ئێرانیش بوو بەئۆفلاین
دەسەڵاتدارانی تارانیش لە ناوخۆو هەم لەدەرەوە رووبەرووی تووڕەیی خۆپیشاندەران بوونەتەوە
5 ساڵ لەمەوپێش
راپۆرتی: واشنتن پۆست
وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا
دووشەممەی رابردوو ئێران بووە وڵاتێکی ئۆفلاین (بێ هێڵی ئینتەرنێت). زنجیرە خۆپیشاندانێکی شۆکهێنەر تەقی وڵاتەکەیدا دوای ئەوەی رژێمە زۆردارەکەی لەهەینی رابردوودا فەرمانێکی دەرکرد بۆ بڕینی کۆمەکی سووتەمەنی و بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین. ئەم هەنگاوانە خەڵکی سادەی ئێرانی تووڕە کرد کەچەند مانگێکی زۆرە بەدەست سزا سەپێنراوەکانی ئەمریکاوە دەناڵێنن لەسەر ئابورییە لاوازەکەی وڵاتەکەیان. دیمەنەکانی پشێوی دەسەڵاتدارانی ئێرانی هاندا تاهێڵەکانی ئینتەرنێت بکوژێننەوە.
خۆپیشاندان لە (10) شارو شارۆچکەدا بەرپابوو، کەئەمەش بەرەوپێشچوونێکی سەرسوڕهێنەرەو لەکاتێکدایە کەخۆپیشاندانی فراوان بەدی دەکرێت لەوڵاتەکانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی فارس، لانیکەم (100) بانک و (57) فرۆشگا سووتێنران و نزیکەی (1000) خۆپیشاندەر دەستگیرکراون. سەرەرای سنوردارکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چەندەها ڤیدیۆی خۆپیشاندەران بڵاوبووونەوە کەهوتافی قین ئامێزیان تێدابوو دژی رژێم، ئاگریان بەردەدایە تایەو ئۆتومبیلەکانیان لەڕێگا خێراکاندا بەجێدەهێشت بۆ گرتنی شەقامەکان.
پێکدادان لەگەڵ هیزە ئەمنییەکان و میلیشیاکانی رژێم بووە هۆی گیانلەدەستدانی (12) کەس هەرچەندە چالاکوانەکانی ناوخۆ ئەو ژمارەیە بە نزیکەی (40) خۆپیشاندەر مەزندە دەکەن. لەیەکشەممەی رابردوو رابەڕی باڵای وڵاتەکە ئایەتوڵا عەلی خامنەیی لەسەر تەلەفزیۆنی حکومی وەسفی ئەو کەسانەی وەک «رێگر و خوێنڕێژ» کرد کەبەشداربوون لەخۆپیشاندانە توندوتیژەکان و وتیشی کە لەلایەن دوژمنانی ئێرانەوە پاڵپشتیان دەکرێت. هەر هەمان رۆژ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران خۆپیشاندانەکانی خستە پاڵ «ئاژاوەگێڕان»ی پشت ئەستوور بەئەمریکا. لەدووشەممەی رابردوودا، سوپای پاسداران لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند کەبەردەوامی لەپشێویەکاندا بەکردەی «یەکلاکەرەوە» وەڵامدەدرێتەوە، ئەمەش ئاگادارکردنەوەیەکی توندە کەئاماژەیە بۆ ئەوەی سەرکەوتکردنی دڕندانەتر بەڕێوەیە.
حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆمار باسی لەوەکرد کەبڕینی لەناکاوی کۆمەک پێویست بوو بۆ کۆکردنەوەی بودجە تا دابەشبکرێتەوە بەسەر ئەو هاوڵاتیانەی زۆر کەم دەرامەتن. بەڵام وتەکەی رۆحانی ئارامکەرەوەیەکی ساردوسڕ بوو بۆ ملیۆنەها ئێرانی کەلەژێر فشاری نرخی بەرزی خۆراکدان و بەنزینی هەرزان لەمێژە لایان وەک مافێکی زگماکی لێهاتووە.
بەپێی وتەی ئەفشین مەولەوی، شارەزا لەجیۆپۆلەتیکی رۆژهەڵاتی ناوەراست لەپەیمانگەی جۆن هۆپکنز بۆ توێژنیەوەی نێودەوڵەتی «خۆپیشاندانەکان کۆکراوەی توڕەییەکی کەڵەکەبوون دژی ئەوەی کەوەک چینێکی دەسەڵاتداری گەندەڵی لەدەستدەرچوو لێکدەدرێتەوە کە بەبەردەوام شکستیانخواردووە لەدەستەبەرکردنی کارو بژێوی لەسەروبەندی هەواڵی گەندەڵی ملیۆنەها دۆلار».
«دراوی ئێرانی لەم چەندساڵەی دواییدا بەخێرایی بەهای لەدەستداوەو ئێرانییەکان لەبەرچاویاندا مووچەکانیان کەمی کردووە و پارە هەڵگیراوەکانیشیان بەبا چووە لەسەروبەندی گەندەڵی سەرتاسەری و بەهەدەردانی سامانی گشتی لەلایەن حکومەتەوە»، ئێرن کەنینگهام، پەیامنێری واشنتن پۆست وای وت. «هەمان گۆرانکاری لەکۆمەکی حکومیدا لەکانونی یەکەمی ٢٠١٧، پشێوی دروستکرد کاتێک زیاتر لە (20) کەس لەخۆپیشاندانەکاندا کوژران».
بەڵام جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان خۆپیشاندانەکانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ لەگەڵ ئەوەی ئێستا دەیبینین. ئەو خولانەی پێشوو لەلایەن بەرەیەکی توندوە هەڵگیرسا کەپەیوەندی هەبوو لەگەڵ سوپای پاسداراندا بەهیوای ئەوەی دەسەڵاتی رۆحانی ناجێگر بکەن، ئەلێکس وەتەنخا شارەزا لەسیاسەتی ناوخۆو دەرەوەی ئێران لەپەیمانەگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەی بەوە کرد.
«چەند رۆژێکی پێچوو بۆ هەڵگیرسێنەرەکان تا درک بەوەبکەن ئەوەی رێیان بۆ خۆشکردووە تووڕەییەکی گشتییە کەڕەنگە نەتوانن کۆنترۆڵی بکەن و ئەو توڕەییە هەموو رژێم بەئامانج بگرێت. ئەم جارە، وادەردەکەوێت هیچ بەرەیەکی رژێم دەستی نەبێت لەهەڵگیرسانی خۆپیشاندانەکاندا و بەپشت بەستن بەزۆربەی بانگەشە و راپۆرتەکان وادیارە خۆرسک بن... هەر لەسەرەتاوە خامنەیی و رژێم بەگشتی بوونەتە ئامانجی سەرەکی»، وەتەنخا وای وت.
کاردانەوەی بەهێزی رژێم بەڵگەی دەرخستنی ئەو ترسە هەستپێکراوەیە کە لەهۆڵەکانی دەسەڵاتی تاراندا هەستی پیدەکرێت، جەیسن رەزایان، ستونووسی واشنتن پۆست وا دەڵێت. بەڵام رەنگە دەسەڵاتداران بەشی پێویستیان کردبێت بۆ داپڵۆسینی ئەم ناڕەزایەتییە نوێیە بەوپێیەی میدیاکانی حکومەت بارودۆخەکەیان بە «ئارامتر» ناوزەند کرد لەدووشەممەی رابردوودا.
«بۆ چەندەها ساڵە، ئێرانییەکان بۆچوونیان وابووە کەئەگەر دەسەڵات بکەوێتە ژێر تاقیکردنەوەوە، حکومەتی ئێستای ئێران بەهێز وەڵامی ناڕەزایی ناوخۆیی دەداتەوە، هێزێک دڕندانەتر بێت لەوەی سەدام حوسەین، حوسنی موبارەک، تەنانەت بەشار ئەسەد بەکاریانهێنابێت»، رەزایان ئاماژەی بەوە کرد. «ئەو گریمانەیە هەرگیز نەخراوەتە ژێر پشکنینەوە چونکە خۆپیشاندەران هەرگیز ئەوەندە هەنگاویان هەڵنەهێناوە، لەبەرئەوەی تائێستا ئێرانییەکان ئەوەندە شەیدای گۆڕانکاری نەبوون یان سوورنەبوون لەبەدەستهێنانی، ئایا ئێستا جیاوازە؟ لەوانەیە».
بەپێی وتەی عەلی وەیس، بەرێوبەری پرۆژەی ئێران لەگروپی قەیرانی نیودەوڵەتی ئەوەی کەخۆپیشاندانەکانی ئەم هەفتەیە جیادەکاتەوە ئەو ئاستە خێرایەیە کەدەسەڵاتدارانی تاران تێیدا هێزی تووندیان بەکارهێنا بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران.
عەلی وەیس پێیوایە کەسەرکردەکانی تاران دەترسن لەوەی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی هەر هەڵسوکەوتێکی ئێرانیەکان بە لاوازی لێکبدەنەوە. «سیستەمەکە هێشتا ئیرادەی هەیە رزگاری ببێت و توانستێکی تۆقێنەری هەیە بۆ داپڵۆسینی ناڕەزایەتی، من گومانی جددیم هەیە لەوەی ئاخۆ ئەمە هیچ ئەنجامێکی هەبێت کەئیدارەی ترەمپ بیخوازێت».
سەرکردایەتی ئێران تەنها لەنێو سنوری خۆیدا رووبەڕووی هێرشی تووند نەبوەتەوە. لەعێراقی دراوسێدا، چەند هەفتەیەک لەخۆپیشاندانی فراوان دژی حکومەتێکی نەویستراو گەشتوەتە رەهەندێکی دژە ئێرانی لەگەڵ ئەوەی خەڵکی ئاسایی عێراق تووڕەن بەوەی بەرژوەندییەکانی ئێران حکومەتی عێراقی هەڵدەسوڕێنێت. ئەو راستییە لەوردەکارییەکی ناوازەدا لەبڵاوکراوەکەیدا خرایەڕوو کە بەهاوبەشی لەلایەن رۆژنامەی نیویۆرک تایمزو ئینتەرسێپتەوە بڵاوکرایەوە کە پشتی بەستووە بە (700) بروسکەی زۆر نهێنی هەواڵگری ئێران کەدەستی ئینتەرسێپت کەوتووە.
بەڵگەنامە دزەپێکراوەکە «هەژموونی فراوانی تاران لەعێراق» دەردەخات « کەوردەکاری چەند ساڵێک لەکاری رێکخراوو گشتگیری سیخوڕی ئێرانی تێدایە بۆ بەلاڕێدابردن و هەڵسوڕاندنی سەرکردەکانی عێراق، پێدانی پارە بەو بریکارە عێراقیانەی کاریان بۆ ئەمریکیەکان کردووە تابێنە بەرەی ئەوان، هەروەها دزەکردن بۆ نێو هەموو لایەنێکی سیاسی، ئابوری، ئایینی عێراق»، ئینترسێپت و نیویۆرک تایمز ئاماژەیان بەوە کردووە. ئەمە میراتی داگیرکاری کارەستباری ٢٠٠٣ی عێراقە لەلایەن ئەمریکاوە کەدواتر بێ پلانی ستراتیجی ئەمریکای لێکەوتەوەو رێگەی خۆشکرد بۆ هەڵتقۆینی ئێران وەک «یاریزانێکی بەهێز» لەعێراقدا.
بەڵام ستراتیجیەتی ئیستای ئێران لەقەیراندایە. سەدەها خۆپیشاندەرانی عێراقی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کروانەتە ئامانج، بەتایبەت لەلایەن ئەو میلیشیایانەوە کە وەک بریکاری ئێران سەیر دەکرێن. بەتایبەتی لەبەشی باشوری زۆرینە شیعە، رەتدانەوەیەکی بەهێزی دەستێوەردانی ئێران هەیە لەکاروباری عێراقدا.
بۆ رژێمێک کە لەسەکۆی نیودەوڵەوتیدا لەژێر فشاردایە، تووڕەیی دراوسێ رەنگە بێزاری و نیگەرانی ناوخۆ خراپتر بکات.