لایەنە سیاسییەکان و هێزە ئەمنییەکانن کە بۆ کۆنترۆڵکردنی بە زەبر و هەندێجار توندوتیژانەی کایەی ڕۆژنامەنووسیی و بواری ڕاگەیاندن کار دەکەن. دەزگا میدیاییە سەربەخۆکان سەرەڕای هەڕەشەی توندوتیژیی و دەستگیرکردن، هەروەها ڕووبەڕووی فشاری دارایی و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی و هەراسانکردنی سیستماتیکی دەبنەوە.
سەرەڕای ئەوەی یاسای کاری ڕۆژنامەنووسیی و میدیایی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن پەرلەمانەوە دەرچووە و لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەزگای قەزایی پێویستە پابەند بن پێوەی، بەڵام وەکو هەندێک لە ڕۆژنامەنووسان لە چەندین بۆنەی جیاوازدا ڕایانگەیاندووە کە پڕۆژە یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی هێندەی لە یاسایەکی مردوو و تەنها مەرەکەبی سەر کاغەز دەچێت هێندە لە پڕۆژەیەکی یاسایی بۆ دابینکردنی مافی ڕۆژنامەنووسان و ڕێز و شکۆ ڕاگرتنی کاری ڕۆژنامەنووسیی ناچێت.
ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لێکۆڵینەوە لە گەندەڵیی یان خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات دەکەن، زۆرجار خۆیان دەکرێنە ئامانج و لە چەندین لایەنی جیاوازەوە فشاریان لێدەکرێت. ڕەخنەگران دەڵێن ئەمە ژینگەیەکی پڕ لە سانسۆر و فشارە بۆ میدیاکاران و لە دەرئەنجامدا دەزگای میدیایی و میدیاکاری خۆسانسۆرکار بەرهەم دەهینێت. ئەمەش کاری ڕۆژنامەگەریی و بواری ڕاگەیاندن لە مانا و ئەرکە ڕاستەقینەکەی خۆی بەتاڵدەکاتەوە.
لەلایەکی ترەوە بەرپرسان و دەسەڵاتداران بەرگری لە سیاسەتەکانیان دەکەن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەندێک ڕۆژنامەنووس سنووری ئاکاریی و یاسایی تێدەپەڕێنن، هەندێکجار دەبنە سەرچاوەی تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی و دەبنە هاندەری نائارامیی، هەروەها هەندێک جار ڕاشکاوانە ڕایانگەیاندووە کە هەندێک لە ڕۆژنامنووسان کار لەگەڵ ئەجێندای بیانی دەکەن.
ئەوان دەڵێن ئازادیی ڕۆژنامەگەری دەبێت لەگەڵ ئاسایش و سەقامگیری نیشتمانیدا کۆک و هاوتەریب بێت، بەتایبەتی لە ناوچەیەکدا کە هێشتا ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی تیرۆر و ململانێ ناوچەییەکان دەبێتەوە. لایەنگرانی حکومەت و دەسەڵاتداران، دەستگیرکردنەکان نەک وەک سەرکوتکردن، بەڵکو وەک ڕێوشوێنێک بۆ پاراستنی ئارامیی کۆمەڵگا و ڕێکوپێکیی و نەزم و دیسپلین دادەنێن.
چاودێرانی نێودەوڵەتی وەک پەیامنێرانی بێ سنوور و هیومان ڕایتس وۆچ، چەندین جار هەرێمی کوردستانیان ئاگادار کردووەتەوە و ڕەخنەیان ئاڕاستەکردووە لە بواری پێشێلکردنی مافی ڕۆژنامەنووسان و ئازادیی کاری ڕۆژنامنووسییدا لەبەرئەوە لە تاقیکردنەوەی پێوەرەکانی ئازادیی ڕۆژنامەوانیدا نمرەی نزمیان بۆ دەسەڵاتدارێتییەکەی هەرێمی کوردستان داناوە.
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری دەدەن لەوەی ئەگەر تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان و فشارەکان و کۆتوبەندەکانی سەر ئازادیی ڕاگەیاندن بەردەوام بن و بەدواداچوونی یاسایی لەبارەیانەوە نەکرێت و ئەنجامی بەرجەستە و ڕاستەقینەیان نەبێت و بێ سزا بمێننەوە و دەستگیرکردنەکان بەبێ ڕێوشوێنی پێویست بەردەوام بن، ئەوا هەرێم مەترسی لەناوبردن و تێکدانی تەواوەتی ناوبانگی خۆی وەک مۆدێلێکی دیموکراسی لە عێراقدا هەیە.
ئەو پرسە ململانێیەکی قووڵ لە نێوان بەڵێنە گەورە و ڕواڵەتییەکانی دیموکراسی و پێکهاتەی دەسەڵاتی حزبایەتیی و تەنانەت دەسەڵاتی بنەماڵەکانیش لە ناو حزبەکاندا ئاشکرا دەکات.
بۆ بەشێک لە ڕۆژنامەنووسانی کورد، ڕاگەیاندن و ڕووماڵکردنی هەواڵە هەستیار و گرنگەکان و ڕاستییەکانی هەندێ بوار، بووەتە پیشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر ژیانیان. دۆخی نالەباری ئەوان تیشک دەخاتە سەر ئەو ئاڵنگارییە گەورەیەی لە بەردەم هەرێمی کوردستانە: ئایا بەڕاستی شەفافیەت و لێپرسینەوە لە باوەش دەگرێت و قبوڵی دەکات، یان بەردەوام دەبێت لەو ڕێگایەی خۆی کە بێدەنگکردنی ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنکاران و ڕاستییەکانە لە گۆشەیەکی تاریکدا؟

