حکومەتی عێراق لەسەر داوای ئێران وەڵامی خۆپیشاندەران دەداتەوە
ئێران داوا له سیستانى دهکات پشتیوانیکردن له خۆپیشاندان ڕابگرێت بهڵام بۆ نوێنهرهکهى وهڵامى توندى دهداتهوه
5 ساڵ لەمەوپێش
راپۆرتی: ئەلمۆنیتەر
وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا
لەگەڵ ئەوەی ژمارەی کوژراوان لەخۆپیشاندانەکاندا بەرزدەبێتەوە، عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران سەرکردە هەرێمی و جیهانییەکانی دڵنیاکردووەتەوە کەدۆخی عێراق لەژێر کۆنترۆڵدایە. بەپێی وتەی عەبدولمەهدی، حکومەت پابەندە بەمافەکانی مرۆڤ و پاراستنی خۆپیشاندەران.
لەمیانەی سەردانێکیدا بۆ عێراق، جێگری سەرۆکی ئەمریکا مایک پێنس رایگەیاند کە عەبدولمەهدی «دڵنیای کردوومەتەوە کار لەسەر ئەوە دەکەن لەتوندوتیژی یان هەر سەرکەوتکردنێکی تر کەئێستا دەیبینین دووردەکەونەوە».
«بەڵێنی پێدام کاردەکەن بۆ پاراستن و رێزگرتن لەخۆپیشاندانە ئاشتییەکان کەئەوەش بەشێکە لەپرۆسەی دیموکراسی لەعێراق»، مایک پێنس ئەمەی وت.
لەچەند پەیوەندییەکی تەلەفونیشدا لەچەندڕۆژی رابردوو عەبدولمەهدی بەرپرسانی قەتەرو کوەیت و ئەردەنی دڵنیاکردووەتەوە کەحکومەتی عێراقی پابەندە بەپاراستنی خۆپیشاندەران و دوورکەوتنەوە لەبەکارهێنانی توندوتیژی دژیان.
بەڵام لەڕۆژانی رابردوودا هێزە ئەمنییەکان هێرشییان کردەسەر خۆپیشاندەران بەگازی فرمێسکڕێژو گوللە لەشارەکانی نەجەف، بەسرە، بەغداد. تەنها لە ٢٤ی تشرینی دووەم لانیکەم (13) خۆپیشاندەر کوژراون لەبەغداد، بەسرە، ناسرییە.
روونە کەحکومەتی عێراقی ئامادە نییە هیچ چاکسازییەکی جددی ئەنجامبدات بۆ قایلکردنی داواکانی خۆپیشاندەران. لەجیاتی ئەمە، کار لەسەر پلانی جێگرەوە دەکات بۆ کۆتایی هێنان بەخۆپیشاندانەکان بەئەنجامدانی کەمترین چاکسازییەوە. ئەو پلانانە چین و چۆن حکومەت جێبەجێیان دەکات؟
زیادبوونی توندوتیژی
سەرەڕای دڵنیاکردنەوەکانی سەرۆک وەزیران کەحکومەت پابەندە بەپاراستنی خۆپیشاندەرانەوە، مەزەندەکراوە کە (400) خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە (14) هەزار بریندارن، ئەمەش بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق و وەزارەتی تەندروستی عێراق.
ئەلمۆنیتەر زانیویەتی کە ئایەتوڵا عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران بەشداری لە کۆبونەوەیەکدا کردووە لە ٢١ی تشرینی دووەم لەتاران لەگەڵ فالح فەیاز بەرپرسی حەشدی شەعبی، هادی ئەلعامری سەرۆکی رێکخراوی بەدر، محەمەد هاشمی، بەرپرسی ئۆفیسی سەرۆک وەزیرانی عێراق، هەروەها جەواد شەهرستانی نوێنەری رابەری باڵای شیعە لەعێراق عەلی سیستانی.
بەپێی وتەی سەرچاوەیەک کە بەشداربووە لەکۆبوونەوەکەدا، خامنەیی داوای لەبەشداربووان کردووە پێکەوە کاربکەن بۆ راگرتنی خۆپیشاندانەکان تەنانەت ئەگەر باڵاترین ئاستی توندوتیژیش بخوازێت.
«ئێران دەستبەرداری عێراق نابێت و رێنادات بەکەمبوونەوەی هەژمونی لەعێراق»، خامنەیی وای وتووە بەپێی هەمان سەرچاوە.
خامنەیی داوای لەشەهرستانی کردووە پەیامێک بگەیەنێت بەسیستانی و تێیدا داوای لێبکات پشتیوانیکردن و پارێزگاریکردنی لەخۆپیشاندەران رابگرێت.
لەوەڵامی ئەم پەیامەدا، نوێنەرێکی سیستانی، شێخ عەبدولمەهدی کەربەلایی لەوتاری هەینی رابردوو وتی «رەشەکوژی بەسەر هەموو سیستەمێکی سیاسیدا زاڵ دەبێت و سەردەکیشێت بۆ گۆڕینی حکومەت بەدانەیەکی تەواو نوێ».
لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ (غاد تیڤی) لە ٢٤ی تشرینی دووەم، پەرلەمانتاری عێراقی فایەق عەلی وتی کە لەمیانی کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنی کەچەند سەرکردەیەکی باڵای ئەمنی تێیدا بەشداربوون، هەموو بەشداربووان لەسەر ئەوە رێککەوتوون کەدەبێت خۆپیشاندانەکان رابگیرێت تەنانەت ئەگەر ژمارەی کوژراوان هەزار تێپەڕێنێت.
پروپاگەندە دژی خۆپیشاندەران
لەسەرەتای هەڵگیرسانی خۆپیشاندانەکانەوە، ئێران و هاوپەیمانەکانی لەعێراق - لەوانە فەیاز و شێخ قەیس خەزعەلی سەرۆکی عەسائیبی ئەهلی حەق - خۆپیشاندەرانیان تۆمەتبار کردووە بەوەی نزیکن لەئەمریکا، ئیسرائیل، سعودیە، ئیمارات و لەلایەن ئەو وڵاتانەوە پشتیوانی دەکرێن.
دوای سەردانەکەی پێنس بۆ عێراق، هەندێک لەهێزەکانی نزیک ئێران - وەک بەرەی سادیقون کە لەعەسائیبی ئەهلی حەقەوە نزیکە، لەگەڵ یەکەی بابیلۆن لەهێزەکانی حەشدی شەعبی - ئیدانەی ئەمریکایان کرد بۆ دەستتێوەردان لەکاروباری عێراق. ئەوان سەردانەکە بە هەوڵیک لێکدەدەنەوە بۆ رووخانی حکومەتی عێراقی.
هێزەکانی نزیک لەئێران لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەندەها تۆمەتیان بڵاوکردووەتەوە لەسەر خۆپیشاندەران کە سەر بەحزبی بەعسن. بەهەمان شێوە، پۆستەکانیان لەفەیسبووک و تویتەر ترس بڵاودەکەنەوە لەسەر ئەوەی خۆپیشاندەران رێ خۆشدەکەن بۆ گەڕانەوەی حزبی بەعس و خەلافەتی ئیسلامی.
عەبدولمەهدی و کەسایەتییەکانی دیکەی حکومەت وێرانکاری لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بەکردەی تیرۆریستی لێکدەدەنەوە تاڕێبدەن بەحکومەت وەڵامی خۆپیشاندەران بەتووندترین هێز بداتەوە بۆ زامنکردنی سزای قورس بۆ هەر کەسێک دەگیرێت، لەوانەش سزای لەسێدارەدان.
بەکارهێنانی هێزی نەناسراو
بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان بەبێ گەڕانەوەی بەرپرسیاری، هێزی نەناسراو لەلایەن سەرچاوەی نەناسراوەوە جوڵێندراون بۆ تەقەکردن لەخۆپیشاندەران و رفاندنی چالاکوان و سەرکردەکانی خۆپیشاندانەکان.
لەمیانەی خۆپێشاندانەکان لەسەرەتای تشرینی یەکەم، نیشانەشکێنەکان خۆپیشاندەرانیان بەئامانج گرت لەباڵاخانە بەرزەکانی بەغدادەوە، کەژمارەی کوژراوانیان لە (50) کەسە بەرزکردەوە بۆ (150).
سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمانگی تشرینی یەکەمدا دانی بەوەدانا کەهێزی نەناسراو رووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەتەوە. بەرپرسەکانی دیکەی عێراق هەمان دانپێدانانیان ئەنجامداوە وەک وەزیری بەرگری.
لەوکاتەوە، ئەو هێزانە ئۆپەراسیۆنەکانیان فراوانکردووە لەشارە جیاوازەکاندا. سەرکردەو چالاکوانە دیارەکان دەستنیشان دەکەن و دەیانڕفێنن. هەفتەی پێشوو لەناسریە (33) کەس بەم جۆرە دەستگیرکران، بەپێی وتەی سەندیکای پارێزەرانی شارەکە. هەرچەندە بەپێی قسەی خۆپیشاندەران کۆی گشتی دەستگیرکردنەکان لەشارەکەدا لە (100) کەس تێپەڕیوە.
هەندێک راپۆرت باس لەوەدەکەن کەدەستگیرکراوەکان ئەشکەنجەدراون و داوایان لێکراوە بەشداری خۆپیشاندانەکان نەکەنەوە. ئەلمۆنیتەر پەیوەندی بەهەندێک لەو بەندکراوانەوە کرد کە ئازادکرابوون. ئەوان مامەڵە خراپەکەیان پشتڕاستکردوەوە بەوتنی ئەوەی کەسەرزەنشت کراون و هەندێکجاریش ئەشکەنجە دراون. تەنها بەمەرجێک ئازادکراون کە ئیمزابکەن لەسەر رێککەوتنێک کە چیتر بەشداری خۆپیشاندانەکان نەکەنەوە. هەروەها ئەوەشیان پشتڕاستکردەوە کەئەو هێزانە خۆیان نەناساندووە. بەندکراوەکان نەیانتوانیوە بزانن کە لەکوێ دەستبەسەربوون.
سنوردارکردنی میدیا
کۆمسیۆنی پەیوەندی و میدیای نیشتمانی عێراق (17) نووسینگەی میدیا عێراقییەکانی داخست تا رێگەیان لێبگیرێت لەگواستنەوەی خۆپیشاندانەکان.
لەبەیاننامەیەکدا، سەندیکانی رۆژنامەوانی عێراق رایگەیاند کەبڕیارەکە کەڵەکەبوونی «هەوڵەکانی حکومەتە بۆ سەرکەوتکردنی ئازادی رۆژنامەوانی».
هەروەها هێڵەکانی ئینتەرنێتیش پچڕاون یان خاو بوونەتەوە تائەوەی دەستگەشتنی خۆپیشاندەران بەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سنوردار بکرێت و توندوتیژییەکان دژی خۆپیشاندەران نەگوازرێنەوە.
حکومەتی عێراق، وەک حکومەتی ئێران، گرەو لەسەر هۆکاری کات دەکات بەو هیوایەی خۆپیشاندەران بترسن و ماندوو ببن و دواجاریش بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان.