ناپاکیی ترەمپ لەکوردەکان هەواڵــــگریی سەربازی بەخشییە روسیا
5 ساڵ لەمەوپێش
وتاری شیکاری:
ڤیکتۆر مادێرا لەپێگەی ئینسایدەر
وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا
لەتەنها تاکە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەمانگی رابردوو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا، سەرۆک دۆناڵد ترەمپ هەوڵی چەندها ساڵەی دژە داعش بەسەرکردایەتی ئەمریکای لەچەند خولەکێکدا بەبادا.
بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ترەمپ رازیبوو بەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەدرێژایی سنوری سوریا لەگەڵ تورکیا. ئەم ئامادەییە [هەبوونی هێزە کوردییەکان لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا] لەمێژە ئەنقەرەی بێزارکردووە: لەم ناوچانەدا هێزە تایبەتییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ ماوەی پێنج ساڵ راهێنانیان بەو هێزانە کرد کەنزیکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ن و هاوشانیان شەڕیانکردو پارێزگارییان لێکردن.
پەکەکە لەمێژە هەوڵی وڵاتێکی سەربەخۆی کوردی دەدات کە ئەنقەرەو واشنتن و چەندانی تر بەگروپی تیرۆریستی هەژماریان کردووە.
بەڵام کوردەکان باشترین شەڕکەر بوون بۆ تێکشکاندنی داعش بەپاڵپشتی رۆژئاوا. بۆیە هێزەکانی سوریای دیموکرات بەسەرکردایەتی کوردەکان ئەوەیان ئەنجامداو سەرکەوتنیان بەدەستهێنا بەلەدەستدانی (11) هەزار شەڕڤان لەبەرامبەر مردنی (شەش) سەربازی ئەمریکی.
هەر بەزوویی دوای پەیوەندییە تەلەفونییەکەی ٦ی تشرینی یەکەم، هێزەکانی ئەمریکا بنکە سەرەبازییەکانی سوریایان بەجێهێشت. لەبەرامبەردا هێزەکانی تورکیاو میلیشیاکانی نزیک تورکیا هێرشیان کردەسەر ئەو ناوچانەی لەژێردەستی کوردابوون. هەر بەخێرایی بەڵگەی پاکتاوی نەژادی و تاوانی جەنگ دژی کوردەکان دەرکەوتن.
ئەندامانی پێشوو ئێستای سوپای ئەمریکا «دڵشکاو و تووڕەن» لەبەرامبەر ناپاکییەکەی ترەمپ لەگەڵ هاوپەیمانە کوردییەکان کەئێستا لەلایەن سەربازانی تورکیاو بریکارەکانییەوە کشتوبڕ دەکرێن.
ئەم رۆژانە بڕیارەکەی ترەمپ شتێکی دەگمەنی دروستکردووە: ئیدانەی دوو پارتەکە لەگەڵ ئەوەی کۆمارییەکان کشانەوەکە بە «پەڵەیەکی خوێناوی لەمێژووی ئەمریکا» و «هەڵەیەکی ستراتیجی کوشندە» ناودەبەن.
کشانەوە لەناوچە کوردییەکان کۆمەڵێکی زۆر زانیاری هەواڵگری خستووەتە دەستی روسییەکانەوە
لەگەڵ ئەوەی زۆر بابەتی کەم نووسراوە لەسەر لێکەوتە درێژخایەنەکانی دژە هەواڵگری، بەڵام بەهەڵەدا مەچن: ئەمە دیارییەکی هەواڵگرییە بۆ نەیارە رۆژئاواییەکان - بەتایبەتی روسیا.
لەچەند رۆژێکدا کەئەمریکییەکان بنکەکانیان بەجێهێشت، «هەواڵنێرانی» کەناڵە حکومییەکانی روسیا و میدیاکانی نزیک کریملن لەوێوە هەواڵیان پەخش دەکرد.
ئەوەی کەپەخش نەکرا ئەو پشکنینە وردانەی بنکەکان بوو لەلایەن بەرپرسە هەواڵگرییەکانی روسیاو وڵاتە نەیارەکانی دیکەوە کە بۆ سەرەداو گەڕاون سەبارەت بەهەواڵگری رۆژئاوایی.
گرتە ڤیدیۆییەکان نیشانی دەدەن کەمۆسکۆو وڵاتانی تر بەوردی لێکۆڵینەوە دەکەن و هیوایان وایە زانیاری وەربگرن لەسەری، بۆ نمونە ژێرخانی پەیوەندی، تەکنیک و کەلوپەلی بنیادنان، کەلوپەلی پزیشکی جەنگ. هەر بەشە زانیارییەک تێگەشتنیان لەتاکتیک، تەکنیک، هەروەها ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە تایبەتییەکان بەرەوپێش دەبات کەئەمەش وادەکات پەرەبدەن بەدژە شێواز لەهەر جەنگ و ململانێیەکی داهاتوودا.
لەمەودوا کوردەکان لەلایەن مۆسکۆو ئێرانەوە بەئامانج دەگیرێن بۆ زانیاری
گەورەترین لاوازی لەکوردەکانەوەیە، کەئێستا ناچارکراون پەنابەرن بۆ داڵدەیی سوریاو روسیا، کەهەموو شەڕکەرەکانیان ئاشکرابوون - بەتایبەت یەکە دژە تیرۆرە کوردییەکان بۆ فشار خستنەسەر یەکەکانی دیکە.
بۆ ماوەی پێنج ساڵ ئەم یەکانە لەژێر سەرپەرشتی هێزە تایبەتییەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا کاریان کردووە دژی داعش کەزۆر دەربارەی رێگەشێوازی تاکتیک، کەلوپەل، سەرچاوەی رۆژئاوا فێربوون.
بەپێی کات ئەندامانی هەواڵگری روسیا، ئێران، سوریا لێپرسینەوەو لێکۆڵینەوە لەشەڕکەرە کوردییەکان دەکەن لەکاتێکدا هەوڵی دامەزراندنی بریکاری درێژخایەن دەدەن کەڕەنگە بەنهێنی کارابکرێن کاتێک لەگەڵ هێزە رۆژئاواییەکان کاردەکەنەوە.
ئاژانسە هەواڵگرییە نەیارەکان دەشیانەوێت هەموو ئەو زانیارییانە بقۆزنەوە کەدەستیان پێیدەگات لەئامێرە ئەلکترۆنییەکانی کوردەکاندا: نامە، وێنە، لیستی پەیوەندییەکان، شوێنە جوگرافییەکان و هەموو ئەو زانیارییانەی دیکە کەوێنەیەکی گەورەتری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کوردو رۆژئاوا دەردەخات.
دەستگەشتنی روسیا بەتۆڕی پەیوەندییە هەرێمییەکان (جا لەڕێی خۆیانەوە بێت یان لەڕێی سورییەکان، ئێرانییەکان یان هەماهەنگی تورکیاوە بێت) ئەو کارە وردە هەواڵگرییە پێشدەخات کەچەند مانگێکی زۆر دەخایەنێت.
مۆسکۆ، تاران، دیمەشق ساڵێکیان بەدەستەوەبووە بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئەمە
مۆسکۆو تاران و دیمەشق ساڵێکیان لەبەردەمبدابوو بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئەمەو زیاتریش، دوای ئەوەی کوردەکان بەنهێنی رێگەیەکی نهێنیان لەگەڵ کردنەوە، لەترسی کشتوبڕی تورکیا لەحاڵەتی جێهێشتنی سوریا لەلایەن ئەمریکاوە.
کوردەکان گومانیان لە روسیاو سوریا، هەروەها تورکیا هەیە کە لەپلانیاندایە هەرێمە کوردییەکان بەسەر خۆیاندا دابەشبکەن.
هەندێک لەبەرپرسانی ئەمریکا بەهای هەواڵگری شەڕکەرانی کورد بەناگرنگ دەزانن بەهۆی ئۆپەراسیۆنی ئەمنی ئەمریکاوە.
رەنگە ئەمە کەمێک راستی تێدابێت، بەڵام لاوازییەکی بەردەوامی رۆژئاوا دەردەخات: هەڵەتێگەشتن لەبیری رژێمە زۆردارەکان و ئەو سەرچاوە زەبەلاحانەی - کات، مرۆڤ، پارە - کە ئامادەیان کردووە بۆ وەدەستخستنی ئەوەی چاودێرە رۆژئاواییەکان بەسوودێکی بچووکی لێکدەدەنەوە.
تورکیا داعش زیندوو دەکاتەوە بەئازادکردنی شەڕکەرەکانی لەبەندیخانە کوردییەکان
لێکەوتەی ناپاکییەکەی ترەمپ لەبەرامبەر کوردەکان چەند دەیەیەکی دەوێت تادەردەکەوێت. تورکیا دواجار بەهەژمونی خۆی دەگات، بەڵام لەئێستادا وادەردەکەوێت سووربێت لەسەر زیندووکردنەوەی داعش بەئازادکردنی بەندکراوەکانی خەلافەتی ئیسلامی، ئەمەش گاڵتەجاڕییەکە بەو هەزارەها کەسەی کە لەدژیان وەک قوربانی داعش مردن.
کوردەکان ئێستا رووبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە یان بەلایەنی کەمەوە دەرکردنی بەزۆر. وادیارە روسیا ئەو بۆشاییە پڕدەکاتەوە کەئەمریکا لەجیهاندا بەجێیهێشتووە.
بەڵام هەنوکەترین کاریگەری کردارەکانی ترەمپ لەسەر هەڵوێستی نێودەوڵەتی ئەمریکا بووە وەک هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو، هەرەوەها لەسەر واشنتن کەدەستپێگەشتنی بەهەواڵگری مرۆیی لەدەستداوە لەناوچەیەکدا کەگرنگە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا.
ناپاکی ترەمپ لەکوردەکان دیارییەکەی هەواڵگری بوو بۆ نەیارانی رۆژئاوا - دیارییەکە چەنێک گەورەیە؟ بەمزووانە بۆمان دەردەکەوێت.