ته‌ندروستى گه‌رمیان: یه‌ک تووشبووى کۆرۆنا ڤایرۆسه‌که‌ى بڵاوکرده‌وه‌

"ئه‌وانه‌ى توشبوون و ده‌مرن سنگیان پرده‌بێت له‌ئاو تواناى هه‌ناسه‌دانیان نامێنێت"

4 ساڵ لەمەوپێش



‌شاناز حه‌سه‌ن
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ته‌ندروستى گه‌رمیان، سه‌ره‌تاى بڵاوبونه‌وه‌ى کۆرۆنا بۆ هاوڵاتى باس ده‌کات و جه‌ختله‌وه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ یه‌ک تووشبوو ڤایرۆسه‌که‌ى بڵاوکردووه‌ته‌وه‌و ده‌شڵێن:"ئه‌وانه‌ى توشبوون و ده‌مرن سنگیان پرده‌بێت له‌ئاو تواناى هه‌ناسه‌دانیان نامێنێت".

له‌سه‌ره‌تاى بڵاوبونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌هه‌رێمى کوردستاندا له‌ گه‌رمیان هیچ حاڵه‌تێک تۆمار نه‌کرا، به‌ڵام دواى جه‌ژنى ره‌مه‌زان رۆژانه‌ تووشبووى کۆرۆنا تۆمار کراوه‌ به‌پێى وته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى له‌ گه‌رمیان.

سیروان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت" تا 25ى ئایار هیچ حاڵه‌تێک له‌ گه‌رمیاندا تۆمار نه‌کرا، له‌دواى جه‌ژنه‌وه‌ حاڵه‌ت هه‌بوو و تائێستاش هه‌یه‌ و رۆژانه‌ تۆمار ده‌کرێن".

ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد ژماره‌ى تووشبوان گه‌یشتۆته‌ 130که‌س و له‌و ژماره‌یه‌ له‌نێوان 90بۆ100ى تائێستا له‌نه‌خۆشخانه‌کاندان و چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن و ئه‌وانى دیکه‌ چاکبونه‌ته‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان، جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ که‌ زۆربه‌ى زۆری ئه‌وانه‌ى تووشى ڤایرۆسه‌که‌ بوون هیچ نیشانه‌یه‌کیان نیه‌"سه‌ره‌تا دوو حاڵه‌ت تۆمارکرا که‌ یه‌کێکیان گیانیله‌ده‌ستدا که‌ به‌رکه‌وته‌ى ئه‌و ژنه‌بوون که‌ یه‌که‌م جار تۆمارکرا له‌ گه‌رمیان".

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ى نه‌شارده‌وه‌ که‌ به‌شێک له‌ دانیشتوانى که‌لار تێکه‌ڵاویان له‌گه‌ڵ که‌سانی عه‌ره‌ب هه‌بووه‌ که‌ له‌ به‌غداوه‌ هاتوون.

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان پێیوابوو ئه‌م جاره‌ ژماره‌ى زیاتر وه‌ک توشبووى ڤایرۆسه‌که‌ هه‌بووه‌و له‌ هه‌ر سه‌د که‌سێک که‌ توشى ڤایرۆسه‌که‌ ده‌بێت ئه‌گه‌رى سێ بۆ چوار نه‌خۆشى گیانى له‌ده‌ست هه‌یه‌ له‌گه‌رمیاندا.

ده‌رباره‌ى ئه‌وانه‌ى گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن و له‌ ته‌مه‌ندان نه‌خۆشى درێژخایه‌ن هۆکاره‌ یان ڤایرۆسى کۆرۆناکه‌، سیروان محه‌مه‌د ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ له‌سه‌دا سه‌د ئه‌وانه‌ى به‌ ڤایرۆسى کۆرۆنا ده‌مرن به‌هۆى کۆرۆناکه‌وه‌یه‌  نه‌ک نه‌خۆشى دیکه‌ى وه‌ک شه‌کره‌و شتى دیکه‌، چونکه‌ "ئۆکسجینى له‌ش داده‌به‌زێت بۆ له‌سه‌دا 80که‌ ئه‌مه‌ له‌ مرۆڤێکى ئاسایدا له‌کاتێکدا نه‌خۆشیه‌ درێژخایه‌نه‌کانیشى هه‌بێت به‌و جۆره‌ دانابه‌زێت، ئه‌وانه‌ى توشبوون و ده‌مرن سنگیان پرده‌بێت له‌ئاو تواناى هه‌ناسه‌دانیان نامێنێت".

له‌ گه‌رمیاندا به‌ هاوکارى خێرخوازان و سه‌رمایه‌داران نه‌خۆشخانه‌یه‌کى 65 قه‌ره‌وێڵه‌یى له‌ که‌لاردا دروستکراوه‌ که‌ بۆ ئۆکسجین گونجاو بێت و چونکه‌  پێشتر له‌که‌لار نه‌بوه‌ و حکومه‌ت دروستى نه‌کردووه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌گه‌رمیان دوو نه‌خۆشخانه‌ هه‌یه‌ نه‌خۆشخانه‌ى گشتى که‌لار و نه‌خۆشخانه‌ى قه‌ڵا که‌ تایبه‌تن به‌ نه‌خۆشانى کۆرۆنا.

 "ئه‌م ڤایرۆسه‌ تایبه‌ته‌ و ئێمه‌ هیچ ئاماده‌نه‌بوین بۆ ڤایرۆسێکى ئاواو که‌ ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندى به‌ ژێرخانه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌ ساڵانى پێشتردا هیچ کارى بۆ نه‌کراوه‌ و بنیات نه‌نراوه‌، نه‌خۆشخانه‌ و کارمه‌ندى ته‌ندروستى و پزیشکى پێویستى نه‌بووه‌"، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان وا ده‌ڵێت.

تێکه‌ڵاوى و په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له‌ گه‌رمیاندا و دروستبوونى قه‌ره‌باڵغى هۆکارێکى دیکه‌ى بڵاوبونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌که‌ بووه‌.

پزیشکێکى هه‌ناوى گشتى له‌نه‌خۆشخانه‌ى گشتى که‌لار ئه‌وه‌ دووپاتده‌کاته‌وه‌ ژنێک هۆکارى بڵاوبونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا بووه‌.

محه‌مه‌د ئازاد، پزیشکى هه‌ناوى نه‌شته‌رگه‌رى گشتى له‌نه‌خۆشخانه‌ى گشتى که‌لار تایبه‌ت به‌ کۆرۆنا، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت" یه‌که‌م حاڵه‌ت ئه‌و ئافره‌ته‌ بوو که‌ ته‌مه‌نى له‌ 50ساڵاندا بوو یه‌که‌م توشبوو بو له‌ کفریه‌وه‌ هێنرایه‌ نه‌خۆشخانه‌ى که‌لار سه‌رسنگى نه‌خۆشه‌که‌ ئینتیهاباتێکى زۆرى هه‌بوو، زۆر ده‌کۆکى، سیه‌کانى له‌کارکه‌وتبوو، hpo2 که‌ى زۆر که‌م بوو".

هه‌روه‌ها وتیشى:"تا دواى پشکنینى تایبه‌ت به‌ کۆرۆناى ده‌رکه‌وت که‌ کۆڤید19یه‌تى و دوایى زانیمان خزمێکیان له‌ دوزخورماتوو به‌ ڤایرۆسى کۆرۆنا مردووه‌ هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆکاربوو بۆ بڵاوبونه‌وه‌ى و که‌سوکاره‌که‌شى قسه‌ى راستیان نه‌ده‌کرد لاى ئێمه‌ چونکه‌ خۆیان ده‌ترسان و گومانیان هه‌بوو".

ئه‌م پزیشکه‌ رۆژانه‌ سه‌ردانى توشبوه‌کان ده‌کات له‌ناو نه‌خۆشخانه‌ى که‌لاردا و وتى" ئێستا هه‌مویان بارى ته‌ندروستیان باشه‌، به‌ڵام ئه‌م ڤایرۆسه‌ باش و خراپیه‌که‌ى له‌وانه‌یه‌ که‌یسى کۆرۆنا له‌ چرکه‌یه‌کدا گۆرانکارى به‌سه‌ردا بێت، به‌ڵام هه‌ر پێویستیان به‌ ئۆکسجین هه‌یه‌، چونکه‌ ئه‌م ڤایرۆسه‌ له‌ سیه‌کان و هه‌ناسه‌دا کار ده‌کات".

باسى له‌وه‌شکرد زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى به‌ته‌مه‌نن خۆیان نه‌خۆشى دیکه‌یان هه‌یه‌ یاخود هه‌ر حه‌ساسیه‌تێکى ئاساییان هه‌یه‌،  بۆیه‌ ئه‌وانه‌ش هه‌موى کاریگه‌ریان له‌سه‌ر بارودۆخى نه‌خۆشه‌که‌ هه‌یه‌، پێشیوابوو که‌سێکى 20ساڵ ترسى له‌سه‌ر نیه‌ نه‌خێر وانیه‌. 


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار