تره‌مپ: قاسم سوله‌یمانى دره‌نده‌ترین تیرۆرست بوو ده‌بوو زووتر بکوژرایه‌

سه‌رۆکى ئه‌مریکا: موشه‌که‌کانى ئێران هیچ زیانێکى گیانى به‌ ئه‌مه‌ریکى و عێراقییه‌کان نه‌گه‌یاندووه‌

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکى ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مریکا له‌ کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا که‌ له‌واشنتن ئه‌نجامدرا رایگه‌یاند:" قاسم سوله‌یمانى دره‌نده‌ترین تیرۆرست بووه‌و ده‌بوو زووتر بکوژرایه‌و ئێران سپۆنسه‌رى گه‌وره‌ى تیرۆرستانه‌".

له‌ کۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌که‌دا، مایک پێنس جێگرى سه‌رۆکى ئه‌مریکا و  مایک پۆمپیۆ، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ ئاماده‌ى بوون له‌گه‌ڵ چه‌ند جه‌نه‌ڕاڵێکى سه‌ربازیدا.

تره‌مپ وتى:" خه‌ڵکى ئه‌مریکى ده‌بێت خۆشخاڵ بن که‌ هیچ ئه‌مه‌رییکییه‌ک بریندارنه‌بووه‌و   زیانیان پێنه‌گه‌شتووه‌، ته‌واوى سه‌ربازه‌کانمان سه‌لامه‌ت، ته‌نها بنکه‌ سه‌ربازه‌کانمان که‌مێک زیانیان پێگه‌شتووه‌".

هه‌روه‌ها وتیشى:"هیچ که‌سێکى ئه‌مریکى و عێراقى نه‌بووه‌ته‌ قوربانى، ئه‌وه‌ش به‌هۆى ئه‌و رێکارانه‌ى گرتومانه‌ته‌ به‌ر، ده‌ستخۆشى له‌ سه‌ربازانى ئه‌مریکى ده‌که‌م بۆئه‌وه‌ى توانیان ئه‌م کاره‌ بکه‌ن".

تره‌مپ ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد" ئێران سپۆنسه‌رى تیرۆر بووه‌و ده‌یه‌وێت شارستانییه‌تى جیهان تێک بدات، کارى یه‌کلاکه‌ره‌وه‌مان ئه‌نجامداو توانیمان تیرۆرستێکى دره‌نده‌ بکوژین، قاسم سوله‌یمانى بکوژرێت، ئه‌و فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌قى قودس بوو به‌رپرس بوو له‌ کوشتى خه‌ڵکى کارى وه‌حشیانه‌و درندانه‌ى کردووه‌و پاڵپشتى له‌ گروپه‌کان ده‌کرد له‌وانه‌ش حزبوڵا".

تره‌مپ ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، به‌راسپارده‌ى سوله‌یمانى هێرشه‌کان ئه‌نجامدراوه‌و هاوڵاتییه‌کى ئه‌مریکى کوژراو دواتر هێرش کرایه‌ سه‌ر سه‌ربازگه‌کانى ئه‌مریکاو پلانى هه‌بووه‌ هێرش بکاته‌ سه‌ر باڵوێزخانه‌که‌مان له‌به‌غدا، "ده‌بوو سوله‌یمانى ماوه‌یه‌کى زووتر بکوژرایه‌، په‌یامێکى گرنگماندا به‌ ئێران، زۆر به‌وردى چاوێرى جموجۆڵه‌کانى ئێران ده‌که‌ین و سزاى زۆر زیاتر به‌سه‌ر ئێراندا ده‌سه‌پێنن، ئێران بووته‌ هۆکارێک کێشه‌ له‌ ئاوه‌کانى که‌نداودا دروست بکات".

سه‌رۆکى ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مریکا جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ ئێران دۆزه‌خى له‌یه‌مه‌ن و عێراق و سوریا دروستکردووه‌، "ئه‌و هێرشه‌  موشه‌کانه‌ى ئه‌نجامدا  به‌و پاره‌یه‌ دروست کرابوو که‌ له‌ئه‌نجامى رێکه‌وتننامه‌ى ئه‌تۆمى وه‌ریانگرتبوو، ئێران کارێکى خۆکوژانه‌ى ئه‌نجامداوه‌، بێگومان ده‌بێت ئاماژه‌ به‌وه‌ بکه‌م له‌ ماوه‌یه‌کى زۆر کورتدا رێکه‌وتنامه‌ى ئه‌تۆمى کۆتایى پێدێت، کاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئه‌ڵمانیاو به‌ریتانیا و فه‌ره‌نساو چین بزانن که‌ ئێران هه‌ره‌شه‌ى جدیه‌و ده‌بێت یکشێنه‌وه‌ له‌ رێکه‌وتننامه‌ى ئه‌تۆمى".

له‌به‌شێکى دیکه‌ى قسه‌کانیدا، دۆناڵد تره‌مپ وتى" ده‌بێت رێکه‌وتننامه‌یه‌ک واژۆ بکه‌ین که‌ خه‌ڵکى  ئێران ببوژێته‌وه‌و سه‌قامگرو پێشکه‌وتوو بێت و مامه‌ڵه‌ى گونجاو له‌گه‌ڵ وڵاتاندا بکات، داوا له‌ناتۆش ده‌که‌م زیاتر به‌شداربێت له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌راستدا".
هاوکات، باسى نه‌وتى خاوى له‌ جیهاندا کردو وتى" یه‌که‌م به‌رهه‌مهێنه‌رى نه‌وتین پێویستمان به‌نه‌وتى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست نییه‌".

تره‌مپ هۆشداری دایه‌ ئێران ده‌رباره‌ى موشه‌که‌کانى وڵاته‌که‌ى و جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ که‌ "سوپاى ئه‌مریکا له‌هه‌موو جارێک به‌هێزتره‌و موشه‌که‌کانمان زۆر خێراو پێشکه‌وتوون، به‌ڵام ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ به‌کاریانده‌هێنین".

له‌کۆتایى قسه‌کانیدا تره‌مپ باسى ده‌ستکه‌وته‌کانى ئه‌مریکاى کرد له‌ کوشتنى ئه‌بوبه‌کر به‌غدادى و وتى"سێ مانگ پێش ئێستا توانیمان کۆتایى به‌ ده‌سته‌ڵاتى داعش بهێنین ئه‌وه‌ش کوشتنى دره‌نده‌ترین تیرۆرست به‌غدادى بوو، ئه‌ویش هۆکاربوو بۆ کوشتنى موسوڵمان و مه‌سیحییه‌کان، به‌غدادى شکستنى هێنا ده‌یان هه‌زار چه‌کدارى داعش له‌ناوچوون و ده‌ستگیرکران، داعش دوژمنێکى سروشتى ئێران بووه‌، بۆیه‌ ده‌بێت ئێران ئه‌وه‌ بزانێت که‌" ده‌مانه‌وێت داهاتوویه‌کى گه‌شتان هه‌بێت که‌ پڕبێت له‌ خۆشگوزه‌رانى، ئاماده‌ین باوه‌شى ئاشتى بۆ ئێران بکه‌ینه‌وه‌".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار