ئەنجومەنی مامۆستایانی گەرمیان: تاسه‌ری مانگ دوو موچەمان پێنەدرێت بایکۆتی تاقیکردنەوەکان دەکەین

مامۆستایه‌ک له‌ ده‌ربه‌نیخان: حکومه‌ت ناچارى کردوین مامه‌ڵه‌ به‌ ژیان و داهاتووى رۆڵه‌کانمانه‌وه‌ بکه‌ین

5 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حه‌سه‌ن

ئەنجومەنی مامۆستایانی گەرمیان رایگەیاند، ئەگەر تاسه‌ری ئه‌م مانگه‌، دوو موچەیان پێنەدرێت ئەوا بایکۆتی تاقیکردنەوەکان دەکەن هەروەها دەبێت حکومەت بەڵێنمان پێبدات کە موچەکانمان 30 ڕۆژ جارێک دابەش بکات.

مامۆستایه‌ک له‌ ده‌ربه‌نیخان: حکومه‌ت ناچارى کردوین مامه‌ڵه‌ به‌ ژیان و داهاتووى رۆڵه‌کانمانه‌وه‌ بکه‌ین.

ئەنجومەنی مامۆستایانی گەرمیان ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌، 19ئایارى2020 راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ رایگەیاند " گەر تا بەرواری 1ی حوزەیران بڕی دوو موچەمان پێنەدرێت، ئەوا بایکۆتی تاقیکردنەوەکان دەکەین، هەروەها دەبێت حکومەت بەڵێنمان پێبدات کە موچەکانمان 30 ڕۆژ جارێک دابەش بکات."

ئه‌نجومه‌نی ناوبراو پێی وایه‌ كه‌ "سەرجەم لایەنەکانی بەشدار و بێبەش لە دەسەڵات، دەبێت تەحەمولی بەرپرسیارێتیی مێژویی خۆیان بکەن، بەڵێندەدەین تا بەدەستهێنانی ئامانجەکان‌ و گەڕانەوەی تەواوی مافەکانمان، لە خەبات و ناڕەزایەتیی بەردەوام دەبین."

هاوکات گۆران جه‌زا ته‌مه‌ن 38ساڵ، 14ساڵه‌ مامۆستایه‌ و له‌ لێدوانێکدا به‌ سایتى هاوڵاتى وت" به‌داخه‌وه‌ مامۆستایان گه‌یاندۆته‌ بارودۆخێکى وا سه‌خت مامه‌ڵه‌ به‌ دڵسۆزى و ئه‌رکه‌ پیرۆزه‌که‌یه‌وه‌ بکات که‌ په‌روه‌رده‌ و فێرکردنه‌".

ئه‌م مامۆستایه‌ دانیشتوى ده‌ربه‌نیخانه‌ و وانه‌ى فیزیا به‌ خوێندکاره‌کانى ده‌ڵێت، باس له‌وه‌ ده‌کات بارودۆخى ژیانیان زۆر سه‌خته‌ و وتى" بێ موچه‌یى کار ده‌کاته‌ سه‌ر بیر و هزرمان و ژیانى لێ ئاڵۆزکردوین، به‌داخه‌وه‌ بۆ حکومه‌تێک ناتوانێت موچه‌ى مامۆستایه‌ک بدات که‌ خۆیانى گه‌یاندۆته‌ ئه‌م ئاسته‌".

گۆران جه‌زا جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌و وتى" زۆر ده‌مێکه‌ مۆڵه‌ت ده‌ه‌دینه‌ حکوه‌مت به‌ڵام له‌ بیباکى ئه‌وان بریارمان داوه‌ مه‌رجه‌کانمان جێبه‌جێنه‌که‌ن پرسیارى تاقیکردنه‌وه‌ دانانێین و ناچینه‌ تاقیکردنه‌کانه‌وه‌".

ئه‌م مامۆستایه‌ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد" باوه‌ڕناکه‌م مامۆستا هه‌بێت ئه‌و بارودۆخه‌ى پێ خۆشبێت که‌ مامه‌ڵه‌ به‌ ژیانى منداڵه‌کانمانه‌وه‌ ده‌که‌ین، به‌ڵام حکومه‌ت ناچارى کردوین".

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار