ساراو کەسوکارەکەی واژۆیان دژی تورکیا بۆ لاهای تۆمارکرد
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سارا حوسێن و کەسوکارەکەی کەمانگی رابردوو بەر بۆردومانی هێزەکانی تورکیا کەوتن، واژۆیان کرد لەسەر تاوانەکانی تورکیا بەمەبەستی تۆمارکردنی سکاڵا لەدادگای لاهای نێودەوڵەتی.
رۆژی 10ی مانگی رابردوو بەهۆی تۆپبارانی سوپای تورکیا لەگەڕەکێکی قامیشلۆ، محەمەدو سارای خوشک و برا کەتەمەنیان (11) ساڵ و حەوت ساڵ بوو بەر تۆپبارانەکە کەوتن، محەمەد گیانی لەدەستداو برایەکی تری چاوێکی لەدەستدا، ساراش قاچی بەقورسی برینداربوو، بەڵام لەنەخۆشخانە قاچیان بڕییەوە.
لەچوارچێوەی کۆکردنەوەی (100) هەزار واژۆ، بەمەبەستی گەیاندنی بەڵگەکانی بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوو ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لەلایەن تورکیاوە دژی رۆژئاوای کوردستان بەدادگای لاهای بۆ ناساندنی تاوانەکە بەجینۆساید، یەکەمین واژۆ لەباشووری کوردستان لەساراو بنەماڵەکەی وەرگیرا.
پێشنیوەڕۆی دوێنێ، لیژنەی دۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی جینۆسایدکردنی میللەتی کورد بەهەماهەنگی نوێنەرایەتی رۆژئاوا، لەچوارچێوەی هەڵمەتی کۆکردنەوەی (100)هەزار واژۆ کە ١١ی ئەم مانگە دەستپێکردنی هەڵمەتەکەیان لەڕۆژئاوا راگەیاند، بەمەبەستی ناساندنی جینۆسایدی رۆژئاوا لەدادگای لاهای، هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆکەیان لەباشووری کوردستانیش بەوەرگرتنی یەکەم واژۆ لەساراو بنەماڵەکەی دەستیپێکرد.
سارا یوسف، تەمەن (هەشت) ساڵ، لە ١٠ی مانگی رابردوو لەڕۆژئاوای کوردستان بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک قاچێکی لەدەستداو برا (13) ساڵانەکەی بەناوی محەمەد شەهید بوو، ئەحمەدی (11) ساڵانی براشی چاوێکی لەدەستدا، دواتر بۆ چارەسەری لەلایەن رێکخراوی مرۆیی مام، هێنرایە باشوری کوردستان و ساراو بنەماڵەکەی ئێستا لەژێر چاودێریدان.
لیژنەی دۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی جینۆسایدکردنی میللەتی کورد، سەرەتا سەردانی رێکخراوی مرۆیی مام-یان لەشاری سلێمانی کردو دواتر بۆ وەرگرتنی یەکەم واژۆ چوونە لای ساراو بنەماڵەکەی، لەوێش هەریەک لەساراو دایک و باوک و براکەی، لەسەر ئەو فۆڕمەی کە بۆ دادگای لاهای ئامادەکراوە واژۆیان کرد.
لیژنەکە لەباشور لەچوارچێوەی بەردەوامی کەمپینەکەیان سەردانی مەیدانی ئەنجامدەدەن بۆ لای ئەو هاوڵاتیانەی رۆژئاوای کوردستان کە بەهۆی داگیرکاریی تورکیاوە بوونەتە قوربانی و برینداربوون، کە لەئەنجامی ئاوارەبوونیان ئێستا لەکامپی ئاوارەکانی شارەکانی هەرێمی کوردستانن.
بڕیارە دوای کۆکردنەوەی واژۆکان، واژۆکان بەبەڵگەوە لەدژی سوپای تورکیا وەک سکاڵایەکی یاسایی ئامادەو پیشکەش بەدادگای تاوانی نێودەوڵەتی (لاهای) و هەموو دادگاو رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان تا تاوانباران دادگایی بکرێن، بۆ ئەوەی بەپێی یاساو رێسا نێودەوڵەتیەکان سزابدرێن، هەروەها قەرەبووی مەعنەوی و ماددی قوربانیان بکرێتەوە، پاشانیش کۆپی هەریەک لەو (100) هەزار واژۆیە پێشکەش بەسەرۆکی هەموو وڵاتانی دونیا دەکرێت.
رۆژی 10ی مانگی رابردوو بەهۆی تۆپبارانی سوپای تورکیا لەگەڕەکێکی قامیشلۆ، محەمەدو سارای خوشک و برا کەتەمەنیان (11) ساڵ و حەوت ساڵ بوو بەر تۆپبارانەکە کەوتن، محەمەد گیانی لەدەستداو ساراش قاچی برینداربوو، بەڵام لەنەخۆشخانە قاچیان بڕییەوە.
رۆژێک دوای هێرشەکانی تورکیا لە ٩ی مانگی رابردوو بۆ سەر رۆژئاڤا، خێزانەکەی سارا بەر بۆمبارانەکە کەوتن. دوای (16) رۆژ لەبرینداربوون و مانەوەیان لەنەخۆشخانە لە رۆژئاوای کوردستان شەوی شەممە 26-10-2019 سارا بۆچارهسهری گەیەنرایە سلێمانی.
سارا کەقاچی بڕاوەتەوە، کەسوکاری پێیان نەوت براکەی گیانی لەدەستداوە، بەڵکو پێیان وتبوو بۆ یاریکردن چووبوونە کۆڵان.