ته‌ندروستى سلێمانى ئاماژه‌ ترسناکه‌کانى ڤایرۆسى کۆرۆنا بۆ هاوڵاتى ئاشکراده‌کات

5 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حه‌سه‌ن

جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانى رایگه‌یاند ئاماژه‌ ترسناکه‌کانى ڤایرۆسه‌که‌ ئێستا گه‌یشتۆته‌ لامان چونکه‌ توشبوه‌کان له‌ناو خه‌ڵکدان و سه‌رچاوه‌ى توشبونه‌که‌ى دیاریناکرێت و نه‌زانراوه‌.

ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌ک له‌هه‌رێمى کوردستان هیچ توشبویه‌کى تازه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا تۆمارنه‌کرا تا  رۆژی چوارشەممە 13ی ئایار تووشبوویەکی کۆرۆنا لە سلێمانی تۆمارکرا، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەش پێنج تووشبووی دیکەی کۆرۆنا تۆمارکراون کە لە خانەوادەی تووشبووەکەی رۆژی چوارشەممە بوون  دوو رۆژ دواتریش حەوت تووشبووی دیکە تۆمارکران. بە تۆمارکردنی ئەو حەوت کەسە لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا 13 تووشبووی نوێ کۆرۆنا تۆمارکراون.

له‌م هه‌فته‌یه‌دا رۆژانه‌ له‌ هه‌ولێر و سلێمانى حاڵه‌تى نوێ تۆمارده‌کرێت که‌ تائێستا 36حاڵه‌تى نوێى ڤایرۆسه‌که‌ تۆمارکراوه‌. 

پێشتریش بەرێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی, دكتۆر سه‌باح هه‌ورامی رایگه‌یاند، ئاماژەی ترسناک هەیە بۆ تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی.

 سه‌باح هه‌ورامی، راشیگه‌یاند، داوا لەو هاووڵاتیانە دەکەم, کە تەندروستی خۆیان و کەسوکاریان لامەبەستە زۆر پابەندی رێنماییە تەندروستیيەکان بن.

هه‌روه‌ها وتیشی: کۆرۆنا هاوشێوەی تیرۆرستان دوژمنێکی نادیارە. 

هێرش سه‌لیم، جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانى له‌ چاوپێکه‌وتنه‌که‌یدا بۆ سایتى هاوڵاتى ئه‌و ئاماژه‌ ترسناکانه‌ى رونکردنه‌وه‌ که‌ له‌سه‌ر پارێزگاى سلێمانى هه‌یه‌ و وتى" ئاماژه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ خۆى سه‌رچاوه‌ى بڵاوبونه‌وه‌که‌ نادیاره‌ و  له‌ئێستاشدا تێکه‌ڵاوییه‌کى زۆر هه‌یه‌ له‌ناو خه‌ڵکدا و ئه‌وه‌ واى کردووه‌ ڤایرۆسه‌که‌ به‌ خێراییه‌کى زیاد له‌ جارى پێشوو بڵاوبێته‌وه‌، چونکه‌ پێشتر که‌سه‌کان ته‌نیا له‌ که‌ره‌نتینه‌کاوه‌ ده‌هێنران و ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ ئاماژه‌کان ترسناک بن و ئه‌گه‌رى حاڵه‌تى زیاتر هه‌بێت".

هاوڵاتى: له‌ئێستادا ئه‌رکى که‌رتى ته‌ندروستى چیه‌ و چۆن ده‌توانن رێگرى له‌زیاتر بڵاوبونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌که‌ بکه‌ن؟
هێرش سه‌لیم: ئێمه‌ له‌ئێستادا له‌ڕێگه‌ى پشکنینى هه‌ره‌مه‌کى که‌سه‌ نزیکه‌کانى  توشبوه‌کانى حاڵه‌ته‌ نوێیکانه‌وه‌ رۆژانه‌ پشکنینیان بۆ ده‌که‌ین و به‌دواى سه‌رچاوه‌ى توشبوه‌کاندا ده‌گه‌رێین.  

ئه‌وه‌شى رونکرده‌وه‌" به‌ڵام ئه‌و ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ بتوانین هه‌مووى کۆنترۆڵ بکه‌ین بۆیه‌ ئه‌مه‌ ئاماژه‌کان ترسناک ده‌کات".

هاوڵاتى: ئێستا پشکنین ته‌نیا بۆ که‌سه‌ نزیکه‌کانى توشبوه‌کان ده‌کرێت، پلانى شوێنى ترتان نیه‌؟
هێرش سه‌لیم: له‌هه‌ندێک شوێنى گشتى و قه‌ره‌باڵغیش به‌ هه‌ره‌مه‌کى ده‌ستمان به‌ پشکنین کردووه‌ بۆ رێگه‌گرتن له‌ته‌شه‌نه‌کردنى ڤایرۆسه‌که‌.

هاوڵاتى: دوێنێ چوارشه‌ممه‌ باس له‌ که‌ره‌نتینه‌کردنى هه‌موو نه‌خۆشخانه‌ى شۆرش ده‌کرا به‌هۆى توشبونى سێ کارمه‌ندى نه‌خۆشخانه‌که‌؟تاچه‌ند زانیاریت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌یه‌ کارمه‌نده‌کان پزیشک بون یان کارمه‌ندى ته‌ندروستى بون؟
هێرش سه‌لیم: نه‌خێر به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ناوه‌ندێکى ته‌ندروستى که‌ره‌نتین ناکرێت، چونکه‌ ئه‌و نه‌خۆشخانانه‌ شوێنى نه‌خۆش بۆ چاره‌سه‌رکردن ناکرێت که‌ره‌نتین بکرێن و دابخرێن، ناکرێت له‌هیچ یاسایه‌کدا دابخرێت ئه‌و سێ کارمه‌نده‌ کارمه‌ندى پاککه‌ره‌وه‌ بون و له‌ئێستادا ته‌نیا دوو به‌شى نه‌خۆشخانه‌که‌ که‌ ئه‌و کارمه‌ندانه‌ به‌رکه‌وتنیان تێدا هه‌بووه‌ که‌ره‌نتین کراوه‌. 

هاوڵاتى: به‌و پێیه‌ى مه‌ترسیه‌که‌ له‌سه‌ر سلێمانى زۆره‌ قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ بۆ ئه‌م دو سێ رۆژه‌ راناگه‌یه‌نرێت؟
هێرش سه‌لیم: خۆى کێشه‌که‌ له‌وه‌دایه‌ له‌ جه‌ژندا تێکه‌ڵاوییه‌که‌ زۆر ده‌بێت به‌هۆى بۆنه‌کان و نۆ جه‌ژنه‌ و سه‌ردانى کردنى یه‌کتر زۆر ده‌بێت و سه‌ردانى گۆرستانه‌کان و واته‌ به‌گشتى هاتوچۆ زۆر ده‌بێت بۆیه‌ زۆر ته‌رکیزمان له‌سه‌ر  رۆژانى جه‌زنى، به‌ڵام ئه‌گه‌ریشى هه‌یه‌ حاڵه‌ت زۆر زیاتربێت له‌م دوو رۆژه‌دا بریارى تازه‌ بدرێت بۆ قه‌ه‌دغه‌ى هاتوچۆ.

یه‌که‌م حاڵه‌تى توشبون به‌ ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌ هه‌رێمى کوردستان له‌سلێمانى له‌ 2ى ئازارى 2020 تۆمارکراو  تائێستا زیاتر له‌ 170که‌س له‌سلێمانى توشى ڤایرۆسه‌که‌ بوون و 5که‌س مردون و  له‌ئێستادا 32که‌س له‌نه‌خۆشخانه‌کاندا چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن.  

ئەمەش لە کاتێکدایە، چەند رۆژێکە لە سلێمانی حاڵەتی نوێ تۆمار دەکرێن و لە هەولێریش ئەمڕۆ حەوت حاڵەتی نوێ تۆمار کرا، حکومەتی هەرێمیش بڕیاریداوە، لە سێ رۆژی جەژن، بۆ ماوەی 72 کاتژمێر قەدەغەی هاتووچۆی گشتی رابگەیەنرێت.

كۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان (431) تووشبوو، لەنێویاندا (5) مردن هەیە و (٣٨٣) نەخۆش چاكبووەتەوە،  ئێستا تەنها (43) نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشكیدان

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار