ڕێکەوتنی پاریس و خوێنی حەلەب، شەرع کوردی کردە قوربانیی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل..

4 كاتژمێر لەمەوپێش



دڵشاد موانی

گۆڕانکارییە خێراکانی سووریا، وڵاتەکەی خستووەتە بەردەم قۆناغێکی نوێی دیپلۆماسی کە پێشتر بە "هێڵی سوور" دادەنرا.

 لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا، پاریس بووە مەڵبەندی گفتوگۆیەکی نادیار بە ناوبژیوانیی ئەمریکا لە نێوان نوێنەری حکومەتی کاتیی سووریا ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە و ڕۆن دێرمیر، وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل 

 ئەم گفتوگۆیانە کە لە ژێر چاودێریی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بەڕێوە دەچن، نیشانەی گۆڕانێکی ستراتیجین لە سیاسەتی دەرەوەی دیمەشقدا.

لێرەدا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە کە چۆن سەرکردەیەکی خاوەن پاشخانێکی ئیسلامی و ڕادیکاڵ، لە کاتێکدا کە غەززە هێشتا خوێنی لێ ئەچۆڕێت، ئامادەیە لەگەڵ تەلئەبیب دابنیشێت؟
وەڵامەکە لە چەمکێکی سیاسیدا کورت ئەبێتەوە کە پێی ئەوترێت "پراگماتیزمی سیاسی بۆ مانەوە". 

جۆلانی سەرۆکی کاتی سوریا دەزانێت کە بۆ بەدەستهێنانی شەرعیەتی نێودەوڵەتی، لادانی گەمارۆ ئابوورییەکان و ڕێگریکردن لە هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل، پێویستی بە جۆرێک لە "سەقامگیریی سنووری" هەیە، تەنانەت ئەگەر ئەمە بە نرخی بێدەنگبوون بێت لە ئاست دۆزی خوێناوی فەڵەستین.

ئەو زانیارییانەی لە کۆبوونەوەکانی پاریسەوە دزەیان کردووە، ئاماژە بەوە دەکەن کە هێشتا سووریا بە فەرمی نەچووەتە ناو "ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام"، بەڵام ڕێکەوتنەکەی پاریس وەک بناغەیەک بۆ لێکتێگەیشتنی ئەمنیی قووڵ دادەنرێت. 

لە ناوەڕۆکی ئەم "ڕێککەوتنە ئەمنییە"دا باس لە دروستکردنی خانەیەکی پەیوەندیی هاوبەش بۆ هەواڵگری و ئاڵوگۆڕی زانیاری و ڕێگریکردن لە پێکدادانی سەربازی دەکرێت.

 ئیسرائیل دەیەوێت دڵنیا بێت کە خاکی سووریا چیتر نابێتە مۆڵگەی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران، لە بەرامبەردا دیمەشق داوای کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ هێڵەکانی پێش کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ و پشتگیریکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی سوریا لە ئیسڕائیل دەکات. 

ئەمەش مامەڵەیەکی ئاڵۆزە، جۆلانی لە لایەکەوە دەیەوێت سەروەریی وڵاتەکەی بگەڕێنێتەوە، بەڵام لە لایەکی ترەوە لە بەردەم مەترسیی لەدەستدانی شەرعیەتی ئایینی و نەتەوەیی دایە لە ناوخۆی سووریا، بەتایبەت لە لایەن گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکانەوە کە هەر جۆرە نزیکبوونەوەیەک لە ئیسرائیل بە "خیانەت" دەبینن.

🔴 ڕێکەوتنی تەلئەبیب و دیمەشق، مەترسییەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان.

لەکاتێکدا کە هەموو چاوەکان لەسەر پاریس بوون، کتوپڕ ئاگری شەڕ لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب (شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە) کڵپەی سەند. 

زۆرێک لە چاودێران ئەم پەرەسەندنە سەربازییە بە ئەنجامی ڕاستەوخۆی لێکتێگەیشتنە سیاسییەکانی دەرەوە دەبینن. 
وادیارە دیمەشق بۆ ئەوەی خۆی وەک تەنها هێزی خاوەن بڕیار و "دەوڵەتێکی یەکگرتوو" پیشانی ئیسرائیل و ڕۆژئاوا بدات، پێویستی بەوەیە کۆتایی بە هەموو جۆرە خۆبەڕێوەبەرییەکی سەربازی و سیاسی لە ناوخۆی سوریا بهێنێت.
 هێرش بۆ سەر یەکە کوردییەکان لە حەلەب، لە ڕاستیدا پەیامێک بوو بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە ئیتر سەردەمی پارێزبەندی و هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکا بەرەو کۆتایی دەچێت.

 لێرەدا تورکیاش ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت، ئەنقەرە هەر جۆرە نزیکبوونەوەیەکی دیمەشق لە ئیسرائیل و ئەمریکا وەک دەرفەتێک دەبینێت بۆ گوشارخستنە سەر کوردەکانی ڕۆژئاوا، چونکە ئامانجی سەرەکیی تورکیا هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی کوردییە، نەک نیگەرانی لە پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و سووریا.

جێگەی سەرنجە کە ئەمریکا، ساڵانێک هاوپەیمانی کورد بوو لە شەڕی دژی داعشدا، ئێستا لە ڕێگەی دیپلۆماتکارانی وەک تۆم باراکەوە، ئەولەویەتی خۆی گۆڕیوە بۆ "سەقامگیریی هەرێمایەتی" و دابڕینی سووریا لە تاران.

 ئەم گۆڕانکارییە کوردەکانی ڕۆژئاوا ئەخاتە دۆخێکی ناهەموارەوە؛ وا دەردەکەوێت واشنتۆن ئامادە نییە پارێزگاری لە پێگەی کورد لە حەلەب یان ڕۆژئاوای کوردستان بکات ئەگەر ببنە ڕێگر لەبەردەم ڕێککەوتنێکی گەورەتر لەگەڵ دیمەشقی نوێ.

 بێدەنگیی ئیسرائیلیش، سەرەڕای هەندێک لێدوانی ڕواڵەتی بۆ پشتگیریی کورد، نیشانەی ئەوەیە کە تەلئەبیب ئاسایشی سنوورەکانی خۆی لە هێزی کوردەکان بە گرنگتر دەزانێت. ئەمە وانەیەکی مێژوویی تاڵە بۆ ئەکتەرە کوردەکانی ڕۆژائاوای کوردستان و هەموو میللەتی کورد، کاتێک بەرژەوەندیی زلهێزەکان دەگۆڕێت، هاوپەیمانە "نا-دەوڵەتییەکان" ئەبنە یەکەم قوربانی.

بۆ ئەوەی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان لەم گێژاوە ڕ رزگاریان بێت، پێویستیان بە گۆڕینی ستراتیژی هەیە. پشت بەستن تەنها بە چەک و هاوپەیمانییە سەربازییە کاتییەکان بەس نییە. پێویستە کورد لە ڕۆژئاوا ڕوو لە "نێودەوڵەتیکردنی" پاراستنی شوناس و مافە مەدەنییەکان بکەن و داوای چاودێریی نێودەوڵەتی بۆ ناوچە هەستیارەکانی وەک حەلەب و حەسەکە و ڕەقە و دێرەزوور بکەن.

هەروەها، یەکخستنی گوتاری سیاسیی نێوان لایەنە کوردییەکان و گەڕان بەدوای دیالۆگێکی ڕاستەوخۆ بەڵام بە مەرج لەگەڵ دیمەشق، دەبێتە تاکە ڕێگە بۆ پاراستنی هەندێک لە دەستکەوتەکان. ئەگەر کورد نەتوانێت خۆی وەک بەشێکی دانەبڕاو لە سەقامگیریی داهاتووی سووریا (نەک وەک هەڕەشە بۆ سەر سوریا و دراوسێکان) نیشان بدات، ئەوا مەترسیی ئەوە هەیە کە لە نێوان چەرخ و خولی ڕێککەوتنەکانی "پاریس" و بەرژەوەندییەکانی ئیسڕائیل تورکیا و دیمەشقدا، جارێکی تر وەک ڕابردوو، ببینە قوربانیی ڕێکەوتنە جیۆپۆلەتیکەکانی ناوچەکە..

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار