بێ دەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر....

6 كاتژمێر لەمەوپێش



بێ دەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر تاوانەکانی (دەوڵەتی تیرۆر) لە سوریا 

بڵند دلێر شاوەیس 

هێرشی هێزەکانی سوریا كە پێکهاتووە لە هێزەکانی وەزارەتی بەرگری و ئاسایشی گشتی بۆ سەر گەڕەکە كورد نشينەکانی (شێخ مقصود) و (اشرفية) لە (حلب) و ئەنجامدانی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جینۆساید بە شێوەیەکی ڕێکخراو دژ بە پێکهاتەیەکی دیاریکراو کە (کورد)ە پەیوەندی بە هەموو جیهانەوە هەیە، تاوانی نێودەوڵەتین، ئەو تاوانانەن کە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەخەنە مەترسییەوە، ئارامی هەرێمایەتی دەخاتە دۆخێکی ناجێگیربوونەوە، مرۆڤایەتی دەهەژێنێت.
تاوانەکانی کوشتن و ئەشکەنجەدان و ئاوارەکردن و سوکایەتی کردن بە تەرمی کوژراوان و بۆردومانکردنی نەخۆشخانە و گەڕەک و ناوچە سڤیل نشینەکانی کورد ....هتد، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە ئەم دەوڵەتە نوێیەی سوریا و خودی (احمدالشرع - جولاني) و ئەم هێزانە هێشتا گروپی تیرۆریستی مەترسیدارن لە چوارچێوەی دەوڵەتدا ڕێکخراون.

ئەوەی شایانی باسە پار ساڵ چەکدارانی (احمدالشرع) بە هەمان شێوە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و جینۆسایدیان بەرامبەر بە پێکهاتەی (دروز) لە پارێزگای (السویداء) و پێکهاتەی (عەلەوی) لە ناوچەی (الساحل)ی سوری ئەنجامدا، هەموو جۆرە تاوانەکانی کوشتن و لاقەکردن و ڕفاندنی ئافرەتان و تاڵان کردن وسوتاندنی موڵک و ماڵی هاوڵاتیان....هتد بەبەر چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەنجامدا.

تاوانەکانی دژ بەمرۆڤایەتی (Crimes against humanity) و تاوانی جینۆساید (Genocide) بەمەبەستی لەناوبردنی پێکهاتەی ئاینی وەک دروزەکان و عەلەوی و نەتەوەی کورد، پێشێلکاری سامناکی مافەکانی مرۆڤە، پێشێلکردنی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانی ساڵی 1945 و جاڕی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ 1948 و هەردوو پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤی ساڵی 1966.

مانەوەی (احمدالشرع) لە سەرۆکایەتی سوریای سەرچاوەیەکە بۆ بوژانەوەی تیرۆر و بیری توندڕەوی، ئارامی جیهان و ناوچەکە و ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسییەوە، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە زوترین کات بێتە سەر خەت، بۆ پارێزگاریکردن لە پێکهاتەکان و دادگایی کردنی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار