ئێران و ئیسرائیل.. جەنگی تەقلیدی بەرامبەر بە جەنگی تەکنەلۆژی

کاتژمێرێک لەمەوپێش



ئێران ستراتیژییەکەی لەسەر بنەمای "چەندێتی مرۆیی" و "پێگەی جوگرافی" داڕشتووە؛ خاوەنی سوپایەکی گەورە و هێزێکی یەدەگی زۆرە کە لە کاتی شەڕی وشکانیدا دەبنە هێزێکی کاریگەر. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل پشت بە "جۆرایەتی تەکنەلۆژی" دەبەستێت؛ سوپاکەی بچووکترە بەڵام بە پێشکەوتووترین چەکی جیهانی وەک F-35 پڕچەک کراوە، کە رێگەی پێدەدات بەبێ تێوەگلانی راستەوخۆ، گورزی کوشندە بوەشێنێت.

هێزی ئاسمانی و بەرگریی موشەکی:
لەم بوارەدا جیاوازییەکی ڕیشەیی هەیە:
• ئێران بەهۆی گەمارۆکانەوە خاوەنی هێزێکی ئاسمانی کۆنە، بۆیە ئەم بۆشاییەی بە دروستکردنی گەورەترین جبەخانەی موشەکی بالیستی و درۆنی خۆکوژ لە ناوچەکەدا پڕکردووەتەوە.
لە کاتێکدا ئیسرائیل خاوەنی باڵادەستیی رەهای ئاسمانییە. هەروەها خاوەنی تۆڕێکی بەرگریی چەند چینییە، لەوانە:
• قوبەی ئاسنین: بۆ موشەکە بچووک و نزیکەکان.
• فلاخەی داود: ئەمە وەک "نێوەندگیر" وایە؛ ئیشی ئەوەیە ئەو موشەکانە بپێکێت کە قوبەی ئاسنین پێی ناوێرێت (چونکە گەورەتر و خێراترن) و سیستەمی "تیر"یش کاتی بۆ سەرف ناکات (چونکە هێشتا نەگەیشتوونەتە بۆشایی ئاسمان). وەک راوچییەکی زیرەک وایە بۆ موشەکی مامناوەند و فڕۆکە.
• تیر (Arrow): بۆ ئەو موشەکانەی لە دوورەوە و لە بەرزایی زۆرەوە دێن.

شەڕی ناڕێکخراو و بریکارەکان:
ئێران لە رێگەی ستراتیژی "بەرگریی پێشوەختە" و پشتگیری هێزە وەلائییەکانی لە ناوچەکەدا (وەک حیزبوڵا و گروپەکانی تر)، شەڕەکە لە سنوورەکانی خۆی دووردەخاتەوە. ئەمە وایکردووە ئێران توانایەکی زۆری هەبێت لە بەڕێوەبردنی شەڕی ناڕێکخراو (Asymmetric Warfare). لە بەرامبەردا، ئیسرائیل پشت بە هەواڵگرییەکی قووڵ (وەک مۆساد) و جەنگی سایبەری دەبەستێت بۆ تێکدانی ژێرخانی سەربازی و ئەتۆمیی ئێران لە ناوخۆدا.

پشتیوانیی نێودەوڵەتی و رێگریی ئەتۆمی:
ئیسرائیل سوودمەندە لە پشتیوانیی بێسنووری سەربازی و دارایی ئەمریکا، هەروەها وەک هێزێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی (ڕانەگەیەندراو) دەبینرێت کە ئەمە وەک گەورەترین هێزی رێگری کاردەکات. له‌ به‌رامبه‌ردا ئێران، هەوڵدەدات لەڕێگەی پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و بەهێزکردنی پەیوەندییە سەربازییەکانی لەگەڵ روسیا و چین، هاوسەنگییەکە رابگرێت.

هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌یسه‌لمێنن كه‌ جه‌نگه‌كه‌ نابه‌رامبه‌ر و كۆتاییه‌كه‌ى ناڕوونه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار