جەنگی سوریا؛ کێ لەبەرهەمهێنانی نەوتدا سوودی پێدەگات؟
5 ساڵ لەمەوپێش
راپۆرتی: بی بی سی
وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت چاوەڕێی ئەوەیە ئەمریکا مانگانە ملیۆنەها دۆلار قازانج بکات لەداهاتەکانی نەوتی سوریا لەکاتێکدا سەربازە ئەمریکییەکان لەوڵاتەکەدا دەمێننەوە.
بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا کاردانەوەی خۆی هەبووە سەبارەت بەمەو ئەمریکا تاوانبار دەکات بە «دزینی نەوت» لەوڵاتەکەی و روسیاش، کەپاڵپشتێکی سەرەکی ئەسەدە، بە «چەتەیی نێودەوڵەتی» ناوزەندی کردووە.
کەواتە ئێستا بەرهەمهێنانی نەوتی سوریا لەدەست کێدایە و کێ سوودی لێدەبینێت؟
زلهێزەکان کێبڕکێ دەکەن بۆ دەستبەسەرداگرتن
ئەمریکا لەتشرینی یەکەم کشانەوەی هێزەکانی راگەیاند لەباکوری سوریا، بەڵام لەوکاتەوە جەختی لەوەکردووەتەوە نزیکەی (500) سەرباز دەهێڵێتەوە بۆ پاسەوانی کردن لەکێڵگە نەوتییەکان لەگەڵ ئەو هێزەی کورد سەرکردایەتی دەکات کەئێستا سوودبەری سەرەکی بەرهەمی نەوتە.
مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاندبوو کەسەربازەکانی ئەمریکا بۆ ئەوە لەوێن نەک تەنها ئەرکی پاسەوانییەتی دژی داعش بگرنەئەستۆ، بەڵکو دژی هێزەکانی روسیا و سوریاش لەئامادەباشیدابن.
لەلای خۆیانەوە، هێزەکانی روسیا یارمەتی سورییەکان دەدەن بۆ دەستبەسەرداگرتنەوەی بەرهەمی نەوت و چاویان لەسەر کێڵگەکانە.
ساڵی ٢٠١٨ هەردوو وڵات رێکەوتننامەیەکی هاوبەشی وزەیان ئیمزاکرد کەمافی تایبەتی بەمۆسکۆ دەدات کەرتی نەوت و غاز بنیادبنێتەوە.
لەم رووەوە سەرۆک ترەمپ بەرژەوەندی خۆی لەسوودوەرگرتنی لەنەوتەکە راگەیاندووە کەئێستا سەربازەکانی پارێزگاری لێدەکەن.
سوریا چەنێک نەوت بەرهەمدەهێنێت؟
کەرتی نەوت و غاز پاڵپشتێکی زۆر گرنگی داهاتەکانی حکموتی سوریا بووە هەرچەندە یەدەگی زۆر کەمە بەبەراورد بە یەدەگی وڵاتەکانی دیکە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لە ٢٠١٨دا، سوریا دوو ملیار و (500) ملیۆن بەرمیل یەدەگی نەوتی خەمڵێنراوی هەبوو، بەبەراورد بە (297) ملیار بەرمیل یەدەگی سعودیە، (155) ملیاری ئێران، هەروەها (147) ملیاری عێراق.
کێڵگە نەوتییەکان لەپارێزگای دێرەزوورو حەسەکە چڕبوونەتەوە کەیەکەمیان دەکەوێتە رۆژهەڵاتی سوریا و نزیکی سنوری عێراق و دووەمیان لەباکوری رۆژهەڵاتەی وڵاتەکەدایە.
بەڵام لەکاتی دروستبوونی جەنگەوە لە ٢٠١١دا بەرهەمهێنانی نەوت لەوڵاتەکەدا داڕووخاوە. لەساڵی ٢٠٠٨، سوریا رۆژانە (406) هەزار بەرمیلی بەرهەمدەهێنا، بەپێی ئاماری نەوتی بەریتانی بۆ پێداچوونەوەی وزەی جیهانی بۆ ٢٠١٩.
ساڵی ٢٠١١ بەرهەمهێنان کەمبووەوە بۆ (353) هەزار بەرمیلی رۆژانە و لە ٢٠١٨دا ئەو ژمارەیە زیاتر داڕووخاو بوو بە (24) هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا - ئەمەش کەمبوونەوەیەکە بەڕێژەی زیاتر لەسەدا ٩٠%.
دیمەشق چیتر ئەو ناوچەیەی لەژێر دەستدا نییە
حکومەتی سوریا زۆربەی کێڵگە نەوتییەکانی سوریای بۆ گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان و پاشانیش بۆ داعش لەدەستدا لەگەڵ ئەوەی شەڕی ناوخۆ پەرەیسەند.
تاساڵی ٢٠١٤ داعش توانی زۆربەی کێڵگە نەوتییەکان لەڕۆژهەڵاتی سوریا بگرێت بەکیڵگەی ئەلعومەریشەوە لەپارێزگای دێرەزوور کەگەورەترین کێڵگەی نەوتە.
بەپێی وتەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، فرۆشتنی نەوت بووە گەورەترین سەرچاوەی داهات بۆ داعش کە (40) ملیۆن دۆلاری مانگانەی دەستدەکەوت لێیەوە لە ٢٠١٥دا.
داعش کۆنترۆڵی کێڵگە نەوتییەکانی لەدەستدا بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ی پاڵپشت بەئەمریکا دوای ئەوەی گروپە تیرۆرستییەکە لەدوایین پێگەی لەڕۆژهەڵات تێکشکێنرا.
کێڵگە نەوتییەکانی سوریا زیانێکی ئێجگار بەرچاویان بەرکەوت بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکاوە لەهەڵمەتێکدا بۆ پەکخستنی یەکێک لەسەرچاوەکانی داهاتی داعش.
لەلایەکی دیکەوە، چکەدارانی داعش زۆربەی ژێرخانەکانی نەوتی وڵاتەکەیان خاپوور کرد کاتێک بۆیان روونبووەوە کەکێڵگە نەوتییەکان دەکەوێتەدەست هێزە کوردییەکان.
هێزە کوردییەکان هێشتا سوود لەداهاتی نەوت وەردەگرن
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ساڵی ٢٠١٧ کێڵگە نەوتییە سەرەکییەکانی باکورو رۆژهەلاتی سوریاو ئەوانەشی بەدرێژایی رووباری فوارت بوونیان هەیە توانیان لەژێردەستی داعش دەریبهێنن.
داهاتی کێڵگە نەوتییەکان ناچێت بۆ ئەمریکا؛ دەچێتە دەستی هەسەدەوە
لەوکاتەوە توانیویانە هەندێک لەزیانەکان چاکبکەنەوەو بەنیوەیی بەرهەمهێنان وەگەڕبخەنەوە.
بەمدواییانە جۆناسان هۆفمان، یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا وتی کە «داهاتی کێڵگە نەوتییەکان ناچێت بۆ ئەمریکا؛ دەچێتە دەستی هەسەدەوە».
بەپێی وتەی چارلز لیستەر ئەندامی باڵای پەیمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەواشنتن، «هێزەکانی سوریای دیموکرات و هۆزە هاوپەیمانەکان لەڕۆژهەڵاتی سوریا لەئێستادا لەسەدا ٧٠%ی سەرچاوەی نەوتی نیشتمانی سوریایان بەدەستەوەیە لەگەڵ کۆمەڵێک دامەزراوەی گرنگی غاز».
«هەرچەندە زۆرێک لەو کێڵگانە زۆر لەخوار ئاستی بەرهەمهێنانی پێش جەنگەوە کاردەکەن، بەڵام سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتی هەسەدەن». لیستەر وای وت.
سەرەڕای ئەوەی لەشکرکێشی تورکیا بۆ باکوری سوریا بووەتەهۆی ئەوەی هێزە کوردییەکان ناوچەیەکی بەرچاو لەدەستبدەن، بەڵام زۆربەی کێڵگە نەوتییەکان لەڕۆژهەڵاتی فورات لەژێردەستی هەسەدەدا ماونەتەوە.
حکومەتەکەی ئەسەد دۆشداماوە بۆ گەشتنی بەکێڵگە نەوتییەکانی خۆی و بەبێ ئەوان پێویستی بەوەیە بڕێکی بەرچاو لەنەوت لەدەرەوە هاوردە بکات.
بەڵام لەئەنجامی سزا تووندەکانی ئەمریکاو یەکێتی ئەوروپاوە، دیمەشق ئەم رێگایەی زۆر بۆ سەخت بووە و دابینکەری سەرەکی نەوتی ئێران بووە، بەڵام ئەو بەرهەمە هاوردانەش سنوردارکراون بەسزای تووندتر کە لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر هەر کۆمپانیاو وڵاتێکدا دەسەپێنرێت کەبزانرێت مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ سوریادا ئەنجامدەدات.