بریندارانی خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵات لەترسی گرتنیان ناچنە نەخۆشخانەکان
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران، زۆربەی هاوڵاتیانی دەسبەسەرکراوی مەریوانیان بۆ ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانی سنە، گواستووەتەوەو زۆرێک لەهاوڵاتیانی بریندار لەماڵەکاندا دەواو دەرمان دەکرێن و لەترسی دەسبەسەرکردنیان رەوانەی نەخۆشخانەکان نەکراون.
چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن پاش ناڕەزایەتی دەربڕینی هاوڵاتیانی کوردستان بەهۆی گرانیی بەنزین و دەسبەسەرکردنی هاوڵاتیان لەمەریوان، دەسبەسەرکراوان بۆ گرتووخانەی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران لەسنە راگوێزراون.
سەرچاوەیەک لە شاری مەریوان رایگەیاند «ژمارەیەکی زۆر لەهاوڵاتیانی خەڵکی مەریوان بەهێرش کردنەسەر ماڵیان، لەلایەن هێزە محلەیەکانی سوپای پاسداران و بەسیج و کاربەدەستانی ئیتڵاعات، دەستبەسەرکراون».
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی هاوڵاتیانی دەسبەسەرکراو لەمەریوان، هێزەکانی ئیتڵاعات خۆیان دەبوێرن لەپێدانی هەر جۆرە زانیارییەک بەو بنەماڵانە سەبارەت بەچارەنووسی منداڵەکانیان و تەنانەت هەڕەشەی دەسبەسەرکردنی بنەماڵەکانیان کردووە.
ژمارەی کوژراوو بریندارەکانی خۆپیشاندانەکان تائێستا بەوردی روون نەبۆتەوەو زۆرێک لەهاوڵاتیانی بریندار لەماڵەکاندا دەواو دەرمان دەکرێن و لەترسی دەسبەسەرکرانیان رەوانەی نەخۆشخانەکان نەکراون.
لەیەکەم رۆژی خۆپیشاندانەکان لەمەریوان، (16) هاوڵاتیی خەڵکی ئەو شارە لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە دەسبەسەرنو بۆ گرتنگەی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران راگوێزراون.