کاریگەریی ئیسرائیل لە ناوەندی بڕیاردانی سیاسیی ئەمریکادا

7 كاتژمێر لەمەوپێش



نووسین: ئەحمەد ڕەسوڵ

میکانیزم و قۆناغەکان

لە پەیوەندییە سیاسییەکان و هاوکیشە جیهانییەکانی هێز و دیپلۆماسییەتدا، ئەمریکا و ئیسرائیل دوانەیەکی لێکدانەبڕاون. بۆ دەیان ساڵە ئیسرائیل کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بڕیاردانی سیاسی ئەمریکا هەبووە،  ڕەگ و ڕیشەی دینامیکییەتی کاریگەریی ئیسرائیل لە نێوەندی سیاسیی بڕیاردانی ئەمریکییدا، پێکهاتووە لە تێکەڵەیەک لە هاوپەیمانییە ستراتیژییەکان، هێزی لۆبییکردن و حیکایەتی سیاسیی هاوبەشدایە. 

ئەم کاریگەرییە یەکپارچە و بە یەکجار نییە بەڵکو قۆناغ بە قۆناغ پەرەی سەندووە. کاریگەرییەکە سەرباری هۆکاری ڕووداوە مێژووییەکان، هەروەها لە ڕیگای چوارچێوە دامەزراوەییەکان و پڕۆژە ئامانجدارەکانەوە لە قاڵب دراوە.

قۆناغی یەکەم: پێکهێنانی هاوپەیمانی ستراتیژی ١٩٤٨-١٩٧٣

دامەزراندنی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨ هاوکات بوو لەگەڵ دووجەمسەریی جیهان و جەنگی سارد. ئیسرائیل بەربەستێک بوو لەبەردەم فراوانخوازییەکانی بلۆکی سۆڤیێتی کە لەو سەردەمەدا چەند وڵاتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کەوتبوونە ژێر سیاسەت و ئایدیۆلۆژیای یەکێتی سۆڤیێتەوە. 

دوای جەنگی شەش ڕۆژەی ساڵی ١٩٦٧، کاتێک سەرکەوتنی سەربازی ئیسرائیل وەک بەربەستێک لە دژی کاریگەریی سۆڤیەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تەواوی جێگای گرت، ئەمە وایکرد ئەمریکا پشتیوانییەکانی خۆی بۆ ئیسرائیل زیاتر و تۆکمەتر بکات.. لە ساڵی ١٩٧٣ لە جەنگی ئۆکتۆبەر “یان جەنگی یۆم کیپور” کە بە جەنگی چوارەمی عەرەب-ئیسرائیلیش ناسراوە، سەرۆکی ئەمریکا، ڕیچارد نیکسۆن ڕێگەیدا بە گواستنەوەی چەک بە فڕۆکە بۆ ئیسرائیل بەشێوەیەکی بەرفراوان. لە دوای ئەمەوە، بیرۆکەی ئیسرائیل وەک هاوبەشێکی ستراتیژی و سەرەکی لە پێکهاتەی سیاسیی و بڕیاردانی بونیادی دەزگایی ئەمریکادا چەسپا و جێگیربوو، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر سیاسەتەکانی داهاتووی هاوکاری سەربازیی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل هەبوو.

قۆناغی دووەم: بەدامەزراوەییکردنی کاریگەری (هەشتاکان-نەوەدەکان)

لە سەردەمی ڕۆناڵد ڕیگان، هاوکارییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرفراوانتر بوون بۆ هاوبەشییکردن و پەیوەندیی هەواڵگریی، پەرەپێدانی چەکی هاوبەش و سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. گروپەکانی لۆبییکردن، بە تایبەت لیژنەی کاروباری گشتی ئیسرائیل-ئەمریکی ناسراو بە ئایپاک (AIPAC) بوون بە هێزی گەورە و سەرەکی لە واشنتۆن. 

لە ساڵانی نەوەدەکان، یارمەتییە ساڵانەییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل کە زۆربەیان لە هاوکارییە سەربازییەکاندا خۆیان دەبینییەوە  وەکو ڕێککەوتنی چەندین ساڵە جێگەیان گرت، کە پشتگیریی چاوەڕوانکراو مسۆگەر دەکات بەبێ لەبەرچاوگرتنی گۆڕانی کەسەکان و ئیدارەکانی پێکهێنانی حکومەت. یاسای باڵیۆزخانەی قودس لە ساڵی ١٩٩٥ کە لە ڕێگەی کۆنگرێسەوە پاڵپشتی کرا، نیشانیدا هاوتەریبی کۆنگرێس لەگەڵ لۆبیکردن بۆ لایەنگریی لە ئیسرائیل  بەهێز و فراوانە.

قۆناغی سێیەم: هاوئاهەنگیی سیاسیی

دوای هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر، ئەمریکا و ئیسرائیل لە چوارچێوەی جەنگی دژی تیرۆردا، هاوبەشیی لە لێکدانەوە و تێگەیشتندا سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر یارمەتیدەر بوو بۆ ڕەوایەتیدان بە پشتگیری ئەمریکا بۆ ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی ئیسرائیل، لەوانەش بەربەستی جیاکردنەوەی کەناری ڕۆژئاوا و گەمارۆکانی غەززە. 

لە ساڵی ٢٠٠٧ ئیدارەی جۆرج بوشی کوڕ، پاکێجێکی هاوکاری سەربازیی بە بڕی ٣٠ ملیار دۆلار و بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بۆ ئیسرائیل پەسەند کرد. لە ساڵی ٢٠١٦دا، ئیدارەی ئۆباما یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی بە بڕی ٣٨ ملیار دۆلار واژۆ کرد کە گەورەترین گرێبەستی یارمەتی سەربازییە لە مێژووی ئەمریکادا.

قۆناغی چوارەم: پڕۆژە سیاسی و ئابوورییە یەکگرتووەکان (ساڵانی ٢٠١٠-ئێستا)

لە نزیکەی کۆتایی ساڵانی دوو هەزارەوە کاریگەریی ئیسرائیل بواری سیاسیی و سەربازیی تێپەڕاند و گەیشتە ناو بوارەکانی ئابووریی و تەکنۆلۆژیی و دیپلۆماسیی. 
پڕۆژە هاوبەشەکانی وەک سیستەمی بەرگری موشەکی ئایرۆن دۆم کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە لەلایەن ئەمریکاوە هاوبەشی دارایی دەکرێت، لەلایەن هەردوو حکومەتەوە بە شێوەیەکی کاریگەر، وەکو هێمای بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی هاوبەشەکان پێشخراوە. 

هەروەها ئیسرائیل ڕۆڵی هەیە لە داڕشتنی هەڵوێستەکانی ئەمریکا سەبارەت بە ئێران؛ بۆ نموونە، وتارەکەی سەرۆکوەزیرانی ئەمریکا بنیامین ناتانیاهۆ لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا، ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە کاریگەریی و پێکهێنانی کۆدەنگیی لە دژایەتییکردندا بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران.

میکانیزمەکانی کاریگەری
تۆڕەکانی لۆبیکردن
ئایپاک و ڕێکخراوە هاوپەیمانەکانی، کاریگەریی بەرچاو دادەنێن لە ئاڕاستەکردنی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن، کە پشتگیری دوولایەنە بۆ یاسای لایەنگرییکردنی ئیسرائیل، مسۆگەر دەکەن.

میدیا و ناوەندەکانی توێژینەوە و بەرهەمهێنانی فیکر
دامەزراوەکانی وەک پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک و چەندین ناوەندی دیکەی توێژینەوە و بەرهەمهێنانی فیکر لەلایەک و ڕووماڵکردنی میدیایی هاوسۆزانە و لایەنگیرانە بۆ ئیسرائیل یارمەتیدەرن لە داڕشتنی ڕای گشتی و ئاڕاستەکردنی سیاسەت.

پەیوەندییە ئابووری و تەکنەلۆژییەکان 
هاوکاری لە ئاسایشی ئەلیکترۆنی، تەکنۆلۆژیای بەرگری و ژیری دەستکرد (AI) بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی تایبەتیەکانیش بۆ بەڵێندەرانی بەرگریی و داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمریکا، فەراهەم دەبێت.

هێڵی دیپلۆماسی
پێگەی ئیسرائیل وەک هاوپەیمانێکی سەرەکیی هەواڵگریی بۆ ئەمریکا لە ناوچەیەکی ناجێگیردا، ئۆفەرێکی بەهێزە بۆ ناوەندی سەرەکیی هەواڵگریی و ناوەندی بڕیاردانی سیاسیی ئەمریکا، ئەمەش یەکێک لە کاریگەرییە بەهێزەکانە. 

ئەنجام
پەیوەندی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بە کۆمەڵێک قۆناغی جیاوازی مێژووییدا تێپەڕیوە، لە پێویستی ستراتیژی سەرەتاییەوە تا دەگاتە یەکخستنی قووڵی سیاسیی و دامەزراوەیی، کە دەنگی ئیسرائیلی بە شێوەیەکی نائاسایی لە واشنتۆن بەهێز کردووە.
لە ڕێگەی تێکەڵەیەک لە لۆبییکردن و هاوبەشی سەربازیی و پڕۆژەی ستراتیژییەوە، ئیسرائیل دڵنیایی بەدەستهێناوە کە دیدگاکان و ستراتیژەکانی، لە چەقی بڕیارە سیاسییەکانی ئەمریکادا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەمێننەوە. 

لەبارەی ئەم بابەتەوە، ئەی تۆ چۆن بیردەکەیتەوە؟

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار