مەترسییەکان بۆ باشوور زۆر جددی ترە لەمەترسییەکان بۆ سەر رۆژئاڤا
ئیبراهیم عەلیزادە سکرتێرى کۆمەڵە بۆهاوڵاتی:
ئیبراهیم عەلیزادە سکرتێرى کۆمەڵە
5 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: ئارێز
ئیبراهیم عەلیزادە سکرتێرى رێکخراوى کوردستانى حزبى کۆمۆنیستى ئێران (کۆمەڵە) لەم چاوپێکەوتنەی هاوڵاتی دا باسی ئەو مەترسی و هەڕەشانە دەکات کە لەلایەن تورکیاوە بۆ سەر هەرێمی باشووری کوردستان هەیە.
ئیبراهیم عەلیزاد وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە کەباس لەمەترسیەکانی سەر باشوور دەکەن. پاش ئەوەى پەلامارەکانی سوپاى تورکیا لە (9/10/2019) بۆ سەر رۆژئاڤاى کوردستان روویدا.
پەلامارەکان تاڕادەیەکى زۆر شۆکێک دروستبوو لەڕۆژئاڤاو باشوورى کوردستان و لەبەشێک لەناوچەکە. کەئایا بۆچى ویلایەتەیەکگرتوەکانى ئەمەریکا لەڕۆژئاڤاى کوردستان یان لەباکوورى سوریا پاشەکشەى کرد؟ پشتى کردە هێزەکانى هەسەدەو هێزە کوردییەکان؟
ئهگهر پهکهکه بیهوێت چارهنوسى رۆژئاڤا بهباکورى کوردستانهوه گرێبدات سیاسهتێکى ههڵهیه
ئەوەی کە لەڕۆژئاڤای کوردستان روودەدات و وەکو ئەوەی مەزڵوم کۆبانێ دەڵێت: جینۆسایدێکە بەرانبەر خەڵکی رۆژئاڤای کوردستان. فەرید ئەسەسەرد پێشتر لەوتارێکیدا رایگەیاندبوو: ئەمە یەکەمجار نییە ئەمەریکا خەیانەت لەکورد دەکات و کورد بەجێدەهێڵێت، لەساڵی (1975)، (1996) و چەند جارێکی تریش روویداوە، ئێستا لەڕۆژئاڤای کوردستان دووبارە بووەتەوە.
ئیبراهیم عەلیزادە لەدرێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا دەڵێت «ئەگەر (پەکەکە) بیەوێت چارەنووسی رۆژئاڤا بەباکوری کوردستانەوە گرێبدات، سیاسەتێکی هەڵەیە»
هاوڵاتی: لەبەشێک لەڕاگەیاندنەکانی ئەمەریکا هاتووە، کە ئەفسەرانی ئەمەریکا لەترەمپ تووڕەن کەگوایە ناپاکیمان لەکورد کردووە، هەڵسەنگاندت بۆ ئەم بۆچوونە چۆنە؟ جگە لەشەڕو ململانێ، رێککەوتنێکیش هەیە لەگەڵ سوپای سوریا بەئاگاداری ڕوسەکان و ئێرانییەکان، ئایا ئەمە چارەسەرە بۆ دۆخەکە؟
ئیبراهیم عەلیزادە: لێکۆڵینەوە بۆ بەهای ئەخلاقی بۆ ئەوەی کەئایا چەندە دەتوانرێت متمانە بەئەمریکا بکرێت، بەهیچ کوێمان ناگەیەنێت. ئەمەریکا نە لەکوردستان و نە لەهیچ شوێنێکی دونیا جگە لەبەرژەوەندیی خۆی هیچ شتێکی تر لەبەرچاو ناگرێت. دەبێت ئەو راستییە بزانین کەخەسڵەتی رێککەوتن و هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا هەموو کات مۆری بەرژەوەندیی هەردوولای تێدایەو دەبێت بەفەرمی و راگەیەنراو بێت، خەیانەتکردن و پشتتێکردنی ئەمریکایش جێگای سەرسوڕمان نییە. پشتکردنی ئەمەریکا لەکوردانی رۆژئاڤا، لەچەند ساڵ پێش ئێستاوە چاوەڕوان دەکرا، بەڵام هەم هێزی رۆژئاڤا و هەم ئەمریکاش بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەبوو، ئەم بەرژەوەندییەش بریتیبوو لەداعش. داعش لەعێراق تەماعی لەدەسەڵاتی ئەمەریکا کردبوو، بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لەعێراق بەهۆی بوونی داعشەوە لەمەترسیدا بوو، واتا ئەمنیەتی ئەمەریکا لەناوخۆی وڵاتەکەی لەڕێگای بەهێزبوونی داعش کەوتبوە مەترسی، بەڵکو دۆخی عێراق کەئەمریکا تێیدا (4000) کوژراو، (50)هەزار پەککەوتە و (3000) ملیار دۆلاری تێدا خەرج کردبوو، ئەم بەرژەوەندییە کەوتبوە مەترسییەوە و ئەمریکا دەبوایە چارەیەکی بۆ ئەمە بدۆزیایەتەوە، داعش لە سووریا هیچ مەترسییەکی بۆ ئەمریکا نەبوو، بەڵام بۆ روسیا و دەسەڵاتی بەشار ئەسەد کە لەلایەن ئێران و روسیا لایەنگریی لێدەکرا، مەترسیی هەبوو. ئەمریکا دەبوایە داعش لەعێراق تێکبشکێنێت و لە ناوی ببات، بەڵام هاوکات لەسوریا ئەم کارەی کرد. رۆژئاڤا چ لەو کاتەدا و چ لەئێستاشدا نەدەبوایە بە بێ بەشداریی هیچ لایەنێکی نێونەتەوەیی رێککەوتنی بکردایە، دەبوایە شاهیدو لایەنێکی نێودەوڵەتی لەنێواندا بوایە بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەم رێککەوتنە دابنرێت و بەهاکانی بە چ شێوەیەک بپارێزرێت؟ رێککەوتنی رۆژئاڤاو ئەمەریکا نۆڕماڵ بوو، دەبوایە لەپێناو دوژمنێکی هاوبەش هاوکاریی یەکتریان بکردایە، بەڵام دوای ئەوەی کە بەرەو رەققە پێشڕەوییان کرد دەبوایە ئەم رێککەوتنە بەچاودێرییەکی نێودەوڵەتی و بەبەرچاوی بیروڕای گشتییەوە واژۆ بکرایە کەئایا دواجار ئەمریکا بەرانبەر بەڕۆژئاڤا هەڵوێستی دەگۆڕێت یان نا؟. ئەگەر ئێستا ئەمریکا دەیەوێت گۆڕانکارییەک لەسیاسەتی خۆی بکات، دەبێت بەشێوەیەکی فەرمی و راگەیەنراو بێت. من گەشبین نیم بەڕەخنەی کۆنگرێسمانەکان لەسیاسەتی ترەمپ، چونکە دواجار ئەمەریکا لەنێوان تورکیاو رۆژئاڤا لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیدا، تورکیا دەپارێزێت. تورکیا بۆ ئەمریکا دۆستێکی ستراتیجێکە، ئەمە ئەلفبای تێگەییشتنە لەپێوەندییە نێودەوڵەتییەکان. نابێت ئەزموونەکانی پێشوو لەڕۆژئاڤا دووبارە بێتەوە، ئێستایش ئەگەر ئەمریکا دەیەوێت گۆڕانکارییەک لەسیاسەتی خۆی پێکبهێنێت، دەبێت راگەیەنراوو بەچاودێریی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بێت.
هاوڵاتی: دوای رێککەوتنی سوپای سوریاو هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەوەی کەناوی (هەسەدە) بگۆڕرێت بەهێزێکی هاوبەش و سوپای سوریا دەگەڕێتەوە ناوچەکانی باکوری سوریاو خۆرهەڵاتی فوڕات، ئایا ئەم رێککەوتنە ئاڵتەرناتیڤێکی گونجاوە، یان وەک ئەوەی مەزڵوم کۆبانێ دەڵێت: ناچارین ئەم سازشە بکەین بۆ ئەوەی گەلەکەمان جینۆساید نەکرێت؟
ئیبراهیم عەلیزادە: بێگومان ئەوە ناچارییە، لەگۆڕەپانی ململانێکانی سوریا دوو لایەنی جیاواز بەدرێژاییی (18) ساڵی رابردوو کێشمەکێشیان هەبووە، لایەنێکیان روسیا، ئێران و حکومەتی بەشار ئەسەدە، لایەنێکیش ئەمریکا، تورکیاو سعودیەیە. ئەنجامی کێشەو ململانێکانی ئەم دوو لایەنە بوەتە ئەوەی کە لایەنی روسیی تێیدا سەرکەوتوو بووەو لایەنی ئەمریکیش شکستی هێناوە، واتا تورکیاش شکستی هێناوە. لەئێستادا کەنزیکدەبینەوە لەدیاریکردنی چارەنووسی سیاسی داهاتووی تورکیا، پێویستی بەوەیە تاڕادەیەک لەقورساییی ئەم شکستە کەمبکاتەوە، هەربۆیە هێرشکردن بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان هەڵوێستێکی بەرگریکارانەیە لەلایەن تورکیا. ئەوەی کەتورکیا بەدوایەوەیەتی دەیەوێت لەدیاریکردنی دواڕۆژی سیاسیی سوریا، بێ دەسەڵات نەبێت و لە هەمانکاتدا زیانێکیش بەدوژمنی خۆی کەڕۆژئاڤای کوردستانەو مافی چارەنووسی خۆیان، دەگەیەنێت. ئەردۆغان ئاژاوەگێڕێکی دۆڕاوە لەم رووداوەو بەڕای من لەم پەلامارەشدا سەرکەوتوو نابێت. لایەنێکی تری ئەم بابەتە روسیایە، هەر لەڕابردوو (یەکێتیی سۆڤیەتی جاران)و لەم سەردەمەشدا پێگەیەکی سەرەکی لەسوریا هەبوەو پێکەوە هاوپەیمان بوون. روسیا لەململانێکانی چەندساڵی رابردوو لەسوریا سەرکەوتوو بووە، کەواتە بەئاسانی ناتوانێت لەپێناوی هێرشی سوپای تورکیا، چاوپۆشی لەم سەرکەوتنە بکات. سەبارەت بەڕۆژئاڤا دەبێت بڵێم: هەم رێککەوتنی پێشووی لەگەڵ ئەمریکا و هەم رێککەوتنی ئێستای لەگەڵ سوریا و روسیا دەبێت راگەیەنراوو یاسایی بێت، دەبێت خەڵک لەوردەکارییەکانی ئاگاداربن، بۆ ئەوەی دوایی تووشی رووداوی چاوەڕواننەکراو نەبن و تووشی سەرلێشێواوی و نائۆمێدی نەبن. بەڕای من رۆژئاڤا کۆمەڵێک دەستکەوتی کۆمەڵایەتی هەیە، کە بەئاسانی و بەهێرشی سەربازی ناسڕێنەوە. رۆژئاڤا دەبێت ئێستا پارێزگاری لەپەیوەندی نێوان خۆی و خەڵکەکەی بکات، دەبێت پێداگری بکات لەسەر دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی واتا دیموکراسی، خۆبەڕێوەبردن، یاسای پێشکەوتنخوازانەی بۆ ژنان و پاشەکشێ نەکردن بۆ کۆنەپەرستی، دەبێت لەسەر دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی بەردەوام ئەگەر هەر بۆشایییەک لەم نێوانەدا دروستبێت و پەکی بکەوێت، ئێمە بەشکستی دەزانین. لەدواڕۆژی سوریا بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان سەربەرزدەکەنەوەو خەڵکی سوریا بەئاسانی لەو کەسانەی کەهۆکاری نەهامەتییەکانیان بوون خۆشنابن. لەم کاتەدایە کەپاشەکەوتی هێزو توانای رۆژئاڤای کوردستان فریایان دەکەوێت. من رۆژئاڤای کوردستان بەشکستخواردوو نازانم، لەڕووی سەربازییەوە ئەم پاشەکشێکردنە، واتا هەم پێشڕەوی و هەم بەرگریکردن، هەرسێکیان دەتوانن ببن بەبنەمای ستراتیجییەک بۆ سەرکەوتنیان. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کەدەبێت بەچ شێوەیەک هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت؟ دەسەڵاتی رۆژئاڤای کوردستان نابێت ئەو ئۆمێدو خۆشباوەڕییانەی کە بۆ ئەمریکا هەیبوو، بۆ روسیایش دووپاتی بکاتەوە، دەبێت بەها ئەخلاقییەکانی بپارێزێت، بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت.
هاوڵاتی: ئێمە پێویستمان بەهەڵویستی هەموو هێزە سیاسییەکان هەیە، بەڵام مایک ڕۆبن لەوتارێکیدا دەڵێت: تورکیا زیاتر لە(45) ساڵ پێش ئێستا قوبرسی داگیرکردو ئێستایش دەیەوێت سەرچاوە سروشتییەکانی لەناوبەرێت، لەعەفرین پاکتاوی رەگەزیی کردووە، لەناوچەی جەرابلوسی سوریا بنکەی پۆستی تورکیای کردووەتەوەو رۆژ لەدوای رۆژ خۆی لەگەڵ ئەو ناوچانەدا دەگونجێنێت، تورکیا لەبەعشیقە و ناوچەی تری عێراق کە مەبەستی بنکەکانی ناوچەی بادینانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئەردۆغان باس لەوەدەکات کە لەدەستبەسەراگرتنی هەندێک لەناوچەکانی یۆنان و بولگاریا، نییەتی ئەوەی هەیە. ئەم نووسەرە دەڵێت: تورکیا هەر شوێنێک داگیربکات، چۆڵی ناکات. بنکەی مەخموور کە وا ناسراوە لەلایەن (پەکەکە) بەڕێوەدەچێت یان شەنگال کەهێزگەلی سەر بەپارتی کرێکارانی کوردستانی تێدایە، بەڕای ئێوە ئەگەری ئەوە هەیە کەئەم کێشەو گرفتانە دواجار بەرۆکی باشووری کوردستانیش بگرێ؟ ئاڵتەرناتیڤەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان چی دەبێت بۆ ئەوەی بەر بەم کێشانە بگرێت؟
ئیبراهیم عەلیزادە: جیاوازییەکی گەورە لەنێوان سوریاو باشووری کوردستان یان عێراق هەیە. سوریا بووە بەناوچەی نفوزو دەسەڵاتی روسیا، روسیا زلهێزێکە کەتوانیویەتی لەململانێیەکی (حەوت بۆ هەشت) ساڵی رابردوو رکەبەرەکانی وەلابنێت و ببێت بەبڕیاردەری کۆتایی. پێدانی دەرفەت بەتورکیا بۆ ئەوەی بەشێک لەخاکی سوریا داگیربکات و حکومەتی بەشار ئەسەد ناسەقامگیر بکات، بەمانای ئەوەیە کە روسیا لەبەرانبەر تورکیا رۆڵی زلهێزی خۆی لەبەرانبەر تورکیا ناتوانێت بگێڕێت و ئەمەش مومکین نییە. من دڵنیام کە روسیا سەرکەوتنەکانی دەپارێزێت. بەڵام ئەمە بەمانای ئەوە نییە کەڕۆژئاڤا ئەوە بەدەرفەت بزانێت و سوود لەم دۆخە ببات، چونکە لەهەمانکاتدا روسیا دەیەوێت لەناکۆکیی نێوان تورکیاو ئەمەریکا کەڵک وەربگرێت و کەلێنی نێوان ئەم دوو وڵاتەش زۆرتر بکات، هەر بەم هۆکارە سازشی لەسەر دەکات، بێگومان لەسەر مافی خەڵکی رۆژئاڤای کوردستانە کە لەلایەن روسیاوە سازش دەکرێت. بەڵام لەئێستادا ئەو دەرفەتە بەتورکیا نادرێت کە بەخواستی خۆی لەو ناوچەیە تەراتێن بکات. جیاوازیی باشووری کوردستان لەوەدایە کە بووە بەناوچەی نفوزی ئەمریکا کەتێیدا سەرکەوتوو بووە، واتا توانیویەتی دەسەڵاتی خۆی سەقامگیر بکات، هێزی چەکداری لەخاکی باشوور هەیە، دەسەڵاتی خۆی سەقامگیر کردوە، کونسوڵخانەیەکی (3000) کەسی هەیەو بەرژەوەندییەکی درێژماوەی ئابووریی هەیە، ئەگەر تورکیا تەماع لەڕۆژئاڤای کوردستان دەکات، بەڵام لەباشووری کوردستان لەگەڵ روسیا ناکەوێتە ململانێ و رکابەرییەوە. هەر بەم هۆیە روسیا چاوپۆشی دەکات لەباشووری کوردستان. مەترسییەکان بۆ باشووری کوردستان زۆر جددیترە لەمەترسییەکان بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان. باشووری کوردستان ئەو جێگایەیە کە روسیا بۆ ئەمریکای جێهێشتوە. سەبارەت بەحکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەبێت بڵێم: کەهەر بزووتنەوەیەکی سیاسی ئەگەر بیەوێت سەرکەوتوو بێت، پێویستی بەپشتیوانییەکی جەماوەری هەیە، بۆ ئەوەی جەماوەر لەگەڵت بێت، دەبێت لێت رازی بن، ئامادەبن بۆ هەر فیداکارییەک، هەموو شتێک لەباشووری کوردستان گرێدراوە بە پەیوەندیی نێوان خەڵک و دەسەڵات، دەبێت ئەو پەیوەندییە لەسەر جێگای خۆی بێت و بەهێز بێت و خەڵک دەسەڵاتەکە لەخۆیان بزانن.