ترەمپ‌و سوپا: هاوسەرگیرییەکی بێسەروبەر، بەڵام لەگەڵ یەکتر هەڵدەکەن

5 ساڵ لەمەوپێش



راپۆرتی: نیویۆرک تایمز

وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا

چەندڕۆژێک دوای بڕیارە کتوپڕەکەی ترەمپ لەمەڕ کشانەوەی (1000) سەربازی ئەمریکی لەسوریا، جەنەڕاڵ مارک میڵی، سەرۆکی (دەستەی هاوبەشی بەرپرسان)ی سوپا، رێگایەکی درک پێکرد تابڕیارەکە هەڵبگەڕێنێتەوە.

بازرگانییەتی ترەمپ تەرکیزی خستبووە سەر کیڵگە نەوتییەکانی  سوریا کەئەگەر نەپارێزرێت رەنگە بکەوێتە دەستی خەلافەتی ئیسلامی - یان روسیا یان ئێران. بۆیە جەنەڕال میڵی بیرۆکەی ئەوەی پێشکەشی ترەمپ کرد کەسەربازانی تایبەتی ئەمریکی هاوشانی جەنگاوەرە کوردە هاوپەیمانەکان پاسەوانی نەوتەکە بکەن.

ئەمڕۆکە (800) سەربازی ئەمریکی لەسوریا ماونەتەوە.

«ئێمە نەوتەکە دەپارێزین»، چوارشەممەی رابردوو پێش کۆبونەوەکەی لەگەڵ ئەردۆغان، ترەمپ ئەمەی بەڕۆژنامەنوسان وت. «سەربازمان بەجێهێشتووە تەنها بۆ نەوتەکە».

ئەمە زۆر دوورە لەو دۆخەی ترەمپ مانگێک لەمەوبەر تێیدابوو کاتێک فەرمانی کشانەوەی هەموو سەربازە ئەمریکییەکانیدا لەباکوری سوریا. بەڵام ئێستا، بۆ جاری دووەم لەکەمتر لەساڵێکدا، پنتاگۆن بڕیارە سەرەتاییەکەی سەرۆکی نەرمتر کردووە.

«قایلکردنی ترەمپ بۆ گۆڕانکاری کردن لەبڕیارەکەی سوریادا بەکاری میڵی دەزانم»، جاک کین، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی بەرپرسانی سوپا وای وت کەمانگی رابردوو چەند جارێک لەگەڵ ترەمپ و جەنەڕال میڵی قسەیکردووە لەڕۆژانی سیاسەتی زیگزاکی سەرۆک سەبارەت بەسوریا. 

سەرۆکایەتی ترەمپ وا بۆ نزیکەی سێ ساڵ دەچێت، پنتاگۆن واخەریکە فێر دەبێت چۆن کۆنتڕۆڵی سەرۆکێکی راڕا بکات کەفەرمانەکانی لەماوەی کاتژمیرێکدا دۆخەکە پێچەوانە دەکاتەوە. بەرپرسە باڵاکانی وەزارەتی بەرگری بەڕێگە سەختەکە فێربوون، لەڕێی تویتەرە هەڕەشەئامێزەکانی ترەمپەوە بۆ سەر کۆریای باکورو ئێران، بێهیواکردنی هاوپەیمانەکانی سوریا، هێرشی توند بۆ سەر رێکخراوی ناتۆ، هەروەها پشتیوانی ئاشکرا بۆ چەند سەربازێک کەسوپا تۆمەتباری کردوون بەتاوانی جەنگ. بەرپرسە باڵاکانی پنتاگۆن دەڵێن ترەمپ چاوەڕواننەکراوەو ئێجگار تەرکیزی لەسەر بۆنە بینراوەکانە وەک نمایش و بۆنەی سەربازی.

بەڵام شتی زۆری ترەمپ هەیە کەئەم بەرپرسانە بەدڵیانە.

ئەوان دڵخۆشن بەو زیادکرنەی بودجەی ساڵانە کەئەو پێی بەخشین - لە (585) ملیار دۆلارەوە لەساڵی ٢٠١٦ بۆ (716) ملیار دۆلار- هەروەها ئەوەشیان بەدڵە کەترەمپ کۆتایهێناوە بەوەی کەئەوان پێی دەڵێن کۆنترۆڵکردنی هەموو بەشەکان لەلایەن بەرپرسانی ئۆباماوە لەکۆشکی سپی. ترەمپ دەستێکی کراوەتریشی بەخشیوەتە فەرماندەکان بۆ ئەنجادانی هێرش و پەلامار. هەروەها لەناو ئەو کەسە پلەدارانەی کەهەمان بنەچەی پارێزگاری ترەمپیان هەیە، سەرۆک خۆشەویست ماوەتەوە.

بەزۆر شێواز، سوپای ئەمریکا بەو بەشەی حکومەت ماوەتەوە کە ئامادەترینە لەبەرامبەر سەرۆک لەسەرتاسەری زۆربەی ئیدارەکەیدا چونکە کۆنترۆڵی مەدەنی هێزەکانی سوپا لەدەستورو دەروونی هەموو هەموو سەربازێکدا چەسپیوە. بەڵام لای ترەمپ لاکەی تری ئەو دراوە ئاسنە ئەوەیە کەسوپا رێزی یەکسانی لقەکانی حکومەت بگرێت.

ئازادی نوێ و تیشکدانەوەی نوێ

هەر کەترەمپ سەرۆکایەتی وەرگرت، کرداری بەڕێوبردنی زیاتری بەخشییە پنتاگۆن و فەرماندەکانی سوپا. رێگەیدا بەپنتاگۆن کە بڕیارەکانیان خێرا بکەن بۆ ئەوەی سوپا خێراتر بێت لەئەنجامدانی پەلامار، هێرشی ئاسمانی، ئەرکەکانی بۆمبارانکردن و هەروەها پڕچەککردنی هاوپەیمانەکان لەعێراق، سوریاو وڵاتەکانی تر. هەر لەسەرەتاوە پنتاگۆن پێشوازی لەفەرماندەی گشتی کرد دوای هەشت ساڵ کارکردنی ئیدارەی ئۆباما کەزۆربەی جەنەڕاڵەکان وا لێکیان دەدایەوە کەبڕیارەکانی خاوی و دوودڵی پێوە دیاربووە.

بەڵام لەگەڵ ئەو ئازادیەدا لێکەوتەی نوێش هات. ترەمپ ئەگەر هەرشتێکی خراپ یان هەڵە روویبدایە دەیخستە ملی پنتاگۆن. دوای ئەنجامدانی پەلامارێکی خراپ لەکانونی دووەمی ٢٠١٧ لەیەمەن کەبووە هۆی مردنی ئەفسەر ویلیام ئۆونز، ئەندامی تیمی «نەیڤی سیڵ» کە بە ڕایان ناسراوبوو، ترەمپ سەرزەنشتی سوپای کرد - جیاوازییەکی سەیر لەسەرۆکەکانی پێشوو کەوەک فەرماندەی گشتی بەشێوەیەکی عادەتی لێپرسراویەتی ئەو ئۆپەراسیۆنانەیان گرتووەتە ئەستۆ کەفەرمانیان پێکردووە.

«جەنەڕاڵەکان روونیان کردەوە دەیانەوێت چی بکەن، ئەوان زۆر بەڕێزن بەڵام (رایان)یان لەدەستدا»، ترەمپ دوای هێرشەکە ئەمەی بە فۆکس نیوز وت.

هەروەها لەکەیسی سوریادا، پنتاگۆن لەبەرامبەردا دیاریەکی چاوەڕواننەکراوی بەخشییە ترەمپ: پەلاماری هێزە تایبەتییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەبوبەکر بەغدادی و کوشتنی سەرکردەی خەلافەتی ئیسلامی کە ئەوەندە سەرۆکی دڵخۆش کرد دەستبەجێ هەواڵەکەی لەتویتەر بڵاوکردە دوای ئەوەی زانی سەربازەکانی لەمەترسیدا نەماون.

رۆژی دواتر، ترەمپ بەشکۆمەندییەوە ئاماژەی بەجەنەڕاڵ میڵی کرد لەماوەی کۆنفرانسە رۆژنامەوانییە (48) خولەکییەکەی سەبارەت بەهێرشەکە، کە بە «ناوازە» وەسفی کرد بۆ کارەکەی و پێش هەر بەرپرسێکی باڵای دیکە سوپاسی کرد.

جگە لەمانەش، فەرماندەکان فێری ئەوەش بوون کە بەوریاییەوە وتەکانیان بڵێن، بەئاگا لەوەی کەوشەکانیان وەک رەخنە لێکنەدرێتەوە بۆ سەر سەرۆک.

لەکۆنفراسنێکی رۆژنامەوانیدا، جەنەراڵ کێنس مەکێنزی، بەرپرسی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، رەتیکردەوە وتەکەی ترەمپ دووبارە بکاتەوە کەسەرکردەی خەلافەتی ئیسلامی پێش ئەوەی خۆی بتەقێنێتەوە «نسکە نسکی کردووە (گریاوە)» لەوکاتەی سەربازەکانی ئەمریکا هێرشەکە ئەنجامدەدەن بۆ سەر ماڵەکەی.

بەڵام مەکێنزی پشتگیری لەو خاسیەتە کرد کەترەمپ خستیەپاڵ بەغدادی و بەترسنۆک وەسفی کرد. «ئەو بەقنەخشکێ رۆشتە نێو تونێلێکەوە لەگەڵ دوو منداڵ و خۆی تەقاندەوە، بۆیە بەپشتبەستن بەکارەکەی بۆت دەردەکەوێت کە چ جۆرە کەسێک بووە».

بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری دڵنیاش بوونەتەوە لەوەی کەزۆرترو زوو زوو قسە بکەن لەسەر ئەوەی چەنێک گرنگە وا لەهاوپەیمانەکانی ناتۆ بکەیت «بەشی خۆیان بدەن»، ئەمەش رەنگدانەوەی هەمان دیدگای ترەمپە کەدەبێت چۆن ئەو هاوپەیمانیەتیە بەرەو پێشەوە بڕوات. بەتەرکیز خستنەسەر پارەدان، لەجیاتی ئەوەی بڵێن پنتاگۆن دەیەوێت وڵاتە ئەوروپییەکان بودجەی سوپای خۆیان زیاد بکەن، بەرپرسانی ئەمریکا بەشێوەیەک ویستی خۆیان دەردەبڕن کەزمانەکەی قایلکەرو سەرنجڕاکێش بێت بۆ سەرۆک.

پێکدادان لەسەر سوریا

پەیوەندی نێوان ترەمپ و سوپا گرژترین بووە لەسەر سیاسەتی سوریا.

کێشەکە کانونی یەکەمی ساڵی رابردوو دەستیپێکرد کاتێک بۆ یەکەمجار ترەمپ هەوڵیدا هەموو ئەو (2000) سەربازەی هەیبوو لەسوریا بگەڕێنیتەوە نیشتمان و لەدژی ئەمە جیم ماتس، یەکەم وەزیری بەرگری دەستی لەکارکێشایەوە. لەو کێشانەی دوای ئەوە هاتن - کۆماری و دیموکراتەکان و هەندێک لە راوێژکارەکانی ترەمپ وتیان کەترەمپ لەکاتێکدا دەکشێتەوە لەشەڕەکە هێشتا بەتەواوی خەلافەتی ئیسلامی تێکنەشکاوە - ترەمپ هەنگاوێک گەرایە دواوەو رازی بوو بەوەی هەزار سەرباز بهێڵێتەوە. بەڵام بەدرێژایی ساڵی رابردوو، بەرپرسانی پنتاگۆن وایان کردووە کەئەو سەربازانە بەنهێنی کاربکەن تا ئەوەی سەرنج لەسەر ئەو راستییە دووربخەنەوە کە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە رازیانکردووە لەفەرمانەکەی سەرەتای بکشێتەوە.

لەسەرەتای تشرینی یەکەم، دوای پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا، ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کەچیتر ئارامی نەماوەو رایگەیاند ئەو سەربازانەی ماویەتی دەیکشێنێتەوە. جارێکی تر دژایەتی پەیدابوو لەلایەن کۆماری و دیموکرات و راوێژکارەکانی ترەمپەوە کە دەیانوت رێگەی بۆ لەشکرکێشی تورکیا خۆشکرد دژی کوردەکان، هاوپەیمانە لەمێژینەکەی ئەمریکا کەزۆربەی باری شەڕی دژی داعشیان لەئەستۆ گرت. بەتایبەتیتر سوپا نەیدەویست کوردەکان فەرامۆش بکات.

«بیرۆکەی دوورکەوتنەوە لەو قوربانییە شتێکە کەبێزارکەرە. تۆ دەتەوێت رێنمایی لەفەرمانی بەرپرسە سیاسییە هەڵبژێردراوەکانت بکەیت، بەڵام لەهەمان کاتیشدا ناتەوێت ناپاکی بەرامبەر ئەو قوربانییەی هاوڕێکانت بکەیت. ئەوە سوپا، یان لانی کەم دڵی سەربازەکان، دەخاتە پێگەیەکی سەختەوە»، ماک سۆنبێری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران وای وت.

«بڕیاری ناپاکی کردن لەکوردەکان دروستکردنی کەلینێکی گەورەیە لەو شێوازەی ئێستا کاری پێدەکەین بۆ شەڕکردن دژی داعش کە لەڕێی هاوپەیمانە ناوخۆییەکانەوەیە»، ئیلیسا سلۆتکین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و بەرپرسی باڵای پێشوو لەپنتاگۆن وای وت.

جەنەڕاڵ میڵی لەگەڵ مارک ئیسپەر بەخێرایی رەچاوی ئەوەیان کرد چۆن ئەوە بخەنەڕوو بۆ ترەمپ کە هێشتا هێزەکانی ئەمریکا کاریان ماوە لەسوریا بەئەنجامی بگەیەنن. فەرماندەیی ناوەندی سوپا دوو پلانی جێگرەوەیان نووسی.

یەکیک لەپلانەکان هێزێکی بچوکی دەهێشتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی بەشێکی کەمی سنوری نێوان عێراق و سوریا، نزیکەی لەسەدا ١٠%ی ناوچەکە. بژاردەیەکی تر ئەوە بوو کەهەوڵبدرێت بەشێکی گەورەی وڵاتەکە لەژێر کۆنترۆڵدا بمینێتەوە - زیاتر لەنیوەی ئەو ناوچەیەی ئەمریکاو کوردەکان لەئێستادا لەژێر دەستیاندایە.

بەڵام دوای ئەوەی ترەمپ بەجەنەڕاڵ میڵی وت دەیەوێت کێڵگە نەوتییەکان بپارێزێت، بەخێرایی پنتاگۆن پلانێکی نوێی «خستەگەڕ» کە ئامانجی بەکارهێنانی هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانە کوردەکان بێت بۆ پارێزگاریکردن لەنەوتەکە و پاراستنی تا نەکەوێتە دەستی خەلافەتی ئیسلامی، بەپێی وتەی بەرپرسان. مارک ئیسپەر، کە لەو کاتەدا لەبرۆکسل بوو لەکاتی کۆبوونەوەیەک لە لەگەڵ بەرپرسانی ناتۆ، بەتەلەفون لەگەڵ جەنەڕاڵ میڵی وردەکاری پلانە نوێکەیان تەواو کرد.

لای خۆیەوە جەنەڕاڵ میڵی لەلایەن هاوڕێکانییەوە ئامۆژگاری کرابوو کە  سەری خۆی کزبکات (سەرنجەکان لەخۆی دووربخاتەوە)و وا دەرنەکەوێت  دژی بڕیارەکان یان ستراتیجی ترەمپە. هەرچەندە بەکەسێکی درێژدادڕ ناسراوە، بەڵام جەنەڕاڵ میڵی فێری ئەوە بووە کەپوخت بێت لەگەڵ ترەمپ، بۆچوونی روون پێشکەشبکات، بەڵام رێبدات کەسەرۆک بەسەر گفتوگۆکەدا زاڵ بێت.

تا کۆتایی تشرینی یەکەم، ترەمپ رازیبوو بەپلانەکەی پنتاگۆن. لەیاری پێنجەمی گەڕی جیهانی بەیسبۆڵ، ترەمپ ئامادەبوو لەیاریگای ناشناڵ پارک و دەوروپشتی ئەندامانی کۆماری کۆنگرێس و راوێژکارە باڵاکانی بوو. گفتوگۆکە چووەسەر سوریا.

ترەمپ باسی لەوە کردووە کەچۆن پێداچوونەوە بۆ پلانەکانی دەکات سەبارەت بەسوریا، دووبارەو سێبارە بەئەندامەکانی کۆنگرێسی وتووە کەهێزەکانی ئەمریکا لەوێ دەمێننەوە. بۆچی؟ چونکە ئەمریکا «نەوتەکە دەپارێزێت».

بەرپرسانی باڵای سووپاو وەزارەتی بەرگری دەڵێن لەهەندێک حاڵەتدا وا دەخوازێت بەجۆرێک قسە بکەیت کە بۆ ترەمپ سەرنجراکێش بێت لەکاتێکدا سیاسەتێکی لێکچووی وەک ئەمەیان پەیڕەو کردووە لەوکاتەی لەژێر دەستی سەرۆک ئۆبامادا بوون.

«پنتاگۆن درکی بەوە کردووە کەدەتوانێت بەشێوەیک شتەکان دەرببڕێت کەکۆنتڕۆڵی لایەندارییەکانی ترەمپ بکات»، دێرک شۆلێ یاریدەدرێکی پێشووی وەزیری بەرگری لەئیدارەی ئۆباما وا دەڵێت. «کەیسەکەت با دەربارەی رزگارکردنی کوردەکان نەبێت، بەڵکو با سەبارەت بەڕزگارکردنی نەوتەکە بێت».

لەم کاتەدا پنتاگۆن ئەوەندەی بەدەستەوە ماوە کەهەوڵبدات بەردەوامبێت لەستراتیجییەکەی بەشێوازی پینەیی، کەدواین پارچەی هەنگاوەکەی جەنەڕاڵ میڵییە بۆ هێشتنەوەی سەربازە ئەمریکیەکان لەسوریا تایارمەتی کوردەکان بدەن کێڵگە نەوتییەکان بپارێزن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار