ڕێڕەوی زەنگێزۆر و ڕێڕەوی داود

4 كاتژمێر لەمەوپێش
نووسین: ئەحمەد ڕەسوڵ
ماوەیەکە دوو زاراوەی جیاواز لە نێو شیکارییە جیۆپۆلەتیکیی و بازرگانییەکان، کە زۆر بەکاردەهێنرێن و مانای جیاواز و لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ دەکرێت لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی هێزە ناکۆک و جیاوازەکانی ناوچەکە و جیهانەوە، هەردوو چەمکی ڕێڕەوی زەنگێزور و ڕێڕەوی داودن.
هەرچەندە دوو ڕێڕەوەکە لە دوو ناوچەی جیاواز و پەیوەندیدار بە دوو کۆمەڵە وڵاتی جیاوازەوەن بەڵام پەیوەندیی و ڕەهەندی هاوبەشیان هەیە کە ئەم ڕاپۆرتە ئەو دوو زاراوەیە یان ئەو دوو ڕێڕەوە دەکات بە بابەتی ڕوونکردنەوە و قسەلێکردن. کە ئەوانیش کۆردیدۆر یان ڕێڕەوی داود و زەنگێزورن.
با سەرەتا لە ڕێڕەوی داودەوە دەستپێبکەین:
کۆریدۆری داود یان ڕێڕەوی داود جییە؟
ڕێڕەوی داود ڕێڕەوێکی جیۆپۆلەتیکی پێشنیارکراوە لەلایەن ئیسرائیلەوە کە ئیسرائیل بە ناوچەکانی سوریا و عێراقەوە دەبەستێتەوە- ڕێرەوەکە لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە بە باشووری سوریا و ناوچەی تەنەفدا تێپەڕ دەبێت، تا دەگاتە بەشەکانی ڕۆژئاوای عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق
ئەم ڕێڕەوە ڕەهەندی جیاوازی ستراتیژی هەیە، لە ڕەهەندە بازرگانییەکەیەوە بۆ ئاسایش و سەربازیی و تەنانەت هاوپەیمانێتیی و هەواڵگرییش، بەڵام تاوەکو ئێستا نەبووەتە بابەتێکی فەرمی لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ووڵاتانی پەیوەندیدار و ناوچەکەدا.
وڵاتان و ناوچە پەیوەندیدارەکان بە ڕێڕەوەکەوە ئەمانەن:
- ئیسرائیل، کە دامەزرێنەرەکەیە.
- پارێزگاکانی دەرعا و سوێدا لە باشووری سوریا
- تەنەف لە سێکوچکەی سەرسنووریی سوریا و ئەردەن و عێراق.
- هەردوو پارێزگای سوننە نشینی ئەنبار و نەینەوا لە عێراق.
- هەرێمی کوردستانی عێراق.
بەشێوازێکی ناراستەوخۆ و نیمچە فەرمی پێشوازی لە دامەزراندنی ڕێڕەوەکە کراوە لەلایەن هەندێک لە دەوڵەتانی کەنداو و هەندێک لە پێکهاتەکانی سوریا وەکو دروزەکان و کوردەکان و دواتریش دەسەڵاتداران لە هەرێمی کوردستانی عێراق.
ناکۆکی و نیگەرانییەکان:
- ئەم کۆریدۆرە وەک پێشێلکردن و تێکدانی سەروەری سوریا و عێراق لێکدەدرێتەوە و بە پێچەوانەی یەکپارچەیی خاکی ئەو دەوڵەتانە دادەنرێت.
- دیدگای ستراتیژیی ناوچەیی ئیسرائیل بەرجەستە دەکات کە هەندێک لە شرۆڤەکاران پەیوەستی دەکەن بە دەستەواژەی "ئیسرائیلی گەورە" یان دەستەواژەی "نیل تا فورات"ی ئینجیلی.
سوود و بەرژەوەندییەکان:
- دەستڕاگەیشتنێکی ستراتیژی قووڵتر و فراوانتری لۆجستیکی بە ئیسرائیل دەبەخشێت لە ناوچەکەدا کە بە تایبەت وەکو هەڕەشەیەک لەسەر ئێران لێکدەدرێتەوە.
- جووڵەی وشکانی سەربازیی و پشتیوانی هەواڵگریی بەبێ بەربەست بۆ ئیسرائیل دابین دەکات.
- دەتوانێت نەوتی ناوچە کوردییەکان بە هێڵی بۆری نەوتی بگەیەنێت بە بەندەرەکانی ئیسرائیل.
ئێستا باس لە کۆریدۆر یان ڕێڕەوی زەنگێزور دەکەین:
کۆریدۆری زەنگێزور یان ڕێڕەوی زەنگێزور چییە؟
ڕێگایەکی گواستنەوەی بەپڕۆژەکراوی ناوچەی سیونیکی ئەرمینیایە، کە ناوە مێژوویی و کۆنەکەی بریتییە لە زەنگێزور، کە زەوی وڵاتی ئازەربایجان بەشێکی سەرەکیی ڕێڕەوەکەی پێدا تێپەڕ دەبێت و بە ناوچەی نەخچیڤانەوەی دەبەستێتەوە کە بەشێکی ڕێڕەوەکە بە خاکی ئەرمینیادا تێپەڕ دەبێت.
ڕێڕەوەکە بە تریپپ TRIPP ناودەبرێت کە بە واتای ڕێڕەوی ترەمپ بۆ ئاشتیی و گەشانەوەی نێودەوڵەتی. ڕێڕەوەکە نیگەرانیی ئێرانی لێکەوتووەتەوە بەو هۆیەی دەبێتە گەمارۆدان و لەقاڵبدانی لە باکوری وڵاتەکەیەوە و کۆنترۆڵی ئەمریکا بەسەر ئەو ناوچەیەدا. ئازەربایجان و تورکیا ڕەزامەند و سوودمەندی ڕێڕەوەکەن. هەروەها ڕێڕەوەکە کۆنترۆڵی هەمەلایەنەی ئەمریکا بەسەر ناوچەکە و دەستڕاگەیشتنی بە ئاسیای ناوەند دەستەبەر دەکات. لەلایەکیترەوە هێز و تواناکانی ڕوسیا لەو ناوچەیە سنووردار و لاواز دەکات.
لە ڕێگەی ڕێککەوتنی ئەم دواییەی TRIPP، مافە تایبەتەکانی گەشەپێدان بۆ ماوەی 99 ساڵ پێگە و کاریگەری لە باشووری قەوقاز پێشکەش دەکەن. سەروەری ئەرمەنستان بەپێی یاسا دەپارێزێت بەڵام کۆنترۆڵی دەگوازێتەوە بۆ بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی ئەمریکا.
پەیوەندی نێوان دوو کۆریدۆرەکە و ڕەهەندە هاوبەشەکانیان
هەرچەندە لە ڕووی جوگرافییەوە جیاوازن، بەڵام هەردوو ڕێڕەوەکە لە دەوری یەک ئامانجی ستراتیژیدا کۆدەبنەوە: کە بە نزیکەیی گەمارۆدانی ئێران و دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندییە ناوچەیی و جیهانییەکانن. ڕێڕەوی داود دەبێتە هێڵی بەربەست لەبەردەم ئێراندا بە دەستڕاگەیشتنی ناوچەکانی شام هەروەها دەرفەتپێدان بە ئیسرائیل بۆ بونیادنانی پێگەیەکی ستراتیژیی لە سوریا و عێراق.
ڕێڕەوی زەنگێزور ڕێگاکانی ترانزێتی باکووری ئێران دەبڕێت و ڕێڕەوی داودیش لە خۆرئاواوە ڕێگە بەسەر ئێراندا دادەخات.
هیچ کام لەم دوو کۆریدۆرە تەنیا بازرگانی نین بەڵکو ڕێکخستنە جیۆپۆلەتیکییەکان پێناسە دەکەنەوە، هەژموونی سەربازیی و هەواڵگریی بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا وەکو دوو هاوپەیمانی هەمیشەیی دەهێننە ئاراوە.
ئەنجام
هەردوو کۆریدۆرەکە ڕەنگدانەوەی دیزاینکردنەوەی جیۆپۆلەتیکی نوێی ڕێگاکانن کە نەک تەنها لە نێوان شوێنەکاندا و بە ڕەهەندی بازرگانیی بەڵکو بەڕووی هەژموون و داینامیکییەتی دەسەڵاتدا کراوە دەبن. ڕێڕەوی داود کە بە هێمنی لە ناوچە جێناکۆکەکان و نائارامەکاندا پەرەدەستێنێت، خزمەت بە باڵادەستیی سەربازیی و وزەی ئیسرائیل-ڕۆژئاوا دەکات. ڕێڕەوی زەنگێزور، کە ئێستا لە ژێر چاودێری بازرگانی ئەمریکادا کراوە بە فەرمیی، ئازەربایجان و تورکیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لە هەمان کاتدا دەستی ئێران و ڕووسیا لە قەفقازدا کورت دەکاتەوە.
واتا ئەم دوو کۆریدۆرە، پێکەوە، نەخشەی بازرگانی نوێ و هەڵوێستی سیاسیی، سەربازیی و هەواڵگریی نوێ دادەڕێژن
