هەڤاڵ ئەبوبەکر: خۆت بپارێزە، بۆئەوەی ژیان و جیهان بپارێزیت
5 ساڵ لەمەوپێش
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر
كورد لەمێژە فەرموویەتی: خۆپاراستن باشترە لە چارەسەركردن، خۆپارێزیی ئێوەی هۆشیارو هێژاو پابەندبونتان بە ڕێنمایی و ڕێکارە تەندروستییەکانەوە؛ ئەوەی سەلماند، كە ئەو هەموو نەخۆشییو دەردو دایانەی پێش كۆرۆنا زۆرێك لە هاووڵاتیانی گیرۆدە كردبوو، سەرچاوەكەی خراپیی شێوازی هەڵسوكەوتی ڕۆژانەو نەریتە زاڵەكانو تێكەڵاوبوونو بەریەككەوتنی نەگونجاوانە بوون.
بەشێكی تریشی ئەو بارودۆخە دەروونییە خودییو كەسییو كۆمەڵایەتییانە بوون، كە دووچاری نائارامییو ناجێگیرییو هەڵچوونو خەمۆكییو گۆشەگیرییو بێزاریی كردبووین.
ئەمانە هەمووی لێكەوتەی خۆنەپارێزییو بڕوابەخۆنەبوون بوون، بە ئاراستەی تولەڕێگاكانی چارەسەردا، ڕێگا كراوەكانی خۆپارێزییو ئومێدو ئیرادەمان ون كردبوو.
ئێستا ئاماژەو ئەنجامەكانی قۆناغی كۆرۆناو دوای كۆرۆنا پێمان دەڵێن: خۆپارێزیی هۆكاری تەندروستییو گەشەو ئارامییو ئیرادەو ئومێدن، ئێمە وەك پارێزگای سلێمانی، بە پشتیوانیی هەموو یەكە كارگێڕییەكانی سنوری پارێزگاكەمان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی تر، بڕیارمان گرتووە، كە بایەخی گەورە بە بەڕێوەبەرێتیەكانی خۆپاراستنی تەندروستی بدەین، داخوازیشمان لە ئێوەی ئازیز ئەوەیە بایەخی گەورە بە خۆپارێزیی خۆتان بدەن، خۆپارێزیی زامنی تەندروستییەكی خودییانەی بێخەرجییە، كە دەتوانێت نەك هەر لە مەترسییو هەڕەشەكانی كۆرۆنا ڕزگارمان بكات، بەڵكو دەتوانێت لە زۆر نەخۆشییو ناخۆشیی تریش دوورمان بخاتەوە، دەرفەت بە نەخۆشخانەو پزیشكە زاناو پەرستیارە فریشتەو زرنگەكانی تاقیگەو تیشكو سۆنارو كارمەندە میهرمەندەكانی تەندروستیی بدات، كە چارەسەری باشترو شایانو شیاوتر پێشكەش بە نەخۆشی نەخۆشییە نەگوازراوەو جەستەییەكان بدەن.
زامنی ڕزگاربوون لە كۆرۆنا، گەرەنتی دەستپێكردنەوەو كردنەوەی كارو پیشەو كەسابەتو دەرفەتەكانی تری بژێوییو ژیانمان، لە ئێستاو داهاتوودا، تەنها:
خۆپارێزییە..
بۆئەوەی مزگەوت و كڵێساو پەرستگاو، هۆڵەكانی ئاهەنگو سەماو سەرگەرمكردنو كۆڕو كۆبوونەوەكانو ژوانی دۆستانو گەڕەكو دوکان و بازاڕو شەقامو شۆستەكان، باخچەو ڕەزو باخو كێڵگەو شوێنە گەشتیارییەكان، ئارامگاكانی ئازیزانو شوێنی شینو شایی خۆشەویستان، دەرگاكانیان بكرێنەوە، پێویستمان بە كلیلی خۆپارێزییە..
بۆئەوەی ژیان ڕەنگە پەلكەزێڕینەكانی خۆی بۆ بگەڕێتەوە، دەنگ بۆ گەروو دەربڕینو زیندوێتییو گوزارشتكردنی ژیان بگەڕێتەوە، بۆئەوەی هەناسەو لەرەو جوڵەو ڕەوتو ڕێگاو هیممەتو هەنگاو بۆ ژیان بگەڕێتەوە،
بۆئەوەی سبەینێ هەبێت، تۆ هەبیت،
هەموو هەبین، پێویستمان بە:
خۆپارێزییە
خۆت بپارێزە، بۆئەوەی ژیان و جیهان بپارێزیت.
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی
٢٠/ ٤/ ٢٠٢٠