چنگی ئەردۆغان بەسەر دەسەڵاتەوە لەرزەی تێدەکەوێت
دوای پارتەکەی ئەحمەد داود ئۆغلۆ پێشبینی دەکرێت کەرتبوونێکیتر لەپارتەکەی ئەردۆغان بکەوێتەوە
5 ساڵ لەمەوپێش
راپۆرتی: میدیا لاین
وەرگێرانی: کاکەلاو عەبدوڵا
پێشبینی دەکرێت لەچەند هەفتەی داهاتوودا دووەم پارتی جیابووەوە (ئینشیقاقی) لەپارتەکەی سەرۆک، پارتی دادو گەشەپیدان (ئاکەپە)، رابگەیەنرێت، ئەمەش جێگرەوەیەک دەدات بەدەنگدەرانی بێهوای پارێزگاران.
شیکەرەوان دەڵێن دروستکردنی پارتی نوێی جیابووەوە لەپارتەکەی ئەردۆغان بەئەگەرێکی زۆرەوە ئۆپۆزسیۆن بەهێزدەکات و رەخنەی رای گشتی زیاد دەکات لەدژی سەرۆک.
لەهەینی رابردوودا ئەحمەد داودئۆغلۆ، سەرۆک وەزیرانی پێشوو، رایگەیاند پارتی ئایندە دادەمەزرێنێت لەکاتێکدا چاوەڕێ دەکرێت عەلی باباجان، جێگری پێشووی سەرۆک وەزیران، کە لەهاوینی ئەمساڵدا لەئاکەپە جیابوویەوە لەچەند هەفتەی داهاتوودا دامەزراندنی پارتەکەی رابگەیەنێت.
داودئۆغلۆ، کە لەئەیلولی ئەمساڵد لەئاکەپە جیابووەوە، لەساڵی (٢٠١٤ تا ٢٠١٦) سەرۆک وەزیران بوو. داودئۆغلۆ وادەردەکەوت کەناکۆکی هەبێت لەگەڵ ئەردۆغاندا سەبارەت بەزیادبوونی دەستگرتنی سەرۆک بەدەسەڵاتەوە.
ئەلمیرە بەیراسلی، شارەزا لەسەر تورکیاو پرۆفیسۆر لەکۆلێجی بارد لەنیویۆرک، دەڵێت فشاری زیادبووی ناوخۆ لەسەر ئەردۆغان مانای ئەوەیە کەدەست بڵاو دەبێت لەپەیوەندییەکانی دەرەوەدا.
«ئێوە ئەردۆغانتان بینیوە کەکێشەکانی ناوخۆیی لەسیاسەتی دەرەوەدا بەکاردەهێنێت «، بەیراسلی وای وت و بڕواشی وایە لەشکرکێشییەکەی تورکیا لەمانگی تشرینی یەکەمدا بۆ سەر سوریا کاردانەوەی ئەردۆغان بوو لەبەرامبەر کێشە ئابورییەکانی وڵاتەکەی.
«پێموایە سوورتر دەبێت لەبێزارکردنی هاوپەیمانەکانی و وەک نیشتمانپەروەرێکی زۆر بەهێز دەردەکەوێت کە لەدەرەوەی وڵات بەحساب پارێزگاری لەبەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی تورکیا دەکات».
بەیراسلی باس لەوەش دەکات کەهەڵگەڕانەوەکان ئەوە دەردەخات کەئەو سیاسییە باڵایانەی پێشتر لەئەردۆغان نزیک بوون هێشتا ئامادەن شەڕبکەن لەپێناو دیموکراسی وڵاتەکە.
«ئەو کەسانەی نزیکن لەئەردۆغان ترسیان نییە لەڕووبەرووبونەوەی و ئەوەش ئاماژەیەکی ئەرێنییە بۆ گەلی تورکیا».
سوعاد کینیکلیئۆغلۆ، ئەندامی پێشووی پەرلەمان لەسەر لیستی ئاکەپە و ئەندامی باڵای سەنتەری توێژینەوەی تورکی لەبەرلین، وتی لەداهاتوودا بۆشایی زیاتر دەبێت بۆ دیالۆگ لەسیاسەتی تورکیادا.
«زیادبوونی دەنگی باوەڕپێکراو رێ بەگفتوگۆی زیاتری سیاسی دەدات، بەڵام کەس نازانێت ئەردۆغان کاردانەوەی چی دەبێت بەرامبەر ئەم ئاستەنگانە. ئەوە نەزانراوە گەورەکەیە. ئەردۆغان هێشتا بەهێزترین کارەکتەرە لەسیاسەتی تورکیادا»، کینیکلیئۆغلۆ وات وت.
رەخنەگران ئەردۆغان بەداپڵۆسینی ناڕەزایان تۆمەتبار دەکەن. کاندیدی پارتی کوردی هەدەپە لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ٢٠١٨دا بانگەشەی هەڵبژاردنی لەزیندانەوە بەڕێوە دەبردو لەوێ لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێکی ئۆپۆزسیۆندا بوو.
بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی پاراستنی رۆژنامەنووسان، تورکیا یەکێکە لەگەورەترین دەستگیرکەری رۆژنامەنووسان لەجیهاندا.
جان سەلجوقی، راپرسیکەر و بەڕێوەبەری گشتی دامەزراوەی توێژینەوەی ئابوری ئەستەمبوڵ، بڕوایوایە ئەو سیاسیانەی بەئاشکرا قسەدەکەن دژی ئەردۆغان ساتێکی بەرچاو دروستدەکات بۆ ئەوانەی دژی سەرۆکی تورکیان.
«رووداوێکی زۆر گەورەیە، بەدڵنیاییەوە ئەردۆغان لەترۆپکیدا نییە»، سەلجوقی ئاماژەی بەوەکرد.
لەکاتێکدا سەلجوقی وتی کەناوبانگی ئەردۆغان هەر بەبەرزی ماوەتەوە، بەڵام هەندێک لەدەنگدەرانی پێشووی ئامادەن بڕواننە دەرەوەی ئاکەپە.
بەڵام سەلجوقی هۆشداری ئەوەشیدا هێشتا دیار نییە ئاخۆ پارتە جیابووەکان بتوانن دەنگدەران رابکێشن.
ئەردۆغان لەکێشمەکێشمدایە لەگەڵ سستی ئابوری ناوخۆو رۆیتەرز لەمانگی ئەیلولدا لە راپۆرتکدا رایگەیاند کەتەنها لەساڵی رابردوودا پارتەکەی نزیکەی یەک ملیۆن ئەندامی لەدەستداوە. ئەردۆغان بانگەشەی ئەوەی کرد زۆربەی زۆری ئەو لەدەستدانە بەهۆی مردنی ئەندامەکانەوە بووە.
لەهەینی رابردوودا داودئۆغلۆ داوای دروستکردنی قەوارەیەکی دادوەری سەربەخۆی کردو وتی کەسیستەمی سەرۆکایەتی بۆ ئەوە دروستکرا تاهێندەی دەتوانرێت دەسەڵات بدرێتە سەرۆک.
ئەردۆغان لە ریفراندۆمی ٢٠١٧دا لەسەدا ٥١%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا بۆ گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی. ئەمە رێی بۆ خۆشکرد ئۆفیسی سەرۆک وەزیران وەلابنێت و چەندین دەسەڵاتی بەخۆیدا بەبێ گەڕانەوە بۆ رەزامەندی پەرلەمان.
سەلجوقی ئاماژەی بەوە کرد لێدوانەکانی داودئۆغلۆ دەربارەی بەهاکانی پارتەکەی زۆر گشتی بوون تاپێشبینی کاریگەرییەکی گەورە بکرێت لەسەر سیاسەتی تورکیا.
«بەهەرحاڵ هەموان ئەم قسانە دەکەن، دەبێت بەکردار بیانبینین ئینجا ئەوکات بۆمان روون دەبێتەوە ئەم پارتانە دڵی خەڵکیان رازیکردووە یان نا».
سەلجوقی وتیشی هێشتاش ئەم بەهایانە رەنگدانەوەیان هەیە لەنێو رای گشتیدا، ئەمەش وەک ئاماژەیک بەدۆڕانەکەی ئاکەپە لەهەڵبژاردنی شارەوانی ئەستەمبوڵ لەمانگی حوزەیراندا.
لەسەرەتادا ئاکەپە بەجیاوازییەکی کەم دۆڕاندی لەمانگی مارسداو دواتر ئەو هەڵبژاردنە هەڵوەشێندرایەوە، بەڵام ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن دۆڕانێکی گەورەتری بۆ پارتەکە هێنا بەجیاوازی (٨٠٠) هەزار دەنگ لەبەرژەوەندی کاندیدی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی، ئەکرەم ئیمامئۆغلو.
بەپێی داتای راپرسییەکانی رێکخراوەکەی، سەلجوقی ئاشکرای کرد کەڕەنگە بەهەردوو پارتەکەی باباجان و داودئۆغلۆ لەسەدا ١٧%ی دەنگەکانی تورکیا ببەنەوە.
کینیکلیئۆغلۆ ئەوەی خستەڕوو کەئەو پارتانە فشار دەخەنەسەر ئەردۆغان و پارتەکەی.
«پێدەچێت دوو پارتەکە پاڵەپەستۆ دروستبکەن بۆ نێوبانگی ئاکەپە لەبەرئەوەی ئەمە یەکەمجارە کەسایەتی دیار لەپارتەکە جیاببێتەوە. لەچیرۆکی ئاکەپەدا داودئۆغلۆ و باباجان کەسایەتی سەرەکی بوون. نێوبانگی ئەردۆغان بەگەورەیی ماوەتەوە، بەڵام ئەگەری زۆرە بکەوێتە ژێر فشارەوە»، کینیکلیئۆغلۆ وای وت.
هەبوونی دوو پارتی پارێزگار بەتایبەتی شتێکی گرنگە، چونکە دەنگدەرە راستڕەوەکان رووی خۆیان بەرەو پارتی چەپی ئۆپۆزسیۆن ناگۆڕن، پارتی جەهەپە، تەنانەت ئەگەر هاوڕاش نەبن لەگەڵ پارتەکەی ئەردۆغان.
«ئەم دوو پارتە جێگرەوەیان پێشکەشدەکەن کەڕەنگە لەسەر حسابی ئاکەپە بێت. من دامەزراندنی ئەم دوو پارتە بەسەردەمی دوای ئاکەپە دەبینم، بەڵام بەسەردەمی دوای ئەردۆغان نایبینم»، کینیکلیئۆغلۆ ئەمەی وت.