شۆڕشی رێگاوبان و پەرپێدانی ژێرخانی گەشتوگوزار لە كابینەی نۆیەم مژدەی ئایندەیەكی ڕووناكن
3 كاتژمێر لەمەوپێش
نادر ڕوستی
بەشی یەكەم
گەشتوگوزار لەسەر 3 كۆلەكەی سەرەكی وەستاوە، كە بریتین لە (بنەماكانی گەشتوگوزار، ژیرخانی گەشتوگوزار، سەرخانی گەشتوگوزار)،
لەم بابەتە تیشک دەخەمە سەر ژێرخانی گەشتوگوزار ، ژێرخانی گەشتوگوزار بناغەیەكی سەرەكی پەرەپێدانی گەشتوگوزارە لە هەر وڵاتێك كە بیەوێت گەشتوگوزار سەركەوتووبێت، ژێرخانیش بریتییە لە کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی بنەڕەتی و كارئاسانی بۆ خزمەتگوزارییەكانی (سەرخانی گەشتوگوزار) کە پێویستن بۆ گەشەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار، ژێرخانی گەشتوگوزار لە هەمانكات هاوتەریبە لەگەڵ ژێرخانی گشتیی وڵات و کارئاسانی بۆ گەشتیاران و وەبەرهێنەران و كۆمپانیا گەشتیاری و دامەزراوە گەشتیارییەكان دەکات و پەرەپێدانی گەشتوگوزار مسۆگەر دەکات.
پێکهاتەکانی ژێرخانی گەشتوگوزار
خزمەتگوزارییەكانی ژێرخانی گشتیی وڵات ژمارەیەك خزمەتگوزاری سەرەكی و بنەڕەتی لەخۆ دەگرێت، كە بەشی زۆریان دەبنەوە بە ژێرخانی كەرتی گەشتوگوزار، یاخود هەمان ژێرخانن كە گەشتوگوزار سوودیان لێوەردەگیرێت، وەك: (رێگاوبان، كارەبا، ئاوئاوەڕۆ، پەیوەندییەكان، تەندروستی). لەم بەشەدا باس لە رێگاوبان دەكەین، كە یەكێكە لە كۆلەگە سەرەكیەكانی ژێرخانە.
خزمەتگوزاری ژێرخانی رێگاوبان
خزمەتگوزارییەکانی رێگاوبان بەهەموو جۆرەكانی ( ئاوی، وشكانی، ئاسمانی، ئاسنی) دەگرێتەوە، كە بە گشتی بۆ گواستنەوە و گەیاندن بەكار دەهێنرێن: (تۆڕی ڕێگاوبان، فڕۆکەخانەکان، هێڵی شەمەندەفەر، بەندەرەکان و هەموو ئەو ئامرازانە دەگرێتەوە کە گەشتیاران بەکاریان دەهێنن بۆ گەیشتن بە شوێنی مەبەست و هاتوچۆکردن) لەنێوخۆی وڵات. لەم بابەتە باس لە ریگاوبانی وشكانی دەكەین، رێگاوبانی وشكانی دابەش دەبێت بەسەر 3 بەش (رێگاوبانی سەرەكی و ستراتیژی، شەقام و رێگاوبانی ناو شارەكان، رێگاوبانی لاوەكی و گوندەكان). فراوانكردن و باشكردنی خزمەتگوزاریی رێگاوبان خزمەتێكی زۆر بەكەرتی گەشتیاری دەكات، چونكە ڕوداوی هاتووچۆ و كارەسات كەم دەبێتەوە، ماوەی گەیشتن بە شوێنە گەشتیارییەكان كەم دەبێتەوە، گیانی گەشتیاران پارێزراو دەبێت، گەیشتنی گەشتیاران بە شوێنە گەشتیارییەكان ئاسان دەبێت، جموجۆڵی گەشتیاران لە نێوان وڵاتان و لە نێوان شارەكان زیاد دەكات، ژینگە زیاتر پارێزراو دەبێت، گەشتیاران زیاتر هەست بەخۆشی دەكەن و زیاتر چێژ لە گەشتەكانیان وەردەگرن، چێژ وەرگرتنیش ئامانجێکی سەرەکی گەشتوگوزارە.
كابینەی نۆیەمی حكوومەت و شۆڕشی ژێرخان و پەرەپێدانی گەشتوگوزار
سەرجەم خزمەتگوزارییەكانی ژێرخان (رێگاوبان، ئاووئاوەڕۆ، كارەبا، پەیوەندیەكان، تەندروستی، ئارامی و سەقامگیری) كە لە پێناسەكانی سەرەوە ئاماژەم پێیان كردووە، لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ئاستێكی كوالیتی بەرز بۆ هاووڵاتیان دابین كراوە، ئەوەی نەكراوە لە ژێر كاركردن دایە و لە ئایندە باشتر دەكرێت.
شەقام و رێگاوبانەكانی ناو شارەكان لە ئاستێكی پێشكەوتوو جێبەجێكراون، رێگاكانی دەرەوەی شارەكان كە شاروشارۆچكەكان بەیەكەوە دەبەستنەوە بەشی زۆری كراونەتە دوو ساید و بەشێكیان بە تونێل بەیەكەوە بەستراونەتەوە و رێگا سەختەكان و مەترسیدارەكان نەماون و زۆربەی رێگاكان كورت كراونەتەوە، ئەمەش وایكردووە گەشتیاران خێرا و ئاسان و بە سەلامەتی بگەن بە شوێنە گەشتیارییەكان.
دڵنیام لە ساڵانی داهاتوو ئەو شوێنانەی ماون كاریان لەسەر دەكرێت و ئەم خزمەتگوزارییە زۆر باشتر دەكرێت. لێرەدا چەند نموونەیەكی رێگاوبانی سەرەكی كە شارەكانی هەرێم بەیەكەوە دەبەستێتەوە لە سنووری هەولێر و دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ دەخەینەڕوو: (جوت سایدی نێوان هەولێر و دهۆك، جوت سایدی هەولێر و سۆران، جوت سایدی هەولێر و كۆیە، جوت سایدی هەولێر و گۆمەسپان و سماقوڵی، باعەدرێ و دهۆك، زاخۆ و دهۆك)، لە چەندان ناوچە و شوێنی دیكەش كار لەسەر رێگاوبانی دەرەوەی شارەكان دەكرێت و نۆژەنكراونەتەوە یان فراوانكراون، وەك حاجی ئۆمەران، شیخان، سۆران، زاخۆ و باتیفا، شیلادزێ، دهۆك و ئامێدی. باس لەوەش ناكەین كە هەزاران كیلۆمەتر رێگاوبان و شەقامی ناو شارەكان و كۆڵانەكان نۆژەنكراونەتەوە یان فراوان كراون، هەروەها هەندێك لە گوندەكانیش رێگای نوێیان بۆ بردراوە و بەردەوامی هەیە لەكاركردن بۆ زیاتر بنیادنانی ژێرخانی رێگاوبان، بە كۆی گشتی زیاتر لە 5 هەزار كیلۆمەتر رێگاوبان لە دەرەوەی شارەكان ئەنجام دراوە.
هەرچەندە رێگاوبان ژێرخانی گشتیی وڵاتە، بەڵام كەرتی گەشتوگوزار، ئەم خزمەتگوزارییە بە یەكێك لە بنەماكانی ژێرخانی گەشتیاری ئەژمار دەكات، چونكە سوودمەندی سەرەكی لە رێگاوبان لە دوای هاووڵاتیان، گەشتیارانن. هەرچەند رێگاوبان فراوان بكرێن و كورت بكرێنەوە، وەبەرهێنەرانی گەشتوگوزار زیاتر وەبەرهێنان لە گەشتوگوزار دەكەن، گەشتیاران زیاتر ڕوو لە شوێنە گەشتیارییەكان دەكەن، كێشە كەم دەبنەوە و خۆشگوزەرانی گەشتیاران زیاد دەكات، گەشتیاران زووتر دەگەنە شوێنی مەبەست و زۆرتر خۆشی دەكەن، ئەمانەش دەبنە هۆكاری بووژانەوە و پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار، واتە هەلی كار زۆر دەبێت و داهاتی گەشتیاری زیاد دەكات. کابینەی نۆیەم چەندین پڕۆژەی ستراتیجیی ڕێگەوبانی جێبەجێ کردووە.
بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی حكومەتی هەرێم، لە کابینەی نۆیەمدا، 1,119 پڕۆژەی ڕێگاوبان بە گوژمەی زیاتر لە 4.3 تریلیۆن دینار ئەنجام دراون؛ 718 پڕۆژەیان تەواو بووە و 401 پڕۆژەی دیکەش لە قۆناغی جێبەجێکردندان. بەهۆی ئەو پڕۆژانە، 5,126 کیلۆمەتر ڕێگای نوێ دەخرێنە خزمەت هاووڵاتییان، کە وا دەکات ڕێگاکان کورت بنەوە، بازرگانان، گەشتیاران، جوتیاران و کاسبکاران، بە ئاسانی و سەلامەتی هاتوچۆ بکەن و ئابووریی وڵاتیش بەرەو پێشتر بچێت. ئەمەش گەورەترین شۆڕشی ئاوەدانی كوردستانە و گەشتوگوزار دەباتە قۆناغێكی نوێ و مژدەی ئایندەیەكی رووناكمان پێ دەبەخشێت.
.......................................
تێبینی ئەم بابتە لە ٢٢-١٠-٢٠٢٥ ئەمڕۆ لە رۆژنامەی خەبات لاپەڕەی گەشتوگوزار بڵاو بۆتەوە.
