چەمچەماڵ؛ لە تینوێتییەوە بۆ نوقمبوون
3 كاتژمێر لەمەوپێش
چەمچەماڵ، ئەو شارەی کە ساڵانێکە نازناوی "شاری تینوو"ـی هەڵگرتووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دیمەنێکی پێچەوانەی پێشاندا. لەبری وشکی، ئاو شەقام و ماڵەکانی گرتەوە.
ئەم ڕاپۆرتە لە سێ بەشی سەرەکیدا وردەکاریی ئەم ڕووداوە و هۆکارەکانی دەخاتەڕوو.
جوگرافیا و خاک؛ بۆچی زەوییەکە ئاوەکە هەڵنامژێت؟
بۆ تێگەیشتن لە لافاو، سەرەتا دەبێت لەو زەوییە تێبگەین کە ئاوەکەی بەسەردا دەڕوات.
قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری (بە تایبەت ناحیەی شۆڕش و تەکیە) خاوەنی تایبەتمەندییەکی جوگرافیی هەستیارن کە لەم خاڵانەدا کورتیان دەکەینەوە:
١. تۆپۆگرافیای نیمچە دۆڵی:
چەمچەماڵ لە ڕووی جوگرافییەوە وەک "ناوچەیەکی نزم" یان "دۆڵ" دەکەوێتە نێوان زنجیرە چیاکانی سەگرمە و ناوچە بەرزەکانی کەرکوک و بازیان. کاتێک باران لە چیاکانی دەوروبەر دەبارێت، ئاڕاستەی ئاوەکە بە شێوەیەکی سروشتی بەرەو نزماییەکانی چەمچەماڵ و شۆڕش شۆڕ دەبێتەوە.
٢. پێکهاتەی خاک (جیۆلۆجی):
خاکی ناوچەکە بە زۆری لە جۆری "قوڕین و تێکەڵەی سیڵت"ـە. ئەم جۆرە خاکە کاتێک وشک دەبێت (وەک ئەوەی لە وەرزی هاوین و پایزدا هەیە) ڕەق دەبێت، کاتێکیش بارانی بەخوڕ دەبارێت، زەوییەکە توانای مژینی کەمە. واتە لەبری ئەوەی ئاوەکە بچێتە ناخی زەوی، بەسەر ڕووی خاکەکەدا دەخلیسکێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی لێشاوی خێرا و لافاو.
٣. دۆڵ و شیوەکان:
چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش لەسەر یان لە نزیک چەندین "شیو" و ڕێڕەوی ئاوی وەرزیی دروستکراون. ئەم شیوانە لە کاتی ئاساییدا وشکن، بەڵام سروشتیان وایە لە کاتی بارانی بەخوڕدا دەبنە ڕووباری هار.
ئاسمانی تووڕە و زەویی تێرنەبوو
هاوکات بە گرنگیی تێگەیشتن لە تایبەتمەندیی تۆپۆگرافی، زانینی تایبەتمەندیی سروشتیی و ژینگەیی ناوچەکەش گرنگە، بەتایبەتیش دەستنیشانکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی لەم بوارەدا درووست بوون، وەک:
١. گۆڕانی شێوازی باران:
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم، شێوازی بارانبارین لە ساڵانی ڕابردوودا گۆڕانی بەسەردا هاتووە. پێشتر باران بە هێواشی و بۆ ماوەیەکی درێژ دەباری، بەڵام ئێستا دیاردەی "بارانی چڕ و کورتخایەن" ڕوودەدات. واتە بڕی بارانی مانگێک لە ماوەی ٣ کاتژمێردا دەبارێت.
٢. ئامارەکانی بارانبارین:
تێکڕای بارانبارینی ساڵانە لە چەمچەماڵ لە نێوان (٣٠٠ بۆ ٤٥٠ ملم)ـە. بەڵام لە شەپۆلەکەی ئەم دواییەدا، ڕێژەیەکی زۆر بەرز لە ماوەیەکی کەمدا تۆمار کراوە کە نزیکە لە نیوەی تێکڕای دابارینی ساڵانە. ئەمەش فشارێکی گەورە دەخاتە سەر ژێرخانی ئاوەڕۆکان کە بۆ ئەو بڕە زۆرە دیزاین نەکراون.
٣. وشکەساڵی و لافاو:
توێژینەوەکان دەریدەخەن کە چەمچەماڵ یەکێکە لەو ناوچانەی زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە. وشکەساڵیی بەردەوام ڕووەکی سروشتیی لەناوبردووە؛ نەبوونی ڕووەک و پووش و پاوان وا دەکات هیچ بەربەستێک لەبەردەم ئاوی باراندا نەبێت و خێراییەکەی دوو هێندە زیاد بکات.
خەڵک و حکومەت؛ دەستی مرۆڤ لە کارەساتەکەدا؟
لێرەدا پرسیارێکی تر دێتە ئاراوە: ئایا ئەمەی ڕوویدا تەنها سروشت بوو یان دەستی مرۆڤی تێدابوو؟
سەرچاوە ڕۆژنامەوانیی و زانستییەکان، پەیوەست بەم بوارەوە ئاماژە بە چەند هۆکارێک دەدەن، لەوانە:
١. تەجاوز بۆ سەر ڕێڕەوی ئاو:
بەپێی بەدواداچوونەکان، لە ناحیەی شۆڕش و بەشێک لە گەڕەکەکانی چەمچەماڵ و تەکیە، خانووبەرە و پرۆژەی نیشتەجێبوون لەسەر یان زۆر نزیک لە "دۆڵ و شیوە سروشتییەکان" دروستکراون. کاتێک ئاو دێت، ڕێڕەوە سروشتییەکەی گیراوە، بۆیە دەچێتە ناو ماڵەکانەوە.
٢. کەمتەرخەمیی حکومی و لاوازیی ژێرخان:
سیستەمی ئاوەڕۆی ناوچەکە کۆنە و توانای وەرگرتنی ئاوی بارانی بەخوڕی نییە. زۆربەی مەنهۆڵ و ئاودەرە و پردەکان بچووکن و بە خاشاک و پاشماوە گیراون، کە ئەمەش ڕێگە لە ڕۆیشتنی ئاو دەگرێت.
٣. نەبوونی پۆند و بەنداوی بچووک:
ئاوی بارانەکە لە بەرزاییەکانەوە بە بێ هیچ بەربەستێک دێتە خوارەوە. ئەگەر پۆند و بەنداوی بچووک لە دەوروبەری شارەکە هەبوایە، هەم لافاوەکە کۆنترۆڵ دەکرا و هەم ئاوەکە بۆ هاوین گل دەدرایەوە.
دەرسێک بۆ داهاتوو
ناوچەکە مێژوویەکی دوور و درێژی لەگەڵ لافاوی لەناکاودا هەیە، بەڵام بەهۆی فراوانبوونی شار بە شێوەی هەڕەمەکی، زیانەکان لە ساڵانی کۆتاییدا زۆر زیاتر بوون.
شارەزایان پێیانوایە دەتوانرێت بە گرتنەبەری هەندێک رێکار، ئەگەری دووبارە بوونەوەی کارەساتەکە کەم و لاواز بکرێت، لەنمونەی:
لادانی زیادەڕۆیی:
دەبێت بەپەلە ئەو خانوو و بەربەستانەی لەسەر ڕێڕەوی دۆڵەکان دروستکراون لاببرێن یان ڕێڕەوەکە فراوان بکرێت.
پاککردنەوەی وەرزانە:
پێش دەستپێکی وەرزی باران، دەبێت شارەوانییەکان سەرجەم ئاوەڕۆ و پردەکان لە خاشاک پاک بکەنەوە.
دروستکردنی پشتێنەی سەوز و بەنداو:
چاندنی دار لە دەوروبەری شار و دروستکردنی پۆند و بەنداوی بچووک بۆ شکاندنی تەوژمی ئاوەکە، باشترین چارەسەری درێژخایەنە.
گۆڕینی ژێرخانی ئاوەڕۆ
دەبێت ژێرخانی ئاوەڕۆ بەهێزبکرێت و بەشێوەیەک دیزاین بکرێت کە توانای گرتنەخۆی ئاوی لافاوی زۆریشی هەبێت.
دواجار ئەم کارەساتە وانەیەکی تاڵ بوو. وانەیەک پێمان دەڵێت: سروشت ڕەحم ناکات کاتێک دەستکاریی یاساکانی دەکەین. سەرەڕێگرتن لە دۆڵەکان، گیرانی ئاوەڕۆکان، بایەخنەدان بە ژێرخانی شار لە سەوزکردن و کۆگاکردنی ئاو و لەهەمویشی گرنگتر: بێباکی بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا، باجەکەی قورسە؛ بەداخەوە ئەم باجەش زۆربەی کات هەژارەکان دەیدەن!
