شەڕێکی تەواونەکراو

8 كاتژمێر لەمەوپێش
عارف قوربانی
هیچ شەڕێک لە خۆڕا روونادات، بەتایبەت شەڕى نێوان دەوڵەتەکان. دەبێت کێشە و هۆکار و ئامانجگەلێک هەبن کە بەپەنابردنەبەر گفتوگۆ و رێگەى دانوستاندن بەدى نەیەن، بۆیە لایەک یان هەردوولا پەنا دەبەنە بەر شەڕ بۆ بەدیهاتنیان. ئێران و ئیسرائیل، لە دواى کەوتنى شا و گەیشتنە دەسەڵاتى مەلاکانەوە، شیر و تیر لەیەک دەسوون. کێشەى قوڵ و ناکۆکى و ململانێ و لە هەندێ قۆناخیشدا بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هاوکارى و هەماهەنگى زۆر لە نێوانیاندا هەبووە. لە چوار دەیەى رابردوو سەربارى بوونى کێشەى جۆراوجۆر، هەروەها خواستى هەردوولا بۆ باڵادەستبوونى هەرێمایەتى وەک ئامانجێکى ستراتیژیى، بەڵام هۆکارێکى سەرەکى نەبوو بۆ بەریەککەوتنیان. بۆیە وێڕای بوونى کێشە و ئامانج، جەنگ لەنێوانیان رووینەدا. هەرچەندە بەدرێژایى ساڵانێکى زۆر هەڕەشەى سڕینەوەى یەکدیشیان دەکرد.
سەرەڕاى ئەوەى زەمینەى شەڕ، هەمیشە رەخساو بووە، بەڵام تەقینەوەى کێشەکان و دەستپێکردنى جەنگ، پێویستى بە هۆکارێکى راستەوخۆ هەبوو. (تۆفانى ئەقسا) رووداوى 7ـی ئۆکتۆبەر، پەلامارەکانى حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، هۆکارەکەشى بەرجەستەکرد. بۆیە لە چرکەساتى وەڵامدانەوەى ئیسرائیل بۆ تۆفانى ئەقسا، چاوەڕوانکراو بوو تەلئەڤیڤ تۆڵە لە تاران بکاتەوە و راستەوخۆ جەنگ لەنێوان ئێران و ئیسرائیل رووبدات، بەڵام ئیسرائیل ئەوەى نەکرد، چونکە پێویستى بەوە بوو سەرەتا دەست و پێوەندەکانى ئێران لە ناوچەکە ببڕێتەوە پاشان روو بەرەو تاران وەرگێڕێت.
ئەگەر وەکوو دەستێک لە ئێران بڕوانین، ئەوە (بەغدا و دیمەشق، حیزبوڵڵا و حەماس و حووسییەکان) هەر یەکى پەنجەیەکى دەستى ئێران بوون لە ناوچەکە. لە ماوەى ساڵ و چەند مانگى شەڕى لێکەوتەکانى تۆفانى ئەقسادا، ئیسرائیل توانیویەتی سووریا وەک پەنجەیەکى کاریگەرى دەستى ئێران ببڕێتەوە و دووان لە پەنجەکانى دیکەى (حەماس و حیزبوڵڵا) بشکێنێت. حووسییەکانی یەمەنیشى خستووەتە بەر نەشتەر. ئەوەى مابووەوە بەغدا بوو وەک پەنجەیەکى بێ رۆڵ و بێکاریگەر دژ بە ئیسرائیل. تەلئەڤیڤ دواى ئەم پرۆسەى پەنجە شکاندنانە دەستى بۆ ئێران برد، وایزانى بازووی ئێران بەرگەى دەستشکاندنەوەى ئیسرائیل ناگرێ و دەتوانێت بە گورزى سەربازى چۆک بە ئێران دابدات و خواستەکانى بەسەر تاراندا بسەپێنێت، بەڵام شەڕی 12 رۆژە، راستییەکى تاڵى بۆ ئیسرائیل و ئەمریکاش دەرخست، دەرکەوت ئێران توانا مووشەکییەکانى و تواناى بەرگریى لەوە زیاترە کە وێنایان بۆ کردبوو.
شەڕى دوازدە رۆژە، هەموو ئەو تێڕوانینانەى گۆڕی کە پێیان وابوو ئەگەر بتواندرێت ئێران بکشێندرێتەوە ناو جوگرافیاکەى خۆى، ئیدى مەترسى و هەڕەشەى ئێران بۆ سەر سەقامگیریى و ئاسایشى ناوچەکە، کۆتایى دێت. دەرکەوت ئێران تواناکانى لەوە زیاترە. بۆیە بێ ئەوەى ئامانجى شەڕ بەدیهاتبێت، تەنانەت بەبێ هیچ رێککەوتنێک، جەنگەکەیان راگرت و وەک شەڕێکی تەواونەکراو هێشتیانەوە، بەڵام راگرتنى هێرشى مووشەکى، ماناى کۆتایهاتن نییە بە شەڕى نێوان ئێران و ئیسرائیل، شەڕى نێوان ئەو دوو وڵاتە وەک حەتمییەتێکى جیۆسیاسى هەر دەبێت رۆژێک تەواو بکرێت. ئەم چەند مانگەى رابردوو بۆ هەردوولا وەک جۆرێک لە بەخشینى کات بوو بۆ هەڵسەنگاندنى دۆخى خۆیان و بەرانبەرەکەیان، چونکە لەو 12 رۆژەدا هەردوولا خاڵى لاوازى خۆیان و بەرانبەریان بۆ دەرکەوتووە، هەروەها خاڵى بەهێزى یەکدیش دەزانن. لەگەڵ ئەوەشدا لەم چەند مانگەى رابردوو ئیسرائیل لە ئەمریکا و ئێرانیش لە چین خەریکى پەیداکردنى مووشەک و تەکنەلۆجیاى سەربازیى زیاترن. زۆرى نەماوە بۆ دەستپێکردنەوەى خولێکى یەکلاکەرەوەى نێوانیان.
رەنگە ئێستا چاوەڕوانیی دۆناڵد ترامپ بۆ بەربژێرکردنی بۆ وەرگرتنى خەڵاتى نۆبڵى ئاشتى هۆکارى سەرەکى بێت کە جەنگ دەستی پێنەکردووەتەوە، بەڵام ئەمەش زۆرى نەماوە، سەرەتاى ئۆکتۆبەرى ئەم ساڵ یەکلادەبێتەوە کە ترەمپ بەربژێر دەکرێت یاخود نا. بە بەربژێرکردنی و نەکردنى، دەرگە بە رووی شەڕى ئێران و ئیسرائیل دەکرێتەوە. ئەگەرچى هیچ دڵنیاییەکیش نییە نەتەنیاهوو چاوەڕوانى ترەمپ دەکات یاخود نا، چونکە دڵنیایە ئەگەر لە دەستپێکى شەڕەکەشدا ئەمریکاى لەگەڵ نەبێت، درێژەکێشانى جەنگ ئەمریکاش پەلکێش دەکات. بۆیە ئەوەش ئەگەرێکى بەهێزە کە دەستپێکردن و هەڵگیرساندنى شەڕ نەگاتە ئۆکتۆبەر، بەتایبەت کە نەتەنیاهوو ئامانجێتى لە ساڵڕۆژى تۆفانى ئەقسادا بەشێکى دیکەى ئامانجەکانى بەدیهێنابێت.
ئەوەى بۆ ئێمە گرنگە، پێگەى عێراق و هەرێمى کوردستانە لەم شەڕە چاوەڕوانکراوەى بەردەممان. هەردوولامان و هەر یەکەى لە سەنگەرێکەوە ئەگەرى پەلکێشکردنمان هەیە بۆ ناو شەڕە چاوەڕوانکراوەکە. بە یەقینییەوە ئیسرائیل پێش ئەوەى بیەوێ بازووی ئێران بدات لە زەوی، ئەم تاکە پەنجەیەشى کە ناوى عێراقە، دەشکێنێت. لە خولى پێشووى جەنگى راستەوخۆى نێوانیان سەربارى ئەو بڕوبیانووانەى ئێران بە هەرێمى کوردستانی دەگرێت، بە هەوڵى نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمى کوردستان جۆرێک لە دڵنیایى بۆ ئێران دروست بوو، بەو هۆیەوە کوردستان لە جەنگەکە بەدوور بوو، بەڵام لەم خولە چاوەڕوانکراوەى دەستپێکردنەوەى شەڕدا هیچ گرەنتییەک نییە کە ئەم جارە کوردستان بتوانێت خۆى لە تێوەگلان بپارێزێت. ئەویش لەبەر چەند هۆکارێک:
یەکەم: دواى شەڕى دوازدە رۆژە، لەسەر ئاستى ناوەندى جیاجیاى دەسەڵات لە ئێران ئاماژە بۆ گواستنەوەى پێشوەختەى درۆنى ئیسرائیلى و بردنى چەک دەکرێت بۆ ناو قوڵایى ئێران، گوایە لە ناو هەرێمی کوردستانەوە ئاسانکاری کراوە. لەناو هەرێمى کوردستانیش هەندێ کارەکتەر و میدیاى وابەستە و گوماناوى بە ناوەندە هەواڵگرییەکانى ئێرانەوە تەرویج بۆ ئەو زانیارییە دەکەن.
دووەم: دابەشبوونى هێزە سیاسییەکانى هەرێمی کوردستانە بەسەر جەمسەرەکانى ئەم هاوکێشە هەرێمایەتى و نێودەوڵەتییەى هەیە.
سێیەم: شەڕى ئەمجارە شەڕێکى یەکلاکەرەوە دەبێت. بۆیە وەک چۆن ئیسرائیل هەڕەشە و مەترسییەکان رادەماڵێت، بە ئەگەرى زۆرەوە ئێرانیش ئەوە دەکات. لە واقیعدا لەبەرئەوەى هەرێمى کوردستان خاوەن دەسەڵاتێکى ناوەندى بەهێز نییە، بۆیە ئەگەر چەند ناوەندە فەرمی و دامەزراوە حکومییەکانى خۆیان بەدوور بگرن لە کێشە و لایەنگیرییان بۆ هیچ کام لە تەرەفەکانى ئەم شەڕە نەبێت، بەڵام دەکرێت بەهۆى ئەو ململانێ و ناکۆکییە سیاسییانەی هەن، دەرفەت بۆ کەسانێک بڕەخسێت بەجۆرێک لە جۆرەکان هەرێمی کوردستان تێوەبگلێنن.
بۆ دۆخ و پێشهاتێکى لەم جۆرە، ئامادەسازیى پێشوەختە لە کورد دەخوازێت بۆ ئەوەى بە کەمترین زیانەوە لێى بێتە دەرەوە. ئەمەش بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆى یەکێتی و پارتى، چونکە لەلایەک لەبەرئەوەى دەسەڵاتى کوردستان لە دەستى ئەواندایە، لەلایەکى دیکەشەوە دابەشبوونى ئەوان بەسەر جەمسەرەکان و دەستبادانى یەکدى و سەنگەر لێکگرتنى ئەوانە، زەمینەى بۆ ئەم هەڕەشەیە خۆشکردووە. هەرچەندە ئێستا ناکۆکی و ململانێکانیشیان لە ئاستێکدایە ئەگەرێکى دوورە بتوانن پێکەوە دابنیشن و چارە بۆ ئەم دەردە بدۆزنەوە، بەڵام ئەگەر ئەوە نەکەن، پێش خەڵک، خۆیان زەرەر دەکەن.
