قەیس خەزعەلی: خۆپیشاندانەكانی سبەینێ زۆرترین كوژراوی لێدەكەوێتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

قەیس خەزعەلی، سەرۆكی هێزە چەكدارەكانی عەسائیبی ئەهلی هەق، رایگەیاند، خۆپیشاندانە بەرفراوانەكانی عێراق، كە بڕیارە سبەی سێشەممە ئەنجامبدرێت، پلانێكی تێكدەرانەیە و زۆرترین رێژەی كوژراوی لێدەكەوێتەوە.

قەیس خەزعەلی، سەرۆكی هێزە چەكدارەكانی عەسائیبی ئەهلی هەق لەمیانی لێدوانێكیدا كە ئەمرۆ سێشەممە پێشكەشی بەشێك لە لایەنگرانی كرد رایگەیاند "پلانێك لە لایەن دەزگا هەواڵگرییەكانەوە هەیە، كە هەندێك لایەنی پەیوەندیدار دەیانەوێت ئەو پلانە ئاژاوەگێڕی و تێكدەرانە لە بەغدای پایتەخت دروستبكەن".

ئاماژەی بەوەشكرد "هەر لە سەرەتاوە تیشكخراوەتە سەر پارێزگای بەغدا و زانیویانە تا ئەوكاتەی پایتەخت ئارامبێت، خۆپیشاندانی پارێزگاكانی دیكە هیچیان پێناكرێت و كاریگەرنابن".

سەبارەت بە داواكارییەكان بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانێكی بەرفراوان و چڕ لە رێكەوتی 10ی كانونی یەكەم، كە دەكاتە سبەی چوارشەممە ئەنجامبدرێت خەزعەلی وتی "دەیانەوێت لە رێگەی ئەنجامدانی خۆپیشاندانەكانی سبەینێوە پشێوی و ئاڵۆزی بهێننە ناو بەغداوە و دۆخی ئەمنی لەو پارێزگایە تێكبدەن".

لە درێژەی وتەكانیشیدا خەزعەلی هۆشداریدا و رایگەیاند "ئەو خۆپیشاندانانە و ئەو كەسانەی داوای ئەنجامدانی دەكەن، خواستیان هەیە سبەینێ زۆرترین رێژەی كوژراوی لێبكەوێتەوە و دامودەزگاكانی وڵاتی تێدا خاپوربكرێت".

هەر لەوبارەیەوە خەزعەلی وتی "ئەوانەی پلانداڕێژەری خۆپیشاندانە بەرفراوانەكانی سبەی چوارشەممەن، ئامانجیان لەو كارە دزینی بانكی ناوەندی عێراقە لە بەغدا و زۆرترین رێژەی كوژراوی لێدەكەوێتەوە و چەند بتوانرێت دەكوژرێت".

دواتر روی وتەكانی كردە بەشێك لە خۆپیشاندەران و ئاماژەی بەوەكرد "هەندێك هەن لەناو خۆپیشاندەراندا بە نیازێكی باش تێكەڵ بەو كارە بون، ئێمە قسەكانمان بۆ ئەوانە، پێشتریش لە روداوەكانی مانگی تشرینی یەكەم هۆشداریماندا، ئێستاش سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانی سبەینێ هۆشداریان پێدەدەین".

راشیگەیاند و "10ی كانونی یەكەم رۆژی جیهانی مافەكانی مرۆڤە و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڵێن لەو رۆژەدا ئەو رێژە زۆرە كوشتار و توندوتیژی رویداوە و تۆمەتەكان هەموی بخەنە ئەستۆی دەزگا ئەمنییەكان و حەشدی شەعبی".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار