پارتى و یه‌کێتى و گۆڕان به‌ڵێنه‌کانى هه‌ڵبژاردنیان جێبه‌جێ نه‌کردووه
یه‌کێتى: هه‌ر ئه‌وه‌نده فریاکه‌وتین، پارتى: کاتى زۆر ماوه، گۆڕان؛ زۆرترین به‌ڵێن
هاوڵاتیان له چاوه‌ڕوانى جێبه‌جێکردنى به‌ڵێنى لایه‌نه به‌شداربووه‌کانى کابینه‌ى نۆیه‌مدا
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى، ماردین نوره‌دین
پارتى و یه‌کێتى و گۆڕان به‌شى زۆرى ئه‌و به‌ڵێنانه‌یان جێبه‌جێنه‌کردووه که له‌هه‌ڵبژاردنى ساڵى رابردووى په‌رله‌ماندا بهخهڵکیانداوه، هه‌ریه‌که‌یان پاساوى جیاجیا بۆ جێبه‌جێنه‌کردنى به‌ڵێنه‌کانیان ده‌هێننه‌وه.
به‌پێی راپۆرتێکى رێـکخراوى لێـکۆڵیـنه‌وه‌و گه‌شـه‌پێـدان (RDO)، هه‌ریه‌که لهپارتى دیموکراتى کوردستان و یه‌کێتى نیشتمانى و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ڵێنى جیاوازیانداوه به‌هاوڵاتیان له‌هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌که‌ى 2018دا‌و به‌شێکى زۆر له‌و به‌ڵێنانه په‌یوه‌ندى به‌ده‌رکردنى یاساى نوێوه نه‌بووه‌و کارى حکومه‌ته.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه، هه‌ریه‌که لهپارتى (60)و یه‌کێتى (183)و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان (228)، به‌ڵێنیانداوه به‌ده‌نگده‌رانیان و ده‌بێت له‌ماوه‌ى چوار ساڵدا جێبه‌جێى بکه‌ن.
یه‌کێتى: هه‌ر ئه‌وه‌نده فریاکه‌وتین
به‌پێی راپۆرته‌که‌ى رێـکخراوى لێکۆڵینه‌وه‌و گه‌شه‌پێدان، به‌رنامه‌ى لیستى یه‌کێتى له(5) به‌ش پێکهاتووه، هه‌ر به‌شێک دابه‌ش ده‌بێته‌سه‌ر چه‌ندین ماده‌و سێکته‌رى جیاواز، به‌جۆرێک بهرنامهکهئهوهنده فراوانه‌و ئه‌وه‌نده به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردنى تێدایه که‌هه‌ندێکیان جێبه‌جێکردنیان ئه‌سته‌مه‌و هه‌ندێکى تریشیان هیچ په‌یوه‌ندیان به‌کارى په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه نییه.
ئه‌و به‌ڵێنانه‌ى یه‌کێتى به‌ده‌نگده‌رانى خۆیداوه، بریتییه له‌پێشه‌کییه‌کى (9) خاڵى، ئینجا له‌به‌شى یه‌که‌مدا (17) به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردنى به‌ده‌نگده‌رانى خۆیداوه، له‌به‌شى دووه‌میشدا (9) به‌ڵێن هه‌یه، له‌به‌شى سێیه‌میشدا (33) به‌ڵێن دراوه، له‌به‌شى چواره‌میشدا (80) به‌ڵێن و به‌شى پێنجه‌میش (35) به‌ڵێن له‌خۆده‌گرێت. به‌م شێوه‌یه کۆى گشتى به‌ڵێنه‌کانى لیستى (105)ى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان ده‌گاته (183) به‌ڵێن.
جه‌مال حه‌وێز سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌په‌رله‌مانى کوردستان به هاوڵاتى راگه‌یاند»وه‌رزى یه‌که‌مى یاسادانان کێشه له‌نێوان حزبه‌کاندا هه‌بوو به‌تایبه‌تى یه‌کێتى و پارتی، ئێمه داواى شاراکهتى راسته‌قینه‌و رێکه‌وتنى سیاسیمان ده‌کرد، وه‌رزى یه‌که‌م به‌م شێوه‌یه رۆیشت، له‌وه‌رزى دووه‌میشدا پڕۆژه‌یاسا زۆر پێشکه‌ش کرا، به‌ڵام ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ ئه‌و پڕۆژانه‌یه که‌حکومه‌ت ده‌یاننێرێته‌وه بۆ په‌رله‌مان».
وتیشی «ئه‌و پڕۆژه یاسایانه‌ى که‌ئێمه داومانه‌ته سه‌رۆکایه‌تى، نزیکه‌ى (نۆ) پڕۆژه‌ى خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌مى بۆکراوه، چه‌ند پڕۆژه‌یه‌کى فراکسیۆنه‌کانى تریش، له‌ڕاستیدا هه‌ر ئه‌وه‌نده فریاکه‌وتین».
جه‌مال حه‌وێز باسى له‌وه‌کرد، کارنامه‌که‌یان جگه له‌گه‌ڕانه‌وه‌ى قه‌رزى هاوڵاتیان و پێشینه‌ى خانوبه‌ره، بیمه‌ى ته‌ندروستى و مافى نه‌خۆش، گه‌ڕانه‌وه‌ى ده‌رماڵه بۆ خوێندکارانى زانکۆ، خانه‌نشینى هێزه‌کانى ناوخۆى تێدایه که‌زۆر مه‌غدورن، دامه‌زراندنى یه‌که‌م و دووه‌م و سێیه‌م که‌ئه‌وه‌یان جێبه‌جێکرا، به‌هه‌میشه‌یکردنى گرێبه‌سته‌کان که له‌جێبه‌جێ کردندایه.
پێشیوایه، جێبه‌جێکردنى هه‌موو به‌ڵێنه‌کان په‌یوه‌ندى بهکهشى نێو په‌رله‌مانه‌وه‌یه، «ئایا له‌ناو په‌رله‌مان ده‌توانین ده‌نگى پێویست به‌ده‌ستبێنین بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پڕۆژه یاسایانه تێپه‌ڕێنین، ئه‌وه ده‌که‌وێته سه‌ر ئه‌و واقیعه‌ى له‌په‌رله‌مان رووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه«.
پارتى: کاتى زۆر ماوه
به‌رنامه‌ى لیستى پارتى له(10) به‌ش پێکهاتووه، هه‌ر به‌شێک دابه‌ش ده‌بێته‌سه‌ر چه‌ندین ته‌وه‌رو سێکته‌رى جیاواز به‌جۆرێک به‌رنامه‌که ئه‌وه‌نده فراوانه‌و ئه‌وه‌نده به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردنى تێدایه که‌هه‌ندێکیان جێبه‌جێکردنیان ئه‌سته‌مه‌و هه‌ندێکى تریشیان هیچ پەیوه‌ندى به‌په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه نییه، ئه‌وه‌ش به‌پێی راپۆرته‌که‌ى رێـکخراوى لێـکۆڵیـنه‌وه‌و گه‌شـه‌پێـدان.
به‌شى یه‌که‌مى به‌رنامه‌ى لیستى پارتى (10) به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردن له‌خۆده‌گرێت. به‌شى دووه‌م (11) به‌ڵێنى تێدایه، به‌شى سێیه‌میش (8) به‌ڵێن، به‌شى چوارم (3) به‌ڵێن، به‌شى پێنجه‌م (4) به‌ڵێن و، به‌شى شه‌شه‌م (5) به‌ڵێن، به‌شى حه‌وته‌م (5) به‌ڵێن، به‌شى هه‌شته‌م (6) به‌ڵێن، به‌شى نۆییه‌م (4) به‌ڵێن و به‌شى ده‌یه‌م (4) به‌ڵێن له‌خۆده‌گرێت. کۆى به‌ڵێنه‌کانى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ ده‌نگده‌رانى، بریتییه له(60) به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردن که‌پێویست ده‌کات له‌ماوه‌ى چوارساڵى خولى پێنجه‌مى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستاندا جێبه‌جیێان بکات.
به‌پێی راپۆرته‌که، به‌شێک له‌م به‌ڵێنانه په‌یوه‌ندییان به‌په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه نییه، به‌و مانایه‌ى به‌ڵێن نین بۆ دانانى یاسایه‌کى په‌رله‌مانى، یادهرکردنى بڕیارێکى په‌رله‌مانى، به‌ڵکو به‌شێکن له‌کارى حکومه‌ت، جیاوازى هه‌یه له‌نێوان به‌ڵێنه‌کانى هه‌ڵبژاردن کهلیستهکان به‌ده‌نگده‌رى خۆیانى ده‌ده‌ن، له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ى حکومه‌ت که له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانى حکومییه‌وه پێشکه‌ش به‌په‌رله‌مانى کوردستان کراوه.
پێشه‌وا هه‌ورامى ئه‌ندامى په‌رله‌مانى فراکسیۆنى پارتى له‌په‌رله‌مانى کوردستان به هاوڵاتى وت «ئیشى زۆر کراوه‌و وه‌ختى زۆریش ماوه بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو به‌ڵێنه‌کان جێبه‌جێ بکرێن، ئه‌و به‌ڵێنانه‌ى که‌داومانه ئه‌گه‌ر زۆرینه‌یان جێبه‌جێبکه‌ین ماناى وایه راستگۆ بووینه له‌گه‌ڵ خه‌ڵک».
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به «جێبه‌جێکردنى» به‌ڵێنه‌کانى پارتى کرد له‌دامه‌زراندنى فه‌رمانبه‌رانى گرێبه‌ست بۆ ههمییشهیى، چاککردنى رێگاوبانه‌کان و ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى چه‌ند پرۆژه‌یه‌کى ستراتیژى و کردنه‌وه‌ى سێ سایلۆى نوێ.
وتیشى»ئه‌گه‌ر هه‌رێم و به‌غدا بۆ ساڵى داهاتوو له‌سه‌ر نه‌وت و بودجه رێکبکه‌ون، ده‌توانین به‌ڵێنه‌کان زووتر جێبه‌جێ بکه‌ین، ناکرێت به‌چوار مانگى حکومه‌ت هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ به‌ڵێنه‌کانمان بکرێت».
گۆڕان؛ زۆرترین به‌ڵێن
به‌پێی راپۆرتى رێکخراوه‌که، به‌رنامه‌ى لیستى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له(4) ته‌وه‌ر پێکهاتووه، هه‌ر ته‌وه‌رێک دابه‌ش ده‌بێته‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک به‌ش و سێکته‌رى جیاواز، به‌جۆرێک به‌رنامه‌که ئه‌وه‌نده فراوانه‌و ئه‌وه‌نده به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردنى تێدایه که‌هه‌ندێکیان جێبه‌جێکردنیان ئه‌سته‌مه، هه‌ندێکى تریشیان هیچ پەیوه‌ندى به‌کارى په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه نییه.
بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ته‌وه‌رى یه‌که‌مدا (33) به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردنى به‌ده‌نگده‌رانى خۆیداوه، له‌ته‌وه‌رى دووه‌میشدا (72) به‌ڵێن، له‌ته‌وه‌رى سێیه‌میشدا (56) به‌ڵێن دراوه‌و له‌ته‌وه‌رى چواره‌میشدا (67) به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردن له‌خۆده‌گرێت. به‌م شێوه‌یه کۆى گشتى به‌ڵێنه‌کانى لیستى (148)ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، ده‌گاته (228) به‌ڵێن، به‌زۆرترین به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردنى نێو چوار لیسته سه‌ره‌کییه‌که‌ى په‌رله‌مان داده‌نرێت.
ئاشنا عه‌بدوڵا په‌رله‌مانتارى گۆڕان له‌په‌رله‌مانى کوردستان به هاوڵاتى راگه‌یاند»راسته ئه‌و یاسایانه‌ى له‌په‌رله‌مان ده‌رچووه ژماره‌یان که‌مه، به‌ڵام یاساى باشیش ده‌رچووه، بۆ نمونه یاساى به‌خاوه‌نکردنى خانوه ته‌جاوزه‌کان ئه‌وانه‌ى زیاده‌ڕه‌ویان له‌سه‌ر کراوه، ئه‌مانه یاسایه‌کن که‌زۆرترین هاوڵاتى لێى سودمه‌ندبووه که‌هاوڵاتى که‌مده‌رامه‌ت و ده‌ستکورت بوون».
سه‌باره‌ت به‌پێدانى (228) به‌ڵێن به‌هاوڵاتیان له‌سه‌روبه‌ندى هه‌ڵبژاردنه‌کان، ئاشنا عه‌بدوڵا وتی «ئێمه به‌ڵێنه‌کانمان له‌چوارچێوه‌ى کارنامه‌یه‌کى حکومه‌تدا داڕشتۆته‌وه‌و لهدانوستانهکانماندا له‌گه‌ڵ پارتى بۆ پێکهێنانى حکومه‌ت، ئه‌و به‌ڵێنانه‌ى به‌خه‌ڵکمانداوه هه‌مووى جیا کراوته‌وه لهڕێکهوتنمان له‌گه‌ڵ پارتى».
وتیشی»هێشتا کات هێنده تێنه‌په‌ڕیوه که‌بڵێین ئێمه ناتوانین به‌ڵێنه‌کانمان جێبه‌جێبکه‌ین، چاوه‌ڕیێ ده‌که‌ین، شه‌ش مانگ مۆڵه‌ت ده‌ده‌ین، بزانین چۆن ئیشه‌کان ده‌چێته پێشه‌وه، دواى ئه‌وه ئێمه ئه‌گه‌ر تێبینى خۆمان هه‌بێت به‌ئاشکرا ده‌یڵێین».