له‌سلێمانى 17 نه‌خۆشى کۆرۆنا دۆخى ته‌ندروستیان جێگیر نییه‌ 

پزیشکێک له‌نه‌خۆشخانه‌ى ئاسا له‌سلێمانى ورده‌کارى چاره‌سه‌رو نه‌خۆشییه‌که‌ بۆ هاوڵاتى باس ده‌کات

5 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم
پزیشکێک له‌ نه‌خۆشخانه‌ى ئاسا له‌ سلێمانى ورده‌کارى ژماره‌و ته‌مه‌نى تووشبوانى کۆرۆناو چاره‌سه‌رکردنیان بۆ هاوڵاتى باس ده‌کات و ده‌ڵێت:" بۆ چاره‌سه‌ر حه‌پى ڤیتامینات و دژه‌ به‌کتریایان پێ ده‌ده‌ین".

دکتۆر ره‌نج ئازاد، پزیشک له‌ نه‌خۆشخانه‌ى ئاسا تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌رى ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد له‌ ئێستادا 40 نه‌خۆشى ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌نه‌خۆشخانه‌که‌دان و له‌و ژماره‌یه‌ 17 که‌سیان حاڵى ته‌ندروستیان جێگیر نییه‌ و ئه‌و 17 که‌سه‌ش ته‌مه‌نیان له‌نێوان 36 ساڵ تا 80 ساڵى تێدایه‌، وتیشى:" به‌تایبه‌تى دوو که‌سیان ره‌وشیان باش نییه‌و یه‌کێکیان له‌ژێر ئامێرى هه‌ناسه‌دانى ده‌ستکرد دایه‌".

ناوبراو ته‌مه‌نى تووشبوانى کۆرۆناى باسکرد و وتى:" له‌هه‌موو ته‌مه‌نه‌کان تێیدا بووه‌ تووشى کۆرۆنا بوون، مناڵى تێیدابووه‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌ى تووشى کۆرۆنا بووه‌ و دواى وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ر ناردووماننه‌ته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌".
هه‌روه‌ها دکتۆر ره‌نج جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ رۆژانه‌ نه‌خۆشى نوێى ڤایرۆسى کۆرۆنا داخڵ ده‌کرێت" له‌ئێستادا نه‌خۆشخانه‌که‌ پڕ بووه‌ له‌ نه‌خۆشى کۆرۆنا، به‌ڵام رۆژانه‌ش تێیدایه‌ چاره‌سه‌رى وه‌رگرتووه‌و باش بووه‌و ناردووماننه‌ته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، تێیدا بووه‌ گواستومانه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌کانى دیکه‌".

تائێستا ژماره‌ى گیان له‌ده‌ستدان به‌ ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌هه‌رێمى کوردستاندا گه‌یشتووه‌ته‌ 42 که‌س و زیاتر له‌ دوو هه‌زار تووشبووى کۆرۆنا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ته‌ندروستییه‌وه‌ تۆمار کراوه‌و زۆرینه‌یان له‌ پارێزگاى سلێمانیدان.

له‌باره‌ى وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ره‌ پزیشکییه‌کان بۆ تووشبوانى ڤایرۆسى کۆرۆنا، ئه‌و پزیشکه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى ئاسا له‌ سلێمانى هێماى بۆ ئه‌وه‌کرد که‌ حه‌مى دژه‌ به‌کتریا و حه‌پى ڤیتامیناته‌کان و بۆ هه‌ندێکیان که‌ پێویست بێت حه‌پى روونکردنه‌وه‌ى خوێنیان پێ ده‌درێت و به‌رده‌وام له‌ژێر چاودێرى پزیشکیدان، وتیشى:" ئه‌وانه‌ى ئێستا تووشى ڤایرۆسى کۆرۆنا ده‌بن و داخڵى نه‌خۆشخانه‌ى ئاسا ده‌کرێت هه‌موویان هه‌وکردنى سییه‌کانیان له‌گه‌ڵدایه‌".

"له‌سه‌ره‌تاوه‌ ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌هه‌رێمى کوردستاندا هه‌بووه‌، به‌ڵام ماوه‌یه‌که‌ ژماره‌ى تووشبوان و گیان له‌ده‌ستدانیش زیادى کردووه‌ و  دۆخه‌که‌ له‌مه‌ترسیدایه‌ گرنگه‌ هاوڵاتیان خۆیان بپارێزن و رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌کان جێبه‌جێ بکه‌ن"، ره‌نج ئازاد وا ده‌ڵێت.

ئه‌و پزیشکه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى ئاسا له‌ سلێمانى ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ که‌ تێیدایه‌ ته‌مه‌نى 36 ساڵه‌و دۆخى ته‌ندروستى زۆر جێگیر نییه‌، به‌ڵام وتیشى:" له‌نه‌خۆشخانه‌دا چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن و هه‌ر که‌سێکیان دواى پشکنینه‌ به‌رده‌وامه‌کان زانیمان باش بوون ره‌وانه‌ى ماڵه‌وه‌یان ده‌که‌ینه‌وه‌".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار