ئه‌وله‌ویه‌تى هه‌سه‌ده‌ له‌ڕۆژئاڤا کۆنتڕۆڵکردنه‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه‌یه‌ که‌ له‌لایه‌ن تورکیاوه‌ داگیرکراون‌

سلێمان عه‌لى عه‌ره‌ب نوێنه‌رى پارتى یه‌کێتیى دیموکرات (په‌یه‌ده‌) له‌هه‌رێمى کوردستان بۆ ‌هاوڵاتى:

سلێمان عه‌لى عه‌ره‌ب نوێنه‌رى (په‌یه‌ده‌) له‌هه‌رێم

5 ساڵ لەمەوپێش



سازدانى: ئارا ئیبراهیم

نوێنهرى پارتى یهکێتى دیموکرات (پهیهده) لهههرێمى کوردستان دهڵێت ئهولهویهتى ههسهده له رۆژئاڤا کۆنتڕۆڵکردنهوهى ئهو ناوچانهیه که لهلایهن تورکیاوه داگیرکراوه کهدڵنیان ناتوانێت سهرکهوتوو بێت، بهڵکو شکست دههێنێت.

سلێمان عهلى عهرهب، نوێنهرى پارتى یهکێتى دیموکرات (پهیهده) لهههرێمى کوردستان لهم چاوپێکهوتنهیدا لهگهڵ هاوڵاتى ئاماژه بهوهدهدات دۆخى دوژمنانى کورد له (سوریا، ئێران، تورکیا) خراپهو کورد دهتوانێت لهم قۆناغهدا کار بۆ ستراتیژییهتى کۆنگرهى نهتهوهیى بکات.

ههروهها دهشڵێت:» دوژمنانى کورد ههرچهنده ناکۆکى سیاسى یان ههر ناکۆکییهکیان ههبێت ئهگهر پرسى کورد هاته پێشهوه ئهوان لهدژى کورد دهبنه یهک و ههڵوێستیان بهرامبهر بهکورد رادهگهیهنن، بۆیه پێویسته لهبهرامبهر ئهو دژایهتییهش کورد لهناوخۆیدا لهیهک نزیک ببینهوه، پێویسته کورد ئهگهر لهیهکیش نزیکبوونهوه لهسهر ئهساسى نهتهوهیی  بێت».

هاوکات، ئهوهش دووپاتدهکاتهوه کهوڵاتانى نێودهوڵهتى و نهتهوهیهکگرتووهکان هیچ هاوکارییهکى بهڕێوهبهرایهتى خۆسهریان له رۆژئاڤا نهکردووه کهسهدان ههزار ئاواره رووى کردووەته باکورو رۆژههڵاتى سوریا.

هاوڵاتى: یهکێتى نهتهوهیى لهسهر ئاستى رۆشنبیران چ گرنگییهکى لهم قۆناغهدا ههیه؟

سلێمان عهرهب: کۆبوونهوهیهکى تایبهت لەباکورى کوردستان نوێنهرایهتى ههدهپه رێکیان خستووه، لهقۆناغێکى وا گرنگدا پێویستیمان بهکۆنگرهى نهتهوهیى کورده وهک گهلى کورد، کورد یهکڕیزى و یهکههڵوێستى لهبهرانبهر ئهم قۆناغه ههستیاره پێویسته، بێگومان هێزه سیاسییهکان نهیانتوانیوه بببنه وهڵامدهرهوهى راستهقینهى کۆمهڵگاى گهلى کورد، کۆبوونهوهی کهسایهتى رۆشنبیرو نووسهرو پێویسته، ههڵوێستى کهسێکی رۆشنبیر وهک هێزێکى جیاواز لهلایهنه سیاسییهکان ببنه پێشڕهو یهکڕیزى دروستبکهن، هێزى رۆشنبیر زیاتر دهتوانێت کارى یهکێتى نهتهوهیى دروستبکات لهکهسى سیاسهتمهدار، نزیکایهتى هێزى سیاسى و چڤاکى ههبێت، قهناعهتم وایه دهرئهنجامى دواى کۆنفرانسهکه  کۆمیتهیهک دروستدهکرێت، سهربهخۆ خهباتى یهکێتى نهتهوهیى پێشبخهن، بتوانن زهمینەیهک بۆ ئهنجامدانى یهکێتى نهتهوهیی پێکبهێنن، بۆیه خهباتێکى لهو جۆره پێویسته بۆ ئهوهى یهکێتى نهتهوهیی رێکبهخهن.

هاوڵاتى: هاتنى وهفدى ههدهپهو پارتهکانى دیکه بۆ باشوور بۆ ئهوهیە نزیکایهتى لهنێوان رۆشنبیرانی ههر چوار پارچه دروست ببێت؟

سلێمان عهرهب: ئهو شاندهى که هاتووهته باشوور ماوهیهکى زۆره لهباکورى کوردستان خهریکى زهمینهسازکردنن بۆ یهکێتی نهتهوهیی، ههشت پارتى سیاسى هاتوون جیاوازى بۆچوون لهنێوان پارتهکانی باکورى کوردستان ههیه، بهڵام توانیویانه نزیکایهتى باش لهنێوان ئهو پارتانه دروستبکهن، ئێستاش که هاتوون بۆ ئێره بۆ ئهوهیه تابتوانن ئهو نزیکایهتیه  لهناو رۆشنبیران و گهلى ئێمه لهباشور دروستبکهن.

هاوڵاتى: بۆ دروستبوونى یهکێتی نهتهوهیی جیاوازى بۆچوونهکان گرفت دروستناکات؟

سلێمان عهرهب: دوژمنانى کورد ههرچهنده ناکۆکى سیاسى یان ههر ناکۆکییهکیان ههبێت ئهگهر پرسى کورد هاتهپێشهوه ئهوان لهدژى کورد دهبنه یهک و ههڵوێستیان بهرامبهر بهکورد رادهگهیهنن، بۆیه پێویسته لهبهرامبهر ئهو دژایهتییهش کورد لهناوخۆیدا لهیهک نزیک ببنهوه، پێویسته کورد ئهگهر لهیهکیش نزیکبوونهوه لهسهر ئهساسى نهتهوهیی  بێت و لهپێناو کورددا بنیادبنرێت، واته ههر کهس و لایهنێک جیاوازى سیاسى و فکرى  و رۆشنبیرى خۆى ههبێت، بهڵام بههاى نهتهوهیی ههیه کهدهبێت لهسهرى کۆک بین و لهیهکتر نزیکبینهوه، ئێستا له رۆژئاواى کوردستان بههاى نهتهوهیی دروستبووه، هێزى پاراستنى کۆمهڵگهی رۆژئاواى کوردستان دروستبووه، ئیدارهیهک بۆ خزمهتکردنى کۆمهڵگهى رۆژئاواى کوردستان ههیه.

هاوڵاتى: واته ئێستا کاتى ئهوه هاتووه کهیهکێتى نهتهوهیی دروست ببێت؟

سلێمان عهرهب: بێگومان کاتی هاتووه، پێویسته زهمینهیهکى نهتهوهیی دروست ببێت، بۆ ئهوهى کورد ستراتیژیهکى نهتهوهیی دابنێت لهدۆخێکدا که شهڕى جیهانى سێیهم ههیه، ئێستا رهوشێکى زۆر خراپ و مهترسیدار له رۆژههڵاتى ناوهڕاست ههیه، دوژمنانى کورد له رهوشێکى زۆر خراپدان، ئابورى ئهوان تێکچووه، سیاسهت  و دیبلۆماسى ئهوان تیکچووه، بهتایبهت سوریاو تورکیاو ئێران، واته ئهو وڵاتانه لهناو ئاڵۆزى و قهیرانیکى زۆر خراپدان، بۆیه پێویسته کوردیش لهم قۆناغهدا ستراتیژیهکى هاوبهش دروستبکهن بۆ ئهوهى دۆزى کورد چارهسهر بکهن.

هاوڵاتى: لهماوهى رابردوو مهزڵوم کۆبانى رایگهیاند ئامادهکارى دهکهن بۆ ئهوهى ئهو ناوچانهى داگیرکراون بهدهستیان بهێننهوه، ئهوهندهى بهڕێزتان ئاگاداربن رۆژئاواى کوردستان ئهوهنده تواناى سهربازیى و مرۆیی ههیه بتوانیت ئهو ناوچانه کۆنترۆڵ بکاتهوه؟

سلێمان عهرهب: ئهو ناوچانهى داگیرکراون له رۆژئاواى کوردستان لهلایهن دهوڵهتى تورکهوه بهبڕیارى نێودهوڵهتى و بێدهنگى کۆمهڵگهى نێودهوڵهتى داگیرکراون، بێگومان وهک رۆژئاواى کوردستان تێکۆشانى ئێمه بهردهوامه بۆ رزگارکردنى ههموو ناوچهکانى رۆژئاواو گهڕاندنهوهى گهلى ئێمه بۆ سهر ماڵ و حاڵى خۆیان لهسهر خاکى رهسهنى خۆیان، ئهمه خاڵی ئهولهویهته لهتێکۆشانى گهلى ئێمهدا، بهتایبهت لهتێکۆشانى خهڵکى باکورو رۆژههڵاتى سوریا ئهو ناوچانهى داگیرکراون لهلایهن دهوڵهتى تورکهوه خاڵی یهکهمى تێکۆشانى ئێمه دهبێت، بۆیه ئێمه دڵنیاین لهوهى ئهو ناوچانه بهدهست دههێنینهوهو تائێستاش ئهو تیکۆشانه بهردهوامه، بهڵام ئهمه زهمینهیهکى سیاسى و دیبلۆماسیى و سهربازیشى پێویسته، واته دهبێت گۆڕانکارى دروست ببێت لهناوچهکه، چونکه ئێمه دڵنیاین لهوهى کهدهوڵهتى داگیرکهرى تورک و ئهردۆغان لهو داگیرکارى و مرۆڤکوژییهى ئهنجامى دهدات سهرکهوتوو نابێت و شکست دههێنێت، تورکیا لهناو قهیرانێکى سیاسى و ئابورى و دیبۆماسیدایه، ئێمهش دهتوانین سوود لهو دهرفهته وهربگرین بۆ ئهوهى لهقازانجى کورد بشکێتهوه.

هاوڵاتى: ئهمریکا هاوکاریتان دهکات بۆ کۆنترۆڵکردنهوهى ئهو ناوچانهى لهلایهن تورکیاوه داگیرکراون؟

سلێمان عهرهب: تائێستا ئهمریکا بێدهنگه.

هاوڵاتى: گفتوگۆکانتان لهگهڵ رژێمى سوریا گهیشتووه بهکوێ بهتایبهت ئێوه کهگرنگى بهمهسهلهى رێکهوتن لهگهل رژێمى ئهسهد دهدهن؟

سلێمان عهرهب: ئێمه رامانگهیاندووه که بۆ گفتوگۆو چارهسهرى لهگهڵ رژیمى سوریا ئامادهین، بهگرنگى دهزانین لهگهڵ رژێم رێکبکهوین لهچوارچێوهیهکدا کههێزى پاراستنى ئێمه ههسهدهو یهپهگهو یهپهژه لهچوارچێوهى سوپاى سوریا جێگهى خۆیان بگرن کهئهوان توانیویانه داعش تێکبشکێنن، ههروهها زیاتر لهپێنج ملیۆن کهس لهناو رۆژئاواى کوردستان بپارێزن لهناو ئهو ههموو ئاڵۆزییهى سوریادا، پێویسته ئیدارهى خۆسهر کهئێستا له رۆژئاواى کوردستان ههیه لهڕووى دهستورى و کارگێڕییهوه جێگیربکرێت و دانى پێدابنرێت و دۆزى کورد چارهسهر بکرێت، لهو چوارچێوهیهدا ئێمه ئامادهین لهگهڵ رژێمدا رێکبکهوین.

هاوڵاتى: پێتانوایه رژێمى سوریا بێته پێشهوه بۆ گفتوگۆکردن لهگهڵ بهڕێوهبهرى خۆسهر له رۆژئاڤا؟

سلێمان عهرهب: ئێمه ههمیشه داواى گفتوگۆو چارهسهرییمان لهگهڵ رژێم کردووه لهچوارچێوهى یهکێتى سوریاداو پاراستنى خهڵکی سوریا تایهکێتى گهلانى سوریا بونیادبنێین.

هاوڵاتى: ئێستا بههۆى بارودۆخى ئیدلبهوه خهڵکێکى زۆر ئاواره بووهو لهلایهکى تر دیلێکى زۆر لهزیندانهکاندایه، ئێوه چارهسهریهکتان داناوه بۆ ئهم دوو پرسه جیاوازه؟

سلێمان عهرهب: ههر لهدهستپێکى شۆڕشى رۆژئاواى کوردستان و سنورى باکورو رۆژههڵاتى سوریا بۆ ئاوارهکان کراونهتهوهو بهسهدان ههزار کهس ئێستا له رۆژئاواى کوردستانن و لهدۆخیکى ئارامى سهقامگریدا لهکهمپهکاندا دهژین، ئێستاش بهههمان شێوه دهرگاکانمان بهڕووى ئاوارهکانى ئیدلب کردووهتهوه، ههموو ئهوانهى لایهنگری تورکیان و گوایه تورکیا هاوکارى گهلى سوریا دهکهن، ئێستا لهمامهڵهیهکدا لهبازاڕى روسیاو سوریادا فرۆشتوونى،  ئێستا ئهو خهڵکانه ههمووى ئاوارهبوون، وهک رۆژئاواى کوردستان دهرگامان کردووهتهوه بۆ ئهو خهڵکه کهئاواره دهبن، بهڵام پێویسته ههموو کهسێک بزانن ههموو ئهو ئاوارانهى له رۆژئاواى کوردستانن بهئاوارهکانى خۆمان و ئهوانهى داعشهوه، هیچ رێکخراوو دهوڵهتێک هاوکاریى ئیدارهى خۆسهرى و ئهو ئاوارانهى نهکردووه، ئهو هاوکاریانهى پێشکهشکراون ههمووى هاوکارى ئیدارهى خۆسهره که توانایهکى زۆرکهمه، بهتهنیا ئیدارهى خۆسهر فریاى ئهو ههموو ئاوارانه کهوتووهو هاوکارى پێگهیاندوون ئهوهندهى توانیبێتى، تا ئهم ساتهش نهتهوهیهکگرتووهکان و رێکخراوه خێرخوازییهکان و هیچ دهوڵهتێک هاوکارى ئهو ئاوارانهى نهکردووه.

هاوڵاتى: نهتهوهیهکگرتووهکان بۆچى هاوکارییان نهگهیاندووه، ئهمه پرسێکى مرۆڤایهتییه؟

سلێمان عهرهب: مهسهلهکه پهیوهسته بهههڵوێستى سیاسیى تورکیاوه، چونکه تورکیا دهرگاى خۆى بۆ چهتهکانى داعش بهڕووى ئهوروپاو وڵاتانی جیهاندا کردهوه، ههروهها تورکیا دهرگاى هاوکاریکردنى بۆ داعش و چهتهکان کردهوه، بهڵام دهرگاى بۆ هاوکاریکردنى ئاوارهکان و خهڵکى سوریا داخستووه، ئهو دهرگایانهى بۆ هاوکاریکردنى ئاوارهکانیش لهلایهن نهتهوهیهکگرتووهکان ههبوون ئهویشى داخستووه، ئهمه زهختێکى تورکیایه بۆ ئهوهى هاوکارى ئاوارهکانى رۆژئاواى کوردستان و خهڵکى سوریا نهکرێت، لهئێستادا تهنیا دوو دهرگا کراوەن، ئهویش لهدهستى چهتهکانى تورکیادایهو لهدهستى ئێمهدا نییه.

هاوڵاتى: تائێستا شهڕ لهنێوان ههسهدهو سوپاى تورکیاو میلیشیا چهکدارهکان له رۆژئاواى کوردستان بهردهوامه؟

سلێمان عه‌ره‌ب: به‌ڵێ تائه‌م ساته‌ش شه‌ڕ به‌رده‌وامه‌، ئه‌و رێکه‌وتنانه‌ى بۆ راگرتنى شه‌ڕ هه‌بوون تائێستا ئێمه‌ پێوه‌ى پابه‌ندین، به‌ڵام سوپاى تورکیاو چه‌ته‌کانى پێوه‌ى پابه‌ند نین  و به‌رده‌وام هێرشده‌که‌ن، له‌م دۆخه‌شدا هه‌سه‌ده‌ وه‌ڵامى ئه‌و هێرشانه‌ ده‌داته‌وه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار