ڤیدیۆ: هاوڵاتى چیرۆکى ئه‌و خێزانه‌ بڵاوده‌کاته‌وه‌ که‌ له‌ بۆردومانه‌که‌ى کونه‌ماسیدا بونه‌ته‌ قوربانى

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
له‌ به‌دواداچونێکى مه‌یدانیدا په‌یامنێرانى هاوڵاتى چیرۆکى ئه‌و خێزانه‌ مه‌ده‌نییه‌ بڵاوده‌کاته‌وه‌ که‌ بونه‌ته‌ قوربانى بۆردومانه‌که‌ى تورکیا و به‌وهۆیه‌وه‌ هه‌موویان برینداربوون و ژنى ئه‌و خێزانه‌ قاچێکى له‌بنى رانییه‌وه‌ بڕدراوه‌ته‌وه‌و قاچه‌که‌ى تریشى شکاوه‌و پارچه‌ى موشه‌ک و بۆمبه‌که‌ هێشتا له‌ جه‌سته‌یاندا ماوه‌ته‌وه‌.

‌یه‌کێک له‌برینداران و شایه‌تحاڵه‌کانى روداوه‌که‌ى سه‌یرانگه‌ى کونه‌ماسى ورده‌کارى بۆردوومانه‌که‌ى تورکیا بۆ هاوڵاتى باس ده‌کات و ده‌ڵێت دوو فرۆکه‌بوون و یه‌کێکێیان نزیکه‌ى سێ کاتژمێر پێشتر چاودێرى ناوچه‌که‌ى کردووه‌و به‌وته‌ى چه‌ند که‌سێک ئه‌و فرۆکه‌یه‌ له‌ پێنجوێنه‌وه‌ به‌دواى ئه‌و ئۆتۆمبێله‌وه‌ بووه‌.

رۆژى پێنج شه‌ممه‌ى رابردوو 25ى حوزه‌یرانى 2020 له‌ سه‌یرانگاى کونه‌ماسى سه‌ربه‌ قه‌زاى شارباژێر له‌لایه‌ن فڕۆکه‌ى جه‌نگى سوپاى تورکیاوه‌ ئۆتۆمبێلێک بۆردومانکراو به‌هۆیه‌وه‌ گه‌ریلایه‌کى (پژاک) گیانى له‌ده‌ستداو حه‌وت که‌سى دیکه‌ش برینداربوون و له‌ناویاندا دووژن و دوومناڵى تێدابووه‌.

که‌یوان کاوه‌ ته‌مه‌ن 30 ساڵ دانیشتوى کونه‌ماسى و خاوه‌نى ئه‌و دووکانه‌ى که‌ بۆردومانکراوه‌و به‌هۆیه‌وه‌ خۆى و هاوسه‌ره‌که‌ى و دوومنداڵى تریشى برینداربوون، هاوسه‌ره‌که‌ى که‌یوان قاچێکى له‌ده‌ستداوه‌و چه‌ند به‌شێکى دیکه‌شى سوتاوه‌و پارچه‌ى به‌رکه‌وتوه‌و هه‌روه‌ها خۆى و منداڵێکیشى چه‌ند پارچه‌یه‌کیان به‌رکه‌وتوه‌.

که‌یوان له‌لێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتى روداوه‌که‌ى گێرایه‌وه‌و وتى:" وه‌ک هه‌ر رۆژێکى ترى ئاسایى ئه‌و رۆژه‌ له‌دووکان بووم  له‌ده‌روبه‌رى کاتژمێر پێنج به‌دواوه‌ چه‌ند که‌سێک که‌ جل و به‌رگى مه‌ده‌نیان له‌به‌ردابووه‌ له‌ئۆتۆمبێلێکى توێتادا بوون هاتنه‌ نزیک دوکانه‌که‌م".

که‌یوان وتیشى "یه‌کێک له‌که‌سانه‌ که‌ جل و به‌رگى مه‌ده‌نى له‌به‌ردابوو هاته‌ دووکانه‌که‌و داواى هێلکه‌ى لێکردم منیش سه‌رقاڵى پێچانه‌وه‌ى هێلکه‌کان بووم ئه‌وه‌نده‌م زانى بۆردوومانکراین و ئه‌و که‌سه‌ گیانى له‌ده‌ستداو خۆم برینداربووم و خێزانم و منداڵه‌کانم که‌ له‌نزیک دووکانه‌که‌بوون برینداربوون".

به‌وته‌ى که‌یوان جگه‌ له‌ئه‌وان چه‌ند که‌سێکى تریش له‌ناو ئۆتۆمبێله‌که‌و چه‌ند هاوڵاتیه‌کیش که‌ بۆ گه‌شت وسه‌یران چوبونه‌ ئه‌و ناوه‌ برینداربوون، وتیشى "یه‌کێک له‌منداڵه‌کانم پارچه‌ چوه‌ته‌ ناو مێشکیه‌وه‌و به‌وته‌ى پزیشکه‌کان ناتوانن له‌ئێستادا هیچ ده‌ستکارییه‌کى بکه‌ن، هاوسه‌ره‌که‌شم قاچێکى له‌بنى رانییه‌وه‌ بڕدراوه‌ته‌وه‌و قاچه‌که‌ى تریشى شکاوه‌و تائێستاش له‌نه‌خۆشخانه‌یه‌".

هاوکات، په‌یمان تاڵب ته‌مه‌ن 30 ساڵ و خێزانى که‌یوان له‌نه‌خۆشخانه‌وه‌ به‌ هاوڵاتى وت:" بۆردومانه‌که‌ بووته‌ هۆى ئه‌وه‌ى قاچێکم ببڕنه‌وه‌و قاچه‌که‌ى تریشم شکاوه‌و کچ و کوره‌که‌م و هاوسه‌ره‌که‌م برینداربوون".
رۆژێک دواى رووداوه‌که‌، ئه‌نجومه‌نى پارتى ژیانى ئازادى کوردستان (پژاک) له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌کرد، گروپێک له‌ هه‌ڤاڵانیان له‌ کاتى گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ راپه‌ڕاندنى ئه‌رکه‌کانیان، "له‌ ناو ئوتومبێلێکدا ده‌بنه‌ ئامانجى هێرشى فڕۆکه‌ى جه‌نگى و سیخوڕییه‌کانى تورکیا".

 هاوکات ئه‌وه‌ش ده‌خه‌نه‌ روو له‌ داهاتوویێکى نزیکدا، زانیارى وردتر سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتى ئه‌و رووداوه‌ بۆ ڕاى گشتى بڵاوده‌که‌نه‌وه‌.

کونه‌ماسی، گوندێکه‌ که‌وتووه‌ته‌ ناحیه‌ى گاپیڵۆن له‌ قه‌زاى شارباژێێ‌ سه‌ر به‌پارێزگاى سلێمانییه‌، نزیکه‌ى 25 کیلۆمه‌تر له‌ ناوه‌ندى پارێزگاى سلێمانییه‌وه‌ دووره‌.

رۆژێک دواى بۆردومانه‌که‌ که‌ له‌ رۆژى هه‌ینى 26ى حوزه‌یران بڵاویکرده‌وه‌، سه‌رۆکایه‌تى کۆمارى عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێکیدا ئیدانه‌ى بۆردومانه‌که‌ى تورکیاى کردو به‌ پێشێلکارى خاکى عێراق وه‌سفى کرد که‌ به‌و هۆیه‌وه‌ گیانى هاوڵاتیانى مه‌ده‌نى بووه‌ته‌ قوربانى
له‌به‌رنابه‌ردا، حاکم ئاکسۆى، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى تورکیا رایگه‌یاند که‌ راگه‌یه‌ندراوه‌که‌ى سه‌رۆکایه‌تى کۆمار تۆمه‌تى"بێ بنه‌ما"ى داوه‌ له‌سه‌ر که‌ قوربانى مه‌ده‌نى هه‌بێت له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ى تورکیادا.

حاکم ئاسۆى له‌تویتێکیدا ده‌شڵێت:"ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئاسمانییه‌کانى سوپاى تورکیا ئه‌نجامدراوه‌، له‌باکورى عێراق، ئه‌م بانگه‌شانه‌ هیچ نین ته‌نها پروپاگه‌نده‌ى په‌که‌که‌ن له‌گه‌ڵ هاوسۆزه‌کانیان،ئه‌مه‌ش به‌ ئامانجى ئه‌وه‌ى  ئۆپه‌راسیۆنى دژه‌تیرۆر ناشرین بکه‌ن".

هاوکات وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى تورکیا ئه‌وه‌ دووپاتده‌کاته‌وه‌ که‌ "نابێت ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق ببنه‌ ئامرازێک به‌ده‌ستى که‌مپینى (تیرۆرستان) په‌که‌که‌وه‌".

حاکم ئاکسۆى جه‌ختله‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌"ته‌رکیزى ته‌واوه‌تى ده‌ده‌ین بۆ زامنکردنى سه‌لامه‌تى خه‌ڵکى مه‌ده‌نى هه‌م له‌ پلاندانان و هه‌م له‌ ئه‌نجامدانى ئۆپه‌راسیۆنه‌کاندا، له‌م جۆره‌ کارانه‌دا ریکۆردى سوپاى تورکیا پاکه‌".
هاوکات داواى هه‌ماهه‌نگى له‌ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق ده‌کات بۆ ئه‌نجامدانى ئۆپه‌راسیۆنه‌کانیان.



place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار